قوته‌یبه‌ فازڵ: كۆرۆنا وێستگه‌ی لێبوردن و ئاشته‌وایی.

له‌م ڕۆژانه‌دا، كه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی جیهان سه‌رقاڵی باسی په‌تای كۆرۆنا و چۆنیه‌تی خۆپارێزی و ڕێگاكانی خۆپارێزین له‌و دوژمنه‌ ترسناكه‌ی، كه‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌ دوژمنی مرۆڤایه‌تی ناویده‌بات. هه‌ندێكیش له‌ سیاسه‌تمه‌داران […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌م ڕۆژانه‌دا، كه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی جیهان سه‌رقاڵی باسی په‌تای كۆرۆنا و چۆنیه‌تی خۆپارێزی و ڕێگاكانی خۆپارێزین له‌و دوژمنه‌ ترسناكه‌ی، كه‌ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌ دوژمنی مرۆڤایه‌تی ناویده‌بات.
هه‌ندێكیش له‌ سیاسه‌تمه‌داران و ئابووریناسانیش به‌ جه‌نگێكی ئابووری نێوان زلهێزه‌كانی دونیای ده‌بینن، كه‌ بۆ ڕوخانی ئابووری یه‌كتر مرۆڤه‌كان ده‌كه‌نه‌ قوربانی.
له‌ ئێستا زۆربه‌ی خه‌ڵكی بۆ خۆپاراستن و به‌دوور بوون له‌و به‌ڵایه‌ له‌ نێو ماڵه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ چ به‌زۆر بێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ یاخود هه‌ر له‌ خودی خۆیانه‌وه‌ و بۆ خۆپارێزی‌.
له‌م سه‌روو به‌نده‌دا چینێكی فه‌رامۆشكراوی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه،‌ كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ چاوی ڕاگه‌یاندنه‌كان و هزری زۆربه‌شماندا نین‌. ئه‌ویش ئه‌و كه‌سانه‌ن، كه‌ له‌ نێو زیندان و گرتووخانه‌كاندا به‌ندن، زۆربه‌ی زۆریان خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ن و كه‌س و كارو خانه‌واده‌ی ئێمه‌ن. له‌م بارودۆخه‌دا ته‌نانه‌ت سه‌ردانیكردنیشیان لێ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ڕاسته‌ هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ به‌:
” تاوانێك یاخود به‌ مادده‌یه‌كی یاسایی یان به‌ هۆی هه‌ڵه‌ له‌ یاساكاندا یاخود به‌هۆی نادادی له‌ یاسادا “ كه‌وتوونه‌ته‌ نێو زیندان. به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ، كه‌ ئێمه‌ فه‌رامۆشیان بكه‌ین و له‌ بیر بكرێن. هیچ كه‌س نیه‌ هه‌ڵه‌ نه‌كات، ته‌نها خودای گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵه‌ به‌دووره‌. ئه‌وانیش مرۆڤن و زۆربه‌یان خاوه‌نی ده‌یان هیوا و ئاواتی مه‌زنن خاوه‌نی كه‌س و كار و خانه‌واده‌ن. به‌شێكیشیان خاوه‌نی بڕوانامه‌ی زانستین یاخود خاوه‌ن به‌هره‌ن، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و له‌م هه‌رێمه‌ و له‌م بارودوۆخه‌دا نه‌بوونایه،‌ ئێستا كه‌سێكی تر ده‌بوون، كه‌ خزمه‌تیان پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان ده‌كرد.
له‌م كاته‌دا ده‌مه‌وێ هه‌ندێك زانیاری بخه‌مه‌ ڕوو له‌و وڵاتانه‌ی، كه‌ تووشی په‌تای كۆرۆنا بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ زیندانیه‌كانیان ناوه‌.
كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له‌ (86) هه‌زار زیندانی ئازاد كرد، كه‌ زیندانیانی سیاسیشی تیادابووه‌، و به‌ بۆنه‌ی یاده‌كانی نه‌ورۆزیشه‌وه‌ بڕیار وایه‌ ڕابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران لێخۆشبوون بۆ (10) هه‌زار زیندانی سیاسی تریش ده‌ربكات.
له‌ ئه‌فغانستان به‌ هۆی ڕێكه‌وتنی تاڵیبان و حكومه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ ئاماده‌كاری ده‌كرێ بۆ ئازاد كردنی هه‌زاره‌ها زیندانی، له‌ ”میسر، لوبنان، ئیسرائیل، ئیتاڵیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا“ ده‌یان وڵاتی تریش، كه‌ خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه ‌چاره‌یه‌كی گونجاو و یاسایین بۆ ئازادكردنی زیندانیان و خاڵی كردنی زیندانه‌كان.
له‌ ئێستاشدا، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌ست ده‌یان كێشه‌ی ئابوری و سیاسیه‌وه‌ گیرۆده‌یه‌ و، په‌تای كۆرۆناش سه‌رباری هه‌موو كێشه‌كان زیادی كردوه‌. پێویسته‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان و یاساناسان، تاووتوێی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن و به‌هه‌ند وه‌ریبگرن. هاوتا له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا.
پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه،‌ كه‌ به‌ مه‌رج یاخود به‌ دانانی بارمته‌ یاخود به‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی یاسایی ده‌كرێت ده‌رگای زیندانه‌كان بكرێته‌وه‌ و، ده‌رفه‌تێكی تر به‌ زیندانیه‌كان بدرێته‌وه‌ بۆ ژیان.
ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت، كه‌ یادی نه‌ورۆزیشمان له‌ پێشه‌ گه‌رچی ئه‌مساڵ ئه‌و یاده‌ ناكرێته‌وه. به‌ڵام ده‌كرێ حكومه‌ت و په‌رله‌مان ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌ كلیلی ڕاگه‌یاندنی ئاشته‌وایی و لێبوردنێك له‌ نێوان زیندانیان و كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ نه‌بوونی مووچه‌ و بێ كاری و داخستنی دام و ده‌زگاو نه‌بوونی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كاندا، ده‌كرێ كه‌مێك ئاسوده‌یی و خۆشی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خانه‌واده‌ و كه‌س و كاری زیندانیه‌كان.
خودای گه‌وره‌ لێبورده‌ و به‌خشنده‌یه‌و، كه‌سانی به‌خشنده‌شی خۆش ده‌وێت.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
قوته‌یبه‌ فازڵ

ئەرشیڤی بەڕێز: قوته‌یبه‌ فازڵ