قوته‌یبه‌ فازڵ: سه‌رنجێك بۆ سه‌ر یاساكانی سزادان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سزادان وه‌ك ڕێ و شوێن و ئامرازێك بۆ ناچار كردن و ده‌سته‌مۆ كردنی كه‌سانی تاوانكار و هه‌ڵه‌ پێویستیه‌كی حه‌تمی و گرنگه‌، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو كایه‌كانی ژیانیش.
فه‌لسه‌فه‌ی سزادان بریتیه‌” له‌ چاككردنی تاوانبار و پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ شه‌ڕانگێزی كه‌سانی تاوانكار، سزا خۆی ئامرازێكه‌ نه‌ك ئامانج، ئامانجی سه‌ره‌كی سزا په‌روه‌رده‌كردنه‌ نه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌”.
ئه‌گه‌ر سزادان مه‌به‌ست لێی چاكسازی نه‌بێت ئه‌وا سزاكه‌ خۆی ده‌بێت به‌ تاوان ده‌رهه‌ق به‌ تاوانباره‌كه‌ و سزادانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی خاڵیی ده‌بێت له‌ فه‌لسه‌فه‌ و حیكمه‌تی سزادان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا من ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌:
ئایا یاساكانی سزادان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و ئامانجه‌یان پێكاوه‌ ؟
یاخود یاساكانی سزادان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانكاریه‌كاندا گونجاون ؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین نه‌خێر.
ئه‌گه‌ر بڕوانین یاساكانی سزادانی كارپێكراو له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسای سزادانی عێراقین كه‌ یاسایه‌كه‌ له‌ساڵی (1969) ده‌رچووه‌ و چه‌ند هه‌موارێكی به‌سه‌ردا كراوه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می ڕژێمی پێشووی عێراقدا، یاسایه‌كه‌ كه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق گونجاوو له‌بار بووه،‌ به‌ڵام بۆ ئێستا پڕ له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕییه‌.
یاسایه‌كه‌ بۆ زیاتر له‌ په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئێستا ناكرێ و ناگونجێ، نه‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و كاته‌یه‌ و نه‌ بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینه‌كانی خه‌ڵكی هه‌مان بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینه‌ بۆ ژیان.
له‌ ئێستادا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئامێره‌ ته‌كنۆلۆجیه‌كان هه‌موو شوێنێكی هه‌رێمی ته‌نیوه،‌ كه‌ پێش چه‌ند ساڵێك هه‌ر بوونیان نه‌بووه‌ له‌ كوردستاندا و به‌ڵكو له‌ عێراقیشدا، هه‌رگیز ژیانی ئێستا هه‌مان ژیانی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نیه‌، كه‌واته‌ گۆڕانكاری و گۆڕینی یاساكانیش پێویستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ و هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌كیش له‌و لایه‌نه‌دا كاره‌سات به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی وڵاتانی پێشكه‌وتوو نیمچه‌ پێشكه‌وتووش بده‌ین ده‌بینین به‌ به‌رده‌وامی یاساكانیان گۆڕانی تیادا ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕۆیشتنی ڕۆژو پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یاندا بگونجێ و تیایدا تاوانكار سزای ڕاسته‌قینه‌ وه‌ربگرێت و تاوانلێكراویش به‌ مافه‌كانی بگات بێ ئه‌وه‌ی سته‌م له‌ هیچ لایه‌كیان بكرێ.
یاسا كارپێكراوه‌كان ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یان كه‌لێن و ده‌رچه‌ی تیادایه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م یاسادا و له‌ ڕووی پراكتیكه‌وه‌ شكستیان به‌ یاسا هێناوه‌، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا سه‌رجه‌م یاساكانی سزادان پێویستیان به‌ هه‌موار و دووباره‌ نووسینه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موارێك كه‌ ئامانج تیایدا پاراستنی ژیان و كه‌رامه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ بێت و شیرازه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌شی تیادا پارێزراو بێت.
نموونه‌ی ناعه‌داله‌تی له‌ یاساكاندا هێنده‌ زۆرن كه‌ ده‌كرێت ده‌یان و سه‌دان په‌رتووكی لێ پڕ بكرێت كه‌ هه‌رگیز به‌راورد ناكرێت به‌ وڵاتانی نیمچه‌ پێشكه‌وتووش.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌یه‌كێك له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ڕووداوێك پیشان درا كه‌ جێی سه‌رنج بوو له‌ ڕووی یاساییه‌وه،‌ له‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كاندا ژنێك چه‌ند هێلكه‌یه‌كی له‌ ماركێتێك دزیووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی نان نه‌بووه‌ بیخۆن كاتێ پۆلیسی لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ی ئه‌ركی سزادانی ئه‌و ژنه ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كاتێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخی ژنه‌كه‌ ده‌كات ده‌بینێ یاسای وڵاته‌كه‌ی ده‌رچه‌ی ئه‌وه‌ی تیادایه‌ كه‌ سزای ئه‌و ژنه‌ نه‌دات بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ وه‌ك كارێكی مرۆڤانه‌ له‌ بری سزادان خۆراكی یه‌ك هه‌فته‌ی ته‌واو بۆ ژنه‌كه‌ و منداڵه‌كانی ده‌كڕێت .
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ بری خوێندنه‌وه‌ بۆ واقعی ژیانی تاوانبار و ئه‌و پاڵنه‌ره‌ی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی تاوانه‌كه‌ له‌سه‌ر چه‌ند كیلۆ ته‌ماته‌ و قوتوه‌ شیرێك سزای چه‌ندین ساڵ بۆ تاوانكار ده‌رده‌چێ ده‌خرێته‌ كونجی زیندانه‌وه‌و خانه‌واده‌كه‌شی به‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر ده‌سپێردرێت، كه‌ دواجار ڕێگه‌ی ده‌یان تاوانی تر ئاوه‌ڵا ده‌كاته‌وه‌ .
پێویسته‌ لایه‌نی یاسادان كه‌ خۆی له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌ ئاوڕێكی به‌په‌له‌ و دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌مواری یاساكانی سزادان بداته‌وه‌‌ و به‌ زوترین كات ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رامۆشكراوه‌ چاره‌سه‌ر بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دواكه‌وتنێكی تر گوێبیستمان ده‌كات به‌ڕوداوی تاوانكاری كاره‌ساتبار.