بەهرۆز جەعفەر: حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی قۆناخ.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەرێمی کوردستان، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە حاڵەتێکی تایبەتە. ئەم تایبەتمەندییەش تاڕادەیەک پەیوەست بوە بە عێراقەوە لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردو جەنگی کەنداوەوە لە ( 1991 ) ەوە تا ئێستا. بەواتایەکی تر پاساوی عێراقیان پێداوەو باڵانسی وێرانەی عێراقیان پێ ڕاستکردۆتەوە.
جیهانبینی ئیمڕۆکە بەوجۆرەیە، کە سیاسەتکردن و پاراستنی کیانی نەتەوەییان ئەستەم کردووە. لە ناو ئەم هەموو ئاڵۆزیی و تەم و تەڵەزگە نێوخۆیی و نێوچەییەشدا، هێشتا کوردو کوردستان وەک ناو، وەک کەلتور، وەک کیان، وەک شوناس ماوە. مانەوە لە دۆخی ئاڵۆزدا لای لینین وەرچەرخانە، لە توراسەکەیدا « كيف تتحول هزيمة إلى نصر» چۆن تێکشکان ئەگۆڕین بە سەرکەوتن. مانەوە ئەبەستێت بە پاراستن و بەهێزکردنی ئەوەی هەیە، بۆیە لێرەوە چەند خاڵێک ئەخەمەڕوو:
یەکەم/ حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی لیژنەی جۆراوجۆرەوە کار بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بکات، ئەوەش بە تەنها کاری حکومەت نییە بەڵکو حیزبەکان و میدیاکان و…تادوایی. چونکە پاڵپشتی و هێزی دیبلۆماسیی دەرەکی ئەگەر لەناوەوە بارگاویی نەکرابێت ئاسان نییە بچێتە سەر.
دووەم/ حکومەت کار لەسەر هەمە جۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بکات، ئەوەش وەکو قسە جوتیارێکیش ئەیزانێت و پەی پێ ئەبات. وەکو پرۆژەو کردار پێویستی بەسەر پێشخستنی ناوەندی قوڵی لێکۆڵینەوە هەیە.
سێهەم/ حکومەت ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەڵێن « تحسين الثغور» واتە کون و کەلەبەرەکان قایم بکات لە سنورەکانەوە.
چوارەم/ نیەتی سەربەخۆیی نیشانی بەغدا نەدات تا ئەو ساتەی لۆبیەکی بەهێز لە ئەمریکاو بەریتاتیاو وڵاتە عەرەبیەکان و حەوزەکانی دەوروبەر دروست ئەکات. ئەوەش ئەبێت بە شێوەی زانستیی سەردەم و موحەنەکی بکرێت.
پێنجەم/ دەرفەتی کار دروست بکات. لە ڕێگەی کارگەو کارخانەو کەرتی تایبەتەوە. چۆن؟. تیایدا ڕەچاوی هەلی یەکسان بکرێت نەک کار وەک سەدەی هەژدە تەنها بەدەست بۆرژواو چەند ئاغایەکەوە بێت لەناوچەکاندا. بەمانایەکی تر لەو ناوچانەی کار فەراهەم ئەکرێت نابێت بەرپرسە حیزبی و کەسایەتیە خێڵەکیەکان دەستی تێوەربدەن و خەڵک و قسەی خۆیان فەرز بکەن.
شەشەم/ ئەگەر پێویستی کرد، حکومەت چەند وەزیرێکی خۆی بگۆڕێت. بۆ ئەوەی نیشانی بدات حکومەت توانای کاری پرۆفیشناڵی هەیەو، حکومەت بەهێزەو. وەزیرو کاربەدەستان ناتوانن بێ کەفائەتی خۆیان لە ڕێگەی سادەیی و دەوامکردنیان لە پرسگە بشارنەوە.
حەوتەم/ سێکتەری ئاسایش و پێشمەرگە بەو شێوەیە ڕێک بخرێنەوە کە لەگەڵیدا توانای هەزاران گەنج و ووزەی نوێ تاقی بکرێتەوەو، دابمەزرێن. بۆنمونە، کەسێک تەمەنی شەست ساڵە پلەی عەقیدە، ئاستی خوێنەواریشی نییە. بەنیوەی مووچەکەی خانەنشین بکرێت. نیوەکەی تری بەشی دوو گەنجی دەرچووی زانکۆ ئەکات لەو سێکتەرەدا دابمەزرێت.
هەشتەم/ سێکتەری ووزە « نەوت+ غازی سروشتی+ ووزەی با+ خۆر+ بەرێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان+ کانزاکان+ پەیین» سەراپا لەهەموو ڕەهەندەکانییەوە، پێویستی بە پیاچونەوە هەیە. ئەوەش بە حکومەت و پەرلەمان ناکرێت. لە پێشدا بەسەر پێشخستنی دامەزراوەی زانستی تایبەت بەو بوارانە ئەکرێت. لەگەڵیشیدا وڵاتانی ئەوروپی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی دارایی ئەمانە ئەکەن. نمونەیەکی زۆر بچوک، کۆمپانیای دانا غاز کە خۆشحاڵە بەوەی وڵاتی میسری بەجێهێشتوە و هەموو سەرمایەکەی هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان، کەچی سێ ساڵە پارەی پیترۆدۆلاریان نەداوەتە ئەو ناوچانانەی هەرێم تیایدا بەرهەمهێنان ئەکەن، جگە لەوەی هەموو کۆمپانیاکان خۆیان لە پارەی بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان سى ئێس ئاڕ – CSR ئەدزنەوە، تەنها بەو پارانە تەواوی ڕێگاوبانەکانی هەرێم نۆژەن ئەکرێتەوەو ساڵانە دەیان خوێندنگەو بنکەی تەندروستی پێشکەوتوو دروست ئەکرێت.
نۆیەم/ حکومەت نابێ ڕێگەبدات وەک سعودییەو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژھەڵات ببێتە بارمتەی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، لە زۆر ڕووەوە، نمونە زۆرن، بۆ نمونە، سعودییە کە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، کەچی ڕێژەی دەستی کاری هاوڵاتی سعودییە لە وڵاتەکەی خۆیدا ناگاتە ٢٪ بەڵکو ١.٢ ٪ بەدیاریکراوی!. پێویستە کادری خۆماڵی کارامە لەو بوارەدا دروست بکرێت و دەرفەتی کار لەناوخۆدا فەراهەم بکرێت. بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیش خۆیان فەرز نەکەن، پەرلەمان یاسای بۆ دەربکات تا بزانن یاسای هەرێمەکە وەهایەو ڕێگەنادات، بەس ئەگەر یاسا نەبێ ئەوکاتە هەر ڕۆژەی دەستگایەکی میدیایی و گەورەو دادگایەکی جیهانی کەیسێک ئەوروژێنێ ئەڵێ فڵان کۆمپانیا ئەوەندە ملیۆن دۆلارە بەرتیلی داوە بە دوو یان سێ بەرپرس تا ئەوەی بۆ بکەن، ئینجا بەدوای ئەوانیشدا سەدان دەستگەی میدیایی دەرەکی و نێوخۆیی ئەیوروژێنێت و کەسێتی حکومەت و هەرێمەکەش لەکەدار ئەبێت…یان هەندێ جار مەرجی ئابروبەرانە ئەسەپێنن یان ئەیانەوێ بە زۆر قەناعەت بەلایەنێک بکەن… ئیتر ئاوها.

ئیتر تا ئەم کارانە بکەین، ئینجا چێشتەکەش لە مەتبەخی دروستکەرانی بڕیار لە ئاسایشی جیهانی و هەرێمایەتی دا پێ ئەگات. بیر لە قۆناخێکی گەورەتر ئەکرێتەوە.