نـاودار زیـاد: مرۆڤ و فشارەکانى دەوڵەت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەم سەردەم و ڕۆژگارەى ئەمڕۆماندا، بەراورد بە سەدەیەک لەمەوبەر و دوورتر، دەوڵەت بووە بەو باوەشەى کە تاکەکان و هاووڵاتیانى توند بەخۆیەوە نووساندووە و لە خـۆیدا کۆت و زنجیرى کردوون. دەکـرێت بڵێین دەوڵەت بووە بەو پەرژین و بازنەیەى کە تەنها یەک دەرگاى گوزەر و هـاتـووچـۆکـردنى هەیە ئەویش لەژێـر فەرمان و کۆنتڕۆڵى خـۆیـدایە. نەک تەنها ئەوەنـدە، بەڵکـو بـووە بە تاکە مۆدێل و ستایل و دیزایین بۆ هاووڵاتییەکانى، بەجـۆرێک هەر دەوڵەتێک یاخود کۆمەڵە دەوڵەتێکى ناوچە و هەرێمێک هەمان مۆدێل و ستایل و دیزایینیان بۆ هاووڵاتییانیان ئامادە دەکەن، تا ئەوەى بە سـەرنجـدان لە شـوناس و کولـتورى ئەو هـاووڵاتییە دەزانرێت کە بەرهەمى مۆدێل و دیزایین و ستایلى کام وڵاتەیە. بەشـێوەیەکى ڕێـژەیى، بنواڕینە (یابانییەکان) دەبینین جـدى و دیسـپلین و ئیشکەرن، ئەمەش لەبەرئەوەیە نرخ و بایەخى کارکردن لاى دەوڵەت بەرزە. (ئەوروپییەکان) متمانەبەخۆ و خۆشڕەفـتارن، چونکە پەروەردەى مەدەنى و دیموکراتییان وەرگرتووە. (ئەمەریکیى) خۆبەزلـزان و لووتبەرزن، بەهۆى ئەوەوەیە وڵاتەکەیان هەژموون و هێز و سەروەریی بەسەر جیهـانەوە هەیە. خەڵکى (ڕۆژهـەڵاتى ناوەڕاست)یـش خێڵەکیى و دەمارگیرن، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پایەکانى حوکمڕانێتى لە وڵاتەکانیاندا لەسەر بنەماى عەقـڵـییەتى خێڵەکێتى بونیاد نراوە، تادوایى.

لەمڕۆدا دەزانرێت کە، حکومەت و دەوڵەتان بەرپرسیارى یەکەم و سـەرەکین لە دیاریکردنى ژیان و چارەنووسى هاووڵاتییەکانیان، تەنانەت هیچ گوتە و کردە و چالاکییەکى مرۆیى نییە بە ڕایەڵە و دەزوویەکەوە بە سیاسەت و پلان و دامەزراوەکانى حکومەت و دەوڵەتەوە گرێنەدرابێتەوە، تەماشاى خوێندن و زمان و کولـتور و خێزان و کار و بازرگانى و کشتوکاڵ و پەروەردە و هونەر و هەرچییەک بکەین دەبینین یان ڕاستەوخۆ و پڕاوپڕ و بەتەواوەتى یاخود ناڕاستەوخۆ و بەڕاددەیەک و تا ئاستێک لەژێر ڕکـێف و چـاودێـرى و سەرپەرشتى حکومەت و دەوڵەتدان و، هەر خـۆى ئاڕاستەیان دەکات. ئەم هـێـز و هـەژمـوون و دەسەڵاتەى دەوڵەت تا دێت زیاتر و زۆرتر دەبێت. چەندەى دامەزراوە فەرمى و دەزگا نافەرمییەکان لە هەوڵى بەرفراوانکردنى هەژموونى دەوڵەتدان دووهـێنـدە و زیاتریش تاکەکان خۆیان ڕۆڵیان لە قەبەکردن و زلکردنى دەوڵەتدا هەیە. هاووڵاتى کاتێک دەبینێت هەموو ماف و ئیمتیاز و شایستە و دەرفەتەکان لە دەستى دەوڵەتدان و لەلایەن دەوڵەتەوە دەبەخشرێن، بۆیە یان دژى دەوەستێتەوە و دەبێتە بەرهەڵسـتکار و ڕەخنەگرى حکومەت و دەوڵەتەکەى، کە ئەستەمە تا سەر درێژەى پێ بدات -خۆ ئەگەر حکومەت و دەوڵەتێکى ستەمکار و گەندەڵ و دواکەوتوو بێت ئەوا مانەوە لەسەر ئەو هەڵوێستەى، قوربانیدان و دەسخەڕۆکردن و توڕدان دەکاتە چارەنووسى- یاخـود دەبێتە یەکێک لە پارچە و بوڕغـووەکانى مەکینەى دەوڵەت و، ئیشپێکەر و هەڵسـوڕێنەرى. هەڵبەت کە دەبینین درۆ و ساختەچێتى و فـێڵ و تەڵەکەبازى برەو دەستێنێت و دەبێتە ناسنامەى بەشێک لە تاکەکان، ئەوە ئەنجامى ئەو فشارە قەبە و پاڵەپەستۆ سەربارانەى دەوڵەتە کە خستوویەتییە سەر تاکەکان و، لەژێر بارى گرانى خواست و ویست و ڕێنمایى و یاسا و ستەم و زەبر و زۆرەکانى دەوڵەتدا تاک بەرەو هەڵـدێرى ژیانى چەوت و ناڕاست دەخزێت، درک بەوە دەکات ئەگەر وانەکات ئەوا ژیانى دەکەوێتە تاڵـووکە و تاڕاددەیەک مەترسـییەوە.

لەم قـۆناغـەى ژیانـدا، مرۆڤایەتى بەگشتى بەدەست سیستەمى هەژموونگەراى سەرمایەدارییەوە –کە باوتـرین و کۆتا مۆدێلى سیستەمى شکـڵگرتـووە- گیرى خواردووە، بەهۆى ئەوەى ڕۆڵى مرۆڤ لە بەکاربردندا چڕبووەتەوە، هیچ دەرفەتێکى لە بەردەم سروشتى ڕەسەنى خۆیدا نەهێشتووەتەوە، کە بریتییە لە داهێنان و هونەر و چێژ و ئاوێزانبـوون لەگەڵ سروشت و مرۆڤـدا. بەهۆى جیهانگیرى و سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و ئامڕازەکانى پەیوەندیکردنەوە تەواوى کۆمەڵگە و دەوڵەتان وابەستە و گرێدراون بە یەکترەوە و کاریگەرییان لەسەر یەکـدیکە هەیە، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگە و دەوڵەتێکى دیاریکراو سەربارى گرفت و قەیرانە ناوخۆیى و لۆکاڵییەکانى بە هەمان ئەندازە لەژێر کاریگەرى گرفت و کێشـە و قەیرانەکانى کـۆمەڵگە و دەوڵەتانى دیکەدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەى کەمینەکان، تیرۆر و تونـدوتیژى بێ سنور، وێرانکردنى ژینگە، پێشێلکارى ماف و ئازادییەکانى مرۆڤ، هەژاریى، نایەکسانى و کەلێنى زۆرى نێوان چین و گروپەکان و،،، تادوایى بە هەمان شێوە دەرئەنجامى سەپاندنى دەسەڵاتەکان و تواندنەوەى کۆمەڵگەیە لەو جانەوەر (هۆبز گووتەنى لیڤـیـتان)ـەى ناوى دەوڵەتە. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتووە دەوڵەت فکر و چالاکى و جووڵانەوەى تاکەکانى لە سنورى ڕەهاى خۆیدا قەتیس کردووە، تاکەکان تووشى هەناسەتەنگى بوونە، نوززەیان لەبەر بڕاوە و، لە پەلەقاژەى خنکاندان. کاتێک مرۆڤ دەچێتە ناو مۆڵێکى مۆدێـرنەوە لە نموونەى (Majdi Mall, Family Mall, New City, Tabllo Mall) لە شارەکانى هەولێر و سلێمانیـدا یاخود دامەزراوەیەکى لە نموونەى (بیناى پارێزگا، شارەوانى، پۆلیس، زانکۆ و دەزگا و دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکانى تر) یەکسەر ئەو هەستەى لا دروست دەبێت کە چەندە بچـووک و بێتـوانا و لە قـاڵـبدراوە.

پێویستە بڵێین کە بوونى دەسەڵات و هێز لاى دەوڵەت زەرورییەتى ژیان و کۆمەڵگەیە، لە کورتترین و سنوردارترین ئامانجیدا بە مەبەستى ئاسایش و سەلامەتى و، پاراستنى بەرژەوەندییەکان و، ڕێکخستنى کۆمەڵگەیە، بەڵام ڕەخنە و سەرنجەکەدا لێرەدا لەسەر دەسـتـێـوەردان و دەسەڵاتە بێـپایان و زۆروزەوەند و قەبەکەیەتى کە تا دێت بەرەو سەر دەچێت، تا ئەوەى گەیشـتووە بەو ئاستەى دەوڵەت و سیستەمە سەراپاگـیرەکەى بەردەوام بە چەندین ڕێگا و شێواز دەیەوێت ئەو بەرگە بە بەر تاکەکاندا بکات کە خۆى بۆیانى دووریوە، بۆ ئەمە نموونە و بەڵگەى بێشـومار هەن، مرۆڤ هـەر ئەوەندەى بخوازێت لە جـوغـزى خۆى بێتە دەرەوە و هەنگاوێک هەڵـبنێت بە ئاسانى ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، هەر ئەمە وایکردووە ئەوانەى کەوتـوونەتە پەراوێز و قەراغ و کەنارەوە ژمارەیان بەرەو هەڵکشان بڕوات و ئەوانەى لە چەق و سـەنتەر و ناوەندەکەدان بەرەو کەمبوونەوە بڕۆن، هەر بۆیە ناوەند و سەنتەرى دەسەڵات و بڕیار بەرەو وێرانبوون و کاولکارى دەڕوات، ئەمەش ویستى ئازاد و ئیرادەى سەربەخۆ لاى مرۆڤـە ئازاد و سەربەخۆکان و ئەوانەى لە کەنار و پەراوێـزدان و تەنانەت کۆى گشتى تاکەکان لاواز و لاوازتر دەکات. بۆیە سنوردانان بۆ پەلکـێشییەکانى دەوڵەت بەرپرسیارییەتییەکە لە ئەستۆى تەواوى تاکەکانى کۆمەڵگـەدایە. ئەگەر هەموو تاکەکان لە ئاستى خۆیانەوە هەوڵ نەدەن بێ ڕۆڵ و بێ کاریگەرى بکەن و، لە سەنگ و فشارەکانى کەم نەکەنەوە، ئەوا وەک مێروولەیەک دەبێت لەژێر بارى فەرمانەکانى و، کارکردنى سەخت و تاقەتپـڕوکێنـدا درێژە بەو ژیانە بۆدروستکراو و بەسەرداسەپـێنـدراوە بدەن.