بەهرۆز جەعفەر: بەرەو دوو زۆنی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو سەرکردایەتی و دروستکەرانی بڕیاری هەرێمی کوردستان بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا ئەوە نەشاردراوەتەوە، کە پەنجا ساڵ شەڕی براکوژی و قاتوقڕی کارێکی هەڵە بوە، لەزاری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیشەوە نەک ئێستا بگرە نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا وتراوە، کە لەم هەرێمە « مافیا» هەیە و دادگاکان و پەرلەمان ئەڵقە لاوازەکەی حکومڕانی کوردین..
چواردە ساڵ فەرمانڕەوایی حیزبی کوردیی لە کەرکوک و دەرئەنجامەکەی لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 شدا ئەوەیان پێوتین، کە کورد لە ڕووی ئابوریی و سیاسی و ئەمنی و جوگرافی و ئیداریی و بگرە ژمارەی دانیشتوانیشەوە کەرکوکی لە دەستداوە. ئینجا دوای لە دەستدانی کەرکوکیش دەیان جار ئەوە سەلمێندراوە، کە بەرپرسان لە خاڵە سنورییەکانەوە پەتاتەو ترێ و دووگی ئاژەڵ و هێڵکەو ماددەی هۆشبەرو… تادوایی بەقاچاخ ئەهێننە ناوەوەی کوردستان. دۆخەکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئەوێ ڕۆیشتوە ئاستی متمانە بەیەک کردن بگاتە سفر و لەناو نوخبەی سیاسی دا پەلاماری کەسێتی یەکتری بدرێ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هێشتا سەرباری هەموو ئەمانە خەڵکی کوردستان سوپاسگوزاربون کە هەرێمەکە جۆرێک لە ئارامی و سەقامگیریی تیادا بەرقەرارە، ئەگەرچی لایەنە فەرمیەکان خۆیان ئاماژە بەوە ئەکەن زیاتر لە (60٪) ی هاوڵاتیان بەشداریی هەڵبژاردن و دەنگدانیان نەکردوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک « ئیستحقاقاتی خۆی کە لە هەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەی بە دەستهێناوە» کاریگەرترین کاراکتەری ئەمنی و حیزبی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بە ستافێکی جیاوازەوە داناوە. بەهەمان شێوە لە کۆنگرەی یەکێتیدا فیگەرە ئەمنیە باڵادەستەکان بەرزکراونەتەوە بۆ هەڕەمی دەستەڵاتی حیزب. کابینەکانی پێشوتر هەرێمی کوردستان زیاتر ڕوخسارێکی ئابوریی میانڕەوانەی لەناوخۆدا هەبو ( وێڕای دیارنەمان و بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر لە داهاتی نیشتیمانی).
زەقبونەوەی ململانێ حیزبیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی لەمەیدانەکەدا نەماوە. بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمینیەکان لەوەدان زیاتر بەریەک بکەون و شەڕێکی ئەهلی دروست بکەن. مێژووش سەلماندویەتی، کە یەکێتی هەرکاتێک کەوتبێتە خراپترین دۆخی خۆی یان با بڵێین هاوسەنگی هێز تێکچوبێ ئەوا کارەسات خوڵقاوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخەی لەسەرەوە باسمان کرد. زانیارییەکان، وە ئاماژەکان بەرەو ئەوە ئەچن، ڕووبەڕووی مەترسیەک ببینەوە؛
ئەگەر سیاسیی کوردیی پێی وایە « قاسمی سولەیمانی» کوژراوەو ئیتر ئێران پاشەکشە ئەکات، لە ڕاستی دا ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. ئایا لینین و ئەتاتۆرک نەمان تورکیاو ڕووسیا تیاچون؟. ئۆجەلان دەستگیرکرا پەکەکە لەناوچو؟. تەنانەت سەددام ڕووخا دەیان جار گوێمان لەوەبوە هاوڵاتیان خۆزگە بە حوکمی سەردەمی سەددام ئەخوازن. بۆیە ئێران زیاتر بیر لە بەرژەوەندی و پتەوکردنی ئاسایشی خۆی ئەکاتەوە. بەتایبەت سەرچاوەیەکی ئەم مەترسی و زانیارییانە لەوێوە دەق ئەگرن دوای ئەوەی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و بەرهەم ساڵەح وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە داڤۆس بەجیا چاویان بە دۆناڵد ترامپ کەوت. ترامپ ئەو پیاوەی بکوژو فەرمانداری راستەوخۆی قاسمی سولەیمانیە. تۆ لە ڕووی عەشایەرییەوە چ هەستێکت هەیە کەسێک براکەت بکوژێ دوای دوو ڕۆژ هاوڕێیەکی نزیکت تەوقە لەگەڵ بکوژەکەدا بکات و بە پێکەنینەوە بڵێ « پەیوەندییەکانمان پتەوتر ئەکەین!». بەتایبەت کەلتوری ئێرانی وەهان کە بەئاسانی شتگەلێکیان بیر ناچێتەوە.
بە کورتیەکەی، ڕووەو ئەوە ئەچین لەناوخۆی کوردستاندا خزانێک دروست بێت، خزانەکە پەیوەندیی بە هەنگاوەکانی بە ئەمنی کردنی زۆنی سەوز و ئینجا زەردەوە هەیە. بەرئەنجامی ئەمە خەڵکی کوردستان ئەکەوێتە سەر شەقامەکان و جۆرێک لەهەڵسانەوەی میللی بڵاو بێتەوە، بە پێچەوانەی جارەکانی پێشو کە قونسوڵی ئێران لە 17 ی شوبات و لە دانیشتنێکدا پێی وتین « لە بەرژەوەندی ئێران نییە بارودۆخی ئەم ناوچەیە تێک بچێ و دەنگە دەنگ هەبێ» ئەمجارەیان خەڵک بێتە شەقام بە ئەگەری زۆر ئەبێتە هۆی ڕژانی خوێنێکی زۆر…
ڕەگی چارەسەریی ئەم کێشەیە پەیوەندیی بە لێبوردەیی و ئارامی نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوەیە، پەیوەندیی بە خودی « مەسرور بارزانی» یەوە هەیە، چونکە فەرمانڕەوایی هەرێم لە بیرۆکراتیەتی ناو ئەنجومەنی وەزیران و خاوو خلیسکی ستافەکەی یان دەمارگیریی حیزبی و ئایدۆلۆجیەوە ئاکامەکەی باش نابێت. هەروەها پەیوەستە بە کێشە درێژخایەن و هەڵواسراوەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ەوە، کە لە ڕاستی دا ئێمە پێمانوایە کاراکتەری باڵای کورد لە ئاستی عێراق و حیزبەکانیشدا هەن پێویستە وریایان بین چونکە لای ئەوان هەموو شتێک بۆ فرۆشتنە، دوور نییە شکستی کەسێتی خۆیان بە ڕقبون و تۆڵەکردنەوە لە کورد وەڵام نەدەنەوە. هاوکات ئەرکی نوخبەو سەربەخۆ و سەربەخۆ- خوازانە کە پێش ئەوەی ئەم ململانێ کەسییانە بگاتە ئاستی ئەوەی تاک و خاکی کوردستان گیرۆدەی لەناوچون و لەدەستدان بکەنەوە، ڕێگە نەدەن ئاشوبێکی تر ڕووبکاتە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی حوکمڕانی کوردیی بەهەموو گرفتەکانیەوە بەرز بنرخێنن و بەهێزتری بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت