دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: سلێمانى شارێکى نیمچە مردوو یاخود شارێکى بێهۆش کراو/ بەشى دووەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەوە دەچێت لەئێستادا شارى سلێمانى خاوەنى هیچ جۆرە هەرەمێکى دەسەڵات و بەرپرسیارێتى نەبێت، سەرەڕاى نەبوونى هەرەمێکى دەسەڵاتى دەوڵەتدارى نیشتمانى دەسەڵاتى ناوچەیى حیزبى لەبرى پێشخسن و پەرەپێدانى شارستانى و مرۆڤایەتى پەنجەى یەکتر دەشکێنن بەسوک و ڕیسواکردنى یەکتر.
کاتێک ئۆرگانەکانى حیزبى دەسەڵاتى زۆنى سەوز متمانەیان بەیەکتر نامێنێت وتەخوینى یەکتر دەکەن، کاتێک کۆى پرۆسەى سیاسى لەناو ئەم حیزبە دەبێتە بازرگانى ڕەها ، کاتێک شۆڕشگێڕە هاوڕێکانى ڕابردوو دەبنە دوژمنى ئێستاى یەکتر بەهاکانى شارستانى ومرۆڤایەتى وئاسایشى کۆمەڵانى خەڵکى شارى سلێمانى دەخەنە مەترسیەوە.
ئەگەر بڵێین لەشارى سلێمانى دەسەڵات و حکومڕنى میانڕەوى عەقڵانى غائیبەو بوونى نییە! ئەوە درۆناکەین، چونکە دەسەڵاتى حیزبى بەتەواوى ئاگای لەحکومڕانى شارى سلێمانى و پرسەكانى ژيان نەماوە.
پریشکى ململانێى ناوخۆیى ئۆرگانى حیزب و تەخوینکردنى یەکتر گەیشتۆتە لوتکە، ئێستا لەهەموو کات زیاتر ترسى شەڕى ناوخۆیى حیزبى لەئارادایە.
تایبەتمەندى بەڕێوەبردنى چەمکەکانى ژیان لەم شارەدا بوونى نەماوە، بەڕێوەبردنى حکومڕانى بووە بە کارى هەموو کەس، وە لەهەمانکاتدا کارى کەسیش نییە ! (everybody’s job is nobody’s job)، ئەگەر ئەمە گەڕەلاوژێى حکومڕڕنی و دەوڵەتدارى نەبێت ئەبێ چى ناوبنرێت!.
ئەگەر کەسانێک هەبن خۆیان بەبەرپرسى ئەم شارە بزانن و بەرژەوەندى شارى سلێمانى و دانیشتوانى بەئەرکێکى پیرۆز لەقەڵەم بدەن! بەپێویستى دەزانم ئەم چەند پرسیارەیان ئاڕاستە بکەم ، بەڵکو لەداهاتویەکى نزیدا کاردانەوەیەکى ئەرێنیان هەبێت.
ئایا دەزانن شارو شارستانیەت بەماناى چی دێت ؟.
ئایا خوێندنەوەى ئێوە بۆ سلێمانى وەک شارو شارستانیەت هەمان خوێندنەوەى ئێمەى هاوڵاتى ئاساییە؟.
ئایا هەریەک لەئێمەى هاوڵاتى ئاسایی و ئێوەى بەناو خاوەنى شار لە ( کەسایەتى نموونەیى + بازرگانى حیزبى کۆمپانیایى ) لەدوو خەندەق و فەلەکى جیاواز دەژین ؟.
ئایا دەزانن ئاڕاستەى سلێمانى وەک شارو شارستانیەت بەرەو کوێوە دەچێت؟.
ئایا دەزانن ڕۆژ لەدواى ڕۆژ سلێمانى وەک شارو شارستانەیەت سڕو نیمچە مردوو دەکرێت؟.
بەگەڕانەوە بۆ میژووى گەلان، وەک ڕاستیەکى حاشاهەڵنەگر ئەکرێت شار وەک ژینگەو دانیشتوان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو سڕو نیمچە مردوو بکرێت و دووربخرێتەوە لەشارستانیەت، بەڵام هەرگیز نامرێت، دواجار ئەوە دەسەڵاتدرەکانن دەمرن ولەمێژوو بەسوک وڕیسوا ناودەبرێن.
پێش ئەوەى بێمە سەر پێناسەى شارو شارستانیەت ئەمەوێ ڕاستیەکى تر ڕوون بکەمەوە، لەهیچ کات و سەردەمێکى میژوویى شارو شارستانیەت بەماناى بازرگانى ڕەهاو دزین نەهاتووە!.
بەڵى زۆر ڕاستە سەرچاوەى ئابوورى بەهێز وکاریگەر یەکێکە لەکۆڵەکەکانى پێشکەوتنى شارستانیەت، بەڵام ئەوەى لەشارى سلێمانى ڕوودەدات دزینى ئابوورى گەل و نیشتمانە نەک گەشەپێدانى ئابووریەکى نیشتمانى بەهێز وکاریگەر تا دواجار کاربکاتە سەر شارستانیەت و پێشکەوتنى چەمکەکانى ژیان .
زۆرێک لەمیللەتانى جیهان شانازى دەکەن کەخاوەنى کەسانیکى وەک رۆبن هودن .
ڕۆبن هودپاڵەوانێکى فۆلکلۆرى ئینگلیزى دەرچوو لەیاسایە، بەپێى ئەفسانەکان کەسێکى سوارچاکى ئازاى لاسارى لێهاتوو بووە، هەمیشە جلێکى سەوز دەپۆشێت، تاکە دروشمى بریتیە لە ((دزین لەدەوڵەمەند و دانى بەهەژار ).
ئێمەش وەک میللەتانى ترى جیهان حەزمان دەکرد خاوەنى ڕۆبن هودێکى کورد بوینایە دزی لەدەوڵەمەندەکان بکردایە بۆ یارمەتى کەسانى هەژار و ئاسایى، بەڵام لەوەدەچێت ڕۆبن هودەکانى کورد پێچەوانەى ڕۆبن هودەکانى میللەتانى ترى جیهان بن، ئەمان دزى لەکۆمەڵانى خەڵکى ئاسایى وهەژارەکان دەکەن بۆ گیرفانى سیاسى و دەوڵەمەند و نوخبەو پیاوە بەرزەکان.