رەزا شـوان: چەمـکی رۆشـنبیری.

لە ئەمڕۆدا، وشەی “رۆشنبیری” یا “رووناکبیری” زۆر بەر گوێمان دەکەون، لەسەر زاری هەرە زۆری رۆڵەکـانی گەلی کوردمانـن، لە زمانی کوردیمانـدا هەردوو وشەکە یەک واتایـان هـەیە، بە زارەکی و بە نـووسین […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ئەمڕۆدا، وشەی “رۆشنبیری” یا “رووناکبیری” زۆر بەر گوێمان دەکەون، لەسەر زاری هەرە زۆری رۆڵەکـانی گەلی کوردمانـن، لە زمانی کوردیمانـدا هەردوو وشەکە یەک واتایـان هـەیە، بە زارەکی و بە نـووسین هـەردوو وشـەکە بەکـاردەهـێنین. دوو وشەشن لە وشەکانی ناو فەرهەنگی زمانی کوردی. هەردوو وشەکەش لێکدراون لە (رۆشن + بـیر) و (رووناک + بـیر) پێکهاتـوون. بە یەکێکيش دەوتـرێت رۆشنبیر یا روونـاکبیر کە بیر فـراوان و تێگەیشتووبێت و باکگـراوندێکی زانیاری گـشتی هەبێت.
وشەی رۆشنبیری یا رووناکبیری کوردی بەرانبەر بە وشەی “کولتوور” ئینگلیزی و وشەی “الثـقـافة”ی عەرەبی بەکـارهـاتـوون. بەڵام وشەی”کـولتـوور” لە بنەڕەتـدا، وشەیـەکی رەسەنی لاتیـنییە، بە واتـای “چـانـدنی زەوی” دێـت.
لە زمـانی کوردیـدا، لە قسەکـردن و نووسیـندا، وشـەی رۆشـنبیری زیاتـر لە وشـەی روونـاکبیری بەکـارمان هـێناوە و بەکاری دەهـێنین.. رۆشـنبیری شێوەیـەکی فـەرمی وەرگـرتـووە، گـرنگییەکی زیاتـرمـان پێی داوە، دەقـی گـرتووە و خـۆی سازکـردووە.
شـاری سلـێمانی قەشـەنگ و جـوان لـە باشـووری کوردسـتان، کـرا بـە “پایتـەخـتی رۆشنبیری کوردستان” ئەم نازنـاوەش شایەنی خۆیـەتی، چونکە شاری سلـێمانی لە دروسـتـبوونییەوە تـا ئەمـڕۆ، مەڵـبەنـدی داهـێنانی روشـنبـیری و داهـێنانی ئەدەبـی کوردیمـان بـووە.
لە سەردەمێکی کۆنـەوە وشەی رۆشنبیری بـووە بە وشەیـەک لە وشەکـانی زمـانە جـیاوازەکـانی گـەلانی جیهـان. بـەڵام ئـەم وشـەیە وەکـو خـۆی نەمـایەوە، بـووە بە زاراوەیەکی زانیـاری و واتـایـەکی دیـاریکـراوی گـرتـۆتە خـۆی.
زانایـانی مـرۆڤـناس، زاراوەی رۆشنبیرییان خستە ناو فەرهـەنگی زانیـارییەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمیشەوە گـەلێ پێناسەیان بۆ دانـا، پوخـتەی باسەکانیشیان بەمـە کۆتاییـان پێهـێـناون، کـە “رۆشـنبیری بـریتـییە لـە کـۆمـەڵـێک لـە چـالاکـییە ئەنجامـدراوەکـانی مـرۆڤ” زاراوەی رۆشـنبیری ـ لە نـاورۆک و پێکهاتەیـداـ لە بەهـا مرۆییەکان جـیانابێتەوە. رۆشـنبیری بـەردی بناغـەیە لە گەشەکـردن و لە گـۆڕان بـۆ بەرزتـر و دروسـتر لە رەفـتار و لە هەلسوکەوتەکانی مـرۆڤ، بووە بە بەشـێک گرنگ لە ژیانی مـرۆڤ و لێی جیانابێتەوە. دەتـوانین بڵێين، رۆشنبیری بریتییە لە شارستانی مـرۆڤ لە رووی مـادی و رۆحـییەوە.
رۆشـنبیری هەمیـشە لە نوێبـوونەوە و لە گـۆڕان و داهـێنان دایـە. توانـای گـۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵـگەی هەیە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی گـڵۆبالیزم و شۆڕشی تەکنەلـۆژیایە، بە هـۆی خێرایی و ئاسانی پەیوەنـدی و دەزگاکانی گەیاندنەوە، گەلانی جهـیان لە یەکـتری نزیکـبوونەتەوە، سوودیـان لە رۆشـنبیری یەکـتری وەرگرتـوون، کـاریگەریشیان لەسەر رۆشـنبیری یەکـتری هـەیە. ئەمەش هـۆکـارێکی ئەرێنیـیە بـۆ گەشەکردن و دەوڵەمندبوون و فـرە رۆشنبیری.. بەڵام هەر گەلێکیش، هەوڵدەدات کە، رەسەنایەتی و تایبەتمەندییەکـانی رۆشـنبیری خۆی لەدەست نـەدات و بیان پارێـزێت.
زانای ئەنترۆپۆلـۆژی ئینگـلیزی (ئەدوارد تایلـۆر: 1832 – 1917) لە پەرتووکێکیدا بە ناوی (رۆشنبیریی سەرەتـایی) یەوە، لە ساڵی ( 1871 ) دا چاپیکـردووە، جـارێک زاراوەی (رۆشنبیری) بەکارهـێناوە، جارێکی تر زاراوەی (شارستانی) بەکارهـێناوە. خۆی یەکلایی کـردەوە و وشـەی (رۆشـنبیری) پەسەنـد و جـێگـیرکرد.
تایلۆر لەو پەرتووکەیدا ئەم پێناسە کلاسیکییەی بۆ وشەی رۆشنبیری داناوە، دەڵێت: رۆشنبیری لە گەلێ شت پێکهـاتووە، وەکو زانیاری، بیروبـاوەڕ، هـونەر و ئـەدەب، رەوشـت، داب و نەریـتی کۆمەڵایەتی، یاسـا، هەمـوو تواناکـان و ئەو نەریتـانـەی کە مـرۆڤ وەکو ئەنـدامێک، لە کۆمەڵـەوە وەریـان دەگـرێت” توێـژێنەرەکـان، بەدواداچـوون و لێکـۆڵـینەوە و لێکـدانـەوەی زیاتـریـان بـۆ وشـەی رۆشـنبیری کـرد. پێناسەی تـریان بۆ ئەم وشەیە دانـا. بە سەدان پێناسەیـان بۆ کرد. بـەڵام تـا ئێستا پێـناسەکەی (تایلـۆر) بـووە بە هـەوێـن و بە بنەمـای پێـناسەکـان.
هەندێ لە زانایانی ئەنترۆپۆلۆژی بەم جۆرە پێناسەی رۆشنبیری دەکەن:”رۆشنبیری گـشت ئەو شـتانە دەگـرێتەوە کە گەلـێک لە گـەلان هـێنابێـتیانە ئـاراوە، ئیـتر یاسا و رێسا و کەلەپـووری کۆمەڵایەتی بن، یا شتە دروستکـراوە بەرهەم هـێنراوەکان بن” (رۆبەرەت بـیرستـید) یش بەم شـێوە ساکـارە پێناسەی رۆشـنبیری دەکـات و دەڵـێت: “رۆشنبیری ئەو شێوە پێکهاتەیە، کە بریتییە لە گشت ئەو شتانەی بیری لێدەکەینەوە یا ئەو کـارانەی دەیـان کەیـن یا ئـەو شـتانـەی هەمـانن” هەنـدێکی کە رۆشـنبیری بە سـتایلـێکی ژیـان دەزانـن.
لە پێناسەیـەکی تـردا لە پێناسەکان:”رۆشـنبیری بـریتییە لە کۆمەڵـێکی کۆی فاکـتەرە سـیاسی و کۆمەڵایەتی و هـزرییەکـان، ئەو فاکتەرانەن کە هەمووان لێـیان تێدەگەن و قـبۆڵـیان دەکـەن” (جەواهـێر لال نەهـرۆ) ش دەڵـێت:” رۆشـنبـیری بـریتـییە لە یەکـێتی ئەقـڵ و رۆح” (ئەندریە مالڕۆ) دەڵێت:”رۆشنبیری و زانستی پاچێکە بیرۆکەکانمانی پێ هەڵدەکەنین”
(جـۆن ستیوارت میل) یش دەڵێت:”رۆشـنبیری بەبی ئـازادی، ئەقـڵێکی فـراوانی ئازاد دروست ناکـات” تا ئەمڕۆش چەمکی رۆشنبیری لە فـراوانبوون دایە، بە پێی گۆڕان و شوێن و کات و جیاوازییەکان لە داب و نەریت، پێناسەی زیاتری بۆ دەکرێ و شتی زیاتریش دەخرێتە سەری، شتە باونەماو و نەگونجاوەکانیشی لێ لادەبرێ. دەکرێت لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت، لەوانەشە لە داهاتوودا، پێناسەی تری بۆ بکەن و شتی نوی و بابەتی زیاتری بخـەنە سەر.
چەمکی رۆشـنبیری بە واتـا گـشتییەکەی ئەمـەیە:” کە لە هـەموو شتـێکـدا، شتـێکی لـێـبزانیت” لە سـەدەی بیستەم لە ئەوروپـادا، بایـەخـێکی باشـیان بە وشـەی رۆشـنبـیری دا، لە ئێستاشدا رۆشنبیری پێگەیەکی گەورەی لە ئەدەب و رۆژنامەکانی ئەوروپیـدا هەیە. هەنـدێ کەس بە وشەی (شارستانی) ناویـان بـردووە. لە ئەمڕۆدا، رۆشنبیری بووە بە زمان و بە پێـوەری پێشکەوتن و بە مایـەی رێز و شکـۆداری و شانـازی بـۆ گـەلانی رۆشـنبـیر.
پەندێکی رووسی دەڵێت:”وەکو چۆن پەڕ تاووس دەڕازێنێتەوە، هەر بەم جۆرەش، رۆشـنبیری مـرۆڤ دەڕازێنێـتەوە” بە کورتی لەو کاتەوە کە پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی رۆشنبیری کراوە، وشەی رۆشـنبیری پێشکـەوت و هەمـوو لایەنەکـانی ژیـانی مـرۆڤ و بوارەکانی زانیـاری، زانستی، ئـەدەبی، هـونەری، کۆمـەڵایەتی، داب و نەریـت، رەفـتار و هەڵسوکـەوت، بەهـا مرۆییەکـان دەگـرێتـەوە.
لە هەموو حکومەتەکانی جیهـانیشدا، وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەیە، کە ئەرکی چالاکی و گەشەکردن و پێشکەوتنی رۆشنبیری لە ئەستۆ گرتووە. لە زۆربـەی وڵاتـە پێشکەوتووەکانی جیهانـدا، لە هەر شار و شارۆچکە و دێیەکـدا، چەندین یانە و کۆمەڵە و گروپ و دەزگا و مەڵبەندی کولتووری یا رۆشنبیری هەن. شایەنی باسیشە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، کە رەوەنـدی کـوردیـان لێ هـەیە. “کـۆمەڵـەی کـولـتووری کـوردی” یا ” کۆمـەڵەی رۆشـنبیری کـوردی” و “گـرووپی هـونـەر و ئـەدەبی کـوردی” شیان لێ هـەن. ساڵانـە چەنـدیـن چـالاکی پێشکـەش دەکـەن. ئـاهـەنـگی جـەژنی نـەورۆز دەگـێڕن و یـادی ساڵـڕۆژی بـۆنـە نەتـەوەییـە خـۆش و نـاخـۆشـە کوردییەکـانـمان دەکـەنـەوە. رۆڵـیکی گـرنگـیان هـەیە، لە ناسانـدن و گەیانـدنی رۆشـنبـیری و هـونەر و داب و نەریتی رەسـەن و جـوانی کوردیمان بە نەوی نوێمان لە تـاراوگـەدا، ئاشناکـردنیشـیان بە گـەلانی ئـەو وڵاتـانـەی کە لـێـیان دەژیـن.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ڕەزا شوان

ئەرشیڤی بەڕێز: ڕەزا شوان