ئومێد قه‌ره‌داخی: پشتیوانی سه‌رۆك كۆمار بن.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وی له‌ روانگه‌یه‌كی بابه‌تی و به‌ دوور له‌ ده‌مارگیری سیاسی سه‌رنجی روداوه‌ سیاسیه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووی عێراق بده‌ین، ئه‌وه‌ راستیه‌ ئه‌بینین به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌ره‌ كاریگه‌ری نێو سیاسه‌تی عێراقییه‌، […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌گه‌ر بمانه‌وی له‌ روانگه‌یه‌كی بابه‌تی و به‌ دوور له‌ ده‌مارگیری سیاسی سه‌رنجی روداوه‌ سیاسیه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووی عێراق بده‌ین، ئه‌وه‌ راستیه‌ ئه‌بینین به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌ره‌ كاریگه‌ری نێو سیاسه‌تی عێراقییه‌، له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی گرنگی سیاسیدا بایه‌خی كه‌سایه‌تی و پێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌لما. به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك كه‌سه‌وه،‌ كه‌ پێییان وابوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار ته‌شریفاتییه‌ و ناتوانێت كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ نێو بریاری سیاسی عێراقیدا هه‌بێت. بۆیه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌و پێگه‌ و كاریگه‌رییه‌ی له‌ نێو سیاسه‌تی عێراقیدا هه‌یه‌تی به‌هێزترین و گونجاوترین كه‌سایه‌تییه. زۆر گرنگه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها یه‌كێتی، به‌ڵكو هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پشتیوانی بكه‌ن و له‌ ده‌وری كۆببنه‌وه‌ بۆ پاراستنی مافه‌ نیشتیمانی و دیموكراتییه‌كانی كورد و سه‌قامگیری سیاسی له‌ عێراقدا. هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌ گرفته‌ قوڵه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی كورد له‌ به‌غدا لاوازی پێگه‌ و ئه‌دای سیاسی نوێنه‌ران بوه، نه‌یاتوانیوه‌ وه‌ك پێویست به‌رگری له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ئێستا بۆ به‌رگری له‌ كۆی پرسه‌ نیشتیه‌مانیه‌كانی كورد له‌ به‌غدا، به‌رهه‌م ساڵح باشترین و به‌هیزترین بژارده‌یه‌.
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، به‌رهه‌م ساڵح زنجیره‌یه‌ك په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی گرنگی ئه‌نجامدا و وه‌ك سه‌رۆكیكی به‌هێز له‌ نێوه‌ندی سیاسی جیهانیدا ده‌ركه‌وت، سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تی و به‌ تێكرای جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌ی بۆ عێراق گرێدایه‌وه‌، كاتێكیش خۆپیشاندانه‌كانی عێراق سه‌ریهه‌ڵدا له‌ لایه‌ك كۆشكی سه‌لام بوه‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌ی هێز و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كان و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆشكی سه‌لام سه‌نگه‌رێكی به‌هێزی به‌رگری بوو له‌ داوا و مافه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌را، سه‌رۆك كۆمار له‌و ماوه‌یه‌دا دوو وتاری پێشكه‌شی خۆپیشانده‌ران كرد، یه‌كێك له‌ ره‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ردوو وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار پاراستنی ئاشتی و سه‌لامه‌تی خۆپێشانده‌ر و هێزه‌ مه‌نییه‌كان و تێكرای هاوڵاتیان بوو، له‌ هه‌ردوو وتاره‌كه‌دا به‌توندی پێداگیری له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژی كرد به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران و به‌رانبه‌ر به‌ دام و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی، گرنگی ئه‌م تێزه‌ به‌ ته‌نها له‌وه‌دا نیه‌ توندوتیژی به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران ئه‌هێنێته‌ ئاستێكی زۆر نزمه‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر له‌وه‌ گرنگیه‌كه‌ی خۆی له‌ دروخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگێكی ئه‌هلی و ناوخۆیی له‌ عێراقدا ئه‌بینێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ عێراقدا چه‌ك ته‌نها به‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو چه‌ندین گروپی سیاسی و چه‌كداری بچووك و گه‌وره‌ هه‌ن خاوه‌نی چه‌كن و له‌ هه‌ر ساتێكدا ئه‌توانن عێراق بكه‌ن به‌ شانۆی كاره‌سات، به‌مه‌ش سه‌رۆك كۆمار عێراقی له‌ جه‌نگێكی ناوخۆیی پاراست، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌رده‌وام جه‌ختی ده‌كردوه‌ له‌سه‌ر چاكسازی و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌ و سزادانی گه‌نده‌ڵكاران، بۆ ئه‌مه‌ش فایلی گه‌نده‌ڵكاران ئاراسته‌ی دادگاكان ئه‌كرێت و لێپرسینه‌وه‌ له‌ مه‌له‌فه‌كانی گه‌نده‌ڵی ئه‌كرێت
كاتێكیش سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیراندا ئیراده‌یه‌كی نیشتیمانی به‌هێزی نیشاندا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ جوڵه‌ سیاسیه‌ گرنگه‌كانی سه‌رۆك كۆمار بریتی بوو له‌ ته‌سلیم نه‌بوون به‌و فشارانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ هێزی سیاسی و كوتله‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ به‌رانبه‌ری ئه‌كرا به‌ ئامانجی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كوتله‌ی بینا. به‌لام سه‌رۆك كۆمار ئه‌م فشارانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌به‌رده‌میدا نه‌ك ته‌نها خۆراگرییه‌كی گه‌وره‌ی نیشاندا، به‌ڵكو ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ی كرد و نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كرد . له‌ نامه‌كه‌دا ئاماده‌یی نیشاندا بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ، ئه‌م نامه‌یه‌ و ئه‌م ئاڵنگارییه‌ به‌ رووی هێزه‌ كلاسیك و خۆسه‌پێنه‌كانی سیاسه‌تی عێراقیدا له‌لایه‌ك هێمابوو بۆ بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی و ستراتیژێكی نوێی سیاسه‌تكردن كه‌ برییتیه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هێزه‌ خوسه‌پین و هه‌ژموونگه‌راكان كه‌ ره‌زامه‌ندی شه‌قامی عێراقی و هاوڵاتیانی نارازی له‌سه‌ر نییه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ جۆش و خرۆشی خسته‌ نێو شه‌قام و خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ستیانكرد عێراق خاوه‌نی سه‌رۆك كۆمارێكه‌ به‌رگری له‌ ماف و ئازادییه‌كانیان ئه‌كات لێره‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ نوسه‌ر و چاودێرانی سیاسی عێراقی و عه‌ره‌بی سه‌رۆك كۆماریان به‌ دوا سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ عه‌داله‌ت و مافی هاوڵاتیان ناساند، تا دوا ساتیش هه‌م تێكرای هێزه‌ سیاسیه‌كانی عێراق و هه‌میش وڵاتانی زلهێزی ناوچه‌كه‌ و جیهان چاوه‌روانی بریاری سه‌رۆك كۆمار بوون بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، لێره‌دا ئه‌توانین سه‌رنجی دوو خاڵ بده‌ین:
یه‌كه‌میان/ سه‌رۆك كۆمار خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی گرنگی سیاسیه‌ له‌ عێراقدا و كه‌سایه‌یتییه‌كی كاریگه‌ره‌ له‌ نێوه‌نده‌ سیاسییه‌كه‌دا، سه‌ره‌رای ئالۆزی هاوكیشه‌كان و به‌یه‌كداچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ئه‌دایه‌كی زۆر باشی سیاسی كردوه‌ و وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی كاریگه‌ر و خاوه‌ن پێگه‌ له‌ ره‌سمكردنی بریار و سیاسه‌تی عێراقیدا سه‌لماوه‌
دوه‌میان/ له‌ نێو شه‌قامی عێراقیدا پێگه‌ و پشتیوانێكی زۆری هه‌یه‌ ، به‌و پییه‌ی سه‌رۆك كۆمار پشتیوانی داواكانیان بوو، له‌ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیراندا رێگای نه‌دا ئه‌جێندای هه‌ندێك هێزی سیاسی دژ به‌ داوای ره‌وای خۆپیشانده‌ران سه‌ر بگرێت ، بۆیه‌ له‌ نێوشه‌قام و ده‌نگی عه‌داله‌تخوازی كۆمه‌ڵگای عێراقیدا پشتیوانیه‌كی زۆری هه‌یه‌.
له‌ دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا و له‌ بوونی پێگه‌ی به‌هێزی ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ كورده‌ ، واده‌كات بڵێین سه‌رۆك كۆمار باشترین بژارده‌یه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها یه‌كێتی به‌ڵكو تێكرای هێزه‌ سیاسیه‌كان پشتیوانی بكه‌ن، پشتیوانیكردنی به‌رهه‌م ساڵح تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باس له‌ شه‌ری به‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی كورد ئه‌كه‌ن له‌ به‌غدا ، له‌ ئێستا كوردستاندا، هیچ كوردێك به‌قه‌د به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌غدا پێگه‌ی به‌هێز نیه‌ ، كه‌س به‌قه‌د ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر نییه‌ له‌ نێو سیاسیه‌كان و شه‌قامی عێراقیدا ، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وری به‌رهه‌م ساڵح باشترین بژارده‌یه‌ ، رێگا راسته‌كه‌یه‌ بۆ شه‌ری به‌رگری له‌ مافه‌كانی كورد و سه‌قامگیری سیاسی له‌ عێراقدا ، له‌ ئه‌زموونه‌كانی رابردووشدا ده‌ركه‌وتوه‌ ده‌مارگیری سیاسی و بچووككردنه‌وه‌ی شه‌ره‌ نیشتیمانییه‌كان له‌ به‌غدا بۆ دانانی نوێنه‌رێكی ده‌ست و پێ سپی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌لائی موتڵه‌قی فلان حزب و فلان كه‌س هه‌یه‌ ئاكامێكی نه‌بوه‌ و لانیكه‌می خواسته‌ نیشتیمانیه‌كانی كوردی ده‌سته‌به‌ر نه‌كردوه‌، پێویسته‌ كورد له‌م قۆناغه‌دا به‌وپه‌ری به‌رپرسیاریتیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و پشتیوانی به‌رهه‌م ساڵح بن.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئومێد قەرەداغی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئومێد قەرەداغی