بەیار عومەر عەبدوڵا: ئومێدی چارەسەری کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم ڕێژانەی خوارەوە لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەواو ورد و دەقیق نین و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێن چونکە لە ھەندێک وڵاتدا وەک ئیتاڵیا خەلکی بەتەمەن زیاتر توش بوە بۆیە ڕێژەی مردنیش زیاترە، بەڵام تاڕادەیەک ئەم ڕێژانە نزیکن لە واقعەوە بەپێی ئەو نمونە و سامپڵانەی لە ئەمریکا وەرگیراون.
1- بە نزیکەیی لە 1000 کەسی توشبوو، 750 کەس زۆر بە کزی دەیگرێت و چاک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی ھەستی پێبکات و لەشی خێرا بەرگری پەیدا دەکات. ھەر بۆ نمونە لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکادا پشکنین کراوە و دەرکەوتوە 4 سیناتۆر ھەڵگری ڤایرۆسەکەن بەبێئەوەی ھەستیان پێکردبێت، لە ناویاندا ڕاند پاوڵە (Rand Paul) کە پزیشکە.
2- لەو 250 کەسەی دەمێنێتەوە، 150 یان ھەستدەکەن کە نەخۆشن بەڵام پێویستیان بە نەخۆشخانە نابێت چونکە تەنھا کەمێک قوڕگ ئێشە و سەرئێشە و تایان دەبێت و پاش ماوەیەک خۆیان چاک دەبنەوە و لەشیان بەرگری پەیدا دەکات.
3- ئەو 100 کەسەی دەمێنێتەوە، کە 10٪‏ ی توشبوان دەکات، بە قورسی دەیگرن و پێویستیان بە چاودێری وردی تەندروستی دەبێت کە بریتیە لە دابینکردنی ئامێری یارمەتی ھەناسەدان (Ventilator) لەگەڵ تێکەڵەیەک لە چارەسەری مەلاریا و ئەنفلوەنزا، یاخود چارەسەری ئیبۆلا، یاخود چارەسەری ئایدز.
4- لەو 100 کەسەش، نزیکەی 1 کەسیان ترسی مردنیان لەسەرە کە تەمەنیان سەروو 75 ساڵە و بەرگری لەشیان لاوازە و دوان لەنەخۆشیەکانی فشاری خوێن و دڵ و شەکرەیان ھەیە و فریای چاکبونەوە ناکەون.
ھەروەھا ئەو کەسانەی کە نێرگەلە و جگەرە دەکێشن دیسان زیاتر ترسیان لەسەرە چونکە خۆیان توانای سیەکانیان لاواز بوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆناش دەچێتە سیەکانیانەوە ئەوەندەی تر سیەکانیان لاواز دەبێت و چیتر توانای ئەوەی نامێنێت ئۆکسجینی پێویست بۆئەندامەکانەکانی لەش بنێرێت. سەرەنجام ئەندامەکانی لەش لەکاردەکەون و ئەو کەسەش دەمرێت. هەروەها ئەو کەسانەی کە کێشەی ڕەبو و حەساسیەتیان هەیە، وەک خۆم کە لە منداڵیەوە پێوەی گیرۆدەم.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چەند ڕێوشوێنێکی گرتۆتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
یەکەم، لە زانکۆی کۆڵۆمبیا (Columbia University) لە ئەمریکا کە خۆم خوێندکار بوم تیایدا، دکتۆرێکی بەناوبانگ ھەیە بە ناوی دکتۆر دەیڤد ھو (Dr. David Ho) کە بە ڕەچەڵەک تایوانیە و لە ساڵانی 90 ەکاندا سەرمەشقی دۆزینەوەی چارەسەر بوە بۆ ئایدز و دواتریش ئیبۆلا کە سەرەتا لە ئەفریقا بڵاوبۆوە. ھەرچەندە چارەسەرەکەی بۆ ئایدز بنبڕکەر نەبوو، بەڵام توانی ملیۆنەھا کەس لە مردن ڕزگاربکات.
ئێستا ئەم پزیشکە ڕاسپێردراوە, کە چارەسەر بۆ کۆرۆنا بدۆزێتەوە. واتە هەم ڤاکسین بۆ ڕێگری لە توشبون، ھەم دەرمان بۆ چارەسەری توشبوان. دکتۆر ھو پشکنینێکی پزیشکی داھێناوە کە دەتوانێت ٪‏75 ی مرۆڤەکان دەستنیشانبکات کە گرتویانە و چاکبونەتەوە بەبێئەوەی پێی بزانن.
چونکە ئێستا تەنھا پشکنینی ھەڵگری ڤایرۆسەکە ھەیە، بەڵام دکتۆر ھو پشکنینێکی داھێناوە کە دەستنیشانی دەکات کێ گرتویەتی و چاکبۆتەوە بەبێ ئەوەی پێیبزانێت لە ڕێی دۆزینەوەی دژەتەنەکانی کۆرۆناوە. ئێستا ئیدارەی ترەمپ فشار لە دەزگای خواردن و دەرمانی ئەمریکی (Food and Drug Administration) دەکات کە خێرا ڕەزامەندی لەسەر ئەم داھێنانەی دکتۆر ھو بدەن بۆ ئەوەی ٪‏75 ی ئەو خەڵکەی خۆی کەرەنتین کردوە بگەڕێتەوە سەر کار و ئابوری ئەمریکا نەوەستێت.
سەبارەت بە 25٪‏ ەکەی تریش، ئیدارەی ترەمپ نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلاری تەرخان کردوە ھەم بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین و چارەسەری ورد، ھەم بۆ ئەوەی زۆربەی کارگە گەورەکانی ئەمریکا لەجیاتی بەرھەمەکانی خۆیان، خەریکی بەرھەمھێنانی ئامێر و پێداویستی پزیشکی بن ھەتا دۆخەکە ھێور دەبێتەوە؛ بۆ نمونە کۆمپانیای (General Electric) ئێستا سەرقاڵی بەرھەمھێنانی ئامێر و پێداویستی پزیشکین.
شایەنی باسە ھاوشانی دکتۆر ھو، کۆمپانیاکانی کەیسەر (Kaiser) و جیلیاد (Gilead) و ڕیجێنێرۆن (Regeneron) و چەندین کۆمپانیای تری دەرمانی ئەمریکی و چینی و فەرەنسی و نێودەوڵەتی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاکسین و چارەسەرن.
لەوانەیە ھەندێک لە ھاوڕێیان بڵێن ئەمریکا و وڵاتانی تر چ پەیوەندیەکیان بە ئێمەوە ھەیە؟! بەڵام وەک خۆمان سەنتەری توێژینەوەی پزیشکی پێشکەوتومان نیە، دەتوانین سود لە پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای پزیشکی ئەوان وەربگرین و دوای ھاتنەبازاڕی ئەو پشکنینە وابکەین کە 75٪‏ی ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان بچنەوە سەر کار و ئابوری وڵاتەکە و گوزەرانی ھاوڵاتیان ئاساییبێتەوە.
سەبارەت بە 25٪‏ ەکەی تریش، حکومەتی ھەرێم و کەرتی تایبەت ھەوڵبدەن ھاوشێوەی ئەمریکا ئامێری ھەناسەدان و چارەسەرەکانی مەلاریا و ئەنفلوەنزا، یاخود ئیبۆلا، یاخود ئایدز بکڕن یان بەرھەم بھێنن. حکومەت دەتوانێت داوا لە ھەندێک کارگە بکات کە دەستبکەن بە دروستکردنی ئامێری ھەناسەدان یان بڕێکی زۆری لێھاوردە بکەن.
سێ جۆر دەرمانیش ھەن کە بەجیا بەکاردێن و دەتوانن تا ڕادەیەک ڤایرۆسەکە لاوازبکەن تا سوڕەکەی خۆی تەواو دەکات. سێ جۆر دەرمانەکە بریتین لە
1- کلۆرۆکوین (chloroquine) کە بۆ چارەسەری مەلاریا بەکاردێت. ئەم جۆرەیان لە ھەموویان ھەرزانترە و وڵاتە ھەژارەکان زیاتر پەنای بۆدەبەن. کۆمپانیای پایۆنێر لە سلێمانی بەنیازن ئەم دەرمانە و ئەزیسرۆمایسین (Azithromycin) بەرھەمبھێنن بۆچارەسەری کۆرۆنا، کە جێی دەستخۆشیە.
2- ڕێمدیسیڤیر (Remdesivir) کە بۆ چارەسەری ئییبۆلا بەکاردێت.
3- لۆپیناڤیر و ڕیتۆناڤیر (lopinavir and ritonavir) کە بۆ چارەسەری ئایدز بەکاردێن.
دەکرێت ئەم ڕێکارانە بەردەوام بێت ھەتا ڤاکسینی دیاریکراوی کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە.
ھەتا پشکنینەکەی دکتۆر ھو و ڤاکسینەکەی دێتەبازاڕەوە پێویستە پارێزگاری لە خۆمان بکەین و بەریەککەوتن کەمبکەینەوە و پەیرەوی ڕێنماییە تەندروستیەکان بکەین، چونکە کە ئەو پشکنین و ڤاکسین و دەرمانانە بونیان ھەبوو لەوانەیە توشیش بین زۆر کێشە نەبێت، بەڵام ئێستا کاتەکەی زۆر ھەستیارە ومادەم ھێشتا ئامێر و پشکنین و ڤاکسینی پێویست نیە ھەتا دەکرێت ھاتوچۆو و جموجۆڵ کەمبکەینەوە.
ئەمە سەبارەت بە ھاوڵاتیان، سەبارەت بە حکومەتیش، پێویستە موچە و بژێوی ھاوڵاتیان دابینبکات و لەم کاتە ھەستیارەدا دور بێت لە ڕق وناوچەگەرێتی، چونکە بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە پارە و خزمەتگوزاری بۆ زۆنی زەرد ھەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی وھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕیندا نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری بە سواڵ و سەدەقەی خێرخوازان دروست دەکرێن. ھەروەھا حکومەتی ھەرێم وەک پارە و خزمەتی لەم سنورە بڕیوەتەوە، ھەوڵی ناشرینکردنیشی دەدات لە ڕێی کەناڵەکانی ڕووداو و K24 ەوە.

تێبینی/ زۆربەی زانیاریەکانم لە دکتۆر ئارام وەرگرت، کە پورزامە و کوڕی شەهید حەمە سەعیدی گەڵاڵی ئەندازیاری کارەبایە. دکتۆر ئارام پاش شەهیدبونی باوکی لەگەڵ دایک و خوشک و براکەیدا ڕێگەی زەحمەتی هەندەرانیان گرتەبەر و لە وڵاتی سوید گیرسانەوە. لەوێ ئارام توانی پلەی دکتۆرا بەدەستبهێنێت لە زانکۆی کارۆلینسکای سویدی (Karolinska Institute) لە بواری ئەندازیاری جیناتدا (Genetic Engineering). ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی دوای دکتۆراکەیەتی (Post Doctorate Research) لە زانکۆی ھارڤاردی بەناوبانگی ئەمریکی.