نوری کەریم: نوسەرو بنوس و لافاوی رشانەوەی چاپخانەکان/ بەشی کۆتایی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەک دەزانین نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەستەکانیش لە ئاستەکانی بەهرەو هونەریی نوسین و ئەزمونگەریی خۆیان و خزمەتکردن و بەرهەمی بەکەڵکدا، کە شایانی خوێندنەوە بێت لە چەندین ئاستی جیاوازدان:
1- نوسەری زۆر چاک و بەتواناو خۆشبەهەرەممان هەیە، هەر نەبێت لەسەر ئاستی باشور زۆر ناسراون، خوێنەری تایبەتیی خۆیان هەیەو جێگەی شایستەی خۆیان گرتووە. دەتوانم بڵێم سەرچاوەی بیرو بۆچونی رامیاریی و کۆمەڵایەتی زۆرینەی خوێنەرەکانیشیانن. ( بە پێویستی نابینم ناویان بهێنم)،بەڵام زۆر نێرگزیی و ئەوەندە لەخۆڕازین هەر حسابی خوێنەرەکانیان بۆ نوسەرانی دیکەی جگە لەخۆیان دەکەن!
2- ئەو نوسەرانەی کە ناوەڕۆک و ئامانجی نوسینەکانیان لەگەڵ کردار و رەوتاری رۆژانەیاندا جوت ناوەستێتەوە. بۆنمونە دەبینین نوسەرێک بەحسابی خۆی لەبەرەی هەژار و چەوساوەکاندایە و هەوڵی ژیانێکی شیاویان بۆدەدات، بەڵام هاورێیەکی لە چینی نەدارەکاندا نییە و رۆژێک لە رۆژانیش دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماوێک درێژنەکردووە. باسی ژیانی دیموکراتی و ئازادیی بیروڕاو ئازادیی ئافرەت دەکات، بەڵام لە شوێنکارەکەی ولەماڵەوە دیکتاتۆرێکە و ژیانی هاوکارەکان وماڵ و منداڵی کردۆتە دۆزەخ. نوسەرمان هەن، هەر بەزمانی گوڵ و باڵندەوپەپۆلەو مرۆڤدۆستی و سرۆشتی رازاوە دەدوێت، بەڵام ناخی رەش، دڵکرمێ و پیڵانگێڕ، وەستاو پسپۆڕی هەڵکەندنی چاڵی مەرگ و پاشقولی کوشندە لە نزیکترین هەڤاڵ و هاوبیرانی!
3- نوسەری گەورەو نوسەری سەرکەوتو و فرەبەرهەممان هەن لە دوتوێی بەرهەمەکانیاندا راستیی، دەستپاکیی، بێلایەنیی، مافەکانی تاک بێجیاوازیی، ئازادیی بیروڕادەربڕین، بینینی کەسەکان ، روداوەکان و بارودەخەکە وەک خۆی دەخەنە بەردەستی خوێنەر، زۆر بەگەرمیی بانگەشەی دیموکراتیی و یەکسانیی و ئازادی مرۆڤ دەکەن، تۆش ئەرک و ماندوبون و بەرهەمیان بەرز دەنرخێنیت .. بەڵام هەر ئەوەندەی دەمت بسۆتێ و لەروی دڵسۆزیی و نەشێواندنی راستییەکانەوە سەرنجێک، تێبینی یەک یا رەخنەیەک لە بۆچونێکیان بخەیتە رو، ئەوە کفری دوازدە ئیمامت کردووە و گوناهێکە لێبوردن و سڕینەوەی نییە، بۆ؟ چونکە بەڕێزیان لەسەرو رەخنەوەیە و لەو(بورجە عاجی)یەی خۆیەوە وبەوئاسمانەوە، کە بە فیزیکەوە تەماشای خوارەوە دەکات ئەو حەشاماتە زۆر بچوک دەبینێت، نازانێت ئێمەش لە جێگەی خۆمانەوە کەتەماشای ئەو دەکەین بەو حەوایەوە، ئەو زۆر بچوکتریش دەبینین. لەهەموی ناخۆشتر کاتێکە کە تۆدێیت سەرنج و تێبینی یەک وەک خوێندکارێک بۆ مامۆستاکەی دەخەیتە بەرلوتی، وەک ئەوەی تیشکێک بخەیتە سەر روداوێک، چەمکێک یا قۆناغێکی ژیانی سیاسیی و رێکخراوەیی. ئەوە قیامەت هەڵدەستێت و جەنابی مامۆستای پایە بەرز (بەرگی غەزەب) دەپۆشێت .. هەرچەند لەبەر چەند هۆیەک تۆ دڵنەوایشیی بکەیت، نەبا دڵی ناسکیان برەنجێت، کەچی (زەربی سفرت دەکات)، تۆش ئیتر ئازادیت .. زۆر جاریش وەک هاوڕێ و دۆست یا خوێنەرێک و بەمەبەستی خزمەت، بابەتێک دەوروژێنیت یا بەرچاودەخەیت، یا سوکە رەخنەیەک لە وشەیەک، رستەیەک دەخەیتە بەرچاو، ئیتر ئەفەندی کە بەوەدەنازێت لە فەیسبوکدا(لایکی) زۆری بۆ دێت، دەست بە تێلا دێتە پێشەوە بۆ شەڕ، بەڵام نە من و نە هەموکەسێکیش خۆی بەشەڕ و شەڕە دەنوکەوە خەریک ناکات.
4 – هەندێکیش لە دوتوێی بەرهەمەکانیاندا وەها دەرکەوتووە بە زمانی گوڵ و باڵندە دەنوسێت و بەرگی فریشتەی پۆشیوە و قەڵەمەکەشی لە شمشاڵەکەی دەروێش عەبدوڵا و قالە مەڕی پاک و بەسۆزترە، بەڵام خوانەکات بەئاستەم بەر وشەیەکی بکەویت، لەگوڵ کالتری پێ بڵێیت، کابرا قوشقی دەبێت و(هەروەک سڕکردە و بنکردە ، رابەر و راونەر، بەرپرس و بەرپەرست) ەکان روی راستەقینەی خۆی ئاشکرادەکات، تەوراسێک بەمدەست و شەکرشکێنێک بەودەستەوە، شەکر دەشکێنێت و شەلم کوێرم ناپارێزم هەتا هێوردەبێتەوە و تەریقیی بەخۆی دێت. ئاخر تۆ کە هێندە لەخۆت رازیت، خۆت لە ئاوێنەی دێودا بینیوە، بەڵام ئەو خەڵکی خوایە هەر هێندەی خۆت دەتبینن و ئۆباڵیشت بەملی خۆت. هەندێکیشیان هەر تەریقیش نابنەوە و کاسەکەی مامە شێخ رەزای تاڵەبانی لەسەریاندا دەشکێت کە دەڵێت: پێستی روی هێند قایمە، شمشێری میسری نایبڕێ **** گەر بە کەوشی کەی، لەپێی کەی تا قیامەت نادڕێ.