بەهرۆز جەعفەر: مولازم موحسین و ئەقڵی ناسیۆنالیزمی کوردیی!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە ساڵی 2020 ە، مولازم موحسین ماوەو لە ئەردەنیش بو تا ساڵێک بەر لە ئێستا. ئیتر تا برینەکە بکولێتەوە چەقۆکەش کاتی مەرگی نزیک ئەبێتەوە، لەم ڕۆژانە دارای حاجی برایمی چەرمەگا گوتی مولازم موحسین ماوەو تەلەفۆنیشم بۆ ئەکات !.
ساڵی 2013 له ئەنقەرە دانیشتبوین لە پڕ بیرمەندی ویژدان زیندووی تورک « ئیسماعیل بێشکچی» لە پەیوەند بە باسی کوردو مەسەلەی ئەرمەنیەوە، خزایە سەر ئەوەی، کە فەلەستین بەردەوام ملیارێک خەڵک پاڵپشتیان بوە و کوردەکان بۆخۆیان بێ پاڵپشتین و سەرباری ئەوەش پاڵپشتی فەلەستین ئەکەن. سەیر بو کە « بێشکچی» وتی لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە لە فەلەستینەوە خەڵک ئەهاتن بۆ شاری سلێمانی بۆ ئەوەی تەعەدا لە ناموس و کەرامەتی ئافرەتی کورد بکەن!. منیش کە هاتمەوە لەگەڵ « مامۆستا حەمەومین پێنجوێنی» هێژا باسی قسەکانی بێشکچی م کرد، گوتی وایە… ڕاست ئەکات. زۆربون فەلەستینیەکان. مولازم موحسین دیارترینیانە، کە سەدان پیاوی لەم سولەیمانیە کوشتوەو سەدان ئافرەتی کوردیشی لاقە کردووە. ئافرەتیش هەبوە هەر خۆی حەزی لێ بوەو ڕۆیشتوە بۆ لای مولازم موحسین!.
هەر زۆر بە سادەیی!. ئێستا ئەگەر لە سلێمانی بزانن کەسێک کوردە و هاو-زمانيشە بۆ پارتی و دەزگا ئەمنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان یان بۆ کوتلەیەکی تری ناو حیزبەکەیان کار ئەکات چەند جار هێرشی ئەلیکترۆنی ئەکەنە سەر مۆبایلەکەی دەستی و لۆکەیشنەکەی هەڵ ئەکەن و ئەیدۆزنەوە؟! لە هەولێر ئەگەر بزانن کوردێکی تێکۆشەر کار بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی ئەکات چەند بڕو بیانوی بۆ ئەدۆزنەوە تا شاربەدەری بکەن و چۆن چاودێریی ئەکەن!. دوای زیاتر لە 32 سی و دوو ساڵ ناسیۆنالیزمی کوردی ئەوەی لێ بەرهەم نەهات کە دوو مولازم موحسینی دژە کورد ڕەوانەی لای پەروەردگار بکات. بۆیە حەسەن پلایسەکانیش زاتی ئەوەیان کرد بە قۆندەرەکانیانەوە بچنە سەر ئاڵاو خاکی پیرۆزی کوردستان لە کەرکوک و ئێستاش بە کەماڵی ئیسراحەت لێی ئەنون لە بەغداد.! ئەوەی جێگەی سەیرە!. هێشتا تێگەیشتنە لۆکاڵیەکانی خەڵکی کورد بەگشتی وایە کە پارتی و یەکێتی ناوکی گەردونن، نازانن لە دەرەوەی پارتی و یەکێتیش هەزارەها دەرفەت و هەزارەها ڕووداوی گەورەتر هەن لەجیهاندا. ئیتر ئەوە هەموجار بیرمەندی نەتەوەیی – کاژیک خوالێخۆشبوو مامۆستا فەرهاد عەبدولحەمید (پەهلەوان) ئەیوت ئەم شاری سولەیمانیەی ئێمە خەریکی «نوخبە کوژین»… زانییان کوردێک سەری بەرز کردۆتەوە ئەدەن بە سەریدا.
لەو ساڵانەی ڕابردوو لەسەر تەنها کۆمێنتێک یەک کۆمێنتی فەیسبوک دوو تاکی کورد بو بە شەڕیان، ئەمیان لە سولەیمانیەوە چووەتە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کۆمێنتەکەی نوسیوە بەر چەقۆ بدات!.
کاتێک مولازم موحسین لە حەفتاو هەشتاکاندا ئەو ستەم و بەدکارییانەی ئەنجامداوە دژی کورد من هەر چاوم بە دونیا هەڵ نەهێنابو. ئەوەتا هێشتا مولازم موحسین ماوە و خوای گەورە تۆڵەی لێ نەکردۆتەوەو بەندەکانی خواش لە کوردستان خەریکی چاودێری و جاسوسی کردنن بەسەریەکەوە تۆ بڵێی ئەو مولازم موحسینە لەسەر هەق بو بێت!. چونکە پاش سی ساڵ ئەوەتا بە ئاشکرا خەڵک لەشاری هەڵمەت و قوربانی ئەڵێن « وەڵا زەمانی سەدام و مولازم موحسین خۆشتربو- ئەوسا باشتر بو!»!. بەهەرحاڵ ئەز هێشتا لەگەڵ بێشکچی هاوڕام کە خراپترین دەستەڵاتی کوردیی لە باشترین دەسەڵاتی عەرەب و تورک و فارس باشترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت