نەوزادى موهەندیس: گرنگى دان بە سەرچاوە مرۆییەکان، گرنگى دانە بە ئایندە.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە کە هەموو هەوڵ و ماندووبون و شەونوخونى و کێبڕکێ و ململانێکان لە پێناو سەرکەوتن و بەدەستهێنانى دەسکەوتى گەورە و گرنگن بۆ مرۆڤایەتى لەسەر هەموو ئاست و بوارەکانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و هونەر و زانست و پەروەردە و… هتد. ئاشکراشە هەموو پێشکەوتن و داهێنان و دۆزینەوەکانى مرۆڤایەتى لەسەر دەستى خودى مرۆڤ خۆیەوە هاتونەتە بوون و بۆ خزمەتى کۆمەڵگا و شارستانێتیە مرۆڤایەتیەکان چێبوون. کەواتە سەرەتا و کۆتاى هەموو هەوڵ و پێشکەوتن و داهێنانەکان لە مرۆڤ و بۆ مرۆڤن. بەواتایەکى تر مرۆڤ بۆخۆى سەر قافڵەى کاروانى پێشکەوتن و داهێنانەکانە و هەموو هەوڵەکانیشى هەر لە پێناو دابینکردنى پێداویستیەکانى ژیان و گوزەرانێکى خۆش بوە بۆ مرۆڤەکان.
لە جیهانى پێشکەوتووى ئێستادا و لەسەدەى بیست و یەکەمدا، هێندەى گرنگى دەدرێت بە سەرچاوە مرۆییەکان نیوهێندە گرنگى نادرێت بە هەندێک لایەن کە پێشتر جێگەى گرنگیدانى زانا و حکومەت و وڵاتان بوە، بۆ نمونە گرنگیدان بە بوارى نەوت و غازى سروشتى پێدەچێت بۆ چەند دەیە ساڵێکى تر بەردەوام بێت، یان هەندێک سەرچاوەى ترى وزە و ژیان. بەڵام ئەوەى کە بۆتە جێگەى گرنگیپێدانى ناوەند سیاسى و زانستى و زانکۆکان لە جیهانى پێشکەوتوودا بریتیە لە توێژینەوە زانستیەکان و پێگەیاندنى سەرچاوە مرۆییەکان لە ڕێگەى پێگەیاندنى کادرى زانستى بەتوانا و هەلڕەخساندن بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵاو ئەکادیمى و بەدەستهێنانى بڕوانامەى زانستى بەرز و وورد لە پسپۆڕیە جیاوازەکاندا، چونکە چەندە کادرى زانستى و خاوەن بڕوانامەى بەرزو پسپۆڕى جیاواز پێبگەیەنرێت ئەوەندەش دەتوانرێت لە هەموو بوارەکاندا داهێنان و دۆزینەوە ئەنجام بدرێت. بۆ نمونە لە وڵاتێکى وەکو ئیماراتى عەرەبیدا کە خاوەن نەوت و غازى سروشتیە و ڕۆژانە لە ئێستادا بڕى 2 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و داهاتێکى باشى هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران و زاناکانیان پلانیان داناوە بۆ ئەوەى هەر لە ئێستاوە و لەدواى نزیکەى 50ساڵى تر کە پێشبینى دەکەن ئەو سەرچاوەیەى وزەیان نەمێنێت و بۆئەوەى تا ئەوکاتە پێویستى ناوخۆ و بشتوانن کادرى بەتوانا هەناردەى دەرەوەش بکەن، ڕوویانکردۆتە توێژینەوە زانستیەکان و پێگەیاندن و گرنگیدان بەسەرچاوە مرۆییەکان و لە ئایندەدا وەبەرهێنانى گەورە لەو بوارەدا دەکەن و دەیکەنە سەرچاوەیەکى باشى داهات بۆ ئایندەیان، ئەوەتا لە هەوڵى پێکەوەنان و دامەزراندنى ناوەندێکى گەردونین لە ئیمارات و سەدان زاناى بیانیان بردۆتە وڵاتەکەیان بۆ پێگەیاندنى لاوەکانیان و بە هەزارانیشیان ناردۆتە دەرەوەى وڵات بۆ ناوەندە زانستیە بەناوبانگەکانى جیهان بۆ پێگەیاندنیان. بەڕاستى بیرکردنەوەیەکى ژیرانە و دووربینانەیە و مسۆگەرکردنى ئایندەیەکى ڕۆشنتریشە بۆ کۆمەڵگاکەیان و جێگەى پێزانین و ڕێزگرتنە.
بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵاو هەموو زانکۆکانى کوردستانیشە کە بەهەمان شێوە پلانى زانستى و واقعیان هەبێت بۆ ئایندە لەبوارى گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەکان و توێژینەوە زانستیەکان و پێگەیاندنى کادرى زانستى خاوەن بڕوانامەى بەرز لە هەرێمى کوردستاندا. هەر بۆیە لەم پێناوەدا:
حکومەت ئەرکێتى کە بودجەى تەواو دابین بکات بۆ بوارى توێژینەوەى زانستى وەکو هەموو وڵاتانى پێشکەوتوو، چونکە بەبێ گرنگیدان بە توێژینەوە زانستیەکان هیچ بوارێک ناتوانرێت پێشبخرێت و داهێنانى تیادا بکرێت، ئەوەتا وڵاتێکى وەکو ئەمریکا یان چین یان یابان و ئەڵمانیا و کۆریاى باشوور پلەکانى 1-4 یان بۆخۆیان مسۆگەر کردوە، زۆرێکى تریش، ساڵانە لە بودجەى خۆیاندا بە ملیار دۆلار تەرخان دەکەن بۆ ئەو بوارە و بۆ زاناکانیان، هەرئەوەشە کە ئەو وڵاتانەى کردۆتە وڵاتانێکى گەشەکردوو و پێشکەوتوو داهێنەر لەهەموو بوارەکاندا.
ڕاپۆرتێکى پەیمانگاى یونسکۆ ڕایگەیاندوە کە ئەمریکا 4295 توێژەرى هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن کەس، لەبەرامبەردا چین 1096 توێژەرى هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن کەس سەرەڕاى زۆرى ژمارەى دانیشتوانى، بەمەش ئەمریکا هەژموونى خۆى سەپاندۆتە سەر بوارى توێژینەوە و پێشخستن و بەتەنها خۆى ڕێژەى 27% هەموو خەرجى جیهانى هەیە بۆ ئەو بوارە.کە بەرامبەر 100 وڵاتى کۆتایى لیستەکەى پەیمانگاکەیە لەسەر ئاستى جیهان.

ئەو وڵاتانەى زۆرترین خەرجیان هەیە بۆ بوارى توێژینەوە و پێشخستن
زنجیرە وڵات قەوارەى خەرجى (ملیار دۆلار)
10 روسیا 39.83
9 برازیل 42.12
8 بەریتانیا 44.16
7 هند 48.06
6 فەرەنسا 60.78
5 کوریای باشوور 73.19
4 ئەلمانیا 109.80
3 یابان 170.51
2 چین 370.59
1 ئەمریکا 476.46
بەڵام گەر سەیرى خشتەى وڵاتانى عەرەبیش بکەین لە قەوارەى خەرجیەکانیانەوە بۆ بوارى توێژینەوە و پێشخستن بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە دواکەوتوون و چەندە گرنگى دەدەنە ئەو بوارە، هەربۆیەش هەمیشە لە پاشکۆى وڵاتانى پێشکەوتووى دونیادا دەمێننەوە، کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە بەهەرێمى کوردستانى خۆشمانەوە.
پۆلێنکردنى وڵاتانى عەرەبى کە زۆرترین خەرجى دەکەن بۆ توێژینەوە و پێشخستن
زنجیرەى جیهانى وڵات قەوارەى خەرجى (ملیار دۆلار)
104 بەحرەین 0.062
96 بەلەستین 0.096
85 عێراق 0.206
82 جەزائیر 0.241
80 ئەردەن 0.263
78 سودان 0.281
74 عەمان 0.357
61 تونس 0.828
60 کوەیت 0.832
54 قەتەر 1.288
51 مەغریب 1.484
35 ئامارات 4.250
30 میسر 6.116
20 سعودیی 12.513

وەزارەتى خوێندنى باڵاش ئەرکێتى بەرنامە و پلانى زانستى دابنێت و بوارى تەواو بڕەخسێنێت بۆ هەموو تەمەن و بوارەکان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا بە ئاسانترین شێوە، کە خۆشبەختانە لە ئێستاوە و لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى 2019 -2020 زیاد لە 11 هەزار کورسى خوێندنى باڵاى ڕاگەیاندوە بۆ ئاستەکانى( دبلۆمى باڵاو ماجستێر و دکتۆرا) لە هەر 15 زانکۆکەى هەرێمدا.
بەهەمان شێوە زانکۆکان ئەرکیانە کە گرنگى زیاتر بدەنە توێژینەوە زانستیەکان و بنەما تیۆریەکان بگۆڕن بۆ ڕاستى سەر زەمینەى واقع کە کۆمەڵگاکەمان و وڵاتەکەمان سوودى لێوەربگرن و لەڕێگەى ئەو توێژینەوە و داهێنان و دۆزینەوانەوە گەشە بەهەموو بوارەکانى ژیان بدرێت و تاک وکۆمەڵگاى کوردەوارى لە کۆمەڵگایەى بەرخۆرەوە بگۆڕن بۆ کۆمەڵگا و تاکێکى داهێنەر و پڕ بەخشش و بەمەش ئایندەیەکى گەش و ڕۆشنتر دەستەبەر دەکەین بۆ نەوەکانى دواڕۆژمان.
بەهیواى ئەوەى کە هەموان لە ئاستى لێپرسراوێتى و ئەرکەکانى قۆناغەکە و سەرشانیاندا بن و دڵسۆزى و خەمخۆرى بۆ نەتەوە و نیشتیمان بکەنە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و دووربکەونەوە لە دیارەدە دزێوەکانى مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و هەموان لەبەردەم یاساکاندا یەکسان بن و هەلى یەکسان بۆ هەموان بڕەخسێت،چونکە لەکۆتایدا وڵات هى هەموانە و هەقى بەسەر هەموانەوە هەیە و ئەرکى هەموایشە خزمەتى بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت