شێرزاد شێخانى: وشه‌‌ى ” عه‌يب ” له‌فه‌رهه‌نگى ده‌سه‌ڵاتى كورديدا.

له‌نوسينێكى له‌هه‌ژمارى تايبه‌تى خۆى له‌فه‌يسبوكدا، حاكم له‌تيفى شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ به‌ ديدارێكى خۆى له‌گه‌ڵ به‌رێز مه‌سعود بارزانى ده‌كات كه‌ له‌ساڵانى 2006-2007 دا سه‌رۆكى هه‌رێم و تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارى گه‌وره‌ى كوردستان بوو. […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌نوسينێكى له‌هه‌ژمارى تايبه‌تى خۆى له‌فه‌يسبوكدا، حاكم له‌تيفى شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ به‌ ديدارێكى خۆى له‌گه‌ڵ به‌رێز مه‌سعود بارزانى ده‌كات كه‌ له‌ساڵانى 2006-2007 دا سه‌رۆكى هه‌رێم و تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارى گه‌وره‌ى كوردستان بوو. له‌ميانى گێڕانه‌وه‌كه‌يدا حاكمى‌ به‌ڕێز باس له‌وه‌ ده‌كات كاتێك له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ كه‌سايه‌تييه‌ دياره‌كانى كوردستان ئه‌گه‌نه‌‌ لاى بارزانى‌، ئه‌ويان به‌تێروته‌سه‌لى باسى سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى گه‌نده‌ڵى له‌هه‌رێمى‌ كوردستانى بۆ كردوه‌و داواشى لێكردووه‌ كه‌وا كارێكى خێرا بكات بۆ رێگرى كردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ئه‌م ديارده‌ دزێوه‌ له‌ناو كايه‌ى حوكمڕانيدا. داواشى لێكردووه‌ كه‌وا چه‌ند كه‌سانێكى گه‌نده‌ڵ بدرێنه‌ دادگا بۆ محاسه‌به‌كردنيان، بۆ ئه‌وه‌ى ببن به‌په‌ندوعيبره‌ت بۆ خه‌ڵكانيتر. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ى‌ جه‌نابى كاك مه‌سعود ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌وا ئه‌وان ئاماده‌نين” پياوه‌كانى خۆيان عه‌يبدار بكه‌ن “!.
له‌گه‌ڵ ئه‌و موباره‌كه‌يه‌ى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى پارتى، ئيدى له‌وساوه‌ گه‌نده‌ڵى به‌شێوه‌يه‌كى ترسناك ره‌گى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى و كايه‌ى سياسى وحوكمڕانى له‌كوردستاندا داكوتاو ، وه‌ك حاكمى به‌رێزيش پێشبينكردبوو ئيدى هه‌تا هه‌تايه‌ ئه‌م ديارده‌يه‌ بنه‌بڕ نابێ و تازه‌ كار له‌كار ترازاو ، به‌هۆى دروستبوونى باندى مافياى ده‌سه‌ڵاتداريش، ئێستا هيچ هێزێك ناتوانێ رێگرى له‌به‌رده‌وامى ئه‌م ديارده‌يه‌ بكات، ئه‌بێ وه‌كو سه‌رده‌مى حوكمى عوسمانييه‌كان چه‌ند سه‌ده‌يه‌كى تر ميلله‌ت به‌ده‌ست ئه‌م ديارده‌‌وه‌ بناڵێنێ .
جه‌نابى سه‌رۆك كه‌ نه‌يويست ” پياوه‌كانى ” خۆى عه‌يبدار بكات، نه‌يزانى له‌نه‌تيجه‌دا هه‌ر ئه‌و پياوانه‌ى كه‌ محاسه‌به‌ى نه‌كردن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى، ئه‌وه‌نده‌ عه‌يبدارو ريسواو ناشرين ده‌بن كه‌ هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان بێزيان لێ بكاته‌وه‌و، نه‌ك هه‌ر خۆيان به‌ڵكو‌ حزبه‌كه‌شيان له‌به‌ر چاوى ميلله‌ت ره‌شبكه‌ن.
گه‌نده‌ڵكارانى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌وا ئه‌زمونى گه‌له‌كه‌شيان ناشرين كرد‌و ، له‌به‌ر چاوى دونياش حه‌يايان برد، به‌به‌ڵگه‌ى ئه‌م هه‌موو راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تيانه‌ى باسى لايه‌نه‌ خراپه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌هه‌رێم و ، تاوانه‌كانى كوشتوبڕى رۆژنامه‌نوسو رۆشنبيران ده‌كه‌ن ، له‌ته‌ك ئه‌وانه‌شدا ده‌يان دۆسيه‌ى گه‌نده‌ڵى سه‌رانى هه‌رێم له‌زۆر شوێنى ئه‌م دونيايه‌دا باسيان لێوه‌ ده‌كرێ.
به‌هۆى ئه‌م عه‌يبدار نه‌كردنه‌ى پياوانى ده‌سه‌ڵات، ‌ كوردستان بۆته‌ دۆزه‌خێك بۆ هاوڵاتيه‌كانى. هه‌لى ژيانێكى به‌كه‌ڕامه‌ت له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵكى سه‌نراوه‌. گه‌نجان روو له‌ هه‌نده‌ران‌ ئه‌كه‌ن وبه‌ده‌يان و سه‌دانيان له‌ده‌رياى ئيجه‌ ئه‌بنه‌ خۆراكى ماسييه‌كان .. هه‌زاران گه‌نجى ده‌رچووى زانكۆ وپه‌يمانگه‌كان هه‌لى دامه‌زراندن وپێكه‌وه‌نانى ژيانێكى شاييسته‌يان له‌ده‌ستچووه‌. وڵات بۆته‌ زبڵخانه‌ى ده‌وروبه‌رو هه‌رچى پاشه‌ڕۆى ميلله‌تانى ده‌وروبه‌ره‌ ده‌رخواردى ئه‌م ميلله‌ته‌ ئه‌ده‌ن . ده‌رمانى ئێكسپايه‌رى ناو زبڵدانه‌كانى وڵاتان لێره‌دا ساغ ئه‌كرێته‌وه‌. قاچاخچێتى به‌به‌رچاوى حكومه‌ته‌وه‌ه‌ له‌بره‌ودايه‌ .. گه‌نجان نيوه‌يان بوونه‌ حه‌شيشه‌خۆر وتلياككێش، زيندانه‌كان پڕ بوون له‌م‌ گه‌نجه‌ سه‌رلێشيواوانه‌ى كوردستان، بازرگانه‌ گه‌وره‌كانى تلياك له‌ناو قه‌سرو ڤێلاى گه‌وره‌دا شه‌وانى سوور رێكئه‌خه‌ن . زۆرينه‌ى خه‌ڵكيش نان نيه‌ بيخۆن!
كاره‌باو نه‌وت وغاز قه‌يرانى بۆ دروست ئه‌كرێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى بازرگانه‌ مافياكان ، باجه‌كه‌شى منداڵانى خانوه‌ قوڕه‌كان و خه‌ڵكه‌ به‌شمنه‌ينه‌تيه‌كه‌ى ژێر خێمه‌كان ‌ ئه‌يده‌ن ..
له‌م سه‌رماو سۆڵه‌دا سه‌دا نه‌وه‌دى خه‌ڵك ئاگرێكيان له‌ماڵدا نيه‌ خۆيانى پێ گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ ، له‌قه‌سرو ڤێلاى مافياكانيش دۆلار ئه‌سووتێنن بۆ داگييرساندنى جگه‌ره‌كانيان .
سه‌يره‌ ده‌سه‌ڵاتيك بۆ عه‌يبدار نه‌كردنى دزو جه‌رده‌كان و، بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى دوو سێ هه‌زار بازرگانى گه‌وره‌ى گه‌نده‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ شه‌ش مليۆنييه‌ بكاته‌ قوربانى چاوچنۆكى تاقمێكى حيزبى كه‌ سه‌رۆكه‌كيان نايه‌وێ عه‌يبداريان بكات.
جا چ شتێك له‌م دونيايه‌ له‌وه‌ عه‌يبتره‌ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێ:
– يه‌ك به‌رميل نه‌وت بداته‌ ميلله‌ته‌كه‌ى له‌كاتێكدا رۆژانه‌ نيو مليۆن به‌رميل نه‌وت ده‌نێريته‌ ده‌ره‌وه‌ !.
– نه‌توانێ رۆژانه‌ 16 سه‌عات كاره‌با بۆ ميلله‌ت دابينبكات ، پشت به‌ موه‌ليده‌ى ئه‌هلى ببه‌ستێ !.
– نه‌توانێ گه‌نجه‌ ده‌رچوه‌كانى زانكۆكانى دامه‌زرێنێ ، سه‌دان هه‌زار بنديوار به‌خێو بكات!.
– نه‌توانێ سنووره‌كانى خۆى بپارێزێ له‌قاچاخچێتى ده‌رمان و خوارده‌مه‌نى!.
– نه‌توانێ به‌بێ سه‌ده‌قه‌ى به‌غدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى خۆيشى دابينبكات.
ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێ ئه‌م كاره‌ سادانه‌ى حوكمڕانى بكات ، بوون و نه‌بوونى چ جياوازياه‌كى هه‌يه‌؟.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ پێى ” عه‌يبه‌ ” پياوه‌كانى خۆى “عه‌يبدار ” بكات ، ئه‌وه‌نده‌ خۆى ” عه‌يبداره‌ ” ئيدى ‌ وشه‌ى ” عه‌يب ” هيچ مانايه‌كى نامێنێ بۆ داپۆشينى ئه‌م ” عه‌يب ” وعاره‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم .. باقى وه‌لسه‌لام.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی