بورهان شێخ ڕەئوف: کڵاوشینەکان لە بەرگرییەوە بۆ پەلامار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى ئەو شەپۆلە توندوتیژییەى، کە عێراقى گرتەوە لە دواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان لە سەرەتاى مانگى تشرینى ساڵى 2019 ەو ە تا ئەمڕۆ، سەرەڕاى ئەو بەڵێن و داخوازییانەى حکومەتى عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و هێزە نێودەوڵەتیەکان بۆ پاراستنى گیانى خۆپیشاندەران.
گۆڕانکارییەکى سەیر لە هەڵوێستى موقتەدا سەدرو تاقمەکەى، کە بەسەرایا سەلامو کڵاو شینەکان ناسراوە، ڕوویدا. دواى ڕاسپاردنى موحەمەد توفیق عەلاوى بۆ پێکهێنانى کابینەى وەزارى نوێ ئەویش هەوڵدان بۆ بڵاوە پێکردنى خەڵک لە گۆڕەپانى تەحریرو هەموو گۆڕەپانەکانى تر لە ڕێگەى بەکارهێنانى هێزو و توندوتیژىو تۆقاندن، سەرەتا دەستیان گرت بەسەر باڵەخانەى ڕیستوڕانتى تورکى و سەکۆى ڕاگەیاندن و تریبوونى ئازادى گۆڕەپانەکە. هەروەها دەستیان گرت بە سەر خێمەى خۆپیشاندەران و، هەروەها ئەو لافیتەو دروشمانەیان هێنایە خوارەوە کە دژ بەڕاسپاردنى عەلاوى نووسرابوون، هەروەها هەموو ئەو ڕێگاو شەقامانەیان کردەوە کە خۆپیشاندەران دایانخستبوون، هەروەها هەڕەشەیان لەو چالاکوانانە دەکرد کە داواى مانگرتن و خۆپیشاندانیان لە خەڵک دەکرد و دەوامى قوتابخانەو دامودەزگا حکومیەکانیان بەزۆر دەست پێکردەوە.
لەم پێناوەشدا بەریەککەوتنى زۆر و توندوتیژى بەدەمانچە و دارو چەقۆ ڕوویدا لە نێوان کڵاو شینەکانى سەربە سەدرو خۆپیشاندەراندا دواتر زیندانى کردنى چالاکوانان و ئەشکەنجەدان و سووکایەتى پێکردنیان بە مەبەستى تێکدانى یەکڕیزى خەڵک و و بڵاوە پێکردنیان و لادانى لە ئامانجە ڕەواو ڕاستەکانیان، دواى ئەوەى حکومەت ومیلیشا کان شکستیان هێنابوو بە هەموو شێوازەکانى کوشتن و بڕین و فڕاندن و بە شەیتان کردنیان بۆ ئەوەى عێراق بکەنە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێکانى ئێران و ئەمریکا.
بەڵى تاقمەکەى سەدر هەر بە پەلاماردانى خۆپیشاندەرانى بەغداوە نەوەستان و پەلامارى خۆپیشاندەرانى پارێزگاکانى تریشیان دا، مەیدانى حەبوبى لە ناسریە، گۆڕپانى پەروەردە لە کەربەلا هەروەها پەلاماردانى خۆپیشاندەرانى نەجەف و بابل و بە ئامانجى لادانى خۆپیشاندانەکان لە ڕێگاڕاستەکەى خۆى کە چاکسازى و بنبڕکردنى گەندەڵى و کۆتایى هێنان بە میلیشیات و، بەڵکو کۆکردنەوەى خەڵکەکە لە شوێنێکى دوورە پەرێزو بێ کاریگەر و گۆڕینى دروشمەکان لە دژى گەندەڵى دژى دەستوەردانى ئێران بۆ دژى هێزەکانى ئەمریکا، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە شکست بە خۆپیشاندەران بهێنن.

هەڵگەڕانەوەى سەدرو هەڵوێستە نا جێگیرەکانى
ڕێبەرى ڕەوتى سەدر لە ئێستادا بە قورسترین و سەخترین قۆناغەکانى ژیانى سیاسى خۆى و شوێنکەوتووانیدا دا گوزەر دەکات ئایا لەگەڵ بەرەى گەل و چاکسازییە یان پشتیوانى میلیشیات و گەندەڵکارانە، ئەوەى جێ ى سەرنج و سەرسووڕمانە سەدر هەڵوێستەکانى زوو دەگۆڕێت بە گوێرەى بەرژەوەندییەکانى، سەرەتا بەشدارى خۆپیشاندانەکانى نەکردو لە مانگى تشریندا دواى چەند هەفتەیەک بڕیارى بەشدارى داو کڵاو شینەکانى نارد پارێزگارى خۆپیشاندەران بکەن، دواتر دواى کوژرانى قاسم سلێمانى هەڵوێستى گۆڕى کڵاوشینەکانى کشانەوە لە گۆڕەپانەکان، ئێستاش دواى ڕاسپاردنى عەلاوى بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومى گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکان و پشتیوانى عەلاوى دەکەن و بە تەماى پلەو پۆست و ئیمتیازن و پەلامارى خۆپیشاندەران دەدەن.

گۆڕەپانەکان عەلاوى ڕەت دەکەنەوە
سەدر لە کاتێکدا پشتیوانى عەلاوى دەکات کە هەموو گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندان بە توندى دژى کاندید کردنى عەلاوین لە بەرئەوەى ئەو مەرجانەى کە خۆپیشاندەران دایان نابوو بۆ سەرۆکى حکومەتى نوێ هیچیان لە کەسایەتى عەلاویدا نیەو چونکە پێشتر وەزیر بووە و تێوەگلاوە بە گەندەڵى و تائیفیەو جدى نیە لە بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و بە تایبەتى کە لەلایەن فراکسیۆنى بیناوە پشتیوانى دەکرێت، کە لە ئێرانەوە نزیکن و ئەمەش مایەى نیگەرانى زۆرى خۆپیشاندەرانى تووڕەو بێزارى عێراقە.
لە کۆتاییدا ئەوەى دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە عەلاوى بژاردەى شەقامى عێراقى نیە کە ماوەى چوار مانگە ڕاپەڕیوون و نزیکەى 700 کەس بووە بە قوربانى و 25 هەزارکەس بریندارەو، بەڵکو بژاردەى ئەو حزب و لایەنانەیە کە خەڵکى عێراق لە دژیان ڕاپەڕیووە و خوازیارە سزایان بدات و پارووى دزراوى دەمى هەژارانى عێراقیان لە گەروو بهێننە دەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت