عیماد عه‌لی: به‌ڕاستی ئه‌و گۆڕانه‌ی هه‌بوو به‌رده‌وام نیه‌.

دوور له‌ هه‌ر لایه‌نگیری یان دژایه‌تیه‌ك و له‌ راستیدا به‌ ئاشكرا بڵیم؛ وه‌ك له‌دووره‌وه‌ گۆڕان ده‌ناسم و ئه‌و مێژووه‌ی تۆماری كرد له‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌ بوونی كاك نه‌وشیروان و دوای […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوور له‌ هه‌ر لایه‌نگیری یان دژایه‌تیه‌ك و له‌ راستیدا به‌ ئاشكرا بڵیم؛ وه‌ك له‌دووره‌وه‌ گۆڕان ده‌ناسم و ئه‌و مێژووه‌ی تۆماری كرد له‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌ بوونی كاك نه‌وشیروان و دوای كۆچی دوایی ئه‌و، جیاوازیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی هه‌یه‌ چ له‌ خودی پیكهاته‌ و ره‌وتی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ كاری به‌رپرسان و ره‌فتار و بۆچوینیان له‌مه‌ر مه‌سه‌له‌كان بێت یان له‌ بیر و قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕبوونی خه‌ڵكی هه‌وادار و لایه‌نگرانی، یان له‌ چۆنێتی به‌ڕێوه‌چونی كاروباری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ رێره‌وی سیاسه‌تی گشتی هه‌رێم و مامه‌ڵه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رچه‌م لایه‌نه‌كانی ره‌وتی سیاسی كوردستان و پرسه‌ هه‌نوكه‌یی و ستراتیجیه‌كانی و، ته‌نانه‌ت له‌و ئامانجه‌ گشتیانه‌ی كه‌ هه‌رله‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو. گۆڕانێك له‌سه‌ر گۆڕانكاری ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم و گۆڕینی ژیانی خه‌ڵك و دیا له‌ رێباز و پرۆگرامی ده‌سه‌ڵات و، هاتنه‌ئارای ژیانێكی خوشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م هه‌رێمه‌ بنیاترابێت و بگاته‌ ئه‌وه‌ی ته‌نها ژیانی به‌رپرس و رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می خه‌ڵكی رێكسختنی خۆی فه‌راهه‌م بكات و كۆمه‌ڵیك و ده‌سته‌یه‌ك قازانج بكه‌ن و خه‌ڵكی ره‌شورووتی لایه‌نگرانی خۆی هیچیان پێ نه‌بریت و به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ ژیانیاندا زه‌ره‌ بكه‌ن و گۆڕانێكی ئه‌وتۆ نه‌بینن، وای لێهاتووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچ جیاوازیه‌كی له‌گه‌ڵ هه‌ردووحزبی ده‌سه‌لاتدا نه‌بێت.
بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ توشی نسكۆیه‌كی جه‌ماوه‌ری و سیاسی هاتبێت و نه‌توانێت توێژینه‌وه‌ی بۆ بكات و گیروگرفت و كێشه‌ و بێشه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی نه‌دۆزێته‌وه‌ و به‌خۆیدا نه‌چێته‌وه‌ و تا بێت وه‌كو حزبه‌ كلاسیكیه‌كان ته‌نها بۆ پۆست و قازانجی مادی ده‌سته‌و تاقمیك به‌ڕێوه‌بچێت، چۆن ده‌توانێت بڵێت ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ هه‌بوو به‌رده‌وامه‌.
به‌رپرسانی ئێستای گۆڕان واقیان ورماوه‌ و نه‌ ده‌بیسن و نه‌ش ده‌بینن و ئه‌وه‌ی له‌ بازنه‌یه‌كی بچوكدا گیریان خواردووه‌ و به‌ خه‌یاڵ ده‌ژین وته‌نها شانازی به‌ سه‌روه‌ری و رابردووی نزیكی خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی وه‌زعی ئێستایان هه‌ڵسه‌نگێنن و رێگه‌چاره‌ بۆ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوریه‌كانیان بدۆزنه‌ و و له‌م نه‌هامه‌تیه‌ ده‌ربچن كه‌تێیكه‌وتوون. به‌رده‌وام باس له‌ خه‌یاڵ ده‌كه‌ن كه‌ بزوتنه‌وه‌ك بووه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕی به‌ كار له‌سه‌ر ئه‌رز بووه‌ نه‌ك ته‌نها تێۆر و قسه‌ی زاره‌كی زل و بیر له‌ ئێستا و ئاینده‌ی ناكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باری لاری راست بكه‌نه‌وه‌. به‌دبه‌ختیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌مانیش وا فێربوون وه‌كو سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات؛ هه‌ركه‌سێك هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زعی ئێستای گۆڕان بكات و ره‌خنه‌ی لێبگرێت و باس له‌كه‌موكورتی و بۆشایی و كه‌لێنه‌كانی بكات به‌ پیاوی دوو حزبه‌كه‌ و جنێوفرۆش و پیاوی ئه‌م و ئه‌وی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن نه‌ك به‌ ئاسایی وه‌ریبگرن، ئه‌وه‌ش له‌بیرخۆیان ده‌به‌نه‌وه‌ كه پێشتر ئیدعایان ده‌كرد و ده‌یانوت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر دامه‌زراوه‌ و هه‌ر خۆی له‌ ژیانی سیاسی خۆیدا قازانج له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و ره‌خنه‌ی هه‌موو كه‌سێك ده‌كات.
ئه‌وه‌ی راستی بێت، دان به‌وه‌دا نانێن كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك به‌كارهێنرا كه‌ بۆ مه‌رامی شه‌خسی و پۆست و پاره‌ ئیستغلالیان كرد و كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانینا دابین كرابا (خه‌مخۆری بزوتنه‌وه‌كه‌ بوون) و كه‌ تۆزێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌كانیان درابا ده‌بوونه‌ دوژمنی و، ته‌نانه‌ت زۆرێك ده‌ناسم هه‌وڵی چونه‌ نێو حزبه‌كانی تری داوه‌ و بۆی رێكنه‌كوتووه‌ و كه‌ دواترله‌ نێو گۆڕان پۆستی تایبه‌تی خۆی وه‌رگرتووه‌ ئێستا بۆته‌ دڵسۆزی بزوتنه‌وه‌كه‌ و خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌زانێت.
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ گۆڕانخوازانی راسته‌قینه‌ ئه‌گه‌ر مابن ده‌بێت ده‌ستبكه‌ن به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن و پێداچونه‌وه‌ی هه‌مه‌چه‌شنو خۆگۆڕینی ریشه‌یی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان و رێگه‌ی كاركردنێكینوێ بگرنه‌به‌ر و ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی كه‌ له‌ نێو خه‌ڵكدا وه‌كو كادرانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتیان لێهاتووه‌ و قێزه‌ون بوون به‌دوور بن له‌ خۆبادان به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌. ئه‌گینا وه‌كو ئێستا له‌ شوێنی خۆیان به‌ بێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی له‌نگه‌ر ده‌به‌ستن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پاشه‌كشه‌ی زیاتر نه‌كه‌ن. با بزانن كه‌ كاری سیاسی و خه‌بات ته‌نها به‌و شیعاره‌ زاره‌كیانه‌ نیه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یجوونه‌وه‌ و كه‌س باوه‌رێان پێناكات. با به‌ ڕاستی قه‌ناعه‌ت بكه‌ن كه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ی سه‌ره‌تا نه‌ماوه‌ و له‌ هیچ بارێكه‌وه‌ به‌رده‌وام نیه‌ و ئێستا رێكخراوێكی دیكه‌یه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بكرێت، ئه‌گینا.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی