عوسمان عومەر: شفرە ئەو نهێنیەیە کە دەزگا هەواڵگریەکان هەردەم بە دوایەوەن/ بەشى یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانستى شفرەسازى یاکۆدسازى یازانستى شاردنەوە یا دەرنەخستن (علم التعمیة) مێژوویەکى دوورو درێژى هەیە، هەرلەسەردەمە کۆنەکانەوە خەلک بۆ گواستنەوەى زانیاریەکان بەرێگەیەکى پارێزراو بەکاریان هێناوە.
کاتێ باس لە شیفرە سازى دەکەیت دوو بابەتى گرنگى سەرەکى هەیە پێویستە بزانرێ:
یەکەمیان/ شفرە بەکارهێنان بەکوردى و بە ئینگلیزى Cryptography و بەعەرەبى (تشفیر)، کە بریتیە لەهونەر و وزانستى گەشەپیدانى شفرە بەمەبەستى پارێزگارى کردن لە دەقى نامە یا بروسکەیا راسپاردە نێردراوەکان، کردنى بە دەقێکى نەخوێندراوە یا نەزانراو لەلایەن هەرکەسێک، کە وەری بگرێ یا بەدەستى کەوێ. ئەوەش بەبەکار هێنیانى یاساى بیرکاری و ئەگەرەکان.
دووەمیان/ شیکردنەوە یا کردنەوەى شفرە بە ئینگلیزى Cryptanalysis ئەویش هونەرو زانستى شیکردنەوەى دەقە شفرەکراوەکان بەمەبەستى خوێندنەوەو تێگەیشتن لەدەقەکەیە. ئاسایشى زانیارى (امن المعلومات) ئەویش بریتیە لە پارێزگارى لەدەق و نامەو ڕاسپاردەکان لەهەمو جۆرە ( تێپەر – اختراق)ێنێک و مەترسیى دزینى زانیاری یا تێپەراندنى ئەمنى. بۆ ئەوەش بەکوردى نهێنى و بە ئینگلیزى Confidentiality بەعەرەبى(سریة) هەیە، بۆ نەهیشتنى گەیشتن بەو زانیاریانە لەلایەن کەسانێکەوە، کە ڕیگە پێدراو نین. هەندێ جاریش بە تایبەتمەندى واتە Privacy ناودەبرێ.

ڕەگ و رێشەى شفرە سازى:
شفرە سازى مێژویەکى زۆر کۆنى هەیە هەر لەدێر زەمانەوە, زۆربەى ژیاریە سەرەتاییەکان بەکاریان هێناوە لەگۆرینى هێمایەک لەشێوە سەرەکیەکەى بۆ شێوەیەکى تر تاکەس لێى تێنەگات، ئەم بەشفرە کردنە لە زۆربەى نوسینى میسریە کۆنەکان و میزۆپۆتامیا بەکار هێنراوە. وەک نمویەک بۆ شفرەکردن لەسەر گۆرى خنۆمهتەبى دووەم، کە 3900 ساڵ پێش ئێستا ژیاوە دۆزراوتەوە. بەلام کۆنترین شفرەى بەکارهێنراو دەگەرێتەوەبو 3500 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن نوسەرێکەوە لەوولاتى دووزێ (میزۆپۆتامیا)، نهینى چۆنیەتى لکاندنى نوسینى بۆ سەر فەخفورى شاردۆتەوە لەسەر تاتە قوڕینەیەک تۆمارکردوە.
شفرە سازى لەسەردەمەکانى دواتری چاخەکۆنەکانیش بە شێوەیەکى فراوان بۆ پارێزگارى لە زانیاریە سەربازیەکان بەکار هێنراوە، تا ئەمرۆش بەردەوامە. لە شارى سپارتاى یۆنانى کۆن شفرە لەسەر پێستى ئاژەل نوسراوەو دواتر لە لولەکێک پێچراوە تا نەکرێتەوە بە قەبارەیەکى دیاریکراو لەلایەن وەرگرەکەوە. سیخورە هیندیە کۆنەکانیش نامەى شفرەکراویان بەکارهێناوە لەسەدەى دووەمى پ.زایین.

گەشەکردنى لە سەدەکانى ناوەراست و سەردەمى ڕینیسانس
لە سەدەکانى ناوەراست دا گرنگى زیاتر بە بوارى شفرە سازى درا، هەرچەندە تا ئەو سەردەمەش شیوازى تزارى بەردەوام بوو، بەلام دەستکرا بە شێکارسازى شفرە, ئەو زانستەیە کە شفرەکان دەکاتەوەتا لێى تێبگەن. یەکێ لە زاناکانى ماتماتیکى عەرەب بەناوى کیندى لە سالى 800 ى زاینى هەستا بە پێشخستنى تەکنیکى شیکردنەوەى فریکەونسى (تردد)ئەمەش وایکرد کەشێوازى گۆرێن ئاسانتر بێ بۆشیکردنەوەى شفرە، زۆر کەس هەولیان دەدا شفرەنامەکان بکەنەوە بۆ ئەوەى بگەن بە ئەنجامێکى سودبەخش و ڕیگەیەک بۆ کردنەوەى دواتر، بەلام سەرکەوتو نەبون. سالى 1465ى زاینى لیۆن ئێلبەرت رێگەیەکى نوێى داهێنا ئەویش شفرەى هەمە جۆرى ئەبجەدی کە دژە ئەو شێوازەى کیندى بوو بۆکردنەوەى شفرە. لەسەردەمى رینیسانس تا رادەیەک هەرشێوازە کونەکان بەکار هێنراوەتا زاناى بەناوبانگ سێرفرانسیس بیکۆن سالى 1623ى زاینى شێوازێکى نویی داهێنا ئەویش سیستەمى دوولایەنەى شفرەسازى بوو.
زانستى شفرەسازى لەگەڵ سەرەتاى پەیدابونى نوسین هاتەکایەوە. لەگەل گەشە سەندنى مرۆڤایەتى و پەیدابونى ژیاریەکان ورێکخستنى کۆمەڵگا مرۆییەکان و یەیدابونى هۆزو دەولەتدارى و پەیدابونى کێبڕکێ لەنێوان ئەم کۆمەڵگایانە لەسەر ووزە, خۆاردن و خواردنەوە وشتى تردروست بوو، زەرورەت وایکرد، کە ڕێگایەک و شێوازێک بدۆزرێتەوە بۆ لێک گەیشتن و گەیاندن لەنێوان ئەم کۆمەلگا مرۆییانە و کۆمەڵگاکانى تر. مێژوو نوسان ناکۆکن لەسەر سەرچاوەى سەرەکى پەیدابونى شیفرە، هەندێکیان دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمى رۆمانەکان و هەندێکیان بۆ سەردەمى فینیقیەکان و هەندێکى تریش بۆ ژیارى کۆنى میسر. عەرەبەکانیش دەلین ئیمە زانستى شاردنەوە واتە (تعمیة)مان داهێناوە، ئەوەى لەسەرى کۆکن ئەوەیە هەر یەکە لەو ژیاریانە رێگایەکى تایبەتى بەخۆى بەکارهێناوە بۆ شفرەکردنى نامەو ڕاسپاردەکان.

هیرۆگلیفیەت و شیفرە بەکارهێنان:
نوسینى هێرۆگلیفى خۆى لەخۆى دا جۆرە شفرەیەک بووە، نوسینى هێرۆگلیفى بەکۆنترین وبەیەکێک لە هونەرى بەکارهێنانى شفرە دادەنرێت، بەپێى هەندێ سەرچاوە دەیگەڕێننەوە بۆ 4000ساڵ پێش ئیستا و لەلایەن میسریە کۆنەکانەوە بەکار هێنرابێ بۆ گەیاندن ولێک تێگەیشتن، بەشێوەىەک ئەم نوسینە نوسراوە تەنها لەلایەن ئەوانەى نوسیانە توانراوە بخوێنرێتەوە، ئەویش ئەو نامەو ڕاسپاردانە بووە کەلەنێوان ئەو پادشایانە ئاڵ و گۆڕکراوە. لە نێوان ساڵەکانى 500ى پ.ز و 600ى پ .ز هەندێ پێشکەوتن و گۆرانکارى لەهونەرى شیفرەدا ڕووى داوە بەبەکارهێنانى رێگایەکى سەرەتایی و سانا ئەویش بە شوێن گۆرکێى پیتەکان, ئەم کردارە لەلایەن رۆمانەکانەوە بەکار هێنراوە بە شفرەى قەیسەر Caesar Shift Cipher ناو براوە.
هەموو کات سەردەمێک دەزگا هەوالگریەکان لەخەمى ئەوەدابوون,چۆن نهێنى دوژمن پەى پێ ببەن. بۆیە لە مێژودا شیفرە یاجفرە بەزمانى خۆمالى گرنگیەکى تایبەتى هەبوەچ لاى ڕژێمى وولاتانى دکتاتۆرى, یا دیموکراسى، چونکە هەردوو سیستەمى حوکمڕانى دەزگاى هەواڵگرى تایبەت بەخۆیان هەبوە.
زۆربەى شۆرشەکانى دونیا، کوردیش لەوگەلانەى شۆرشیان بەرپاکردوە، لەرۆژە سەختەکان لەنێوان هێزەکانیان شفرەیان بەکارهێناوە، لەسەرەتاکانى شۆرشى ئەیلولى 1961 تاکو سالى 1975 و ئاشبەتال، چەندین کەسایەتى وەک بەڕیز ئیسماعیل سەرهەنگ و شەوکەتى مەلا سمایل کاریان لەو بوارەدا کردوە. لەشۆرشى نوێى گەلەکەمان لە سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى ڕابوردو، دواى دەرچون لە قۆناغى خۆ حەشاردان و ئامادەسازى بۆچالاکى پێشمەرگانە و پەیدا بونى بێتەل بەهەردوو جۆرەکەى سەرەتا بە VHF واتە کورت مەودا، دواتر بە H.F واتە دوور مەودا و هەردوکیشى دواتر پێکەوە. لەبەدەست هێنانى ئەو جۆرە بێتەلانە لە سوپاى داگێرکەرى بەعس لە چالاکیەکانى هێزى پێشمەرگە، بیرلەوە کرایەوە کە شیفرە لەنێوان بیتەلەکان کە پەیوەندىیان بەسەرکردایەتیەوە هەبوو بەکار بهێنن بۆ پاراستنى ئەو بروسکە زانیاریانەى ئاڵوگۆردەکرا و شاردنەوەى لە دەزگاکانى گوێگرتنى ڕژێمى عیراق کە لە زۆر شوێن و ناوچە دانرابون بۆ گوێگرتن لە بێتەلى لایەنە کوردیەکانى گۆرەپانى شۆرش. هەروەها گوێگرتن لە بێتەلى سوپاى وولاتانى دراوسێ وەک ئیران بەتایبەت، سعودیە، کوەیت، سوریا و تورکیا، دیاریکردنى کەسانى زمانزانى عەرەبى و تورکى و فارسى و کوردیش، بۆ ئەوەى هەرچى بروسکەیەک چ لە وولاتانى دراوسێ. چ لایەنە کوردیەکان دەردەچوو هەوڵى شیکردنەوەو کردنەوەى ژمارەکانى ناو بروسکەکە بدرێ. مایەى شانازییە بۆ دەزگاى بێتەلى ی ن ک و هەمو ئەوانەى کاریان لەو بوارەدا کردووە بەڕاشکاوى دەیلێم شفرەکانى ی ن ک مایەى سەرە گێژە و سەرسوڕمانى دەزگاى هەواڵگرى عیراق بوون، کە نەیان توانیوە ئەو بروسکانە شیبکەنەوەو بیکەنەوە بەپێى زانیاریەکانم و ئەو هاوڕێیانەى کورد بوون لە دەزگاکانى گوێگرتن وەک کاک نصرولا عمر هیدایەت، و کاک عبید رشیدو زۆرجار فشاریان خراوەتە سەر، کە چۆن ناتوانن ئەو شفرانە بکەنەوە؟ هۆکارەکەى سانایە ئەویش ئالۆزى و جۆراوجۆرى شفرەکان بوون، هەرجارەى شێوەیەک بوە، تەنانەت گوتراوە ئەوانە خولى ڕاهێنانیان لەلایەن دەزگا هەوالگریە گرنگەکان پێکراوە (ئەوەش درۆیەکى شاخدار بوو). تەنها ڕیسا و عەقلى پێشمەرگانە و دلسۆزى بووە، کە سەرى لێشێواندون و گێژى کردبون، لە بەرامبەریش دا زۆرجار زانیاریمان پێگەیشتوە کە شفرەى لایەنەکانى تر بەئاسانى دەکرێنەوە، کەچەند جارێک شفرەى ئەو لایانەشمان کەوتۆتە بەردەست زۆر ئاسان و ساکار بووە و فرت و فێل و چەواشەکردنى دوژمنى کەم تێدا بەکار هێنراوە لەچاو ئەوانەى خۆمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت