شێرزاد شێخانى: حكومه‌تى هه‌رێم دواى په‌تاى كۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

(1) حكومه‌تى زێڕوه‌ره‌ق
سه‌يره‌ حكومه‌تێك، له‌فرۆكه‌خانه‌كانيدا فه‌رشى سوور بۆ ميوانه‌كانى رابخات، تيپى مۆسيقاى تايبه‌تيشى هه‌بێ بۆ پێشوازى له‌ميوانه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان به‌ سروودى نيشتمانيانه‌وه‌، له‌به‌ر ده‌ركى په‌رله‌مانه‌كه‌شى كۆمه‌ڵێك پاسه‌وانى به‌جلوبه‌رگى ره‌سه‌نى كوردى و تفه‌نگى برنه‌وه‌وه‌ له‌پێشوازى ميواناندا ‌بێ، مانگى ده‌يان وه‌فدى حكوميش بنێرێته‌ كۆڕو كۆڕبه‌ند و سيميناره‌ نێو ده‌وڵه‌تيه‌كانه‌وه‌، سه‌رۆكيشى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و پادشا و وه‌زيرى وڵاتاندا كۆ ببێته‌وه‌، سوپايه‌كى پڕچه‌ك و هێزێكى گه‌وره‌ى ئه‌منى و موخابه‌راتى و ده‌يان ليواو فه‌وجى حيمايه‌ى مه‌سئولانى هه‌بێ، هه‌موو خه‌سڵه‌تێكى ده‌وڵه‌تبوونى سه‌ربه‌خۆشى هه‌بێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بچووكترين قه‌يراندا نه‌توانێ به‌رگه‌ى پێنج رۆژى بێ پاره‌يى بگرێ و ميلله‌ته‌كه‌ى بخاته‌ سواڵكردنه‌وه‌؟!.
سه‌يره‌ كه‌سانێك به‌خۆيان بڵێن حكومه‌ت و ئه‌ندازيارى ئاوه‌دانى، به‌ڵام له‌ئاست بوونه‌وه‌رێكى بچووكى ته‌ليسكۆبيدا له ‌په‌لو پۆ بكه‌ون، نه‌توانن ساده‌ترين پێداويستيه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ژيانى هاوڵاتيانيان دابينبكه‌ن، چاويان له‌ده‌ستى خێره‌ومه‌ندانى وڵات بێت خه‌سته‌خانه‌ى بۆ دروست بكه‌ن!. سه‌يره‌ حكومه‌تێك ئه‌وه‌نده‌ى تيا نه‌بێ، مووچه‌ى يه‌ك مانگى فه‌رمانبه‌رانى پاشه‌كه‌وت كردبێ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌پێشهاتێكى وه‌كو ئه‌مڕۆدا به‌بێ منه‌تى مووچه‌ى يه‌ك مانگ بداته‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانى تا خۆيان رابگرن له‌به‌رامبه‌ر هێرشى بوونه‌وه‌رێكى مايكرۆسكۆبى!. ئافه‌رين حكومه‌ت، له‌بچووكترين ته‌حه‌ديدا كرنووش بۆ حكومه‌تى به‌غدا ببه‌يت كه‌ رۆژانه‌ به‌ داگييركه‌ر وه‌سفى ئه‌كه‌يت، هانا بۆ چه‌ته‌كانى مافيا ببه‌يت بۆ يارمه‌تيدانى ميلله‌ته‌ بێده‌ره‌تانه‌كه‌ت . ئێستا ده‌ركه‌وت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌رێم هيچ ژێرخانێكى ئابوورى نييه‌، كه‌ ئه‌مه‌ كۆڵه‌گه‌ى هه‌ر حكومه‌تيكى نيشتمانييه‌!.

(2) نه‌وته‌ نه‌عله‌تييه‌كه‌ ته‌سليم به‌به‌غدا بكه‌ن
له‌وه‌ته‌ى ئه‌و نه‌وته‌ نه‌عله‌تييه‌ له‌كوردستان دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌جياتى ئه‌وه‌ى ببێته‌ مايه‌ى خۆشگوزه‌رانى وه‌كو هه‌ر وڵاتێكى دونيا و داهاته‌كه‌ى بخرێته‌ خزمه‌تى ژێرخانى هه‌رێم، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌ به‌مايه‌ى نه‌هامه‌تيه‌كى بێوێنه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان. هه‌ر له‌بن سه‌رى ئه‌و سه‌روه‌ته‌ نه‌عله‌تيه‌شدا په‌يوه‌ندى هه‌رێم وبه‌غدا تێكچوو‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا نه‌ سامانى نه‌وته‌كه‌مان‌ توانى بچووكترين خۆشگوزه‌رانى بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكا، نه‌هێشتى به‌غداش وه‌كو هه‌ر ناوچه‌يه‌كى ترى عيراق له‌بودجه‌ى زه‌به‌لاحى ساڵانه‌يدا پشكى هه‌رێم بنێرێ، هه‌ر ئه‌و‌ نه‌وته‌ى هه‌رێميش بوو به‌ پاسا‌وێك بۆ بڕينى بودجه‌ى هه‌رێم كه‌ خه‌ڵكى خسته‌ سواڵكردنه‌وه‌.
گومان له‌وه‌دا نيه‌ داهاتى نه‌وتى هه‌رێم به‌شى هه‌موو كوردستان ئه‌كات به‌ زياده‌شه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو داهاته‌كان ده‌چنه‌ گيرفانى ژماره‌يه‌كى بچووكى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم و هيچ سوودێكى بۆ ميلله‌ت نه‌بووه‌، ته‌نها دووكه‌ڵه‌ ره‌شه‌كه‌ى نه‌بێ!. جا ئه‌گه‌ر داهاته‌كه‌ى ناتوانێ پێداويستى خه‌ڵكى هه‌رێم دابينبكات، ئيدى ئه‌و هه‌موو عينادييه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆچييه؟ ئه‌سڵه‌ن ‌ بۆچى ده‌ريئه‌هێنن و ئه‌يفرۆشن؟ بۆچى ته‌سليمى به‌غداى ناكه‌نه‌وه‌ له‌م نه‌هامه‌تى و نه‌عله‌تييه‌ى نه‌وت نه‌جاتيمان بێت.
عيراق ده‌وڵه‌ته‌، بمانه‌و‌ێ ونه‌مانه‌وێ ئه‌مه‌ واقيعه‌كه‌يه‌، هيچكات ده‌وڵه‌تێكى نه‌وتى وه‌كو عيراق كه‌ خاوه‌ن يه‌ده‌گێكى زۆر گه‌وره‌ى نه‌وته‌، تووشى ئيفلاسى نابێ وه‌كو هه‌ندێ به‌رپرسى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمايه‌داره‌كان به‌رژه‌وه‌ندييان له‌گه‌ڵ عيراقدا هه‌يه‌، هه‌ر له‌به‌ر نه‌وته‌كه‌ى هاوكارى ده‌كه‌ن و ده‌ستى ده‌گرن، كه‌واته‌ باشترين چاره‌سه‌ر بۆ وه‌زعى دارايى هه‌رێم ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نه‌وته‌كه‌ ته‌سليم به ‌به‌غدا بكه‌ن و واز له‌و سياسه‌تى فاشيلى‌ ئابوورى سه‌ربه‌خۆ بێنن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو پێمباشه‌ دينار به‌دينارى داهاته‌ ناوخۆييه‌كانيش به‌ گومره‌گه‌كانيشه‌وه‌ ته‌سليم به‌به‌غدا بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى بيانوويان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مێنێ له‌ ناردى پشكى هه‌رێم له‌بودجه‌ى عيراق، چونكه‌ ته‌نها به‌و بودجه‌يه‌ ده‌توانن هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ببه‌ن تا ئه‌و كاته‌ى زروفێكى له‌بارتر بۆ سه‌ربه‌خۆيى دێته ‌پێش ئه‌وسا با بڕيارى خۆيان بده‌ن. چونكه‌ به‌مشێوه‌يه‌ى ئێستا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم هه‌ميشه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ره‌، به‌و عينادييه‌ى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێم ناتوانێ يه‌ك بست هه‌رێم بباته‌ پێشه‌وه‌، با حكومه‌ت ئه‌م ده‌رگايه‌ له‌خۆى بكاته‌وه‌، ميلله‌ته‌كه‌مان تۆزێك هه‌ناسه‌ى ئيسراحه‌ت هه‌ڵكێشى، چونكه‌ هه‌ر قه‌يرانێكى ترى دارايى وه‌كو ساڵانى پێشتر بێگو‌مان قبوڵكراو نابێ و دوور نيه‌ ببێته‌‌ سه‌ره‌تاى شڵه‌ژانێكى جه‌ماوه‌رى له‌دژى ئه‌و ماڵوێرانييه‌ى تووشى‌ ميلله‌ت هاتووه‌.

(3 ) هه‌رێم له‌دواى په‌تاكه‌
ئه‌م په‌تا نه‌گرييسه‌ى كۆرۆنا زۆر له‌عه‌يبو عاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى ئاشكرا كرد. پێمانى‌ نيشاندا تا چ راده‌‌يه‌ك حكومه‌ته‌كه‌مان كه‌مته‌رخه‌م وشكستخواردووه‌ له‌زۆربه‌ى سێكته‌ره‌كانى به‌رێوه‌بردندا. له ‌رووى داراييه‌وه‌ ده‌ركه‌وت حكومه‌ت هيچ سياسه‌تێكى روونى نيه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى قه‌يرانه‌ كاتييه‌كان. ته‌ند‌روستى فاشيلترين كه‌رتى حكومييه‌، ئه‌م كه‌رته‌ گرنگه‌ ته‌سليم به‌ده‌ستى تاقمێكى خوێنمژو گه‌نده‌ڵ ومافيا كراوه‌ . وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌جياتى ئه‌وه‌ى كار بۆ خزمه‌تى هاوڵاتيان بكات، هه‌موو كاره‌كانى داوه‌ته‌ ده‌ست كۆمپانياى ده‌رمان و خه‌سته‌خانه‌ ئه‌هلييه‌كانه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ته‌نها واجيهه‌يه‌ك‌ بێت بۆ رێكخستنى كاروبارى ئه‌و كۆمپانيا ئه‌هلييانه‌. واقيعى كه‌رتى ته‌ندروستى حكومى زۆر زۆر وێرانه‌يه‌، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكانێك به‌ ياريكردن به‌موقه‌دراتى خه‌ڵكه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ملياردێر. ئه‌م په‌تايه‌ پێى وتين كه‌وا ژيان و مان و نه‌مانى ميلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ست ژماره‌يه‌ك كۆمپانياى مافياى ده‌رمان و خاوه‌ن نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلييه‌كانه‌وه‌يه‌، حكومه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ كاره‌ساتێكى وه‌ك كۆرۆناشدا ناتوانێ خه‌سته‌خانه‌يه‌كى 30 قه‌ره‌وێڵه‌يى كاتيش دروست بكات.
له‌رووى خزمه‌تگوزارييه‌كانى تره‌وه‌ وه‌كو كه‌رتى كاره‌با، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ بڕى پێويستى كاره‌با له‌هه‌ڕيمدا هه‌يه‌، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ئه‌نقه‌ست نايدات به‌خه‌ڵك، ئه‌وه‌تا ئێسا به‌داخستنى فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت ده‌توانن له‌گه‌ڵ موه‌ليده‌ ئه‌هليه‌كان بيستوچوار سه‌عاتى كاره‌با بده‌نه‌ ماڵان، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێ كه‌وا حكومه‌ت ده‌توانى له‌رۆژانى ئاساييدا له‌دواى ده‌وامى فه‌رمانگه‌كان هه‌مان بڕى ئێستاى كاره‌با دابينبكات. زۆرجار وتراوه‌ حكومه‌ت به‌ئه‌نقه‌ست كاره‌با نادات بۆ ئه‌وه‌ى خاوه‌ن‌ موه‌ليده‌ ئه‌هلييه‌كان زه‌ره‌ر نه‌كه‌ن ، وا دياره‌ ئه‌وانيش شه‌ريكه‌ به‌شى حكومه‌تن ، ياخود با بڵيين دڵسۆزانى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت هه‌مووى به‌زه‌ره‌رى خه‌ڵك ته‌واو ده‌بێ، لێره‌وه‌ ده‌توانين بڵێين كه‌وا حكومه‌ت له‌توانيادايه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى زه‌ره‌ر له‌خاوه‌ن موه‌ليده‌كانيش بدات پێكه‌وه‌ وه‌كو ئێستا كاره‌باى به‌رده‌وام بده‌نه‌ ماڵان.
جا ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك نه‌توانێ خه‌سته‌خانه‌ دروستبكات، كاره‌با دابينبكات، مووچه‌ى خه‌ڵك بدات، خێروبێره‌كه‌ى بۆ ميلله‌ت چييه‌ غه‌يرى بارگرانى و ماڵوێرانى نه‌بێ؟.. ئيتر به‌سه‌ ياريكردن به‌ موقه‌ده‌راتى خه‌ڵك، به‌سه‌ زۆڵمو زۆردارى، دونيا له‌دواى كۆرۆنا گۆڕاوه‌، ئه‌م حكومه‌ته‌ش ئه‌گه‌ر خۆى نه‌گۆڕێ گومان له‌وه‌دا نيه‌ كه‌ چاره‌نووسى له‌قه‌تران ره‌شتر ئه‌بێ.