دکتۆر ساماڵ مانیی: هەموو ئەوانەی سیاسەتیان دەکرد، ڕۆشنبیر نەبوون.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم دیمانەیەم بە بۆنەی ڕۆژی ژن/ 8 مارسی ئەمساڵەوە ئەمڕۆ کردوە لە گەڵ یەکێک لە ڕۆژنامە کوردیەکاندا، خۆشحاڵ دەبم لای ئێوەش بڵاو بکرێتەوە ، وەکو چاوپێکەوتن لەگەڵ من لەسەر فەلسەفەی جێندەریی، بۆ خوێنەرانتان

ڕێز و دڵسۆزیم
دکتۆر ساماڵ مانیی

دکتۆر ساماڵ مانیی لە چاوپێكەوتنێکی تایبەت بەشارپریس بۆ ٨ی مارس، باس لەدۆخی ژن‌و ژیانی جێندەریی لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەڕووی فەلسەفییەوە دەكات ‌و وردەكارییەكەی دەخاتەڕوو

شارپرێس: بە تێڕوانینی تۆ لە ڕوانگەی فەلسەفیەوە، پرسی ژن لە کوردستاندا بەرەوپێش چووە یان بەرەودوا؟
دکتۆر ساماڵ مانیی: پێم خۆشە کە لە تێڕوانینی فەلسەفیەوە بێت نەک سیاسی، گەرچی بە سادەیی قسەکانم ئەکەم بەڵام بە تێڕوانینی فەلسەفی وەڵام ئەدەمەوە. چونکە من هیچ حەز لە باسی سیاسی ناکەم، گەر باسی سیاسەت و سیاسیکاران بکەم لە سوودی خۆیانە چونکە باسکردنەکەم هەوڵێکن بۆ تێگەیاندن، گەرچی پێی نازانن.
لەبەر ئەوەی کە کەسانیتر هەن لە تێڕوانینی سیاسیەوە و لە تێڕوانینی فێمینیستیەوە و لە تێڕوانینی جێندەرناسیەوە دەتوانن باسی پرسی ژن بکەن لە کوردستاندا، بە پێویستی دەزانم لە ڕوانگەی فەلسەفەوە باسی بکەم و لەهەمان کاتدا لەبەر ئەوەی ماوەی ساڵێکە لەسەر فەلسەفەی جێندەر دەنووسم تێڕوانینەکەم فەلسەفەی جێندەرییە کە باس دێتە سەر پرسی ژن/جێندەر لە کوردستانا.
تێڕوانینی من لە ڕوانگەی فەلسەفەوەیە بەگشتیە، چونکە فەلسەفە ماڵی خۆمە و لە ماڵی خۆم بە ئاسانی و بە ئاسودەی دەدوێم. لەو لایەنەوە لە فەلسەفەدا هەبوونی ‘ڕاستە رێ’ ی بەرەوپێش چوون بەئاسانی پەسەند ناکرێت لەبەر ئەوەی ڕاستە رێگاکان زەمینەی نەگۆڕیان پێویستە، ئەو زەمینە نەگۆڕەش نیە، چونکە کۆمەڵگە و کەڵتور بەردەوام گۆڕانکارییان تیا ڕوودەدات.
بە ڕای من هەموو کۆمەڵگەیەک -هەر کۆمەڵگەیەک- بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە، کۆمەڵگەیەکی نەچەقیوە و هەمیشە لە جوڵەو گۆڕانکاریدایە، هێزی جیا جیا دەوری تیا دەبینێت کە لە زانستی کۆمەڵناسی و زانستی سیاسیدا پێیان دەوترێت ‘ هێزی گیرفانیی’ و مەبەستیان لە پارە وەرگرتن نیە، بەڵکوو مەبەستیان لە گیرفانی بە هێزی بچوک بچوکن لەناو کۆمەڵگەکەدا، وەکو: خێزان، حیزب، بنەماڵە، شار، زانکۆکان، دەزگاکانیتر، بزوتنەوە سیاسی و ئۆپۆزۆسیۆنی و ڕۆشنبیری و رێکخراوەکانی ژنان و لاوان و… هتد. لە هێزە گەورەکەشدا حکومەت و پەرلەمان و ئابووری و هتد هەن. کەوتۆتە سەر ئەوەی پارسەنگی هێزەکان چۆنە و پەیوەندییان بەیەکەوە چۆنە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا. ئەم هێزانە چۆن و بەچ لایەکدا ئەو گۆڕان و جوڵەیەی کە بە بەردەوامی هەن لە کۆمەڵگەکەدا دەبەن و ئاڕاستەیان دەکەن. بۆ نموونە بە یاسایەک دەکرێت گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگەدا ڕووبدات کە توانای چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و ڕێگرییش لە کۆمەڵێک کێشە بکات، ئەوەش هەندێک کەس بە بەرەو پێشچوونی دەژمێرێت و هەندێکمان بە باشکردنی ژیانی بەکۆمەڵیی دەژمێرین.
هەروەهاش بە بومەلەرزەیەک یان تاعونێک یان جەنگێک دەکرێت جۆرە گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگەیەک یان چەند کۆمەڵگەیەکدا ڕووبدات کە دەکرێت بە بەرەودوا چوون بژمێردرێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە مادام دەزانین کۆمەڵگە شتێکی چەقیو و وەستاو و نەگۆر نیە، دەتوانین دەستکاری ئەو گۆڕان و جوڵەیە بکەین و بە ئاڕاستەیەکدا بیبیەن کە بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی خۆشتر و باشتر و ئاسودەتر لە کۆمەڵگەکەدا بێت؛ ژن نیوەی ئەو کۆمەڵگەیە و هەموو کۆمەڵگەیەکە، دەبێت دەستکاری و بەکارهێنانی جوڵە و گۆڕانکاریەکان و باڵانسی هێزە گیرفانیەکان ناو هەر کۆمەڵگەیەک بەردەوام حساب بۆ ئەوە بکات نیوەی کۆمەڵگە ئاسودە بن و ژیانێکی سەربەرزانەتر و خۆشتریان بۆ فەراهەم بکرێت؛ بە کورتی حیساب بۆ کردنیان بەرنامە و پلانی باش دروست دەکات و پێوەری کۆمەڵگەی باشن.

شارپرێس: تۆ باست لە فەلسەفەی جێندەری کرد، فەلسەفەی جێندەری چیە؟
دکتۆر ساماڵ مانیی: فەلسەفەی جێندەر، لەبەر ئەوەی بوارێکی نوێیە لە فەلسەفەدا، زۆر کەس هەر نەشیبیستوە، هەرلەبەر ئەو نوێ بونەشە فەلسەفەی جێندەری لە کوردستانا نەناسراوە و ناخوێنرێت لە زانکۆکاندا، لە بازنەی ڕۆشنبیریشدا باس ناکرێت.
هەر لەبەر ئەوەش بوو، کە دوو سێ ساڵێک لەمەوبەر، هەر پاش تەواوکردنی دوکتۆراکەم زۆرم هەوڵدا لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلەیمانی بەشی فەلسەفە بکەمەوە و کۆرسی فەلسەفەی جێندەری تیا ڕێکبخەم و بیڵێمەوە، بەڵام نەیانهێشت، خۆ سەرۆکی زانکۆکە ئاگادارە چەندم هەوڵدا و تێم گەیاندن و… هتد.
دوەم هەوڵم لەو بارەیەوە، لە فەلسەفەی جێندەریدا بوو بە کوردی، نوسینی دوا کتێبی ‘هەگبەی زانین’م بۆ فەلسەفەی جێندەر تەرخانکردوە ، ئەو کتێبەم تایبەتە بە فەلسەفەی جێندەری ونوسینی تەواو بوە هەر هێندەی ماوە کە لە چاپ بدرێت و لە کوردستان بڵاو ببێتەوە، هەوڵ ئەدەم زوو ئەمە بکەم.
سێ یەم هەوڵم لە فەلسەفەی جێندەریدا لە سەرەتای ساڵی رابوردودا بوو، بە ‘پرۆژەی باشکردنی ژینگەی ئەکادیمی ژنە لە زانکۆکانی کوردستان دا’. ئەوە پرۆژەیەکە لە خزمەتی گشتیدایە و بودجەی ناوێت، سوود بە نیوەی کۆمەڵگەی کوردی دەگەیەنێت و سوود بە هەموو زانکۆکانی کوردستان دەگەیەنێت بە بێ جیاوازییان. جگە لەمەش، پرۆژەیەکی زۆر بە سوود و باشی فەلسەفەی جێندەریی یە، ویستم چەند ساڵێکی ژیانی خۆمی بۆ تەرخان بکەم : هەم پرۆژەیەکی فەلسەفی بوو، هەم پرۆژەیەکی جێندەری بوو، هەم پرۆژەیەکی ئەکادیمی بوو. سەرەڕای ئەوەش ‘لە مشتمایە’؛ مەبەستم لەوەیە بۆ کردنی ئەو پرۆژەیە هەستم ئەکرد ‘لەماڵی خۆمدام’ چونکە پڕ بە پێستی شارەزایی و پسپۆڕیم بوو.
ئەو پرۆژەیەم لە مانگی حەوت و هەشتی ساڵی رابوردوەوە پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە. جارێ نازانم ڕێ ئەدەن بیکەم یان نا؟ پێش کۆتایی سەری ساڵی ڕابووردوو نوسینێکم لەسەر بڵاوکردەوە لە ڕۆژنامە کوردیەکاندا بۆ ئەوەی بێدەنگی لەسەر بجوڵێنم و دوا نەکەوێت. ئەمانە ئیشی منن، زۆرم پێخۆشە بە پرۆژەی لەو جۆرە لەسەر ئەرزی واقیع تیۆریە فەلسەفیەکان بخەمە جێبەجێکردنی پراکتیکیەوە لە بواری ئەکادیمی و فیکری و ڕۆشنبیریدا، ئەو پرۆژەیەم لەسەر تیۆری فەلسەفی ‘زەین و بیرکردنەوە لە ژینگەی ژیانکردندا’ یە.
فەلسەفەی جێندەری جیاوازە لەوەی کە بە ‘فێمینیزم’ و ‘جێندەرناسی’ ناسراوە و دەخوێندرێت لە ناو بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵناسیەوە. بەڵام فەلسەفەی جێندەری پەیوەندی هەیە بە هەردووکیانەوە، لەبەر ئەوەی لە تێڕوانینی فەلسەفەوە لە بابەتەکانی ئەوان دەڕوانێت هەندێک لە ئارگیومەنتەکانیشیان ڕەت دەکاتەوە، هەندێکیتریان پشتڕاست دەکاتەوە، فەلسەفەی جێندەر ئارگیومەنتی فەلسەفی خۆی هەیە لەسەر ئەو بابەتەی کە هاوبەشە لە نێوانماندا کە ئەویش پرسی ژن/ جێندەرە.
فەلسەفەی جێندەری و ئەوەی کە من نوسیومە لەم کتێبە نوێیەمدا، ‘فەلسەفەی سیاسی’ نیە سەبارەت بە پرسی ژن/جێندەر. لە فەلسەفەی سیاسیدا هەروەکو ئەوەی کە لە زانستی سیاسیدا هەیە، یان لە تێۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی هەن، لەوانە بۆ نموونە: مارکسیزم و لێکدانەوە و دەرکەوتە جیا جیاکانی وەك کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم و سۆشیال دیمۆکراتی، هەروەها کاپیتالیزم، لیبرالیزم، و پۆستمۆدیرنیزم و… هتد. هەر یەک لەوانە سەرنج و تێگەیشتنی خۆیان هەیە لەسەر پرسی ژن/جێندەر. بەڵام فەلسەفەی جێندەر گەرچی ڕادەمێنیت لەسەر هەموو ئەوەی لە تێۆریدا هەن سەبارەت بە ژن/جێندەر، بەڵام خۆی نابەستێتەوە بە هیچ کامیانەوە و زۆر کەمتر باسی ئەو تیۆریانەش دەکات کە لە فەلسەفەی سیاسیدا هەن.
ئێستا کە ڕوونم کردەوە فەلسەفەی جێندەری چی ناکات، بۆ ئەوەی دەریخەم باسی چی دەکات، بە کورتی دەڵێم هەموو ئەو نوسینە فەلسەفیانەی کە لە بواری فەلسەفەدا هەن و ڕۆشنایی دەخەنە سەر پرسی ژن لە تێگەیشتنە فەلسەفیەکاندا، هەموو ئەو نوسینە تیۆریە فەلسەفیانەی ژن لە بواری فەلسەفەدا دروستی دەکەن؛ دەچنە ئەو خانەیەوە کە پێی دەڵێین فەلسەفەی جێندەر یا فەلسەفەی جێندەریی.
بۆ نموونە، ئەم کتێبە تازەیەم کە ئاماژەم پێکرد، دەچێتە پۆلینکردنی فەلسەفەی جێندەرییەوە لە بواری فەلسەفەدا، لە کاتێکدا کتێبەکانیترم نوسینی فەلسەفی ژنێکن لە بواری فەلسەفەدا. ئەم دوو پۆلینکردنە گەرچی هەردووکیان هەر لە فەلسەفەدان بەڵام جیاوازیەک دەرئەخەن لە ئاڕاستەکەیاندا، نەک لە بوارەکەیاندا. جیاوازیەکەیان جیاوازی ئەو بابەتەن کە لەسەری دەنوسم لە فەلسەفەدا، ئەگینا وەکوتر هەموویان هەر فەلسەفەن، ئەم جیاوازیە تەنها ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە تەنها فەلسەفەی جێندەری نانوسین بەڵکوو فەلسەفە دەنوسین و ڕاڤە دەکەین و هەرلەبەر ئەوەشە کە فەلسەفەی جێندەری دەنوسین.

کەواتە، پرسی جێندەر یان پرسی ژن، تەنها لە گۆشەنیگای سیاسەتکردن و فێمینیزمی و ئیشی رێکخراوەیی و مۆبەلایزەکردنی ڕێکخستنی ژناندا نابینرێت، پانتایی زۆرە، ئەو لەیبڵانەی کە هەبوون وەکو فێمینیزم و جێندەر و فەلسەفەی سیاسی یان مارکسیزم و لیبرالیزم وهتد، جێگەی هەموو بیرکردنەوە وهەوڵەکانی ژن ناکاتەوە لە بواری فیکریدا. ئێمە( مەبەستم لە ڕەگەزی مێینەی مرۆڤە) کە نیوەی هەموو کۆمەڵگەیەک لەسەر ڕووی ئەم زەویەدا پێک دەهێنین، بێ گومان جیاوازیمان زۆرە و بیرکردنەوەمان جیاوازە و ئەو بوارە فیکریانەی کە تیایدا هەین و ئەنوسین زۆرن، لە ڕووی ئەزموونکردنی ژیان و خوێندنیشەوە جیاوازین، ئەزموونی ژیانمان جیاوازی هەیە و زۆر لە بابەتی جیاواز وەردەگرین و زۆر لە بابەتی جیاوازیش دەبەخشین. ئەم جیاوازیانەمان دەبێت ببینرێت وبە جیاوازیەکانەوە کۆبکرێتەوە وەکو ئەزموونی بیرکردنەوە و مێژووی ژن.
