عوسمان عومەر: ئایا ئیسلام حەجى لەکام ئاینەوە وەرگرتوە؟ بەشى چوارەم و کۆتایی.

حەج لاى بودیەکان پرۆفیسۆر مارکۆس گروس مامۆستاى مێژوویى، بۆچوونی وایە: لێکچونێکى هاوبەش هەیە لە نێوان ڕێوڕەسمى رەبەنیەت لاى بودیەکان و رێوڕەسمى حەج لە جاهیلەت دا، کە ئیسلام وەریگرتووە. بودیەکان رێوڕەسمى […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حەج لاى بودیەکان
پرۆفیسۆر مارکۆس گروس مامۆستاى مێژوویى، بۆچوونی وایە: لێکچونێکى هاوبەش هەیە لە نێوان ڕێوڕەسمى رەبەنیەت لاى بودیەکان و رێوڕەسمى حەج لە جاهیلەت دا، کە ئیسلام وەریگرتووە.
بودیەکان رێوڕەسمى حەج ئەنجام دەدەن بۆ پەرستگاکانیان و لەدەورى دەسوڕێنەوە وەک(تاوەرى ستۆپا) کە شێوەکەى بازنەیی یا چوار گۆشەییە. لەکۆن دا بەشێوەى بازنەیی بووە, پەیکەرى بودا خۆى بووە, کە لە قورئانى پیرۆزدا ووشەى کعبە کە دەفەرموێ و ( کواعب اترابا ) کە موسلمانان, سەردانى کەعبە دەکەن تەنها تەواف لە دەورى کەعبە دەکەن و بودیەکانیش بەدەورى ئەو پەیکەرە, جگە لەو شوێنە رێورەسمى بودیەکان هەر تەنها ئەوێ نییە. بەلکو شاخە پیروزەکانیش دەگرێتەوە وەک شاخى کیلاش لەتبت, شیوەى دانیشتن بۆ تەحیات خوێندن و شێوەى دانانى قاچ , هەمان شێوەى دانیشتنى بودیەکانە, هەروەها شێوەى سوژدەبردنى موسلمانان لە شێوەى سوژدە بردنى بودیەکان دەچێت , پێش نویژىکردن چون بودیەکان نیەت دەهێنن, بەو شێوەش موسلمانان نیەت دەهێنن. لاى بودیەکان بە Gita گیتا ناودەبرێ, سەبارەت بەرگ پۆشین لاى بودیەکان پێى دەگوترێ Kasaya هاوشیوەى ووشەى کسائى عەرەبى و دوو پارچەیە: پارچەیەک بۆ داپۆشینى بەشى سەرەوەى جەستە و، پارچەکەى تر بۆداپۆشینى بەشى خوارەوەی جەستەیە و، بالى ڕاست هیچ شتێکى پێوە نیە. بەهەمان شێوە موسلمانان لەکاتى حەج ئەو دوو پارچەیە دەپۆشن و، بالى ڕاست هیچى پێوە نییە و، پێى دەگوترێ ئیحرام. چون موسلمانان دەیپۆشن بێ ئەوەى تەقەلى لێبدرێ، هى ئەوانیش بەهەمان شێوەیە. لاى موسلمانان سپییە, لاى بودیەکە نارنجیەکى زەرد باوە بەلاى سوردا، کە نیشانەى گڕى ئاگرە. تەنها شتێک، کەلاى موسلمانان نییە و لاى بودیەکان بونى هەیە، لەسەرەتاى حەج کردن یا رەبەنیەتیان جلى سپى دەپۆشن. ماوەکەى سێ مانگە دواتر دەگۆردرێ. بودیەکان قژیان دەتاشن وەک موسلمانان لەکاتى حەج دا. بودیەکان لەکاتى حەج یا ڕەبەنیەت دا نابێ درۆ بکەن، نابى ئاژاوە بگێرن، نابى کارى جوت بون ئەنجام بدەن، ئەوە لە ڕاسپادەى پانزەمیان هاتووە و، ماوەکەشى وەک ئیسلام دەلێت: أشهر معدودات. وەک لەقورئانى پیرۆز سورەتى البقرە ئایەتى 197 دەفەرموێ”الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَعْلُومَاتٌ فَمَنْ فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَجَّ فَلَا رَفَثَ وَلَا فُسُوقَ وَلَا جِدَالَ فِي الْحَجِّ وَمَا تَفْعَلُوا مِنْ خَيْرٍ يَعْلَمْهُ اللَّهُ وَتَزَوَّدُوا فَإِنَّ خَيْرَ الزَّادِ التَّقْوَى وَاتَّقُونِ يَا أُولِي الْأَلْبَابِ “دیارە ئەوەى لە بودیەکانەوە وەرگرتووە. شتێکى تری حەج لاى ئیسلام لە بودیەکانەوە وەرگیراوە ئەویش: بودیەکان بەپێ خاوسى تەواف دەکەن بۆ ئەوەى هەست بەزەوی بکەن، بەپێى ڕاسپاردەى 17. هەروەها لەکاتى حەج کردندا نابێ چەک هەلگرن.
بودیەکان بۆ چوارشوێن گەشتى حەج دەکەن لە نیوان نیپال و هیندستان. یەکەمیان/ لومبینى شوێنى لەدایک بونى مامۆستاى گەورەیان بودا لە نیپالە، بودگایا لەوێ وەحى یا ڕۆشنفکرى بۆ هاتوە. یەکەمجار کاتێ لەژێر دارێکى هەنجیردا نوستوە، دواى ساڵانێک لە تێفکرین و ڕوانین، کوسیناراى هیندستان کە مەزارگەو نیرڤاناى کۆتایی. ئەم گەشتکردنەى بودیەکان دواى مردنى بودا دەستى پێکردوە. دواى ئەوەى شاى هێندستان ئاشوکاحاجا سالى 249ى پێش زایین کاتى سەردانى لومبینى کردوە.

حەج لاى هیندۆسەکان
حەج لاى هیندۆسەکان چوار جارە لە ماوەى 12 سال دا ئەنجام دەدرێ, هەمو هیندۆسەکانى ناوچە جیاجیاکانى هیند لە نێوان مانگى کانونى دووەم و شوبات لە کومبەمیلالە شارى اللە ئابادى هیند کۆدەبنەوەو لەسالى دوانزەیەم جاریکى تر کۆبونەوەیەکى گەورە لە ئەڵائاباد ئەنجام دەدرێ.
ڕیورەسمە گرنگەکە خۆ نوقم کردنە لە پێکگەیشتنى هەردوو روبارى گانس و یاومونا, بەبیروباوەرى خۆیان ئەم خۆشتنە یا خۆ نوقمکردنە لەگوناهەکان پاکیان دەکاتەوە بە ئامادەبونى پیاوە ئاینیە هیندۆسەکان پێشییان دەکەوێ تا ڕوبارەکە. ئەوانیش بەدوایەوە. سالى 2001 ڕیژەى بەشداربونى هێندۆسەکان لەخۆ شتن و خۆنوقم کردن گەیشتە 40 ملیۆن کەس لەرۆژە سەرەکیەکان.

حەجکردنى ئادەم
ئیبراهیم سەیید لیکۆلەر لەبوارى ئارکیۆلۆژیاو مێژوى ئیسلام و پێش ئیسلام دەلێت: حەج لەڕووى زمانەوانیەوە بەواتاى رۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر بە مەبەستى سەردان, بەلام لە ئاینەجیاوازەکان دا گەشتێکى دورودرێژە بە مەبەستى بەدەستهێنانى بەڵگەى مەعنەوى گرنگ. ئەویش سەردانى مەزارێکى خاوەن گرنگى یا پیرۆزىەکى دیارىکراوى هەیە لاى ئاینێک. زۆربەى ئاینەکان موممارەسەى ڕێوڕەسمى حەجیان بەجێ هێناوە و، ئەو کەسانەى ئەو ڕیورەسمەیان ئەنجامداوە بە حەجاج ناو براون. هەروەها دەلێت: ئادەم ڕەزاى خوى لێ بێ حەجى ئەنجام داوە و، فریشتەکان پیرۆزباییان لێکردووە بۆ ئەنجامدانى.
دکتۆر محەمەد ئیبراهیم لیکۆلەر لە بەشى ئارکیۆلۆژى میسرو مێژوى میسرى کۆن دەلێت: لەناوچەى بەنى سویف, ڕیورەسمێکى حەج لە شارى ئەبیدۆس لە سوهاج بۆ ئەوکات و سەردەمە، کۆنترین پایتەختى ئاینى بووە حەج لەوێ ئەنجام دراوە بە تەواف کردن لەدەورى گۆرستانى ئۆزیراس- خواى مردن، قوربانیان بۆ کردووەو داواى شەفاعەت بەرەکەتیان کردوە، کە لە ڕۆژى کۆتا هاوکارو شەفاعەتیان بۆ بکات. هەروەها حەج لە پەرستگاکانى ئوقصر و کەڕنەکیش ئەنجام دراوە.
محەمەد عاتیف، کە یەکێکە پشکنەرانى ئاسەوار لە میسر دەلێت: حەج لە هەردوو سەردەمى یۆنانى و رۆمانى بە شیوەیەکى نا فەرمى و ناریک ئەنجام دەدرا.

حەج لاى بەهائیەکان
حەج لاى بەهائیەکان تەنها زیارەتە بۆ فەلەستین ئەویش بهاء ئوڵا (میرزا حسین على نورى ) دامەزرێنەرى ئەو ئاینەیە لە کتێبى الاقدس کتێبى پیرۆز بەسەر پەیرەوانى فەرز کردووە، جگە لە مێینە بۆ دوو شوێن دەچن، یەکیان/ بۆ بیت البابە لە ئیران و, دووەم/ بۆ مالى بهائولا لە عیراق, دواى روخاندنى ئەو خانوەى بهائولا لە چوارچێوەى بەرگرى لەو ئاینە بۆ بلاو بونەوە لەعیراق بەهائیەکان بۆ حەج کردن ڕوویان لەچەند شوێنێکى پیرۆز کرد، کە هەموى لەناو خاکى فەلەستینە. چونکە مەزارى بهائوڵا لە عەکایە لە فەلەستین, مەزارى باب لە حەیفایە و بەدوو حەرمى پیرۆز ناودەبرێ، سالانە بۆ ماوەى 9 رۆژە. دواى ئاراستە کردنى پەیامێک بیت العدل البهائىەوە، کە بەرپرسە لە ڕیکخستنى کاروبارى ئاینى بەهائیەکان, نوێژو رۆژوو صلوات لیدان ئەنجام دەدەن.

حەج لاى شەنتو
پەیرەوانى ئاینى شەنتو حەج ئەنجام دەدەن ساڵى یەکجار لە تەمەنیان و دوو جۆرە: یەکیان/ حەجکردنە بۆ یەک شوێن و جەند مەزارگەیەک لەهەمان شوێن. دووەمیان/ حەج کردن بۆ چەند شوێنێک کە سەردانى مەزارگەو پەرستگا، کە تایبەتە بە یەک خواوەند یا چەند خواوەندێک. کاتى دەسپێکى سەردان دیاریکراو نییە بۆ حەج کردن. هەروەها کۆتایی هێنانیشى وەک بەناوبانگترینیان کۆمۆ لە ژاپۆن. گرنگرترین پەیکەریش پەیکەرى ئیسە یا ئیسى پیرۆز، کە 100پەیکەر لەخۆ دەگرێ تایبەتە بە خواوەندى خۆر. ئەماتیراسۆ، کە تایبەتە بە خواوەندى دروێنە سالانە 6 ملیون کەس زیارەتى دەکەن، دەکەوێتە ناوچەیەکى رۆخ دەریاى چرى دارستان و شاخ لە ناوەراستى ژاپۆن.

حەج لە ئاینى مەسیحیەت
مستەفا بکرى جابولا شارەزا لە بوارى ئارکیۆلۆژى ئیسلامى و قیبتى لە بەنى سویف ئاماژە بەوە دەکات, لە هیج لە ئینجیلەکان دا حەج فەرز نەکراوە بۆ شوێنێکى دیارى کراو. هەروەها عیسى(ر.خ)ئاماژەى بەو فەرمانە نەداوە. بەلام کاتێ گەیشتۆتە تەمەنى 12 ساڵان لەگەڵ دایکى سەردانى ئۆرشەلیمى کردووە. وەک فەرمانێکى شەریعەتى جولەکە, ئینجلیش پێمان ڕادەگەیەنێ 25 سال دواى بەرزبونەوە مەسیح بۆ ئاسمان, پۆلس حەجى کردووە بۆ ناصرە و مێژوى نەصرانیەت نە لەنزیکەوە نە لەدوورەوە ئاماژەى بەوە نەکردوە، کە زیارەتى ئەو شوێنانە بکرێ، کە مەسیح تێیدا ژیاوە یا لێى نیشتەجێ بووە. نەصرانیەکان وا دەرواننە جەستەى مەسیح، کە لە جێگاى پەیکەرى جولەکەیە. بۆیە سەرەتا تەنها سەردانى شوێنى لە خاج دانى مەسیح یان دەکرد وەک هیمایەک بۆ شوێنى لەخاچ دانەکەى وەک قوربانیەک بۆ خودا. بەلام مەسیحیەکان بۆ حەج روویان لە گۆرى پیاوچاکە ئاینیەکان دەکرد. وەک حەجیش سەردانى (بیت لحم) یان دەکرد، کە شوێنى لەدایک بونى مەسیح (ڕ.خ)و کلێساى قیامەیان دەکرد. هەروەها حەجییان بۆ هەردوو کلێساى پۆترۆس و پۆلص یا لە رۆما دەکرد. هەروەها کلێساى لۆرد لە فەرەنسا و شارى فاتیمە لە پورتوگال حەجەکەش تەنها داواى بەرەکەت و کاهینەکانیش جلى تایبەتیان بۆ ئەوبۆنەیە پۆشیوە.

ڕێگەى حەج
مستەفا بکرى جابولا جەخت دەکاتەوە، کە مەسیحیەکان ڕیگەى حەجیان زانیوەو ناسیوە و لە ڕیگەى حەجاجەکان دلنیا بون. ئیمپراتۆر قوستەنتینى گەورە 323-  337 زاینى پاراستوە بۆ قودس و طورى سینا. گەشتەکانى حەج دواى زیارەتى هێلانەى دایکى ئیمپراتۆر قوستەنتین دەستى پێکردوە بۆ قودس و کلێساى قیامەتى سالى 336 زاینى بنیات ناوە. هەروەها زیارەتى شاخى سیناو فەرمانى کردوە 3 تاوەر بنیات بنرێ، کلیساى عەلیقە لە تورى سینا لە ناوچەى سانت کاترینى ئیستایە. هەروەها باس لەوە دەکرێت رێگەى حەج دوو ڕیگا بووە: یەکەمیان/ لە خۆرهەلات و، ئەوی تر لە خۆرئاوا. واتە رێگەی خۆرهەلاتییەکە بۆ ئەو حەججانە بوو، کە لە (ئیلیا کابیتولینا، واتە قودس بەرەو شاخى سینا. ڕیگە خۆرئاوا لە ئیلیاکابیتولینا بەرەو باکورى سیناو، خۆرهەلاتى کەنداوى سویس بەرەو شاخى سینا. لەدواى ساڵى  1967، کە ئیسرائیل سیناى گرت، چەندین زاناى جولەکە سەردانى ڕیگەى حەجى مەسیحیەکانیان کردوە. وێنەى نزیکەى 400 نەخشى نەبەطى, یۆنانی و، لاتینى و ئەرمەنىیان گرتووە. هیچ نەخشێکى عیبرى تێدا نەبووە. هەرچەندە یەکێ لە زانا ئیسرائیلیەکان بەناوى ئەفینیر نجف دەلێت: ئەو ڕیگەیە رێگەى حەجى جولەکەکان بووە. هەروەها حەجی مەسیحیەکان تا سەردەمى ئیسلامیش بەردەوام بووە. لەسەردەمى مەمالیکەکان لە سەدەى 14ى زاینى, گەشتى حەجاجەکان لە ڤینیسیا و بوندقیەوە لە ڕیگەى پاپۆرەوە هاتون بۆ ئەسکەندریە دواتر بۆ سینا.
ساڵانە ملیونان کەس لەزۆربەى وولاتە موسلمانەکانەوە ,ڕوو لە مەککە و مەدینە دەکەن بەمەبەستى جێبەجێ ڕوکنکێک لە روکنەکانى ئاینى ئیسلام,حەج. وەک گەشتکردنێکى سیاسى و ئاینیشە. بەجێ هێنانى حەج تەنها بۆ مەبەستى نوێژکردن و عیبادەتە بۆ شوێنە پیرۆزەکان، تەنها لەناو ئیسلام دا پەیرەو ناکرێ و قۆرخ نییە. بەلکو زۆرێک لە خاوەن بیروباوەرە ئاینیەکان و ئاینە کۆنەکانى خۆرهەلاتى هەبووە. موسلمانان بەپێى ئەو ئایەتەى قورئانى پیرۆز ” من استطاع إليه سبيلا” و لەمانگى ذو الحجة و لە 10ى زو الحجە، کە جەژنى قوربانى تیدا دەکرێ، چوار مەرجى هەیە بۆ ئیحرام. وەستانى عەرەفە و تەوافى کۆتایی لە نیوان سەفاو مەروادا و بەرد گرتن لە ماڵى شەیتان و تەواف لە دەورى کەعبە. هەموو مەزبەکانى ئاینى ئیسلام لە حەج کردن دا هاوبەشن، تەنها شیعە جگە لە مەککە شوێنى پیرۆزى تریان هەیە بۆى دەچن، ئەویش سەردانى کردنى مەزارى ئیمام حوسەینە لە کەربەلا، لە سالى 680 زاینى کوژراوە. بۆ نمونە سالى 2014 نزیکەى 17 ملیون شیعە سەردانی نەجەفیان کردووە. هەبووە لە بەغداوە 80 کم بەپێ بریویەتی, هەیە لەبەسراوە نزیکە 700 کم بەپێ دەبرێ. هەندێ لە شیعە ئیرانیەکان بەپێ نزیکەى مانگێک رێ دەکەن تا لەکاتى خۆى بگەنە کەربەلا. تەنها هیندۆسەکان بۆحەجکردن لە شیعە زیاترە.

لەکۆتایی ئەم بابەتە پرسیارێک خۆى دەخاتە ڕوو: ئایا حەج لاى موسلمانان لەکام ئاینە یا کام شارستانیەت و ژیارى وەرگیراوە و گۆرانکارییان بەسەردا کردوە؟ پێدەچێ حەج لەبودیەکانەوە وەرگیرابێ بەپێى خستنە ڕووەکەم بێ، چونکە زۆر شتیان پێک دەچێ, ئیحرام, تەواف و… هتد.

سەرچاوەکان
• الحج-في-الحضارات-والشرائع-القديمة
• swayfa.weladelbalad.com
• الحج عبر التارخ / ملتقى الخطباء
• سورەتى البقرە ئایەتى ١٩٧
• بەرنامەى /التاریخ المبکر للاسلام / محمد المسيح ئەلقەى ٤١ سەبارەت هاوشیوەى حەجى بودیەکان و ئیس

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عوسمان عومەر

ئەرشیڤی بەڕێز: عوسمان عومەر