ئامانج نەقشبەندی: کۆمەڵێک 30 ساڵ و، هەندێک بەراورد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەڵێک لە ئێمە دەزانین کە حەزرەتی مەسیح سڵاوی خودای لێ بێت تەنها ( 30 ) و وردەیەک ساڵ تەمەنی بردە سەر لەم سەر زەمینە، مێژووش پێمان دەڵێت: ژمارەی قوتابیەکانی، کە ڕایسپاردن دوای خۆی پەیامەکەی بگەیەنن بە خەڵک تەنها ( 12 ) حەواری بوون ؟! سەرباری ڕاوەدونان و زوڵم و زۆر ئاینی مەسیحیان لە هەموو جیهاندا بڵاوکردەوە …
بەهەمان شێوە پێغەمبەر درودی خودای لەسەر بێت سەردەمی خۆی و هەر چوار خەلیفەی راشید کە بە هەمان شێوە تەنها (۳۰) و وردەیەک ساڵی خایاند دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەی فارس و رۆمیان شکست پێ هێنا، لە ڕۆژهەڵات نزیک بوونەوە، لە سنوری هیند و چین و لە ڕۆژئاوا دەسەڵاتیان گەیشتە ووڵاتی تونسی ئێستا. لەو 30 ساڵەشدا بە دەیان کەسانی لێهاتوو بلیمەت و جەنگاوەر و پلاندانەریان تێدا هەڵکەوت، کە ناوی گەلێکیان لە مێژوودا بە پیتی زێڕین نوسراوەتەوە …
لە مێژووی کوردیشدا گەر وەک نموونە و ئاماژەیەکی کورت باسی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بکەین، کە سەرباری تەمەنێکی کورت 48 ساڵ و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، سەرباری پیلان و شکات و هاندانی دەسەڵات بۆ دژایەتی کردنی و مردن لە غوربەت دا، ڕێبازێکی ئاینیی لە کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردەوە کە ئێستاشی لەسەر بێت پەیڕەوانی ڕێبازەکەی بە ملیۆنان کەس ئەژمار دەکرێن …
بەڵام لێرەدا و لە پاش نزیکەی 30 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی کوردیی پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئاخۆ لە سێ دەیەدا چیتان کرد؟ ئاکامەکە چی بوو؟ ئێمەتان بە کوێ گەیاند و دەستکەوتەکانتان کامەن؟ چەند بیرمەندتان پێگەیاند، کە باسکردنیان چێی شانازی میللەتێک بێت؟ لە ماڵوێرانی زیاتر چیتان خوڵقاند؟ بەدەر لە کۆیلە دروستکردن و خۆدەوڵەمەند کردن و جەهل زیاتر؟ بەرهەمەکەتان کامەیە؟ ئاخۆ دەزانن 30 ساڵ لە ژیان تاک و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا چەند زۆرە و چ جیاوازی و ئەفراندنێک دەتوانرێت ئەنجام بدرێت؟ ئاخۆ هیچ کەسێک لەو دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش شریتی عومری بابردووی ئەم میللەتە دێنێتەوە پێش چاوی، کە جگە لە خوێن و خیانەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی مادیی و ڕۆحی و جەستەیی و وێرانکردنی مۆڕاڵ و لێکترازانی خێزان و کوشتنی ڕۆحی ئینتیما و وابەستەبوون بە خۆشەویستی خاک و نیشتیمان و نەتەوە زیاتر هیچی دیکەیان تێدا ئەنجام نەداوە…

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت