رەزا شـوان: منـداڵان و کۆرۆنـا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڤایرۆسی کۆرۆنا (گۆڤـید ـ نـۆزدە) لە زۆربەی وڵاتانی جیهانـدا بڵاوبۆتەوە، بـووە بە پەتایەکی ترسناک و کوشندەی جیهانی و ژمارەی تووشبووان و مردووان رۆژ لە دوای رۆژ، لە زیادبوون و هەڵکشاندایە، مرۆڤی سەرقاڵکردوون هەموو بوارەکانی ژیانیشی سڕکردوون.. ڤایرۆسی کۆرۆنا جەنگـێکی بایۆلـۆژی و سایکۆلۆژی دەستەویەخـەی لە دژی مرۆڤ بەرپـا کردووە ، شەڕێکی گەردوونی وەهاش بەبێ زیان و قوربانیدان نییە.
تا ئەمڕۆ دەرمانێکی کاریگەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوتەوە.. بەڵام پزیشکان و دەرماسازان لە هەوڵ و کۆشش و تاقیکرنەوەی بەردەواماندا و زۆر نزیکبوونەتەوە لە بەرهەمهێنانی دەرمانی دژە کۆرۆنا. پێویستە گەشبین بین و بێ هیوا و بێ ئومێد نەبین.
پێویستە بە تەواوی پەیڕەوی رێنماییەکان خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا بکەین و مەترسییەکانی ئەم پەتایە بە هەنـد وەربگرین.. وتراویشە: “خۆپـاراست.. باشترە لە چارەسەرکردن”.. هـیوادارم کە تـووش نەبـن و لەم بەڵایـە بەدووربـن.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان (منداڵان و ڤایرۆسی کۆرۆنا).. بۆچی منداڵان کەمتر یا بە دەگمەن تووشی کۆرۆنا دەبن..؟! ئەم پرسیارە پزیشکان و زانایانی بواری تەندروستی و توێژەرانی ئەم دیاردەیەیان سەرسام کردووە ، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە وەڵامێکی راستی و گشتی کە بڕوایان پێی هەبێت.. ئەوەی تا ئێستاش لەم بارەیەوە بڵاویان کردوونەتەوە، بۆچوون و رای تایبەتییە. هەنـدێک پێیان وایە کە هـۆی تووشنەبوونی منداڵان بە پەتای کۆرۆنا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هـۆیانە:
1- لەبەر ئەوەی سییەکانی منداڵان پاکترن و هـەوای پيس کەمتر چووەتە سییەکانیان.
2- منداڵان جگەرە و نێرگەلە ناکێـشن، کە زیان بە سییەکان دەگەیەنن.
3- نەخۆشی درێـژخایـەن لە منـداڵانـدا کەمترە.
4- لەبەر ئەوەی منـداڵان قەڵەو نین و لە جـم و جووڵی بەردەوامـدان.
5- خانەکانی جەستەی منداڵان هوتێـل نین بۆ کۆرۆنا و بتوانن تێیانـدا بحەوێنەوە.
تا ئێستا وتـراوە کە کۆرۆنا مەتـرسی لەسەر تووشبوونی منداڵان نییە و نایگـرن.. بەڵام توێژینـەوەکـان ئەم بۆچـوونەیـان، بە هـەڵە خستەوە و بۆیـان دەرکـەوت کە منـداڵانیـش تووشی کۆرۆنا دەبـن و توانای گواستنەوەشیان بۆ کەسانی تر هـەیە.
ئەو هەواڵەش زۆر بە خێرایی بە جیهانـدا بڵاوبـۆوە، کە کۆرپەیەک دوای سی کاتژمێر لەدایکبوونی لە (5 / فێبرواری/ 2020 )دا لە وڵاتی چین، تووشی کۆرۆنا بوو، تا ئێستا بچووکترین منداڵی تووشبووی تـۆمارکراوە.
بە پێی تۆژینەوەکانی ناوەندی تەندروستی چین، ژمارەیەک منداڵانی خوار تەمەن ( 10 ) ساڵانیش تووشی پەتـای (گۆڤـید ـ 19 ) بوون، هەر ئەو ناوەنـدە رەتیشی کـردەوە، کە نیشانەکانی ئەم پەتایە لە منداڵانی تووشبوودا دەرناکـەون.
ئەو (27) منـداڵەی کە لە نەخۆشخانەکـانی شاری (وۆهـان)ی چـیندا خەوێنـران و پشکنینیان بۆ کرا، لە سەرتا هـیچ نیشانەیەکی پەتاکەیان تێدا دەرنەکەوتووە، تەنیا ئێشێکی کەمیان هەبووە، کەمێ کێشەشیان لە کۆئەندامی هەناسەیاندا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکیان گیانی لەدەست دا.
بەڵام (لـویس بـۆنت) کە پزیشکێکی هـۆڵەندییە، کە لـێکۆڵینەوەی لە کـێسەکـەی ئـەم منداڵەی چینییە کـردووە کە گیانی لەدەست داوە، بـۆی دەرکـەوتـووە، کە ئەو منـداڵە کێشەی دیکەی تەندروستی هەبـووە. واتە مردنەکەی بە هـۆی نەخۆشی ترەوە بووە.
پزیشکە هۆڵەندییەکە، ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کە منداڵانی کوڕ زۆرتر لە منداڵانی کچ تـووشی کۆڤـید نـۆزدە دەبـن.. هـیچ ئاماژەیەکـیشی بە هـۆی ئـەم جـیاوازییە نـەداوە. سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی چین، ئەوانیش لە تۆژینەوەیەکی وردا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە ژنـان و منداڵان ئەگەری کەمتریان هەیە بە تووشبوونی ڤایرۆسی کـۆرۆنـا و گیان لە دەسـتـدان.
لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵانی تووشبوو دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ گەورەکان بگوازنەوە.
تا ئێستا کەمترین رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا، لە ریزی منداڵانـدا هەیە.. تازەتـرین لێکۆڵینەوەش دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتـای کۆرۆنا، لە لایەن کۆمەڵەی پـزیشکی ئەمریکییەوە بڵاوکرایەـوە، توێـژێنەرەکان ئەوەیان لەم بڵاوکراوەکەیاندا راگەیانـد، کە تووشبووانی کۆرۆنا لە ریـزی منداڵانـدا، بە دەگمەن هـەیە.
مامۆستای زانستی ڤایرۆسەکان لە زانکۆی (ریدینگ) ی ئینگـلتەرا، دەڵێت:”بە هۆکاری نـاروون و نـاورد بە لامـانەوە، وا دەردەکەوێـت کە منـداڵان بە تـەواوی لەو ڤـایـرۆسە پارێـزراون، یان تووشبوونیـان بە قـورسی نیـیە”
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە منداڵان تووشی نموونەیەکی سووکی نەخۆشییەکە دەبن، بە جۆرێک کە هیچ نیشانەیەکیان پێـوە دیارنییە.. لە کۆتـاییدا دەبێتە هـۆی ئەوەی کە کەسوکاریان بە هەنـدی نەزانن و نەیان بەن بۆ لای پـزیشک یا نەخۆشخـانە.. بـۆیە حەڵەتەکانی تووشبوونیشیان تۆمارناکـرێـت.
مامۆستای وانەبێژ، خاتوو (ناتالی ماکدیرمۆت) لە لە زانکۆی لەنـدن، هاوڕایە و دەڵێت:
“ئەو منـداڵانەی کە تەمەنیان لە پێنج ساڵان زیاتـرە، لەگەڵ هەرزەکارانـدا، سیستمێکی بەرگری بەهێزی پارستنیان هەیە بۆ بەرگریکـردن لە دژی ڤایـرۆسەکان.. لەوانەیە کە تووشبن و ڤـایرۆس بچێتە گیانیانەوە، بەڵام بەسووکی نەخۆش دەکەون، لەوانەش کە هـیچ نیشانەیەکیان لێ بەدی نەکرێـت”
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ئێستا لە چـیندا، تەنیا روداو نییە، لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (سارس) لە چیندا، کە هۆیەکەی ڤایرۆسێکە هەر لە جۆرێ کۆرۆنا. لە ساڵی (2003 ) لە کۆی ( 8000 ) توشبوو (800) کەس گیانیان لەدەست دا.. لەو ژمارە تووشبووە، رێژەی تووشبوان لە ناو منداڵانـدا، نزیکەی (لە سەدا دە) بوون، بە سووکیش گرتیان.
لە ساڵی ( 2007 ) دا ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانه ئەمریکی راگەیاند کە ( 135 ) منـداڵ تووشی ڤـایرۆسی (سارس) بوونە.. بەڵام هـیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستـدان لە نێوان منـداڵان و هەرزەکارانـدا تۆمار نەکـرا.
هەر (ناتالی ماکدیرمۆت) لەو بڕوایەدایە، کە منداڵان بۆیە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون وەکو گەورەکان، چونکە پەتاکە لە کاتی سەری ساڵی تـازەی چـینیدا بڵاوبـۆوە، لەو کاتەدا قـوتابخانەکان داخـرابـوون. بۆیە رێژەی منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگمەنە، هەروەها دایکـان و باوکـانیش، لە هەموو کەس زیاتـر جگەرگۆشەکـانیان لە تووشبووان دووریان دەخـەنەوە.. بـەڵام لەگەڵ ئەوشـدا ڤـایـرۆسەکە تەشـەنەی کـرد و بـڵاوبـۆوە.. ئەو بیرۆکەیەش بە هـەڵە کەوتـەوە، کە منـداڵان تووشی کـۆرۆنـا نابـن و نایگـرن.
هەر لەم بارەیەوە، توێـژێنەرانی (ناوەنـدی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمریکی) دەڵـێن:
“ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو منداڵە تووشبووانە کردوون، ئەوانەی تەمەنیان لە دوانزە ساڵان کەمتر بوون، لە نەخۆشخانەکاندا پێویستییەکی کەمتریان بە چارەسەرکرن هەبووە”
سەرەڕای ئەوەی کە جەخـت لەسەر ژمارەیەکی کەمی منـداڵانی تووشـبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنان کرا، بەڵام شارەزایان بڕوایان بەوە نییە کە ئەم پەتایە بۆ منداڵان ناگوازرێتەوە و تـووش نابـن.
