بورهان شێخ ڕەئوف: ئاگربەسێکى مێژووی لە ئەفغانستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار ڕۆژى 29 شوباتى 2020 لە دەوحەى پایتەختى قەتەر سەرکردەکانى بزوتنەوەى تالیبان و نوێنەرى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاگربەستێکى مێژوویى گرنگیان واژۆکرد، بۆ کۆتایى هێنان بە جەنگێک کە نۆزدە ساڵە درێژەى هەیە، دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ دانوستانى ئاشتى بێگومان پڕ لە دڕک وداڵە.
ئەگەر سەرۆک ترەمپ هەرلە سەرەتاى دەست بەکاربوونى و پێشتریش لە هەڵمەتەکانى بانگەشە بەڵێنى ئەوەى دابوو، کە کێشەکانى وڵاتەکەى لە گەڵ کوریاى باکور، کۆتایى هێنانى بە شەڕ لە ئەفغانستان، کۆتاى هێنان بە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) لە گەڵ ئێران، کشانەوە لە ڕێککەوتننامەى پاریس، ئەوا هەموو ئەوانە بوونە کردار.
هەر لەو سۆنگەشەوەیە ڕۆژى دواى ئەو لێکتێگەیشتنە واتە 1/3 / 2020 ڕوو لە ئەفغانیەکان سەرۆک ترەمپ وتی: ئەم هەلەى ئاشتى لە دەست مەدەن ئەگەر بزوتنەوەى تالیبان و حکومەتى ئەفغانستان پابەندبن و لە ئاستى بەرپرسیارێتى دابن ئەوا هەنگاو دەنێین بۆ پێشەوە بەرەو کۆتایى هێنان بە جەنگ و گێڕانەوەى سەربازەکانمان بۆ نیشتمانى خۆمان.
لەلاى خۆشیانەوە بزوتنەوەى تالیبان لە هەمان ڕۆژدا فەرمانیان بە هێزەکانیان دا، کە پابەندى ئاگربەستەکە بن و هیچ هێرشێک ئەنجام نەدەن تاوەکو لە گەڵ دیبلۆماسیە ئەمریکیەکاندا ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت، هەروەها زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژى تالیبان ڕایگەیاند، کە هەر ئەمڕۆ فەرمان بۆ هەموو جەنگاوەرانى بزوتنەوەکەى دەرچووە، کە خۆ بپارێزن لە هەر هێرش و پەلامارێک لە پێناوى بەدیهاتنى ئاشتى و بەختەوەرى نەتەوەکەماند. خوازیارى ئەوەبوو، کە ئەمریکیەکانیش پابەند بن بە بەڵێنەکانى کاتى وتووێژو ڕێککەوتنەکە. لەلایەکى ترەوە نیگەرانى بزوتنەوەکەى پیشاندا لە هەمبەر فڕینى فڕۆکەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بەسەرناوچەکانى بندەسەڵاتى تالیبان.

زەمینە لەبارە بۆ ئاشتى؟
لە بارودۆخێکدا کە ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى دەڕوات لە کۆتایى ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئێستا بە نیازى خۆ کاندیدکردنەوەیە بۆ خولى دووەمى سەرۆکایەتى ئەمریکا، بۆیە ئەم مەسەلەیە گرنگە بۆ هەڵمەتى بانگەشەو ڕاکێشانى دەنگى دەنگدەرێکى بێشومار.
لە هەمان کاتیشدا ئەفغانیەکان هەرچەندە میللەتێکى جەنگاوەرو کۆڵنەدەرن، وڵاتەکەیان گۆڕستانى داگیراکەران و ئیمپراتۆریەتەکان بووە بە درێژایى مێژوو، بەڵام لە ئێستادا ماندوو شەکەتى شەڕى درێژخایەنن هەروەکو کەسى دووەم لە بزوتنەوەى تالیبان سیراجەدین حەقانى لە وتارێکى گرنگ و پڕبایەخدا بۆ ئەم قۆناغە لە ڕۆژنامەى نیورک تایمز دا بە ڕاشکاوى دەڵێت: هەمووان ماندوو بووین لە جەنگ.

کێ سەرکەوت لە جەنگى ئەفغانستان؟
بێگومان هەمووان سەرکەوتن لەم شەڕە درێژخایەنەدا ئاشتى بۆخۆى جوانترین دیارىیە بۆ هەمووان بۆ ئەمریکیەکان بۆ ئەفغانیەکان بۆ تالیبان، قازانجیان بەدەستهێنانى ئاشتى بوو، چونکە شەڕ سەد ساڵى تریش بەردەوام بووایە هیچ سوودێکى بۆ کەسیان نەدەبوو.

کێ دۆڕا، کێ زیانمەند بوو لەم جەنگە؟
زەرەر مەندى یەکەم و دۆڕاوى یەکەم ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدەیە، کە هەر خۆى هۆکارى هەموو ئەو شەڕو ماڵوێرانیە بوو، کە بەسەر ئەفغانستاندا هات، ئەو وڵاتەى کردبووە بنکەى سەرەکى کارە تیرۆریستیەکان و لەوێوە پەلامارو نەخشەى دەکێشا، هەرجارەى بەناو و پاساوێکەوە.
ئەوەى لە ڕێککەوتنامەکەى نێوان ئەمریکاو بزوتنەوەى تالیباندا هاتووە بڕینى هەموو پەیوەندى و هەماهەنگیەکە لە گەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانى وەکو ئەلقاعیدەو داعش هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانى تریش. نەک هەر بەڵێن، بەڵکو کارکردنى جدى بۆ ئەوەى خاکى ئەفغانستان نەبێتە بنکەو گۆڕپانى هیچ نەخشەو پلان و پیلانێکى تیرۆریستى دژ بە هیچ وڵاتێکى تر.
جگە لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، کە زەرەرمەندن وڵاتانى ئیقلیمیش بەشى خۆیان زیانیان لەم پرۆسەى ئاشتیە بەردەکەوێت بە تایبەتى ئێران، کە دیبلۆماسیەتى ئەمریکا دۆسیەى ئەفغانستانى بەزیرەکان لە دەست دەرهێنان.
لە کۆتاییدا وتوێژو ڕێککەوتن گەلێک باشترە لە جەنگ و ماڵوێرانى ئەگەر چى کاتى زۆریش ببات، بە تایبەتى بۆ شەڕێک لە نۆزدە ساڵى ڕابردوودا بە گوێرەى ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان 32 بۆ 60 هەزار ئەفغانى سڤیل و 1900 سەربازى ئەمریکى کوژراون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت