ئارام عەلی عەزیز: ئیمپراتۆریەتى شەشەم لە کوێیە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێى نێوان تورکیاو سوریا لەسەر ئیدلب بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر رۆژ بە رۆژ توندتر دەبێ. دواى چەند پێکدادانى راستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا تورکیا ژمارەیەکى زۆرى سەربازو کەرەستەى جەنگى لەو ناوچەیەدا کۆکردۆتەوە. سوریا سوورە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئیدلب و حەلەب. تورکیایش تا ئاستى هەڵگیرسانى جەنگێکی گەورە نیازى جێهێشتنی ئیدلبى نیە. بەڵام ئەو سووربوونەى تورکیاو ساین ئەردۆغان لەسەر ئیدلب بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئەمریکاو بریتانیا بۆچی پشتیوانى تورکیا دەکەن؟
لەراستیدا مەسەلەى ململانێی نێوان تورکیاو سوریا لە ئیدلب و حەلەب، بەشێکە لە نەخشەو ئەجندایەکى گەورەترى بریتانیاو ئەمریکا، کە ژیاندنەوەى ئیمپراتۆریەتى رۆمایە لەو ناوچەیەدا. بە دەست لەپشتدانى تورکیا بەناوى ژیاندنەوەى عوسمانیەت پێی تورکیایان راکێشاوە بۆ سوریا، لیبیا، سودان و خۆرهەڵاتى دەریاى سپى ناوەڕاست و بەشێک لە کارەکەیانى پێ جێ بەجێدەکەن. وەکو چۆن پێشتر پێی سەدامیشیان راکێشایە کوەیت. لە راستیدا ناوچەى ئیدلب و حەلەب بەشێک بوون لە شارستانیەتى ئەتلانتس کە شارستانیەتێکى پێشکەوتوو بوەو چەندین بۆچوونى جیاجیاى لەسەر هەیەو هەندێکیش بە خەیاڵى دادەنێن. بەڵام ئەفلاتون لە دایەلۆگێکیدا بە ناوى تیماوس و کریتیاس باسى دەکات و ئاماژە بەوەیش دەکات، کە لەشەو رۆژێکدا لە ژێر ئاودا نوقم بوون. بەشێکى جوگرافیاى ئەتلانتس لە ئەستەمبولەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ئیدلب و حەلەب و بە ئوردون و فەلەستیندا تێپەڕدەبێت، بەحجازو تائیف و نوبەى سودان و ئیسماعیلیەدا دەچێتەوە سەر دەریاى سوور. ئەتلانتس بە شارستانیەتێکى ونبوو دادەنرێت. هەندێک رایان وایە لە مەکسیک بووە. هەندێکى دیکە دەڵێن لە کریتى یۆنان بوە. هەندێکیش رایان وایە خەیاڵێکەو بوونى نیە. بەڵام لە راستیدا ئەتلانتس لە ژێر دەریاى سپى ناوەراستدایە. وەکو ئەفلاتون دەڵێ، لە شەوو رۆژێکدا ئاو نقومى کردو دایپۆشی. سەردەمانێک میسرو رۆما لە ململانێیەکى گەورەدا بوون لەسەر دەست بەسەرداگرتنى ئەو ناوچەیە.
ئەمڕۆیش بەریتانیاو ئەمریکا هەوڵى دەستبەسەرداگرتنەوەى ئەو جوگرافیایەو ژیاندنەوەى ئەمپراتۆریەتى رۆما دەدەن، لەبەرامبەر ئیمپراتۆریەتێکى گەورەترى، کە ئەگەرى دامەزراندنى لەو ناوچەیەدا بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان زۆرە.
دەرچوونى بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپاو پشتیوانیکردنیشی لە لایەن ئەمریکاوە، هەروەها پشتیوانى هەردوولا بۆ تورکیا لە مەسەلەى ئیدلب لەو رەوش و بارودۆخە جەنگ و ململانێ ئامێزە گەورەیەى لەسەر دووبارە داڕشتنەوەى نەخشەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەرزى واقعدا لە ئارادایەو ناوچەکەمانى کرۆدۆتە سەربازگە، بەڵگەى گەڕانەوەى بریتانیایە بۆ خۆرهەڵات لە رێگاى کردنى ئیسرائیل بە ئیمپراتۆریەت و پلانێکى دەست بەسەرداگرتنەوەى قوستەنتینیەیە ( کۆنستانتینپۆل )، کە سەردەمانێک پایتەختى هەردوو ئیمپراتۆریەتى رۆمانیی و بێزەنتى بوەو بایەخێکى گەورەى هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت