حەمە ئازاد بەرزنجی: کرۆنا و قوربانی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڤایرۆسی کرۆنا ( COVID – 19 )، ئێستا بۆتە دەردێکی کوشندەی جیهانگیر. لە کۆنیشدا، چەندان دەردو نەخۆخشی و پەتای دی بڵاوبونەتەوە و بەهۆیەوە چەندان مرۆڤ و گیانلەبەرانی دی لەناو بردوەو و قڕی تێخستون . یان بێ هێزی کردون و بەجەستەی لاوازو شەتەکەوە ژیانیان بردۆتە سەر، یاخود کەمئەندامی کردون و ئەندامێکی لەشیان لەدەستداوە ، بە تایبەتی کوێر بوون . لەو نەخۆشیانە ( تاعون، سیل ، سورێژە، دڕکە و مێکوتە و ئاوڵە و شەلەلی منداڵان و چەندانی دی ). ئەمانە ڤایرۆس بون، یان میکرۆب ، و کارەساتی گەورەیان خوڵقاندوە و تا ماوەیەک، مرۆڤ دەستەوسان بوە بە دەسیانەوە، تا چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە.
لە چاخە کۆنەکانی مێژودا، بەهۆی کەم ئاستی ڕۆشنبیریی پزیشکی و پێشنەکەوتنی زانست بەو ئاستەی ئێستا و، کەم ئاستی ڕوناکبیریی هزریشەوە، بۆ دوور کەوتنەوە لە نەخۆشی و بەڵاو نەهامەتیەکان و کارەساتەکانی سروشتەوە ( بای بەهێز، لافاو، گەردەلول، ئاگر ) ناچار بون، یان بەبەهەموو باوەڕی خۆیانەوە پەنایان بردۆتە بەر، قوربانی بەخشین و ڕێکخستنی ریورەسمی ئایینیی. قوربانیەکایش یان مرۆڤ ( پیاو، ژن ، کور و کچی گەنجی جوان ) یان ئاژەڵ بون ( بەران ، مەڕ، بزن، گوێرەکە، جوانە گا، حوشتر، کۆتر، قەل و کەلەشێر و مریشک ). یان سەریان بڕیون، یان داویانن بەدەم ئاوەوە، یان لە شاخی بەرز هەڵیان دێراون و خستویاننەتە خوارەوە. یان سوتانویانن ئەمانەش لە پێناوی ڕازیکردنی خواوەندەکانیان دڵهێنانەوەیان بون.
ئەم قوربانی دان و نەزرکردنانە لە شارستانیەکان و ئایینەکانی پێش زایینی و دوایی زایینیشدا هەر بەردەوام بووەو هەر یەکەش بەپێی تێگەیشتن خۆی و جۆری کارەساتەکە و بەو قوربانییەی لەبەردەستیدا بوە، ڕێوڕەسمەکەی بۆ ڕێکخستوە. تا ئێستاش پاشماوەی ئەو شوێنانە لە هەندێ لەو شارستانیانەدا ماوە و کە شوێنی چاوەڕوانی قوربانییەکە و شوێنی سەربڕینەکە بوە. کە زیاتر لەوە دەچێ بەردێکی گەورەی خڕ یان لاکێشە بوبێت و خوێنەکەی چۆڕاوەتەوە و کۆکراوەتەوە و دوایی پڕژێنراوە و یان بەلەپی دەست شوێن دەستی پاشاکانیان لە سەردیوار و دەرگاکان نەخشاندوە و شوێنی تایبەتیش بۆ سەیرکەران و دانیشتنی پاشا و دارودەستەکەی دیاریکراوە. ئەمە لە شارستانیەکانی ( ئەکەدی، سۆمەری، بابلی و ئاشوری ) هەبون، لای میسرییە کۆنەکان و عەرەب و کەنعانی فینیقیەکان و گەلی مایا و ئەمریکا و چینیەکانیشدا هەرهەبون.
لە ئایینی جولەکە و لە تەوراتدا ( سفر التکوین )، باسی قوربانی کراوە، پەیامبەر ئیبراهیم لە خەودا، خوا داوای لێدەکات، کە تاقە کورەکەی ئیسحاق، ببات و سەر ببڕێ، لەکاتی ڕۆیشتنی بۆ جێبەجێکردنی کارەکەی خودا دەیخاتە دڵیەوە و لە باتی، فەرمانی پێدەکرێت بەرانێکی قەڵەو سەربڕێت. ئیتر لەو کاتەوە جولەکەکان لە باتی مرۆڤ بەران یان بەرخ سەردەبڕن و دەیکەنە قوربانی. هەمان شت لە ئیسلامدا هەیە، بەڵام لە کلتوری ئیسلامدا دەلێن ئیسماعیلی کوڕی بردوە، وەک لە سورەتی الصافات ( 101 – 113 ) دا ، هاتوە بێئەوەی ناوی ئیسماعیل بهێنرێت. وە ئەمە لە ئیسلامدا بە ( الذبح المبارک ) ناوبراوە و هەروەها لە سورەتی ( کوثر ) یش باسی قوربانیکراوەو، هەندێ لە لێکۆلەرانیش لە ئیسلامدا، ( تقوی ) بە باشتر دەزانن وەک لە قوربانی( الاضحیة ) ئەویش بەپێی ئایەتی 37 لە سورەتی (الحج ) ( لن ینال اللە لحومها ولادمائها ولکن ینالە التقوی منکم کذلک سخرها لکم لتکبروا اللە ). هەندێکی دیکەش ئەمە زیاتر بە ( طقس الدینی ) دەچوێنن نەک پێویستی خەڵک بۆ گۆشت ( حاجة اللحوم ).
داعش و قاعدە یش بۆ ڕازیکردنی خوداوەندیان وەک خۆیان بیریان لێکربۆوە، دیلەکانیان سەردەبڕی. هەروەک چۆن والی کوفە ( خالد القسری ) لە سەدەی دوەمی کۆچی بۆ جەژنی قوربان، وەک ( الذبح المبارک )، ( جعد کوڕی درهەمی ) سەربڕی و ( ابن تمیمة و ابن القیم ) یش دەستخۆشیان لێکرد.
پێش ئیسلامیش لە مەککە و لە کاتی حەجدا، کاتێ لە عەرەفە وەستاون، قوربانیان کردوەو زیاتر حوشتریشیان سەربڕیوەو بە خوێنەکەی دیوارو دەرگای کەعبەیان پێ نەخشاندوە.
لە ئایینی مەسیحیشدا مریشکی سپیان لە جەژنی بەخشین و لێبوردندا ( الغفران ) دا سەربڕیوە. بەڵام زیاتر پارجە نانە ڕەقێکیان هێناوە، کە دەربڕین بوە بۆ بۆ پەیکەر و لەشی مەسیح و لە شەرابیان هەڵکێشاوە، وەک دەربڕینێک بۆ خوێنی مەسیح و خواردویانە.
میسریەکانیش لە کاتی قوربانیدا زەنگوڵەیان لە ملی گوێرەکە و پارێنەکانیان بەستوە. شانی ڕاستی بۆ خوداوەندو ئەوی دیکەی بۆ خەڵکی. ئەمریکیە کۆنەکان بۆ دیاردە سروشتیە ترسناکەکان ناوسکی قوربانییەکەیان دەرهێناوە و گەلی مایاش ( مندالێ بچوک و ساوا یان، قەل، ئاسک، سەگ ) یان کردوە بە قوربانی لە کاتی دەستبەکاربونی پاشاکانیان، یا بۆ نەخۆشی و وشکە ساڵ .
لای خۆشمان لە کاتی نەهامەتی و ترس لە زاڵم و، نەخۆشی و بۆ دەرچون و ڕزگار بون لەو نەهامەتیانە و وەدەستهێنانی خۆشی ومژدەبەخشی و سەرفرازبون، قوربانیان کردوە و سەربڕینیان ئەنجام داوە. سەربڕاوەکانیش زیاتر گاو گوێرەکە و مەر و بزن و قەل و مریشکیش بون.
دواهەمینیان وەک ئەوەی بینیمان بۆ ڕزگاربون لە پەتای کۆڕۆنا لە دێیەک لە ناوچەی پشدەر ی سەر بە پارێزگای سلێمانی نزیکەی ( 144 ) سەر ئاژەڵیان لە یەککاتدا سەربڕیوە و کردویانن بە قوربانی . وەک هەستی نەتەوایەتی ، و ئایینیەکە دەستخۆشیان لێدەکەین. لە هەستێکی پاک و دڵێکی پاکی کوردەواریانە کارەکەیان ئەنجام داوە. بە ڵام ئایا نە دەتوانرا و یا بۆ دواڕۆژ ناتوانرێ کاری زۆر لەوە پێویست ترو باشتر و شوێنگرتر بکرایە و بکرێت.
ئایا گەر ئەو کارە سودی هەبوایە ئەوا لە سعودیە، کە ئێستا ئەویش ڤایرۆسەکەی تیا بڵاوە، نەک 144، بەڵکە 1440 نەک ئەوەندە، بەڵکو سەدان ئەوەندە زیاتریش نە دەکرا بەقوربانی بۆ ئەوەی خۆیان هەمو موسڵمانانیشیان ڕزگار بکردایە.
وە هەروەک ئامار، ئایا دەزانن، کە لە ساڵی 2017 دا لەکاتی حەجدا حاجیانی وڵاتە ئیسلامیەکان زیاد لە 840 هەزار سەر مەڕیان سەربڕیوە و کردویانە بە قوربانی و بۆ سعودییەیان بەجێهێشتوە.
ئەم ڤایرۆسە زانست جۆرەکەی دۆزیوەتەوە و کات و شوێنی بڵاو بونەوەکەشیان دیاریکردووە و ڕۆژانە چەند کەس توش دەبێ و چەند دەمرێ و چەند چاکدەبێتەوە بەبێ شەرم لە هەمو جیهاندا بڵاوی دەکەنەوە و هە ر زانستیش دەتوانێ چارەسەی بۆ بدۆزێتەوە و مرۆڤایەتی لەم بەڵای پەتای جیهانگیرە ڕزگار بکات. کڕۆنا دەردو کێشەیەکی زانستی پزیشکیە و ڕوی لە مرۆڤایەتی کردوە و نە بە قوربانی و نەبە نوێژە بارانە و نە بە نوێژی بناری گۆیژە لە ناو دەچێ. وە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە پیرۆزی هیچ ئایینێکەوە نییەو لە دەسەڵاتی خوایش کەمناکاتەوە. بەڵام بە زۆر و بە شانۆگەری ئاسای هەندێ لە بەناو پیاوانی ئایینی و خۆناس بە ئیماندار و، ناپڕ لە زانیاری ئیسلامی و، کۆلکە سۆفی دەیانەوێ بەزۆر بیکەن بەکوڵکی ئیسلامەوە.
باشە لەباتی سەربڕینی ئەو ( 144 ) مەڕە، وەک خێر دابەشبکرایە بەسەر ( 24 ماڵی هەژاردا) هەر ماڵەی (6 سەر مەڕ ) ی بەرکەوتایە باشتر نەبو. خۆ خەڵک لەم کاتەدا پێویست بە گۆشت نییە، بەڵکو پێداویستی زۆر باشترو پێرۆزتر هەیە کە لە سلێمانی کراوە. ئەویش دروستکردنی نەخۆشخانەی (ئاسا) یە، بۆ ئەم پەتایەی ئێستاو لە دواڕۆژدا بۆ نەخۆشیە درمیەکان. کە جێگەی سوپاس و دەستخۆشیشیانە، کە لە هەمولایەکەوە لێیاندەکرێت. بەشداربو، وە خێرەومەندانی ئەو پڕۆژەیە ناویان وەک ( حەپسەخانی نەقیب و پیرەمێرد وکەریمی ئەلەکە و عەلی کەمال و عەلی ناجی و چەندانی دی ) دەمێنێتەوە لە مێژوی درەوشاوی شاری سلێمانی و نەتەوەی کوردا. ئەوا خەریکە ئەم کارە گەورەیەش ڕودەکاتە ناوچەی گەرمیان و پیاوچاکان و بەخشندان و خێرەومەندانی شاری کەلاریش نیازمەندن لەسەر ئەرکی خۆیان و بۆ خزمەتی ناوچەکەی خۆیان و لەسەر گیرفانی خۆیان ئەو کارە بەخششیە گەورە یە دوپات بکەنەوە.