هەر لەم بارەیەوە (ئەنـدرۆ فـریمان) لە زانکۆی ( کاردیـڤ) لە (ویڵـز) کە شارەزایەکی نەخۆشییە گواستراوەکانە، دەڵێت:” ئەمە زیاتر راسترە کە منداڵان رادەیەکی بەرگـرییان لە دژی ڤـایرۆسی کۆرۆنـا هـەیە.. هـۆیەکی کەش بۆ ئـەوە دەگـەڕێتەوە کە دەسـەڵات بە دوادچوون بۆ حاڵەتەکانی منداڵان ناکات کە نیشانەکان لێیان دەرناکەون، یا بۆ ئەوانەی کە نیشانەکان بە سووکی لـێیان دەردەکـەون”

بەرزکردنەوەی ورەی منداڵان:
1- پێویستە بە شـێوازێکی ساکار و ئاسان، باسی ڤـایـرۆسی کۆرۆنا بۆ منـداڵان بکەین. ئەو مـژدەیەشیان پێـبدەین، کە منـداڵان زۆر بە کەمی تـووشی ئەم پەتـایە دەبـن، گەر خۆیان بپارێزن تووشینابن، گەر توشیشبن سووک دەیگـرن و زۆرش چاکـدەبنەوە.
2- داوایان لێبکەن کە پابەنـدبن بە رێنماییەکـانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە کـۆرۆنا. رۆژی چەنـد جارێک بە ئاوی شلەتـێن و بە سابوون، پاک دەستەکانیان و دەموچـاویـان بشـۆن.. گەر پێویستیشی کـرد لە گەڵ ئێـوەی دایکـان و باوکـانیانـدا بۆ شوێنێک بچـن، پێویستە دەمامک لە دەموچاویان بکەن و دەستکـێش لەدەستەکانیان بکەن.. تەوقـەش لەگەڵ کەس نەکەن، نەچنە شوێنی قەڵەباڵغی، پەنجەش بە دەم و لووت چاویان نەکەن.
3- گەر تووشی تەنگەنەفەسی و کۆکە و ئازار بوون و تایان لێهات و هەست بە ئێش و بێ تاقەتی بکەن.. پێویستە بیانبـەن بۆ نەخۆشخانە و پشکـنینی پێویستیان بۆ بکەن.
4- هەوڵبدەن بە چەند رێگایەک ورەی منداڵەکانتان بەرزبکەنەوە.. لە پێش منداڵەکانتان پێویستە خۆتانیش ورەتان بەرزبێت.. گەشبین و هیواداربن بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرانـادا.. تا منداڵەکانیشتان چـاو لە ئێوە بکەن و حاڵەتـێکی ئاسایی بێت بە لایـانەوە.
5- چـیرۆکی خۆش و هـۆنراوەی ناسک و مەتەڵـیان بۆ بخـوێننەوە و نوکتەی خۆشیان بۆ بگـێڕنەوە و لەگەڵیانـدا پێبکەنن و یـاری بکـەن.
6- قەڵـەمی رەنگـاوڕەنگ و کاغـەز بخـەنە بەردەستـیان.. با تاوێک بە وێنەکـردنـەوە سەرقـاڵـبن.. تێبـینی وێنەکـانیشیان بکـەن و بزانـن گوزارشـتیان لە چـی کـردوون.
7- بە وانەکـانی قوتابخـانەدا بچـنەوە.. گەر دەتـوانن وانـەی تازەیـان فـێـربکـەن.
8- رۆژی تاوێکـیش، با سەیـری بەرنامەکـانی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنـدا بکـەن.
9- لە ئیشوکاری ناوماڵـدا، ئەرکی سووکیان پێ بسپێرن و ستایشی کارەکـانیان بکەن.
10- بێگـومان خـواردن و خواردنـەوەی بـاش و پێویست، توانـای بەرگـری جەستەیی منـداڵەکـانتان لە دژی ڤـایـرۆسی کـۆرۆنـا و لە دژی هەمـوو جـۆرە ڤـایـرۆسەکـانی تر بەهـێز دەکات.. ئەمەش خاڵێکی گـرنگ و پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنـادا.
11- نووستن بە رادەی پێویست، بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسەکان بەهێزدەکات.. بۆیە پێویستە منداڵەکانتان رابهـێنن کە مەستی نووسـتن بـن.
12- بێجگە لەو خاڵانەی ئێمە باسمان کرد.. بە دڵـنیاییەوە ئێوەی دایکـان و باوکـانیش رێگای تر و بیـرۆکەی جـوانی ترتان هـەیە، بۆ سەرقاڵکـردنی منداڵەکـانتان و بۆ ورە بەرزکردنەوەیان لەم دۆخە نا ئاساییەی رووبەڕووی هەموو خێزان و تاکێک بۆتەوە.
رەزا شوان