زەبەنگ بەهادین: كۆرۆنا به‌شێك له‌ جه‌نگى نێوان ئه‌مریكا و چین.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ دواى ووتارى سه‌رۆكى چین له‌ ساڵى 2017 كه‌ به‌ روونى ووتى: ئێمه‌ چیتر خۆمان به‌ كارى لاوه‌كى سه‌رقاڵ ناكه‌ین و گه‌شه‌ به‌ ئابوورى چین ده‌ده‌ین. پێگه‌و ئابوورى چین له‌ دواى ئه‌و ووتاره‌وه‌ هه‌نگاوى گه‌وره‌ى نا و به‌ره‌و پێش چوونى چاوه‌روان نه‌كراوى به‌ خۆیه‌وه‌ بینى. ئه‌و گه‌شه‌ خێرایه‌ى له‌ ئابوورى و ته‌كنه‌لۆژى چین دا رووى دا، ئه‌مریكاى خسته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌ باشى بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى چین. سه‌ره‌تاى روو به‌رووبونه‌وه‌كان به‌ بریاره‌كه‌ى ترامپ ده‌ستى پێكرد به‌ زیادكرنى باجى گومرگى له‌سه‌ر هاورده‌ى چینى. پاشان به‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى كۆمپانیاى ته‌كنه‌لۆژى په‌یوه‌ندى یه‌كانى هواوى. چینىیه‌كان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ریتمى گه‌شه‌ى ئابوورى خۆیان به‌رده‌وام بوون. وه‌ رێگاى نوێیان دۆزیه‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى سیستمى ته‌كنه‌لۆژى به‌ده‌ر له‌ سیستمه‌كانى ئه‌مریكا، وه‌ك ئه‌وه‌ى بڵێن له‌مرۆ به‌ دوا جیهان ده‌كه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكى با ئێوه‌ سه‌ركردایتى بكه‌ن و به‌ سیستمى ئێوه‌ برۆن به‌رێوه‌، به‌شه‌كه‌ى دى ئێمه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كه‌ین و به‌ سیستمى ئێمه‌ ده‌رۆن به‌ رێوه‌.
زۆرینه‌ى ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى له‌ ئه‌مریكا كراون ئه‌وه‌یان نیشان داوه‌، كه‌ ئابوورى چین له‌ ساڵى 2030 ده‌بێته‌ دوو هێنده‌ى ئابوورى ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تى جیهان له‌جۆرى سه‌ركردایه‌تی له‌ تواناى سه‌ربازى به‌هێزه‌وه‌ ‌ گۆراوه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى به‌ تواناى ئابووربه‌هێز. به‌ واتاى ئابوورى به‌هێز سه‌ركردایه‌تى جیهان ده‌كات. ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ى چین كارێكى واى كرد ئه‌مریكى یه‌كان بیر له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى چین بكه‌نه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نا راسته‌وخۆ.
كۆرۆنا ئه‌و فایرۆسه‌ى هه‌موو جیهانى سه‌رقاڵ كردووه‌و كۆڵى به‌ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و مرۆڤایه‌تى داوه‌ تا ئێستا, هه‌ندێك له‌ لیكۆڵه‌ره‌كان كۆرۆنا به‌ فایرۆسێكى ده‌ستكردى ئه‌مریكا ده‌زانن بۆ داروخانى سیستمى ئابوورى چین. هه‌ندێكیش به‌ دروستكراوى چینى ده‌زانن بۆ بره‌و دان به‌ ئابوورى چین و، په‌لاماردانى ئابورى ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. هه‌ندێكیش به‌ كارێكى سروشتى دا ده‌نێن. لێره‌دا ئه‌مه‌ گرنگ نى یه‌ كۆرۆنا كورى كێ یه‌ و باوكى كێ یه‌ گرنگ كێ سوود مه‌ند ده‌بێت له‌ كۆرۆنا، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێ كۆرۆنا سه‌رجه‌م وولاتانى ئه‌وروپى خستۆته‌ شڵه‌ژانێكى قورس و دارمانى ئابورى یه‌كى خێراوه‌. له‌ هه‌مان كات هێدى هێدى ئه‌مریكاش ده‌گرێته‌وه‌. هێدى هێدى ئابوورى ئه‌مریكا ده‌كۆڵیت و لاوازى ده‌كات. په‌لام چین توانى سوود ببینێ له‌ كۆرۆنا وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌رى نێوان ئه‌مریكا و چین. هه‌ر زوو چینى یه‌كان ‌ زۆرینه‌ى پشكه‌كانى كۆمپانیا ئه‌مریكى و ئه‌وروپى یه‌كانى كریه‌وه‌ كه‌ پاش په‌یدا بوونى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ چین زۆرینه‌ى كۆمپانیا ئه‌وروپى و ئه‌مریكى یه‌كان نرخه‌كانیان زۆر دابه‌زى، ئه‌مه‌ هه‌لێكى دایه‌ چین بۆ كرینه‌وه‌ى زۆرینه‌ى كۆمپانیاكان.‌ به‌ڵام چین به‌ هۆى تواناى به‌ هێزى ئابوورى و ته‌كنه‌لۆژى توانى به‌سه‌ر كۆرۆنادا زاڵ بێت، ببێته‌ خاوه‌نى پشكه‌كانى كۆمپانیا ئه‌وروپى و ئه‌مریكى یه‌كان. وه‌ ئێستا ده‌بینین ژیانى پیشه‌سازى هێدى هێدى ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ریتمى خۆى، چین قازانجی کرد له‌ په‌تاكه‌, به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئێستا به‌ دوا سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانى ئه‌مریكا له‌ ئه‌مرۆ به‌ دوا قازانج نابینین و رۆژ له‌ دواى رۆژ به‌ره‌و داكشان ده‌رۆن.
سه‌ره‌نجام ئه‌م به‌ره‌و پێش چوونه‌ى چین ئه‌مریكا ته‌واو توره‌ ده‌كات و ترسى لێ ده‌نیشێت. چونكه‌ ئه‌مریكا باش ده‌زانێت كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تى جیهان له‌ ده‌ست ئه‌دات وه‌ چین سه‌ركردایه‌تى جیهان ده‌گرێته‌ ده‌ست. ئه‌مه‌ش لاى ئه‌مریكى یه‌كان زۆر قورسه‌و به‌ ئاسانى قبوڵ ناكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌مریكا ده‌بێت جه‌نگ له‌گه‌ڵ چین به‌رپا بكات. جه‌نگ به‌ شێوه‌ى ووشكانى نا، وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان نا، به‌لكو به‌ شێوه‌یكى ساده‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێت، كه‌ چین ناچار به‌ دانوستان بكات. چونكه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت داواى دانوستان له‌ چین بكات. به‌ڵكو ده‌یه‌وێت چین ناچار به‌ دانوستان بكات. ئه‌و دانوستانه‌ى له‌ نێوان ئه‌مریكا و چین ده‌بێت نه‌خشه‌ ریگایه‌كى نوێ یه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنى جیهانێكى نوێ به‌ شێوه‌یه‌كى نوێ به‌ سه‌ركردایه‌تى چین و ئه‌مریكا پێكه‌وه‌.