عوسمان عومەر: جەژنى نەورۆز لاى کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پیتۆڵ(فەلسەفە)ى مێژووی نەورۆز چییە؟
بەرچاوترین رووداوی سروشتی و گۆڕانکاری لە وەرزەکان، کە گیان و رووحێکی تازە بەبەر سەرلەبەری ژیان و دەشت و دیمەندا دەکرێتەوە، هاتنی نەورۆز و ساڵی تازەیە. سەردەمی بەفر و سەرما بەسەر دەچێ و سەردەمی پشكوتنی دار و بوژانەوەى کانى و سەرچاوەو نەش و نماکردنى گیاگۆلى شاخ و دەشت نهالەکان و جووتگیریی گیانلەبەرەكان و پەلەوەران بە شێوەیەكی سروشتی دووبارە دەبێتەوەو، ژیانی مرۆڤیش پێویستی بە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییە، كە ئەم گۆڕانە وەكوو دەستپێكی دووبارەی زەمەنی چوار وەرزی ساڵە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیر لە دانانی كات و دیاریكردنی رۆژ و وەرز و ساڵەكان بكرێتەوە.

ئایا جەژنی نەورۆز تەنیا تایبەتە بەكوردەوە یان جەژنێكە بۆ سەرجەم گەلانی ئاری نەژاد؟
هەرچەندە ئەم جەژنە سەرەتاكەی وەكو جەژنێكی میللی لە ووڵاتی كوردەواریدا، واتە میتانیی‌و ماد سەری هەڵداوە، بەڵام دوواتر فارسەكان بۆ خۆیان بردو كردیان بەهێمای خۆیان، ئەوەش بەكردنەوەی ئاگرێكی گەورەبوو لەو رۆژەدا كە نیشانە بوو بۆ سەركەوتنی كۆرشی دووهەم بەسەر مادەكاندا‌و كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتیان. هەتاكو بەر لەئێستاش لە وڵاتی ئێراندا لەو بۆنەیەدا ئاهەنگیان بۆ گێراوە، كە بەكردنەوەی ئاگر دەستی پێكردووە‌و بەرزو پیرۆز راگیراوە. ئەوەش دیارە جەژنەكە هەر بەو سنوورەوە نەوەستاوە، بەڵكو لەناو گەلانی ئاسیای كۆنیشدا پیرۆز بووە‌و لەو بۆنەیەدا ڕێوڕەسمی ئاهەنگ گیڕان سازدراوە‌و گرنگیان پێداوە. هەر گەلێك لەوانەش بەڕێگای تایبەتی خۆی یادی كردۆتەوە، بەڵام لای هەموو ئەو گەلانەش لەناوەڕۆكدا جەژنەكە هاوشێوەیە. دیارە جەژنەكەش دوورتر لەو سنوورە رۆیشتووە‌و ساڵانە لە ژێر ناوی جیاجیادا یادكراوەتەوە، هەر وەك‌و ئەوەی لە (میسر) بەناوی (شم النسیم) باوە.
جەژنەکان زۆرن لەجیهاندا، لەوانە جەژنە ئاینیەکان, نەتەوەییەکان, کلتوریەکان, دەولەتى, عەشیرەتى و زۆر جەژنى تر و… هتد. بەلام هیچیان ئەوەندەى جەژنى نەورۆز کۆن نییە و جیهانى نییە.
هیچ گەل نەتەوەیەکیش ئەوەندەى کورد بەلگەی مێژوویی, جوگرافى, کلتورى و نەتەوەیی بەدەستەوە نییە. بەلام بەهۆى بێئاگایی و بێ دەولەتى کوردە ( ئەم جەژنە لەلایەن کۆمەلەى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لەساڵى 2010, لە سەر داوای ئێران , تورکیا, ئەفغانستان و پاکستان و چەند دەوڵەتێکی تر جەژنی نەورۆزیان وەک جەژنێکی – کلتوری ئاشتی – کرد بە جەژنێکی نێو نەتەوەیی و ئێستا لە هەموو جیهان و لە سەرداوای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 1/1ی ساڵی نوێ و بەرامبەر 21- 3 ی زاینی لەهەموو جیهان ئەم رۆژی نەورۆزە جەژنە.
ئەوەی گرفتەو بۆ کورد و کارەساتە, ئەم جەژنە وەک جەژنێکی – رەگ و ڕیشە ئیرانی و تەمەن 3000 سال و ڕۆژی 21- 3 کرا بە جەژنی فەرمی! کەچى هەر لەڕۆژی ئیمزاکردنی پەیماننامەکە ئێران و ئەفغانستان و تورکیاو پاکستان بوو بەکێشە لەنێوانیان و هەریەکە ئەویتری بە – دزی نەورۆز- تاوانباردەکردوو، خۆی بە خاوەن دەزانی یەکتریان بە شەیتان ناودەبرد. کەچى کورد خاوەنی ڕاستە قینەی ئەم جەژنە کۆن و گرنگەیە بێ ئاگابوو لەم کە ین و بەینە! بێ هەلوێست بوو.
دکتۆر مولود ئیبراهیم حەسەن، نوسەرو پسپۆر لەبوارى ئەفسانە کوردیەکان و مامۆستا لە زانکۆى سەلاح الدین پێى وایە” جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. ئەو جەژنە ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار) ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە. ئاگر سومبوڵی نەورۆزە لای کوردان. نەورۆز تێکەڵ بووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیر و سەمەرە.
لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەھاردا واتە رۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی تەرخان کردووە بۆ چاو پێکەوتنی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ھەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردووە و دیارییشی لێیان وەرگرتووە. فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە,ئەو کتێبە ڕەهەندێکی ڕۆژهه ڵاتی و جیهانی وەرگرتوەو لەئەفسانەوە بووە بە میژوو، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ یا ئاشتیاک) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە. بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات. ئاخر فیردەوسی وەک کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کەدەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت وبەختی لێ وەردەگێڕێ.
هەر لەوبارەیەوە دکتۆر مەولوود ئیبراھیم حەسەن دەلێت: کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە. بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە وشێوێندراوە. بەڕای من، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان، بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە لەکۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لەنەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بەتایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە بیچم بگرێت (وێنا بکرێت) و ڕوخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرین و بکرێت .
بۆیە دەلێن: رۆژێک منالێک لەباوکى دەپرسێ, باوکە بۆچى روخسارى شەیتان لەوێنەدا ئەوەندە ناشیرن و دزێوە, باوکیشى لەوەڵام دا دەلێت: کوڕم ئەووینەیە بەدەستى دۆستەکانى شەیتان نەکێشراوە.
ئەوەی ڕاستی بێت مێژووی کوردیش ھەتا ئێستا خۆی نەینووسیوەتەوە، بۆیە جگە لە لایەنی کەم و کووڕی شتێکی ئەوتۆمان لەمێژووی کۆن لەبەردەست دا نییە، کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت. تەنانەت ئەو بۆنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە ھەمانبوون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیونەتەوە و بە ناو نەتەوە وگەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت کە وەک پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی پاڵی پێوە بدەین. ئێستا کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییەولەکوردستانەوە بەوڵاتان وناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست دەڵێی لە ڕوومان ھەڵنایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەن کوردییە. ئێستاش لە کۆنەستی (ھزری) ئێمەدا ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتنی (کاوەی ئاسنگەر) ە بە سەر زوحاکی مار لەشاندا. لە حاڵێکدا ئەوە ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بووبێت و تەخت و بەختی زوحاکی ’ماد’ی وەرگێڕابێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بەکەسێکەوە کە کۆتایی بەیەکەمین دەسەڵاتی کورد ھێنابێ و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ ’فەرەیدوون’ی دۆزیوەتەوە و کردوویەتی بە پاشا. فەرەیدوونیش کورد نەبووە. ئەگەر وای دانێین کاوەیەکیش ھەبوو بێت و کورد بووبێت، ئەوا کاوە خۆفرۆشێکی خەیانەتکار بووە و مێژووش پڕە لەو جۆرە کەسانە کە بەداخەوە شانسیان گرتوویەتی و دواتر بە پێچەوانەوە ناویان بە چاکە رۆیشتووە.
نامەوێ زۆر بچمە قولایی ئەو بابەتە مێژوویەوە، چونکە لە سالى 2016 بابەتێکم لەوتارىکورد بلاوکراوەتەوە بەناونیشانى کورد لە مێژوى نەورۆز تێنەگەیشتون کە کاوە کێیە؟ جەژنى نەورۆز زۆربابەتى لەسەر نوسراوە لەلایەن پسپۆران و شارەزایانى ئەو بوارە. ئەوەى مەبەستمە لەوەتەى کورد هەیە نەوروزیش بونى هەبوە, بەهۆى زۆلم زۆردارى و داگیرکراوى گەلەکەمان و ژێر دەستەیی تا چەند سالانێکى زوو ئەو جەژنە دەبوایە مۆلەتى فەرمى بۆ وەرگیرێ لەلایەن دەسەلات دارانى ئەو سەردەمەوە تا ئاهەنگى بۆ بگێردرێ و ڕێگە بدرێ خەلک ئەو رۆژە بەسەر بەرن و جلى ئاڵاو والاى بۆ لە بەر بکەن بەخۆشى بەسەر بەرن.
لیرەدا دوو نمونە دەخەمە ڕوو لە مێژووى پرشنگدارى شارى کۆیە سالانى 1945 و 1946 چۆن ئاهەنگى جەژنى نەورۆز بەڕیوە چوە.
(ئاهەنگى نەورۆزى شاخە پیسکە لە سالى 1945، بەهاندانى رێکخراوە سیاسیەکانى ئەو کاتى وەک حیزبى رزگارى, شۆرش و خوێندکارانى قوتابخانەى ناوەندى کۆیە, بێ مۆلەتى فەرمى, لە رۆژى نەورۆزدا بەسەرپەرشتى مامۆستا مستەفا نعمەتولا ئاهەنگێکیان ساز کردوە, تا نیوەرۆ ئاهەنگێکى ئاسایی بووە, دواى نێوەرۆ سەرکردەى حیزبە کوردیەکان هاتونەتە سەیرانەکە, ئاهەنگێکى خۆش بەڕیوە چوە, لەمەیدانى بەهارە شارەکەى کۆ لە هۆنراوەى حاجى قادرى کۆیی لەلایەن کاک عومەرى مام عەولاو ئەحمەدى حمە مەلا (باوکى مامۆستا ووریا ئەحمەد) بەدوو قۆلى گوتراوە و تایەرتۆفیقى دەنگ خۆشیش بەدەنگە بەجۆشەکەى تا(دەست لەمل هیوا نەکەین)ى زێوەرى شاعیرى چەریوە, دواتر شاییەکى ڕۆینە لەسەر ئاوازى شلەوخانان بەدەنگى سێوەى مەقام بێژو هونەرمەند گەرم کراوە, هەر لەو ئاهەنگە شانۆگەریەک لەئامادە کردنى (ئەندریۆس خەمۆ- باکورى) ئەوکات خوێندکار بوە لە نواندنى جەمال عەبدالکریم(کورە مامى مامۆستا ووریا ئەحمد ) و کەیفى ئیسماعیل نوێندراوە و ئیوارەش، کە خۆر کەوتە زەردەى لەسەرگردەکەى پشت کەپرى حەمە سدیق عەبدولا شینە ئاگرى نەورۆز کراوەتەوە مەشخەلى بەرز بۆتەوە. سەمەد محەمەد بەننا یەکێک بووە لەسەرکردەکانى حیزبى شۆرش وتارێکى بەنرخى لەسەر مێژووى نەورۆز خوێندۆتەوە… سالى 1946 ئەمجارەیان ئەمسالەیان مۆلەتى فەرمى بە ناوى ئەحمەد دلزارى شاعیروحیسامەدین تەیب کە بەشەعب ناسرابوو وەرگیراوە بەلام ئەوسالە مەلاکانى کۆیە کەوتبونە دژایەتى ئاگر کردنەوەکە گوایە نەورۆز جەژنى ئاگرپەرستانە بۆ ئەوەى ئامادە ببن بە تێبینیەک نوسراو ئەمساڵ ئاگر ناکرێتەوە بۆیە پێش فەرمانبەرو خەلکى ئاسایی گەیشتنە سەر گردە بەرزەکەى سالى پار واتە 1945 و ئاهەنگ دەستى پێکرد ,حیسامەدەین شەعب پارەو پیتاکى لە خەلک کۆکردبۆوە بۆ خواردن و کەرەستەى ئاهەنگ وکرینى مایکرۆفون وبەهۆى ئەو ئیستگەیەى کە خوێندکار مستەفا حاجى کەریم لە رێگەى دوو ڕادیۆوە ودوو پاترى تەڕ مایکرۆفەکان کەوتنە گەر , خوالێخۆش بوو عوسمانى عەونى شاعیر هۆنراوەیەکى پر سۆزى لەسەر نەورۆز خوێندەوە , ئەحمەد دلزارى شاعیریش شیعرێکى لەسەر نەورۆز خۆێندەوە ….ئەوەى جێگاى تێبینیە ئەوکات جەلال حیسامەدین (مام جەلال ) لە پۆلى پێنجەمى سەرەتایی بووە یەکێک بووە لە خوێندکارە زیرەکەکان, ووتارێکى پر هەست و سۆزى کوردایەتى لەو ئاهەنگە پێشکەش کردوە.

لەکتێبى کۆیە لە رەوتى شارستانیەت وەرگیراوە ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت