زەبەنگ بەهادین: ئێمه‌ بۆ له‌ یه‌كتر تێناگه‌ین؟

زۆرجار لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانماندا, ده‌ڵێین ئه‌و به‌ هه‌ڵه‌ له‌ قسه‌كانى ئێمه‌ تێگه‌یشتوه،‌ ئه‌ویش هه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌ڵێته‌وه‌. ساتێك له‌ نێوان ئێمه‌و تاكى به‌رامبه‌ردا لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات، […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

زۆرجار لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانماندا, ده‌ڵێین ئه‌و به‌ هه‌ڵه‌ له‌ قسه‌كانى ئێمه‌ تێگه‌یشتوه،‌ ئه‌ویش هه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌ڵێته‌وه‌. ساتێك له‌ نێوان ئێمه‌و تاكى به‌رامبه‌ردا لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات، ده‌بێت درك به‌ هه‌ندێك بابه‌ت بكه‌ین تا بتوانین نزیك بونه‌وه‌ بنیات بنێین له‌ گه‌یشتنى راستى یه‌كان بۆ یه‌كدى، ئه‌مه‌ش درك پیكردنى هه‌ندێك نه‌زانراوى ده‌رونى و لۆژیكى ده‌وێت.
ساتێك له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ردا له‌سه‌ر بابه‌تێك ئه‌دوێن لێكچواندن مه‌كه‌ن،‌ چونكه‌ له‌و ساته‌دا بیر و هزرى ئێوه‌ بۆ شیكردنه‌وه‌ى ئه‌و لێكچواندنانه‌ ده‌چێت و هه‌روه‌ها به‌ شێكى زۆرى راستى یه‌كانى بابه‌ته‌كانى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت وه‌ر ناگرى چونكه‌ له‌و ساته‌دا تۆ سه‌رقاڵ لێكچواندنه‌كه‌ى بۆیه‌ بیر و خەون له‌ سه‌ر ته‌واوى بابه‌ته‌كه‌ نامێنێ، ره‌نگه‌ هه‌ندێكى وه‌ربگریت, هه‌رگیز مه‌به‌ به‌ جادوو گه‌ر و هه‌وڵ مه‌ده‌ پشتى ووشه‌كان بخوێنیته‌وه. پێویسته‌ ناكات ساتێك ووشه‌یه‌ك یان رسته‌یك یان بابه‌تێك له‌ به‌رامبه‌رت وه‌ردەگریت، خۆت بێیت و سینارێویه‌ك دروست بكه‌یت بۆ پشتى ووشه‌كانى. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئامانجى سه‌ره‌كى بابه‌ته‌ راسته‌قینه‌كه‌ت دور بخاته‌وه‌ به‌ لاریدا بتبات، كه‌ زۆرجار ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ دووره‌ له‌ راستى بابه‌ته‌كه‌ش. له‌ هه‌مان كات له‌و ساته‌ى تۆ باكگراوندى قسه‌كانى به‌رامبه‌ر ده‌خوێنیته‌وه‌ سه‌رنجى سه‌ره‌كیت له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بنچینه‌یه‌كه‌ نامێنێ، ئه‌مه‌ش به‌ لێك تێنه‌گه‌یشتن كۆتایى پێدێت.
خۆت سه‌رقاڵ مه‌كه‌ به‌ ئاماده‌كردنى، وه‌ڵام بۆ بابه‌ته‌كانى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت لێگه‌رێ ووشه‌كان به‌ رێكى بچنه‌ بیر و هزرى تۆوه‌. سه‌ره‌تا گوێگرێكى باش به‌ نه‌ك وه‌ڵامده‌رێكى خێرا. ره‌نگه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ى تۆ ئاماده‌ى ده‌كه‌یت بیرت له‌ ووته‌ زانراوه‌كان دوور بخاته‌وه‌و، وه‌ڵامێكى نه‌گونجاوت بداتێ. چونكه‌ تێگه‌یشتنى ته‌واو بۆ پرسیاره‌كه‌ى ئه‌ونه‌بووه‌ له‌به‌ر سه‌رقاڵیت به‌ ئاماده‌كردنى وه‌لامه‌كه‌وه‌. وه‌ك ده‌ڵێن ئێمه‌ بۆیه‌ دوو گوێ و یه‌ك ده‌ممان بۆ دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرتر ببیستین وه‌ك له‌وه‌ى ده‌یڵێین. پاشان ئه‌و وه‌ڵامانه‌ى تۆ ئاماده‌یان ده‌كه‌ین پێش كۆتایى هاتنى بابه‌ته‌كه‌ ره‌نگه‌ زۆر دوور بێت له‌ رێره‌وى راسته‌قینه‌ى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌مه‌ش بابه‌ته‌ سه‌ره‌كى یه‌كه‌ت له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و كات وه‌ڵامى زانستى و گونجاوت پێنا بێت.
بێژنگ مه‌ده‌ له‌ قسه‌كان یان له‌ بابه‌ته‌كان ئه‌وه‌ى خۆت ئه‌ته‌وێت به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ببیستیت ئه‌وه‌ى دێ وه‌لاوه‌ بنێیت، ساتێك به‌رامبه‌ركه‌ت بزانێت تۆ به‌ پێ ویستى خۆت ووشه‌كان هه‌ڵده‌بژێریت و وه‌ری ده‌گرى ئه‌و بێده‌نگ ده‌بێت و متمانه‌ى به‌ ووتن نامێنێ له‌ ئاستى تۆدا. له‌ هه‌مان كات دوو بابه‌ت له‌ یه‌ك ساتدا وه‌رمه‌گره‌، تێگه‌یشتنى دوو بابه‌ت له‌ یه‌ك ساتدا كاریى شیكردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ قورس ده‌كات, لێگه‌رێ ڕووباره‌كه‌ به‌ هێمنى به‌ یه‌ك جۆگه‌دا بروات. مرۆڤ ساتێك تێگه‌یشتنى ته‌واوى نه‌بێ بۆ بابه‌تێك ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ واى لێبكات بریارێكى پێش وه‌خته‌ى هه‌ڵه‌ بدات. به‌ واتا بریاردان ده‌بێ هه‌ڵبگیرێ بۆ كۆتایى پاش ئه‌وه‌ى ده‌بینى به‌ ته‌واوى له‌ هه‌موو بنه‌ماكانى بابه‌تەكه‌ گه‌یشتویت و شیكردنه‌وه‌ى ته‌واوت بۆى هه‌یه‌, بریارى به‌ په‌له‌ زۆرجار هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ به‌ دواى خۆیدا دێنێ.
ئه‌و كاته‌ى به‌رامبه‌ركه‌ت بابه‌تێكت بۆ باس ده‌كات، مه‌كه‌وه‌ خه‌یالكردن و سه‌پاندنى بابه‌ته‌كه‌ به‌سه‌ر خۆتدا له‌ ناو خه‌یاڵتا، چونكه‌ ئه‌و خه‌یالانه‌ى تۆ هه‌ته‌ به‌ شێكى وه‌همن وه‌ ره‌نگه‌ دوور بێت له‌ ژینگه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى بابه‌ته‌كه‌ت بۆ باس ده‌كات، له‌ هه‌مان كات ئه‌م خه‌یاڵه‌ له‌ كۆتایدا به‌ ئازار دانى خۆت ده‌شكێته‌وه‌. مرۆڤ پێویسته‌ وورد بێت له‌ وه‌رگرتنى بابه‌تێك به‌ جۆرێك خۆى نه‌خاته‌ جێگه‌ى بابه‌ته‌كه‌، كه‌ ببێته‌ هۆى خافڵ بوون له‌ هه‌رسكردنى سه‌رجه‌مى بابه‌ته‌ بنچینه‌یه‌كه‌.
له‌ ئامۆژگاریى گه‌رێ تۆ بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێنراویته‌ته‌ ئه‌م گفتو گۆیه‌ تا ببیته‌ زانا و بكه‌ویته‌ ئامۆژگارى كردن. كارێكى وا مه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت بسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ووتنى راستى یه‌كان یان هه‌ر زوو بێزار بێت له‌ خستنه‌ رووى راستى بابه‌ته‌كه‌. تۆ ده‌بێت گوێگرێكى باش بیت سه‌ره‌تا وه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ متمانه‌ پێدراوێكى باش له‌ پاشان ده‌توانى بزانى ئاخۆ ده‌كرێت تۆ بۆچونه‌كه‌انى خۆت روون بكه‌یته‌وه‌ واتا ده‌بێت كاتى گونجاو وه‌ڵامى گونجاو له‌ دواى تێگه‌یشتنى ته‌واوپێ بێت.
زۆر دڵنیا مه‌به‌ له‌ وه‌لامه‌كان، هه‌میشه‌ گریمانه‌یه‌ك دابنێ، كه‌ تێگه‌یشتنێك رووى دا چۆن بتوانى چاره‌هسه‌ریى بكه‌ى، كه‌س له‌ ئێمه‌ له‌و پله‌یه‌دا نى یه‌ بتوانێ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى بینینى به‌رامبه‌ر به‌ ته‌واوى ببینێ ده‌بێ تا ئه‌و سنوره‌ نیشانى به‌رامبه‌ر بده‌ین، كه‌ خۆمان ده‌یبنین و ئاستمان به‌ سه‌ریدا ده‌شكێ، ساتێكیش وه‌ڵام ئه‌ده‌یته‌وه‌ هونه‌رى وه‌ڵامت با نه‌رم و سه‌لمێنه‌ر بێت دوور به‌ له‌و ووشانه‌ى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت لاواز ده‌كات یان بریندارى ده‌كات ئه‌مه‌ به‌ زه‌ره‌رى هه‌ردوكتان ده‌شكێته‌وه‌, وه‌ك كورد ده‌ڵێت زمانى شیرین ده‌رمانه‌, یان ده‌ڵین به‌ قسه‌ى خۆش مار له‌ كون دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
تۆ هه‌میشه‌ راست نیت ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت ده‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ راستیت بۆچى گوێ ده‌گرى پاشان ئایا تۆ ده‌زانى پله‌ى خۆت له‌ بیر و هزردا له‌ كوێدایه‌ تا به‌و ئاسانى یه‌ بریارى راستى بریاره‌كانى خۆت بده‌ى. ئه‌مه‌ى ده‌یكه‌ى هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ترساندنى به‌رامبه‌ركه‌ته‌ له‌ ووتنى سه‌رجه‌مى بابه‌ته‌كه‌. ئه‌وه‌ بزانن مرۆڤ دۆرانى به‌ ئاسانى لا ناخۆشه‌ ساتێكیش تۆ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بریار ئه‌ده‌یت وه‌ پێى ده‌ڵێیت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ترسێك له‌ ناو ئه‌ودا ده‌چێنى، كه‌ نه‌توانێت سه‌رجه‌مى برگه‌كانى بابه‌ته‌كه‌ بڵیت، به‌مه‌ش تۆ ده‌كه‌ویته‌ داوى تێنه‌گه‌یشتن و بریارى خێرا. سه‌ره‌نجام هه‌ردوو لا زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ده‌یڵێت لۆژیكى نه‌بێت. به‌ڵام لێگه‌رێ با بیڵێ به‌ خێرایش به‌رپه‌رچى مه‌ده‌ره‌وه‌, رێگه‌یه‌ك بدۆزه‌ره‌وه‌ به‌ بێى ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێبكات لۆژیكى بابه‌ته‌كه‌ى بۆ روون بكه‌ره‌وه‌.
ئێمه‌ بۆ لێك تێناگه‌ین ئایا به‌ راستى لێك تێناگه‌ین یان نامه‌وێت لێك تێبگه‌ین یان هه‌ر له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ لێك تێنه‌گیشتن هه‌یه‌ له‌ نێوانمادا؟ ئه‌مه‌ ئاسانه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لێك تێبگه‌ین، به‌ڵام به‌ هۆى درك پێنه‌كردنمانه‌وه‌ له‌ چۆنێتى گۆیگرتن و چۆنێتى وه‌لامدانه‌وه‌و چونێتى شیكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ى لێك تێنه‌گه‌یشتن ده‌رۆین، به‌مه‌ش ده‌بینین په‌یوه‌ندى یه‌كان به‌ره‌و ساردبوونه‌وه‌و داپچران ده‌روات له‌ كۆتایى دا, ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌ته‌ راستى یه‌ك ئاسانه‌ لێك تێبگه‌ین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت. به‌ڵام به‌ هێمنى و به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
زەبەنگ بەهادین

ئەرشیڤی بەڕێز: زەبەنگ بەهادین