زەبەنگ بەهادین: کام رێگا گونجاوە بۆ روو بوونەوەی فایروسی کورونا لە هەرێمی کوردوستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

توێژینەوەکان تا ئێستاش بەڵگەی دروستیان لە بەردەستدا نیە ئاخۆ رێکارەکانی وڵاتی چین دروستە بۆ بەرنگاربوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا یاخود رێکارەکانی وڵاتی بەریتانیا. هەندێک لە زانایان دەڵێن: دەبێت بەر لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگیرێت بۆئەوەی ژمارەی توشبوان کەم بێت، بەهیوای دۆزینەوەی پێکوتەیەک بۆ ڤایرۆسەکە لەداهاتودا و کۆتایهێنان بە فایرۆسی کۆرۆنا بەتەواوی. ئەم گریمانەیە لە هەمانکاتدا رێگەدەدات بە چارەسەرکردنی توشبوانی ئێستا بەشێوەیەکی ئاسنتر لەبەرئەوەی رێژەی توشبوان زۆر نیە، بۆیە ئاسانترە کونترۆڵی حاڵەتەكەیان دەکرێت و چارەسەری گونجاو دابیندەکرێت بۆ زۆرینەی توشبوان. بەڵام لێرەدا ئەو ترسەش بەهەند وەردەگیرێت، کە رەنگە تا ئەوکاتەی پێکوتەی فایرۆسەکە دەدۆزرێتەوە، فایرۆسەکە شێوەکەی خۆی گۆریبێت یاخود رەنگە پێکوتەکە سەرکەوتو نەبێت لەرێگرتن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکە.
بەبۆچونی لایەنی دوەم/ ئەم رێگا چارەی خۆپارێزیە تەنها کات درێژدەکاتەوە، دەنا ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی فایرۆسەکە لەئارادایە لە وەرزێکی تردام وەرەنگە بەشێوەیەکی توندتر بڵاوببێتەوە. چونکە ئەوان وای دەبینن کەئەم فایرۆسە جیهانیە، وە ئەگەری مانەوە یان سەرهەڵدانەوەی لەئارادایە. هەندێکی کە لە زانایان دەڵێن: نەخێر پێویستە ژیان ئاسایی بێت، خەڵک توشی ڤایرۆسەکە ببێت بۆ ئەوەی بەرگری سروشتی دروست ببێت لە ناو تاکەکاندا. ئەم گروپە لە زانایان پێیان وایە خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە تەنها کاتی توشبونی تاک بە نەخۆشیەک دورتردەخاتەوە، دەنا تازە ئەم ڤایرۆسە لە جیهاندا بوونی هەیە و، وەک هەر پەتایەکی وەرزی ئەگەرەکانی توشبونی مرۆڤەکان حەتمیە و، دەبێ زۆرینە توش ببێت. لەم گریمانەیەشدا ئەگەرە ترسناکەکە ئەوەیە، کە فایرۆسەکە بەشێکی زۆری تاکەکان لەناوبەرێت. لەبەرئەوەی ژمارەی زۆری نەخۆشەکان و نەبوونی پێداویستی پزیشکی بەو شێوە زۆرە ناتوانرێت فریای هەموو نەخۆشەکان بکەوێت. دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت لەهیچ ولاتێکدا تەنانەت وڵاتە زۆر پێشکەوتوەکانیشدا هیچ نەخۆشخانەیەکیان نیە بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی توشبوان بگرێت، لەبەرئەوەی هیچ ولاتێک نەخۆشخانە بۆ حاڵەتی لەناکاوی وەها دروست ناکات. لە هەمان کاتدا سەرەرای دروستبوونی بەرگری لەشی مرۆڤەکان بۆ فایرۆسەکە، ئەو گریمانیەش هەیە، کە رەنگە لەداهاتودا فایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەهێزتر هێرش بکاتە سەر ئەو مرۆڤانەی، کە رزگاربوون لە توشبونی یەکەمیان بە نەخۆشیەکە. تاکو ئێستاش جیهان لەدوو جەمسەری جیادان تەنانت لە ئەڵمانیا لەنێوان هەردوو هەرێمی Bayer و Nordrhein westfalen ئەم دابەشبوونە بەدیدەکرێت، هەرێمێکیان دەڵێت: با خەڵک ژیانی ئاسای بژی و توشی فایرۆسەکە ببێت تا بەرگری لەشی تاک ببێتە چەک بۆ داهاتوی. بەڵام هەرێمی دووەم، کە هەرێمی Bayer واتا هەريمی باڤاریان ژیانی بەتەواوی وەستاندوە دەڵێت: لە ئێستادا خۆپارێزی و راکردن لە فایرۆسەکە چارەسەرکەوتوەکەیە، گریمانەی راکردن یان بەرەنگاربوونەوە هیچیان تا ئێستا ئەنجامێکی بەرجەستەکراویان نیە تا جیهان بە پێی ئەو گریمانەیە کاربکات .
بە نسبەت هەرێمی کوردوستان باشترین هەڵبژاردە لە ئێستادا خۆپارێزیە لە نەخۆشیەکە لەبەرئەوەی توانای تەندروستی لێرە سنوردارە و ژمارەی بێدەکان کەمن، بۆیە لە ئەگەری توشبوونی تاکەکان بەشیوەیەک کەمتر ئاسنتر کۆنترۆڵی حالەتەکەی دەکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دابیندەکرێت، لەهەمان کاتدا ئەو پرسیارە ئاراستەی برا دکتۆرە بەرێزەکان و شارەزایانی بواری تەندروستی لە هەرێمی کوردوستان دەکرێ بۆ لێکۆڵینەوە و گەران و وەڵامدانەوەی، ئاخۆ لە ئێستادا کام ریگا گونجاوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی نەخۆشی کۆرونا لە کوردوستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت