دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: سلێمانى شارێکى نیمچە مردوو یاخود شارێکى بێهۆش کراو/ بەشى سێیەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک پێناسەى شار و شارستانیەت دەکەین، پێویستە بچینە سەرو بەها ئەخلاقیەکانەوە، کە مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر دوو تەوەرەى دژ بەیەک ( چا ک و خراپ ).
لەسەر ئەم بنەمایە ئەتوانین بڵێین زۆر ئاساییە شار نشینگەى کەسایەتى باش و خراپ بێت، بەڵام ئەوەى ئاسایی نییە کەسایەتى خراپ بەمانا دژە مرۆڤایەتیەکەى سەرکردە و دەسەڵاتدار و نوخوبەى کۆمەڵگا بێت، وەک ئەوەى ئێستا لەکۆمەڵگاى کوردستانى باشور و شارەکانى ڕوو دەدات.
سەرەڕاى پێناسەگەلێکى زۆر بۆ شار بەبیروبۆچوونى هەمەجۆر لەزۆر شوێن و سەردەمى جیاواز ئەکرێت لەم پێناسە سادەیەدا جێگیرى بکەین، شار/ نشینگەى چڕییەکى دانیشتوانى گەورەى شارستانی یە.
ئەگەر ئەم پێناسەیە (شار / نشینگەى چڕییەکى دانیشتوانى گەورەى شارستانی بێت ) مانایەک ببەخشێت ماناى ئەوەیە کۆڵەکەى سەرەکى بوونى شار شارستانیەتە، هەر بۆیە بەلەدەستدانى شارستانیەت شار سیما سەرەکیەکەى خۆى لەدەست دەدات وچیدى پێى ناوترێت شار.
کەدەڵیین شارى سلێمانى سیما سەرەکیەکەى خۆى لەدەستداوە مەبەستمان لەوەیە شارى سلێمانى شارستانیەتى خۆى لەدەستداوە.
کەواتە شارستانیەت چییە؟
بۆئەوەى بزانین شارستانیەت * سیماى سەرەکى شار* چییە ؟ ئەبێ پێناسەى شارستانیەت بکەین؟ .
شارستانیەت // سیستمێکى کۆمەڵایەتیە ، یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ زیادکردنى بەرهەمى ڕۆشنبیرى، پێک هاتووە لەچوار پێکهاتەى بنەڕەتى ” سەرچاوەى ئابوورى ـ سیستمى سیاسى ـ کلتوروداب ونەریت ـ بەدواداچوونى زانست و هونەر ” .
هەڵبەتە سەرەتاى شارستانى بەکۆتایى هاتنى ترس و دڵەڕاوکێ و ناڕێکى لەسیستمى ژیان دەستپێدەکات، ئەگەر مرۆڤ لەترس و دڵەڕاوکێ ڕزگار نەبێت ئاسۆى بیروبۆچوونى بۆ ژین و ژیان و ژینگە سنوردار دەبێت، دەرئەنجام بەهرەمەندى لەدەست دەدات وچیدى ناتوانێت ڕۆشنبیرى بۆ مرۆڤایەتى بەرهەم بهێنێت.
بێگومان کۆمەڵگایەک شارستانى بەرهەم دێنێت، کە ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێى تێدا نەبێت، کۆمەڵگایەک، کە سەروەرى سیستم و یاساى بەجۆرێک بێت دەسەڵاتى ڕەهاى مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان سنوردار بکات و چیدى سەرکردە نەبێتە خوداى سەر زەوى.
لەخۆڕا نەگوتراوە بەعەقڵیەتى کۆنکرێتى شۆڕشگێرى، کە مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر دوو تەوەرەى دژبەیەک ( چاک و خراپ ) پرۆسەى دەوڵەتدارى و ڕۆشنبیرى بەرهەم نایەت، باشترین نموونە مۆدێلى حکومڕانى کوردستانى باشوورە لەلایەن شۆڕشگیرەکانى ڕابروو نەوەکانی ئیستایان بەڕێوە دەچێت، هەڵبەتە خۆشمان بەشێکی زیندووین لەم مۆدێلە سەقەتە شکستخواردووە.
کاتێک عەقڵیەتى شۆڕشگێڕ بەویست وخواستى خۆى وەبەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دووتەوەرەى دژ بەیەک (چاک و خراپ) ئەو کات لێمان دەبێت بەخوداى سەر زەووى و هیچ فەزایەک بۆ سیستم و یاسا نامێنێت وشوناسى مرۆڤایەتى دەخاتە مەترسیەوە.
ئەزمونى حکومڕانى کوردستانى باشوور سەلماندى کەعەقڵیەتى شاخ عەقڵیەتێکى دژە یاساو دژە سیستمە، عەقڵیەتێکە شوناسى مرۆڤایەتى مرۆڤى کوردى سڕیوەتەوە و خۆى لێ بووە بەخوداى سەر زەوى، ئەم جۆرە لەعەقڵیەت بەرهەمهێنەرى فیۆدالیزمى ( دەرەبەگ ) کوردى سەردەمە نەک بەرهەمهێنەرى شارستانى و ڕۆشنبیرى.
باشترین پاڵپشتى زانستى بۆ ئەم بۆچوونە، ئیستا کوردستان خاوەنى زۆرەگەلێک فیۆدالیزمى ( دەرەبەگ ) دژبەیەکى درێژکراوەى شەرعیەتى شۆڕشگێڕی شاخە، ئەم عەقڵیەتە ناتوانێت کۆتایى بەترس و دڵەڕاوکێ وناجێگیرى کۆمەڵایەتى بهێنێت.
لەسەرتاى ڕاپەڕینەوە ئیستاشى لەگەڵدابێت ئەم دەسەڵاتدارانەى درێژکراوەى عەقڵیەتى شۆڕگێرى شاخن بۆ ساتیکیش بێت نەیانتوانیوە کێشەو دوژمنایەتى ڕابردوویان بەشێوەیەکى شارستانى چارەسەر بکەن و کۆتایى بەم عەقڵیەتە دەرەبەگایەتیە بهێنن، بۆیە ئەتوانین بڵێین تا ئەم عەقڵیەتە حکومڕانى کوردستان بکات ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ و ناجێگیرى کۆمەڵایەتى بەرۆکى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەرنادات، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کەبەعەقڵیەتى شاخ حکومڕانى شار ناکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت