عوسمان عومەر: زاراوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە رۆژگارى سەختى خەبات لەوکات و سەردەمەدا کەرێکخستنى نهێنى لەشارەکان و لەبن چاو و دەسەلاتى بەعس کاریان دەکرد، ئەوەى رێکدەخرا لە رێکخستن دەبوایە قبولى ئەو بیروباوەرو مەبدەئە بکات، کۆمەڵێ نامێلکەى سیاسى یا کتێب دەخرایە بەردەست یا ڕێنمایی دەکرا بۆ خوێندنەوەى لەسەر چەند بابەتێکى دیاریکراو. لەکاتى خوێندنەوە چەند زاراوەیەک دەکەوتە بەرچاوىی، دەبوایە لێى تێبگات و مەبەستەکەى لا رۆشن بوایە، بۆ ئەوەى بەهەلە تێى نەگات و، بەهەلەش شینەکاتەوەو، بەهەلەش لەبیروهزرى دا نەچەسپێ. گەر هەلە نەبم کاک برایم جەلال لەشۆرشى نوێى گەلەکەمان نامێلکەیەکى زاراوە سیاسیەکانى ئامادەو بەچاپ گەیاندبوو.
زاروە بەگشتى چەند جۆرێکى هەیە وەک زاراوەى سیاسى، گشتى، پزیشکى، یاسایی، ئابورى، ئەندازیارى، زانستى، کۆمەل ناسى، ئارکیۆلۆژى و دبلۆماسى و… هتد، لەم دواییانەش لە ناو کتێبخانەى کوردى دا فەرهەنگى زاراوە فرۆکەوانیەکان کەوتۆتە بەر دیدى خوێنەران کەلەلایەن بەڕێز بەریوەبەرى گشتى فرۆکەخانەى نێودەولەتى سلێمانى بە دووبەرگ بە چاپ گەیەندراوە.

چەند نمونەیەک لەو زاراوانە دەخەمە ڕوو

ئۆلیگاریشى Oligachi
زاراوەیەکە لە زۆربەى زمانە ئەوروپیەکان دا بەکار دەهێنرێ بە واتاى دەسەڵاتدارى کۆمەڵێکى دیاریکراو دێت، چەمکى ئەم زاراوەیە دەسەلاتى سیاسى و ئابورى چەند کۆمەلێک لەخاوەن سامانە بەدەسەلاتەکانە، شێوەیەکە لە شێوەکانى حوکمڕانى کردن لە رژێمە وە بەرهێنەرەکان. ئەوکاتە بوو، کە تاقمێکى خاوەن سامان و بەدەسەلات هەمو هۆیەکانى بەرهەم هێنانیان گرتبوە ژێردەستى خۆیان و حوکمیان بەسەر کۆمەلانى خەلک دا کردووە. ئەم زاراوەیە لە ووشەى یۆنانى ئۆلیگارکیا وەرگیراوە بەحوکمرانى تاقمێکى کەمیان گوتوە.
لە جۆرەکانى ئۆلیگاریشى ئۆلیگاریشى مالیە بەواتاى سەربەخۆیی سیاسى و ئابورى کۆمەلە سەرمایەدارێکى گەورەى خاوەن پارە دەگرێتەوە کەچەندین کۆمپانیا و بانکیان بەدەستەوەبێت واتا لە قۆناغى بالاترین پلەى گەشەکردنى سەرمایەدارى، ئۆلیگاریشى مالى دیسان بە دەسەلاتى ئابورى و سیاسى سەرمایە دارە گەورەکان دەگوترێ. لە ویلاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا کۆمەلێک دەولەمەند هەن خاوەنى کۆمپانیاو کارگەى زەبەلاحن جى بى مۆرگان، رۆکفلر، جنرال مۆتۆرز داهاتى سالانەى نزیکەى 155.9 ملیار دۆلارە، ئاى بی ئێم داهاتە سالانەى 92.8 ملیار دۆرلار 397.529 هەزار فەرمانبەریان هەیە، ئەى تى ئەند تى داهاتى سالانەیان 131 ملیار، ژمارەى کارمەندانیان 250.730 هەزار.

دیسپۆتیزم Despotisme
بەو دەسەلاتە دەگوترێ، کە هیچ سنورێکى یاسایی و نەریتى نەبێ. خۆى سەرپشکى هەموو کاروبارێکى سیاسى و ئابورى و کارگێرى و دارایی و تەنانەت سەربازیش بێ.

دۆگماتیزم Dogmatisme
زاراوەی دۆگما بەماناى نەگۆر یا وەستاو دەگرێتەوە. بەو شێوازە بیرکردنەوەیە دەگوترێ لەسەر بنەماى چەمکى نەگۆر دامەزرابێت و چۆن چەمکە ئاینیەکان نابێ گۆرانى بەسەردا بێت. عەشیرەتگەرى زانستى نوێ یا پێشکەوتنى کۆمەلگا نایگۆرێت. دۆگماتیزم لەرووى مێژوییەوە لەگەل پەیدابونى ئاینەکان و باوەرە ئاینیەکان پەیدا بووە. دۆگماییەکان باوەریان بە گۆرین و گەشەکردن نییە و باوەریشیان بەیاساى چەقبەستو و نەگۆرى کۆنە. ریکخراوە شۆرشگیریەکان بەردەوام ئامۆژگارى ئەندامانیان دەکەن لە دۆگمایی دووربکەونەوە.

دیماگۆگى Demagoge
دیماگۆگیەت بە واتاى ساویلکە خەلەتاندن یا خەلک فریودان. بەو کەسانە دەگوترێ لە رێگاى بەلێن و دروشمى درۆ، چاوبەستیان لێ دەکرێ. دیماگۆگیەکان هەول دەدەن بە درۆو فیشاڵ خەلک بۆلاى خۆیان ڕاکێشن و راستى لەبەرچاوى خەلک دەشارنەوە. دیماگۆگیىەت سیاسەت و شێوازى کارکردنى حیزبە بۆرژواکانە. حوکمەتیش لە رێگاى دەزگاکانى ڕاگەیاندنى وەک تیڤى، ڕادیۆ، ڕۆژنامە لەڕۆژگارى ئەمرۆشمان پێگە ئیلکترۆنیەکان، ریپۆرتاژ و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەمەش خەلکى سادە و ساوێلکە دەخەلەتێنن. دیماگۆگى یاخەلەتاندن لە سیاسەت و رێبازى لۆژیکیانەى رێکخراوە شورشگێریەکان ناگونجێ. ئەوکات کادیرو پێشمەرگە وا پەروەردە کراوە.

تەکنۆکراسى Technocracy
بەواتاى حوکمەتێکى کەسانى هونەرى- تەکنیکى کە لەگەل سەردەمى پێشکەوتنى زانستى وتەکنۆلۆژیاى سەردەم بروات و هەموو سەرچاوە ئابوریەکان و وەزارتەکان لەلایەن کەسانى پسپۆرو لێزان بەڕیوەببرێت بۆ زانیارى خوێنەرانى ئازیز تەکنۆکراتەکان کۆمەلێک بوون دواى یەکەمین جەنگى جیهان لە ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەمریکا سەریان هەلدا و دەستیان بە لیکۆلینەوە کرد لە رۆڵ و کاریگەرى تەکنیک و باوەریان بە پێشکەوتنى بارى تەکنیک هەبوو.
چەند زاراوەیەک خراونەتە بەرچاو وەک چین – طبقة، مەتریالیست، جەنگى سارد، جەنگى عادیلانە، جیۆپۆلەتیک,پرۆلیتاریا، بۆرژواى کۆمپرادۆر، ئایدیۆلۆژیا، شۆڤێنیزم، ئەناریشزم بەواتاى ئاژاوەچى چ لەحیزب چ دەسەلات دووچارى مەینەتى دەکات. تۆتالیتاریزم، تابورى پێنجەم، ستراتیژو تەکتیک.
لە کۆتاییدا هیوادارم چەند چمکێکم وەبیر هاورێ دێرینەکانم هێنابێتەوەو ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئایا ئەو زاراوانەى ئێمە خۆمان لەسەردەمى شاخ پێوە سەرقاڵ کردبوو، لەکوبونەوەکان مشتومڕى لەسەردەکرا تا چەند لەم رۆژگارى ئازادیە بەگەرمان خستوەو سودمان لێوەرگرتوە.