ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا/ به‌شی پێنجه‌م.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شێخ عوبه‌یدوڵڵا و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر
له‌ كوردستان دا، له‌ كۆنه‌وه‌ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ ده‌ژین، جگه‌له‌ كورد گه‌لی ئاسووری و گه‌لی ئه‌رمه‌نیش له‌هه‌ندێ جێگادا پێكه‌وه‌ نیشته‌جێ بوون، له‌ ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دا، دینی مه‌سیحی به‌ ڕه‌سمی ناسراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز مه‌سیحیه‌ك ئه‌و مافانه‌ی نه‌بووه‌، كه‌ موسڵمانێك هه‌یبووه‌، زۆر جار جیاوازی دینیان لێ كراوه‌ به‌به‌هانه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و ئازاردان و كوشتن و تاڵان كردن. له‌ قه‌ڕنی 17 هه‌مدا ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كانیان كرده‌ بیانوی خۆخزاندنه‌ كاروباری‌ ناوچه‌كه‌. میسیونێری دینی به‌ناوی یارمه‌تیدان و پارێزگارییه‌وه‌ بنكه‌ی به‌هێزیان تێدا دامه‌زرا‌ند، پاشتریش ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان مه‌سیحیه‌كانی ناو ئێران و عوسمانیان كرده‌ بنكه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروباری ناوچه‌كه‌، بۆ دابینكردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیان، كه‌ڵكی زۆریان له‌وان وه‌رگرت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆم و عه‌جه‌میش ئه‌وه‌یان ده‌كرده‌ به‌هانه‌ی توندكردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كان.
كورد گه‌لێكی موسڵمانه، هه‌م به‌دین له‌ ئاسووری و ئه‌رمه‌نیه‌كانی هاونیشتمانیان جیا بوون، هه‌م به‌ زمان و ڕه‌گه‌ز جیاواز بوون، ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری هه‌ندێ جار ناكۆكی له‌نێوان كورد و مه‌سیحیه‌كاندا دروست كردووه‌، جیاوازی دین و زمان ناكۆكیه‌كانی قوڵتر كرده‌وه‌، هه‌ندێ له‌ مه‌لا و شێخه‌كانیش هه‌ندێ جار ئاگری ناكۆكیه‌كانیان خۆش كردووه‌ و هانی كوردیان داوه‌ له‌ دژی ئه‌وان، میسیۆنێره‌ ئه‌وروپی و ئه‌مریكاییه‌كانیش هه‌ندێ جار ده‌وری خراپیان گێڕاوه‌ له‌ تیژكردنی ناكۆكیه‌كان و هاندانی مه‌سیحیه‌كان دژی كورد، دواتریش كونسوڵگه‌كانی به‌ریتانیا و ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزیان تێدا دروست كرد بوون و بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنان.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌كه‌دا ئاشكرا ده‌ركه‌وت شێخ تا چ ڕاده‌یه‌ك حه‌ز به‌چاكه‌ و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌كاندا ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌ گاور و ئه‌وروپاییه‌كاندا، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رمانی دا ده‌ستدرێژی و تاڵانی كردن له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تیادا ده‌كرێت قه‌ده‌غه‌یه‌.
كۆنگره‌ی‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان له‌ نه‌هری ڕووداوێكی مێژوویی بوو له‌ مێژووی گه‌لی كوردا، له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، به‌ڕای شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئامانجی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌، یه‌كخستنی هه‌موو عه‌شره‌ته‌ كورده‌كان و پێك هێنانی ڕاپه‌ڕینێكی گشتی بوو. به‌ڵام چه‌ند سه‌رۆك عه‌شره‌تێك ئه‌وانه‌ی عوسمانی كڕیبوویانن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌یان خسته‌به‌رده‌م ئه‌و یه‌كێتی سه‌رۆكه‌ كوردانه‌، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ئه‌رمه‌نه‌كان و گاوره‌كانی تر به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام شێخ به‌توندی دژی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌ستا، بۆ هه‌مووانی ڕوون كرده‌وه:” ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌مبوڵ هه‌تا ئه‌و ساته‌ به‌سه‌ر زاری پشتی كوردی گرتبێت، ئه‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ بووه‌ له‌ گاوره‌كانی ئه‌نادۆڵ ڕاستیان بكاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تیاچوون، ئه‌وسا كورد لای كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی نرخیان نامێنێ و به‌فلسێك نایان كڕێ.. ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی كورد ئاراسته‌ی ئه‌رمه‌نی بكرێ، ئه‌وسا‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان له‌ كورد ڕاست ده‌بنه‌وه”.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌و بڕوایه‌ دابوو دوژمنایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن له‌ قازانجی دوژمنان دایه‌ و قازانجی كوردی تێدانییه‌، بۆیه‌ ویستی دۆستایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن پته‌و بكا و هه‌رچی ناكۆكی هه‌یه‌ له‌نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن دا به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ چاره‌سه‌ری بكا، ئه‌و یه‌كێ له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كه‌ ناوی (سیمۆن یاكۆ فلۆویچ گیلیكارۆف) بوو، به‌وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ دانا. له‌ هه‌مان كاتدا ئاسووورییه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌دا یارمه‌تیه‌كی زۆری كوردیان داو پشتگیریان كردن، ئه‌مه‌ی ئاسووریه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو شێخ ڕه‌فتار و كرده‌وه‌ی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كانی ناوچه‌كه‌یدا هه‌بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئینگلیزه‌كان ماپه‌ی په‌ژاره‌ بوو.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا چه‌ند جارێك نامه‌ و نوێنه‌ری نارده‌ لای ئه‌رمه‌نی و ئاسوورییه‌كان، به‌مه‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ده‌وڵه‌تانی ئێرانی و عوسمانی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا له‌چه‌وسانه‌وه‌ ڕزگاریان بن و به‌مافه‌كانی خۆیان بگه‌ن. به‌هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌گه‌ر شێخ نه‌یتوانی بێ دۆستایه‌تی ئه‌و گه‌لانه‌ به‌ده‌ست بێنێ ئه‌وا هیچ نه‌بێ توانی وایان لێ بكا له‌ ململانێی كورد و دوژمنه‌كانی دا بێ لایه‌ن ڕابوه‌ستن.

ماویه‌تی