بە پێویستم زانی کە نوسینی فەلسەفەی جێندەری بە کوردی بهێنمە فەرهەنگی کوردستانەوە. پێش خۆتەرخانکردنیشم بۆ فەلسەفە، جێندەر و کۆرسی مێژووی بیرکردنەوەی فێمینیستی ئەورۆپی و مێژووی یاساکانی جووتبوون لە ئەمەریکا م خوێندوە وەکو بەشێک لە بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەم لە زانکۆی لەندەن دا، لەناو کۆمەڵێک لە کۆرسیتر سەبارەت بە دەوڵەتانی تازە پێگەیشتوو/ دروستبوو وەکو ئەوانەی پاش کۆلۆنیالیزم دروستکراون، هەروەهاش مێژووی دروستبوونی دەوڵەت لە ئەورۆپا و… هتد. ئەوانە هەمویان لە سێ بواردا بوون، مێژوو، کۆمەڵناسی و زانستی سیاسی، بەڵام فێمینیزم و جێندەریان دەگرتەوە و زەمینەی تێڕوانینێکی فراوانیان لەلا پێکهێنام لەسەر فیکر و ناوەرۆکی بوارە ئەکادیمیەکانی دەرەوەی فەلسەفە و پرس و ئاڕاستەکانیان. هەر لەبەر ئەوەش هانیان دەداین بیانخوینین شان بەشانی فەلسەفە، زۆر بەسوود بوون و تێگەیشتنێکی فراوانیان لا دروستکردم و یەکێکن لەو ئیشانەی کە باش بووە کردوومن.

شار پرێس: بە رای تۆ، کۆمەڵگەی ئێمە تا چەند بە ئاگایە لە پرسی ژن /جێندەر؟
دکتۆر ساماڵ مانیی: من لەدایک بوو و گەورەبووی کوردستانم، گەرچی لە ئێستادا کە سەرنج ئەدەم لە ژیانم، دەبینم کە زۆربەی ژیانم لە بەریتانیا و ئەورۆپا ژیاوم. بەڵام پێش ئەوەی ببم بە پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕین و زۆر پێش ئەوەی بێمە هەندەران، لە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکاندا لە کوردستاندا خوێندنەوەی زۆرم لە فەلسەفەی سیاسی دا کردبوو، لەبەر سیاسەتکردن. ئەو خوێندنەوانە وای کرد کە بە ئاسانی ببینم لە کوێدا تیۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی کورت دەهێنن لە پرسی ژن دا و لە کوێدا ئاراستەیەکی بەهێز دەبەخشن بە پرسی ژن ، هەر لە سەرەتاشەوە هەوڵم دا ئەوە لە سیاسەتی کوردی بگەیەنم.
مێژووی ژن لە سیاسەتدا و تێکەڵبوونی بە فەلسەفەی سیاسی (ئەوەی پیاوان پێی دەڵێن ‘دەستو پەنجە نەرم کردن’) لە مێژووی کورد دا هەیە و، بەڵام مێژوو بە ڕاستی نەنوسراوەتەوە لە کوردستانا، لەبەر ئەو هۆیانەی کە هەموو دەیانزانین.
ئەگینا خۆپەروەردەکردن و خوێندنەوە بەشێک بوو لە ڕۆشنبیری و سیاسەتکردن لە شەست و حەفتا و هەشتاکاندا، دایکی من گەرچی خوێندەوار نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی سیاسیکار بوو (نەک لەبەر باوکم) لەسەرەتای شەستەکاندا باسی لە گرنگی نەوت دەکرد لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا بۆ گەڕەکەکەمان، هەتا بڵێی لیبراڵانە و چەپانە بیری لە ژن و ژیانی ژن دەکردەوە. ئەو کاتانە وەک ئێستا نەبوو، هەرکەسێک سیاسەتی بکردایە و هەوڵی خۆپەروەردەکردنی خۆی بدایە مەحاڵ بوو تێپەڕنەکات بە کوچەی فەلسەفەی سیاسیدا و تێڕوانینی ئەو تیۆرە سیاسیانە لەسەر پرسی ژن نەخوێنێتەوە یان بەر گوێی ی نەکەوێت، جا چ ژن بوایە یان پیاو،کەوتبوە سەر هەوڵی خۆی و توانای لە تێگەیشتن و حەز بە تێگەیشتن پێش سیاسەتکردن و لەکاتی سیاسەتکردندا.
نەوەی پیش من ونەوەی من و نەوەی دوای من، لە شەستەکاندا لە حەفتاکاندا و لە هەشتاکاندا چیمان دەخوێندەوە؟ فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی ئەڵمانی، کۆی بیری چەپ بە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم و سۆشیال دیمۆکراتی یەوە، هەروەها کاپیتالیزم و بیری لیبراڵی، هەموو ئەمانە بەشێکن لە فەلسەفەی سیاسی و هەریەک لەمانەش تێۆری و لێکدانەوەی خۆی هەیە و تێڕوانینی خۆی هەیە لەسەر پرسی ژن، ئەگەر تەنها ئەوانەشت بخوێنایەتەوە جگە لە فێمینیزم و شەپۆلی ڕەوتەکانی ڕەخنەگری لەو تیؤریانە، مەحاڵ بوو بەر پرسی ژن نەکەوتیتایە.
لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم ئەوانەمان کە ڕۆشنبیر بووین و بە ڕۆشنبیریەوە چوینە ناو سیاسەتەوە، کە لەسیاسەتدا ئیشمان دەکرد تێڕوانینی خۆمان بەخشیوە بەو سیاسەتە لە ناو کوردستاندا و دروستمان کردون و گەورەمان کردوون، بەرکەوتنمان هەبووە بە پرسی جێندەر و فێمینیزیم و تێڕوانینە جێندەریەکانی ناو فەلسەفەی سیاسی و ڕەنگدانەوەی ئەوە هەیە لە مێژوودا، بەڵام بە مەبەست شاردراوەتەوە.
تۆ بە پرسیارەکانت هەر لە سەرەتاوە دەمبەیتە ناو باسکردنی سیاسەتەوە ، من حەز بە باسکردنی سیاسەت ناکەم وەکو وتم ، وازم لە سیاسەتکردن هێناوە لە 1993 وە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێت قسەکەم تەواو بکەم، ئەبێت ئەوەش بڵێم کە هەموو ئەوانەی سیاسەتیان دەکرد ڕۆشنبیر نەبوون، مەبەستیشم لە ژن و پیاوە. ئەو تێڕوانین و بۆچوونە هەڵەیە کە ‘سیاسەت’کردن و ‘ڕۆشنبیری’ تێکەڵ دەکات، یان چوونە شاخ و پێشمەرگایەتی لەگەڵ ڕۆشنبیری تێکەڵ دەکات، چ بۆ خوێندنەوەی مێژوو بێت یان بینینی حاڵی ئێستا/حاڵی حازر. سپێکترۆمێک لە پۆلینکردنی جیاجیامان هەیە لە بزووتنەوەی کورد دا، ‘قوربانی’ مان یەکجار زۆرە،’ قارەمان’مان زۆرە، ‘خۆبەخش’مان زۆر بوو، ‘ئازا’ مان زۆرە، ‘جەنگاوەر’مان زۆر زۆرە، ‘توشبوو’ ی سیاسەتیشمان یەکجار زۆرە بە بۆنەی ئەندامێکی خێزانەکەیەوە. هەموو ئەمانە هیچیان خەڵکی خراپ نەبوون، بە پێچەوانەوە کەسانی باش وگرنگی کوردبوون، کۆمەڵێک لەو خەسڵەتانە جێی شانازین، بەڵام لە جوملەی ڕۆشنبیران نین. لە کاتێکدا مێژوو و زانستی مێژوو ناسی و نوسینەوەی مێژوو دەبێت پۆلینکردنەکان لە یەک جیا بکاتەوە، ئەمە زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ کورد، جگە لەوەی پایەیە لەهەر کەڵتورێکدا، دەبێت بەهەند وەربگیرێت.

شارپرێس: ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سیستەمی ووڵاتانی ڕۆژئاواو و سیستەمی کوردستانا بکەین لەسەر پرسی ژن، کام لەو دوانە باشترە؟
دکتۆر ساماڵ مانیی: پرسیارەکانت بەدوای وەڵامێکدا دەگەڕێن کە چارەسەری بنەڕەتی بدەن بە دەستەوە، ئەمە لایەنێکی ئیجابی هەیە و لەناو ڕۆژنامەگەرە ڕۆشنبیرەکانی کوردی دا و هەروەهاش لەناو ڕۆشنبیرەکاندا بەگشتی، زۆر دیارە و دەیبینم لە قسەکردنیان لەگەڵ مندا. لایەنە ئیجابیەیەکەی بریتیە لە حەزی تێگەیشتن و تێگەیاندن و کۆتایی هێنان بە کێشە و پرس و نەهامەتیەکان، ئەمە حەزێکی ڕەوایە، من ئەو جۆرە حەزەم بەلاوە پەسەندە. بەڵام، بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەوانە، دەبێت لێیان تێبگەین، بۆ ئەو تێگەیشتنەش ئیشی ووردی دەوێت، بە سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بە کۆاڵەتی بەرز پێویستە. سەرەڕای هەموو ئەوەش هێشتا لە وەڵامی پرسیارێکدا ئەو هەموو لێکۆڵینەوەیە خۆی دەرنابڕێت و خۆی نادات بەدەستەوە.
بەکورتی ئەمەوێت بڵێم، ژن نە لەسەر زەمینێکتر دەژی و نە کۆمەڵگەی تایبەت بە خۆی هەیە و نە بەتەنیا دەژی، لەو کۆمەڵگەیەدا دەژی کە پیاو و ژن پێکیان هێناوە، ژیانی ژن وەکو ژیانی پیاو پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی و جەنگەکان و سیستەمی ئابووری و تێگەیشتنی کەڵتوری و ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕەوتە سیاسیەکان و کواڵەتیی و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی ، هتد. لەبەر ئەمەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەت دەبێت لە پێشدا بە تەواوی هەڵسەنگاندنی سیستەمی سیاسی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بکەم، بەراوردی جۆری حیزبەکانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بکەم، پێگەکانی دەسەڵات لە ناو کۆمەڵەگەی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، سیستەمی ئابووری لە ئەورۆپا و لە ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، یاساکانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، پرسی توندبوونی دینداری لە ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، تێڕوانینی یاسایی و کەڵتوریی بۆ ‘خۆشەویستی’ و ‘هاوسەریکردن’ و ‘جیابوونەوە’ و شتی وردەیتری ژیانکردن لە کۆمەڵگەکاندا بەراورد بکەم لە نێوانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەند/ کوردستان.
لەمانەش گرنگتر زۆر مەسەلەیتریش هەن کە فیکرین و پەیوەندیان هەیە و کاریگەرن لەسەر ژن و پرسی ژن، بۆ نموونە وەکو ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادیە شەخسیەکانی تاک، هتد. ئەمانە و زۆریتریش کە پێویستن لەو بەراوردکاریەدا هەبن و لە پرسی ژن دا تاووتوێ بکرێن، ئەو بەراوردکاریانە، بۆ نموونە، وەکو مێژووی فیکریی ئەورۆپا و مێژووی فیکریی کورد، هەروەهاش پاشخانی فەلسەفی ئەورۆپا و پاشخانی فەلسەفی کورد. هەر وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە دەبێت هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە باسی پرسی ژن لەو بەراوردکردنەدا بکات.
ئەمە بە دیدارێکی کورت ناکرێت. لەوانەیە بە یەک کتێب یان توێژینەوەی وورد و دورودرێژ بکرێت، وا من باسم کرد کە چۆن دەکرێت، هیوادارم کەسێک بیکات بە کتێبێک و سوودی هەبێت.
شارپرێس: پرۆژەکانت چین لە کوردستان؟ بەتەمای چی بکەیت لە کوردستاندا کە پەیوەندی هەبێت بە مەسەلەی جێندەرەوە؟
دکتۆر ساماڵ مانیی: من خۆم ژنم و کوردم و لە بواری فەلسەفەدا هەم، هەموو ئەو بەربەستانەی دەخرێنە بەرپێم ، بە هەر بەهانەی ڕێگرتنێک بێت بریتیە لە نادادپەروەری جێندەری، گەر نادادپەروەری جێندەری نەبێت دەبوایە پاڵپشتیەکی زۆرم بکرایە و یارمەتیدانێکی زۆرم بکرایە بۆ هەموو پرۆژەکانم. ڕاستیەکەی، هەرواشم چاوەڕێ دەکرد، لەبەر ژمارە کەمی ژن لە بواری فەلسەفەدا لە کوردستانا. هەر لەبەر ئەوەشە تا ڕادەی سەرسوڕمان پێم سەیربوو لە گەڕانەوەی پێشوومدا لە 2011 – 2013دا زۆر ناحەقانە و توندوتیژییانە ناچاریان کردم بۆ کردنی دوکتۆراکەم ئیستیقالە بکەم لەو پیشەیەی تیا دەژیم ، کە فەلسەفەیە.
بیرکردنەوەکانم و نوسینەکانم و ئیشەکانم لە بواری فەلسەفەدان، هەندێک لە ئیشەکانم کە لە ڕابووردودا کردوومن دەچنە خانەی فەلسەفەی سیاسی و زانستی سیاسیەوە، لەبواری سیاسەتدان. هەندێکیان لەبواری جێندەردا بوون و هەن، لە ناو بازنەی سیاسیەوە و لە پێشمەرگایەتیدا و لە ناو ڕەوەندی کوردانی تاراوگەدا: بە ڕێکخستنی کۆرس و بە ڕێکخستنی کۆنفرانس و بە وتار نوسین و بە هەڵوێست وەرگرتن و بە پرسیار ووروژاندن لە کۆڕ و بۆنەکاندا مەسەلەی جێندەریم خستۆتە ڕوو و تاووتوێ کردوە.
لە ئێستامدا، دەمەوێت هەندێک ئیش لە فەلسەفەی جێندەری دا بکەم، شان بەشانی ئیشە فەلسەفیەکانیترم. لەبەر ئەوە چەندین پرۆژەم هەبوون و هەوڵم بۆ دان بیانکەم لە کوردستان لەم چەند ساڵەی ڕابووردودا.
بەڵام کەس ناتوانێت هیچ بکات ئەگەر حیزبەکان نەیەڵن بیکات، هەموو ژنێکیش دەتوانێت شتی باش بکات ئەگەر حیزبەکان داینێن لە شوێنی باش دا و پرۆژەی باشی بخەنە بەردەست.
ئەمە تەنها مەسەلەیەکی سیاسی نیە، بەڵکوو فەلسەفیشە، پێشتر لە کتێبێکدا باسی ئەوەم کردوە کە کاتێک کەسێک دانێیت لە پێگەیەکی بەرزدا بۆ نموونە، گەر پێشتر هیچیشی نەزانیبێت یان تواناو تێگەیشتنێکی کەمیشی هەبووبێت، لەو پێگەیەدا هێندەی زانیاری دەکەوێتە بەردەست هەر بە حوکمی پێگەکەی فێر دەبێت، لەبەر پێگەی خێزانییش هێندە هاندەدرێت ئیتر توانای تیا دروستبێت.
پێچەوانەکەشی ڕاستە، بەهەمان شێوەش گەر بەردەوام ڕێگە لە کەسێک بگریت هەرچەندەش بەتوانا و لێهاتوو بێت، هەموو تواناکەی لەدەست دەدات و لێهاتوییەکەی دەپوکێتەوە و نامێنێت، ئەمە ڕاستیەکە کە دەبێت وەکو ژەهر نۆشی بکەین.
بۆیە پێداگرم لەسەر ئەوەی هەموو ژنێکی کورد وەکو یەک ‘نادادپەروەری بەرامبەر ژن’ بەرناکەوێت، هەندێکمان زۆرمان بەردەکەوێت و هەندێکمان کەمتر و هەندێکمان بە ئاستەم بەریکەوتوە، ئەو باڵانسە پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە و تێڕوانینی جێندەری دەبێت هەموو ئەوانە ببینێت، ئیشکردنیش لە پرسی ژن دا دەبێت هەموو ئەوانە بگرێتەوە وڕاستیان بکاتەوە.
جگە لەمانە، وا یەکەم کتێبی فەلسەفی ‘فەلسەفەی جێندەری’م بە زمانی کوردی نوسیوە و تەواو بووە، لەم یەک دوو مانگەدا بڵاوی دەکەمەوە، بە مەبەستی دروستکردنی فەلسەفەی جێندەری لە بواری فەلسەفەی ئەکادیمیدا، هەروەهاش لە ناوەندە ڕۆشنبیریەکاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت