لوقمان مصطفی صالح: یاسایەک بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵەکان ئەرکێکی ئەخلاقیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕاستی سەیرە ڕوو لە هەر كەسێك دەكەیت و باسی‌ مافی‌ ئاژەڵی لە تەکا دەكەیت، یەكسەر پێت دەڵێن “بۆ مافی‌ مرۆڤەكان زۆر پارێزراوو دابین كراوە تا نۆرەی‌ مافی‌ ئاژەڵ بێت؟” بێ ئاگا لەوەی کە هەردوو ڕەگەزەکە درووستکراوی یەک خالقن و بەقەد یەک مافی ژیانیان لەسەر ئەم هەسارەیەدا هەیە، وە ھەوڵی نەھێشتنی جیاوازییە زۆرەکانی نێوان مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان ئەرکێکی ئەخلاقیە.
ئەم جیاکارییانەی لە نێوان ئاژەڵان و مرۆڤەکان دەکرێن بە شێوەیەکی گشتی سنووری ماف و ڕەوشتی و تێپەڕاندووە. بۆ نموونە، کوشتنی مرۆڤێک لە ڕووی یاساوە قەدەغەکراوە و نایاساییە و سزای توندی لەسەرە ، کەچی کوشتنی ئاژەڵێک بەتایبەت( ئاژەڵە ماڵیەکان)ئاساییە و هیچ سزایەکی یاسایی نادرێ. ھەوڵی لەناوبردنی ئەم جیاوازییە ئەرکێکی ئەخلاقیە. ھەروەھا ھەوڵی لەناوبردنی بیرۆکەی بەکارھێنانی ئاژەڵان وەک کوشتنیان بە مەبەستی درووستکردنی، پۆشاک، یاخوود بەشەڕدانیان بۆ کات بەسەربردن، یان ھەر جۆرە بەکارھێنانێکیتر مرۆڤەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.! بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە و زانستیانە چارەسەری بنەرەتی بۆ بدۆزرێتەوە،ڕێکخراوە کانی مافی مرۆڤ، چۆن دێنەدەنگ لەسەر مافەکانی مرۆڤ… بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیان لە ئاست ئازاردن و جینۆسایدکردنی ئاژەڵەکان لەکەیەکی شەمەزاریە بۆ ڕێکخراوەکەیان و مێژووی مرۆڤایەتیش، ئەگەر دژی لەناچوون و جینۆسایدکردنی ئاژەڵان نەوەستنەوە.
بەداخەوە بەھۆی نەبونی یاسایەکی تایبەت بەپاراستنی مافی ئاژەڵ و بە تایبەتی “ئاژەڵە ماڵیەکان”کە لەگەڵ خەڵکدادەژین، کە بەردەوام ڕوبەڕوی ئازار و بریندارکردن و لە ناوبردن دەبنەوە، کەچی بکوژان و جەلادە کانی ئەم تاوانە قێزەوونانە،هیچ ئیجرائاتێکی یاساییان لەتەکدا ناکرێت، ئەوە نەبێت کە ئاژەڵە کێوێکان گووزەرانیان لەمان باشتربێت، هەرچەندە یاسایەکی لاوازهەیە بۆپاراستنیان، بەڵام بەداخەوە کەسی کەتنکەر بەسزایەکی سووک لێی دەرباز دەبێ.! ئەویش یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی 2008 یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان – عیراق. تەنها بەشی چوارەم… یاسای پارێزگاری کردن لەهەمە جۆری گیان لەبەرەکان … مادە سی و یەک باسی لێوە دەکات.!
هەروەها دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانیش سزایەکی مادی داناوە کە هەر کەسێک ئەم جۆرە ئاژەڵانە ڕاوبکات، سزا دەدرێت. دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لیستێكی بڕی سەرپێچی بڵاو کردەوە و بەپێی لییستەکەش، هەر كەسێك ئەم جۆره‌ ئاژه‌ڵانە ڕاو بكات، ئەوا بە بڕێك پارە سزا دەدرێت كە قورسترین سزا 10 ملیۆن دینارە.
بەپێی خشتەکە، هەر كەسێك پڵنگ ڕاو بكات بە 10 ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی بۆ دەكرێت و ورچی قاوەیی و ورچی ڕەشیش سزاكەی بەهەمانشێوەیە. بەپێی خشتەكە قورسترین سزای ڕاو 10 ملیۆن دینارە و كەمترینیشی 100 هەزار دینار، ئەم ئیجرائەتانە زۆر سانایە لە چاو ئەو کردارە قێزەوونانەی کەبەرامبەر بە ئاژەڵان دەکریت.
بێگومان لە ڕووی یاساییەوە کوشتن ئازاردانی ئاژەڵ لەهەر وڵاتێک جیاوازی هەیە بە پێی وڵاتەکان یاساکان دەگۆرێن بۆ نمونە؛ لە وڵاتێکی وەکو نیوزلەندا ئەگەر سەگێک یاخود پشیلەیەک تەنانەت هی خۆشتبێت نەک هی سەر شەقام، گەر بێتو ئازاری بدەیت یاخود لەدەرەوە لەبەر باران ڕایبگرێت، یاسای تایبەت هەیە هەروەها لەوێ ئیمەیڵ کۆنترۆڵ هەیە کە لایەن حیزبی سەوزی ئەو وڵاتە پشتگیری دەکرێن ئەوانە وەکو تیمێک دەگەڕێن بەسەر ئاژەڵە ماڵییەکاندا، زۆرجار هەیە بەخێوکردنی ئاژەڵ لەو کەسە قەدەغە دەکەن کە ئازاری ئاژەڵەکەی داوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک جاری واش هەیە بۆ هەتاهەتایە بەخێوکردنی ئاژەڵ لەو کەسە قەدەغە دەکرێت بە بڕیاری دادگای ئەو وڵاتە.
ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە بەیاننامەی مافی ئاژەڵاندا کە لە ٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1987 لە پاریس و بە هەوڵی یونێسکۆ نووسراوە جەخت لە مافی ئاژەڵان دەکرێتەوە، لەو بەیاننامەیەدا ئاژەڵان وەک ئەو بوونەوەرانەی لە پێکهاتنی ژیانی سروشتی لەسەر زەوی ڕۆڵیان هەبووە ناودەنرێن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: مافی هەموو ئاژەڵێکە کە ڕێزی لێبگیرێت و بپارێزرێت لە ڕەفەتاری نەشیاو و توندوتیژ.
هەروەها لە بارەی ئاژەڵە ماڵییەکانەوە ئاماژەی پێکراوە: ئەو ئاژەڵانەی پەیوەستی مرۆڤن دەبێت چاودێریی تایبەت بکرێن، نابێت بەڕەڵا بکرێن، هەروەها لە ئەگەری دانانیان بۆ تەماشا (وەک لە سێرکەکان) نابێت هیچ جۆرە توندوتیژییەکیان لەگەڵ بکرێت و پێویستە بەپێی فیزیۆلۆجیی لەشیان ئاگادارییان لێ بکرێت.
بۆ ئەوەی مافی ئاژەڵان پارێزراوبێت.. پێویستە هەرتاكێكی کۆمەڵگا سەر لەنوێ پەروەردە بكرێتەوە و گرنگی بە ئاژەڵ دۆستی زیاتر بدرێت. پەروەردەی خیزان و كۆمەڵگەی كوردی تەنانەت خوێندنگەش کەم تەرخەمە و وەک پێویست پەروەردەیەكی دروست نییە بۆ خۆشویستنی ئاژەڵ، بۆیە بوونی یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان (کێویەکان و ماڵیەکان) بەگرنگ دەزانرێت.بۆ ئەوەی سرووشتی جوانی کوردستان پارێزراوبێت ئەوە دەبێت پەرلەمانی کوردستان ئاوڕێکی جدی لەم مەسەلەیە بداتەوە،لە دووتوێی پرۆژەیاسایەکدا ئامادەبکرێت لە پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەربکرێت و یاسایەک دەربچێنرێت و بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت