ئەحمەد ئیبراهیم شەریف: ئایا ئارتۆر رامبۆ موسڵمان بوو؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەك گشتمان دەزانین ئارتۆر رامبۆ دادەنرێت بە یەکێك لە شاعیرە جیهانییە ناودارەکان کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 1854دا لە دایك بوو، هەر چەندە ئەو هێشتا تەمەنی 21 ساڵیی تەواو نەکردبوو کە وازی لە شیعر نووسین هێنا، بەڵام نووسەرێکی ناوداری وەك ڤیکتۆر هۆگۆ دەربارەی وەسفی تواناکانی ئەو دەڵێت: (رامبۆ دادەنرێت بە کوڕی شکسپیر).
هەرچەندە رامبۆ بەس 37 ساڵ ژیاو لە ساڵی 1891دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام دەیان گرێ و پرسیاری هەمەجۆر ژیان و بەرهەمەکانی ئەم شاعیرە ناودارە دەتەنێتەوە، یەکێك لەو پرسیارانە ئەوەیە ئایا پەیوەندی رامبۆ لەگەڵ ئیسلامدا چۆن بووە، ئایا رامبۆ لە ژیانیدا کە ئاشنا بوو بە ئاینی ئیسلام، بڕوابوونی خۆی بەم ئاینە دەربڕی؟ رەنگە زۆر ئاسان نەبێت بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، بەلام زۆر گوتە و باس هەیە لەمبارەوە گوتراوەو بیستراوە، لەوانە:
1- دکتۆر مەسعود عەشوش لە کتێبی (عەدەن لە کتێبی گەڕۆکە فەرەنسییەکاندا )دەپرسیت ئایا رامبۆ موسڵمان بوو بوو؟ ئەو لەو کتێبەدا بڕوای وایە کە بەڵێ رامبۆ موسڵمان بوو بوو، لەم رووەوەش ئەو بەڵگەیە دەهێنێتەوە کە قەشە لە کاتی سەرەمەرگی رامبۆدا رەفزی ئەوەی کرد کە قوربانیی پیرۆزیی پێشکەش بکات
2- شەوقی عەبدولئەمیر لێکۆڵەری عیراقی لە لێکۆڵینەوەیەکدا هەر لەو بارەیەوە دەنووسێت: رامبۆ کە لە یەمەن بوو داوای نوسخەی فەرەنسی قورئانی لە خێزانەکەی کردو ئەوانیش بە پۆست بۆیان نارد، هەروا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: لە کاتی سەرەمەرگدا ئەم وتانەی دەگوتنەوە: “الله كريم، الله كريم”
3- پێش ئەم لێکۆڵینەوەیەو بە دیاریکراوەی لەساڵی 1954دا (ئەنیس مەنسوور) لە ژمارە 9ی گۆڤاری (نامەی نوێ/ الرسالة الجديدة) نووسیبووی: یادی 100 ساڵەی لەدایك بوونی رامبۆ کە نازناوی (عەبد رەبە)ی هەبوو لە یەمەن و بازرگانی قاوەی دەکرد، لە حەبەشە موسڵمان بوو، ئاوهاش لەوێ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبوەوە کە فەرەنسیە سەرگەردانەکە بووە بە موسڵمان.
4- لە گوتارێکدا حەسەن عبدالوارث لە ژێر ناونیشانی (رامبۆ..منداڵی شەکەسپیری ئازارچەشتوو لە عەدەن) لە گۆڤاری (الخليج)دا نووسیویەتی: لە 7ی ئۆگۆستی ساڵێ 1880دا رامبۆ گەیشتە عەدەن و لای بازرگانێك، بازرگانی قاوەی دەکرد لە عەدەنەوە بۆ مەرسیلیا، پێش ئەوەی روو بکاتە بازرگانیکردن بە چەك و کۆیلەوە کە سوودێکی ئابووری زۆری هەبوو بۆی.
هەروا حەسەن عبدالوارث لە وتارەکەیدا بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: پرسیارێکی گرنگ هەمیشە دەکرێت سەبارەت ئەوەی کاتێك رامبۆ لە عەدەن نیشتەجێ بوو و تەنانەت کە بەجێشی هێشت، بەڵکو لەسەراپای ژیانیدا دەگوترێتەوە کە ئایا رامبۆ موسڵمان بوو بوو یان نا؟ ئەوەی زانراوە ئەوەیە لە لایەن ئەو هاوڵاتیانەی رامبۆ لە ناوچەکەیاندا نیشتەجێ بوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبووە کە رامبۆی ناسراو بە عەبد رەبە موسڵمان بوو، ئەو راستیەشیان لەوەوە زیاتر بۆ روون بووەوە کە دەیانبینی چۆن بە پەرۆشەوە قورئانی دەخوێندەوە، بێگومان رامبۆ بە باشی بە زمانی عەرەبی قسەی دەکردو هەرواش چەند زمانێکی تریشی دەزانی، لە ڕێگای سەفەرە زۆرو دوورو درێژەکانییەوە فێریان دەبوو.
لە کۆتاییدا حەسەن عبدالوارث دەڵێت: تەنانەت هاوڕێکانی رامبۆ کە هەواڵی وەفاتیان بیستبوو لە عەدەن دانیشتنی پرسەیان بۆ گێڕا لەو خانووەی کە لەوێ تیایدا نیشتەجێ بوو، هەر لەوێش وێنەیەکی گەورەی رامبۆیان هەڵواسیبوو و لەژێریدا نووسیبوویان:
“لا إله إلا الله، ولا قوة إلا بالله.. إنا لله وإنا إليه راجعون”
سەرچاوەی ئەم گوتارە:
https://www.youm7.com/story/2018/10/20/فى-ذكرى-ميلاده-هل-اعتنق-الشاعر-الفرنسى-رامبو-الإسلام/3996992
وێنەی ئەو خانووەی رامبۆ لە حەبەشە تیایدا نیشتەجی بوو: