حەمە ئازاد بەرزنجی: کەرەنتێن یان قوڕەنتێن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کەرەنتێن ئێستا بۆتە وشەیەکی جیهانی و لە زۆربەی زمانەکاندا  ئێستا هەر هەمان وشە بەکاردەهێنرێت. ئێمەش  وەک وشەیەکی باوی پزیشکی  بۆ ئەم کاتە زیاتر لە ئینگلیزیەوە وەرمان گرتوە. لە سەردەمی کۆنیشدا پێشتر ئەم وشەیە بەگوێمان ئاشنا بوە، کە لە باوباپیرانمانەوە بیستومانە  زیاتر بە ووشەی ( قورەتێنە ) بوە. کە گوایە لە کاتی بڵاوبەنەوی تاعوندا نەخۆشەکانیان لە قوڕەنتێندا دەستبەسەر کردوە.  تەنانەت  لەوە دەچێ زۆر کەس بەهەڵە لێکی دابێتەوەو  وایان زانیوە کە لە قوراویان  هەڵکێشاون و لەوانەیە نەخۆشێشیان تێ هەڵكێشابێ.

کەرەنتینە یان قورەنتینە، لە بنەرەتدا وشەیەکی ئیتالییە  (  quaranta ) بەواتای ( چلە ) یان ( چل ڕۆژ ) دەگەیەنێ. وە ئەمەش لەوەوە هاتوە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا لەکاتی بڵاو بونەوەی نەخۆشی تاعون لەو وڵاتەدا، کە زیاتر گەشتەکان بە پاپۆڕ بون، نەیان هێشتوە گەشتکەرو بازرگانەکان لە پاپۆڕەکانیان دابەزن تا کەرەنتینە تەواو نەکەن واتە چل ڕۆژ. چونکە لەو ماوەیەدا ئەوی توشی بوە و بەرگەی نەگرتوە مردوە و ئەوی ماوەتەوە چاکبۆتەوە.

کەرەنتین، لە ئینگلیزیدا (  quarantine  ) لە عەرەبیدا  ( المحجر ) یان ( الحجر الصحی ) بەکاردەهێنرێت، لە کوردیشدا ئەم وشانە دەتوانرێ بەرامبەری بەکار بهێنرێت. کەرەنتین، کە ئێستا بە بەربڵاوی بەکار دەهێنرێت. یان دابڕگەی دروستی، دابڕینی تەندروستیانە،  دابڕانی تەندروستی، دەستبەسەراگرتنی تەندروستیانە، پەڕگیرکردنی تەندروستی، پەڕکرن، گلدانەوەی نەخۆش، جیاکردنەوەی توشبوان.

کورد  دەمێکە وشەی کەرەنتینە یان چلەی وەک ماوە بۆ بەسەرچونی خۆشی یان ناخۆشی بەکارهێناوە. لە کەشو هەوادا ( چلەی زستان،  چلە شۆر، چلە ی هاوێن )، لە پرسەو مردو مردندا، تاکو چلەی مردوەیەک نەچوە، هیچ بۆنەیەکی خۆشیان نەگێراوە، بەو مەبەستەی کەلە ماوە ی ئەو چل ڕۆژەدا ئەوو ناخۆشی کۆستکەوتنە دەرەوێتەوەو کەسەکان  ئیتر  وردەوردە هەست بەئارامی دەکە ن. یان لە دوای مناڵ بون نەیان هێشتوە ژنان کاری قورس بکەن، تا چلەیان دەچێ. یان زەماوەندی چل شەوەو چل ڕۆژە.

سەرچاوە: بۆ ئەم نوسینە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:

1- Wikipedia

2- فەرهەنگەکانی شیرینی نوێ، فەرهەنگی ئازادی، فەرهەنگی کوردستانیکا، زانستگای کوردستان