كەمال محەمەد: ئەركی سەرەكی ڕۆشنبیرێتی و خەرجی 20 ملیار دیناریی پایتەختی ڕۆشنبیری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فریدریك هیگڵ” فەیلەسوفی ئەڵمانی ڕای وایە ئەركی ڕۆشنبیرە لەپێناو دەربازكردنی كۆمەڵگاكەی لە بنبەستبون و بە ئامانجی تێگەیشتن لەواقعی ئێستاو ئایندەیەكی باشتر بەردەوام لە هەوڵدا بێت و كاری جددی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دۆخە نەخوازراوەكان هەبێت و رۆڵی ئەرێنی و كاریگەریان لەسەر ئاراستەكردنی كۆمەڵگادا هەبێت.
بە هەدەردانی داهاتی گشتی بەناوی ڕۆشنبیریی و چالاكییە ڕۆشنبیرییەكان ئەو ساتەیە، كە ڕۆشنبیرێتی راستەقینە ناتوانێت خۆی لەم ساتە دەرهەست بكات. بەڵكو پێویستە وەك یەكێك لەتاوانبارە سەرەكییەكان سەیری كارەكتەرەكانی ئەم بەهەدەردانە بكات. تەنانەت پێویستە ئەمە بەكاری سەرەكی خۆیان دابنێن و ڕێگری لەو كەس و ئاراستانەش بكات، كە كاریگەری نێگەتیڤ دروست ئەكەن لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەب و هونەر، ئەركی ڕۆشنبیرانە چاودێری دەزگاو ئەكادیمییە ڕۆشنبیرییەكان بكەن بۆئەوەی پرەنسیبەكانی كەڵتور و ڕۆشنبیرییەكی داهێنەرانەو فرە ڕەهەندو كاریگەر لە كۆمەڵگای ئێستاو ئاییندەش بەدی بهێنرێت، تاوەكو بتوانرێت فۆرم و هەیكەلییەتی گونجاو بۆ داهێنەران دابین بكات. ئەم ستراتیژە ڕۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ پێگەی ڕۆشنبیری كەلتوری.
خەرج كردنی بیست ملیار دینار و بەهەدەردانی ئەو بڕە زۆرە تا چ ڕادەیەك پاڵپشتییەكی مادیی و مەعنەوی دروست كردوە لای ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بە بێ جیاوازیی بۆ ئەوەی ببنە خاوەن توانستێكی كاریگەر بۆ بەدیهێنانی كەلتورێكی دینامی تا بتوانن توانای داهێنان و ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان بسەلمێنن و تاڕادەی گەیاندنی ئاستێك، كە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا گونجاو بێت. لێرەدا مافی ڕۆشنبیران و رەخنەگرانە بپرسن خەرجی بیست ملیار دیناریی پایتەختی ڕۆشنبیری، كە ئەكرا چەندەها پڕۆژەی گەورەی كۆشكی ڕۆشنبیری
لە بوارە جیاجیاكانی داهێنانی پێ دروست كرابا بۆ نەكراوە !؟ یان ئەتوانرا بوار بۆ كۆمەكی داهێنەران و رۆشنبیران برەخسێنرێت تا زیاتر خەریك بن بەكاریی داهێنانیانەوە و بەدور بن لەهەر كارێكی دیكە، كەلەگەڵ سروشتی داهێنەری و واقعیان یەكناگرێتەوە.
گەرچی ئەو ژمارانەی، كە لە چۆنێتی خەرج كردنی پارەكە دەست نیشان كراون. بەڵام هەندێك لەو پرۆژانە هیچ پەیوەندییەكی بەم بەرێوەبەرایەتییەوە نییەو، لەهەمان كاتیشدا بڕە پارەیەكی زۆر لەو تێچوەی لەسەر حساب كراوە، ئەگەر لێكۆڵینەوەی بۆ بكرێت!. ئەمە لە كاتێكدا، كە دەیان بەرێوەبەرایەتی و پرۆژەی دیكە هەن چ لە ناو شاری سلێمانی و چ لە قەزاو ناحییەكانی سەربەو پارێزگایە، كە بەدەست نەبونی بڕە بودجەی پێویستەوە نەیتوانیوە هەلومەرجی لەبار بۆ ئەركە ڕۆشنبیرییەكان بخوڵقێنن لەسەرو هەمویانەوە بایەخدان بە گەنجانی نوێخواز و خاوەن فكری نوێ تا بتوانن ڕێچكە شكێن و بن لە بوارە جیاجیاكانی ئەدەب ڕۆشنگەریدا.
خەرج كردنی بڕە پارەیەكی وەها زۆر زەبرێكی بەهێزە لەپایتەختی ڕۆشنبیری، چونكە جێككەوتەكانی دوای خەرجكردنەكە تاڕادەیەك پێویستی بە قوڵبونەوەو تێڕامانێك هەیە، ئەگەر ڕۆشنبیران بخوازن بە شێوەی حەماڵێتی و سەرمایەداری ڕۆشنبیری نەژین و لەرێگەی كەرامەتی لێتێوێژەری راستی بمێننەوە. ئەوا پێویستە لە هەوڵەكانیان بەرخودانكار بن و هەمیش فاكتەرەكانی لێكۆڵینەوەیان لەچوارچێوەی ڕەهەندی بەرهەڵستكاردا بێت ئەوەی، كە پێویستە بكرێت بەدواداچون و جوڵاندنی داواكاری گشتییە لە چۆنێتی چەندێتی بڕی پارەكەو سەیركردنی واقیعی تێچوی پڕۆژەكانە. بۆیە گەشتن بە كۆمەڵگایەكی سیاسی و ئەخلاقی پێویستی بە رۆشنبیرییەكی بەهێزە كە هەڵگری پەیامێك بێت، كە خۆی لە خانەی داكۆكیكردن لەهەق و دادپەروەریدا ببینێتەوە، چونكە لاوازی رۆشنبیری هۆكارە بۆ سیاسییەكی ڕۆشنبیری لاواز بەمەش قەیرانەكانی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بەدەر ئەكەون لەمیانەی ڕۆشنبیرە ساختەكانەوە، بۆیە ئەركی سەرەكی ڕۆشنبیرێتییە كۆمەڵگا لە حاڵەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی بپارێزن كە هیچ بەرهەمێكی بۆ بزاڤی رۆشنبیری و كۆمەڵگایەكی یەكسانی پێ نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت