بورهان شێخ ڕەئوف: جیهان دواى کۆرۆنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم سەدەى بیست ویەکە هەرلەسەرەتاکەیەوە وەکوسەدەکانى پێش خۆى نەبوو، هەرلە ڕوداوەکانى (11) سپتەمبەرى 2001 کەدواترجیهانى گۆڕى، ئەمریکیەکان پەلامارى ئەفغانستانیان داوحکومەتى تالیبانیان ڕووخان و ئەو وڵاتەیان داگیرکرد، لە 2003 شدا عێراقیان داگیرکرد، ئەو کەرەسانەى لەڕوداوەکانى 11 سپتەمبەردا بەکارهاتن جیاوازبوو لە کەرەسەو چەکەکانى هێرش بردنى تەقلیدى، ئەمان کەڵکیان لەبلیتى گەشتکردن بەفڕۆکە وەرگرت تاوەکو دەست بگرن بەسەر فڕۆکەى مەدەنى و بەکارى بێنن بۆ پەلامارى تاوەرەکانى ناوەندى بازرگانى جیهانی لەنیۆرک و بنتاگۆن، نەک بەبۆمبى ئەتۆمى.
لەئێستاشدا ئەوەى ڕوو دەدات کە هەمووجیهانى تووشى شۆک کردووە و دەتوانین بڵێین ژیانى مرۆڤایەتى ئیفلیج کردووە ڤایرۆسێکى بچکۆلەیە و بەچاونابینرێت ئەویش (کۆرۆناى کۆڤید_19)ەیە کەبۆتە پەتاو دەردێکى نەگریس و ترس و لەرزێکى ئێجگارگەورەى خستۆتەدڵى دانیشتوانى گۆى زەوى.
ئەوەى وامان لێدەکات بگەینە ئەو باوەڕەو بڵێین کەجیهانى دواى کۆرۆنا جیهانێکى جیاوازترە کە پرسیار و گومانى گەورەمان لەلا دروستدەکات لەسەرچەمکەکانى دەوڵەت و سنورو و جیهانگیرى و یەکێتی و هاوپەیمانیە زەبەلاحە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکان بەتایبەتى یەکێتى ئەوروپا کەسنورەکانیان لەسەریەک داخستووە.
ئەگەر سەدەى پێشوو بەدیارى کراوى لەدەیەى هەشتاکانى دا جەنگى ساردى نێوان دووجەمسەرى ئەوسا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لەناتۆو یەکێتى سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانى لە هاوپەیمانى وارسۆ پێشبڕکێ یان لەسەرشەڕى ئەستێرکان دەکردو ملیارەها دۆلاریان بۆخەرج کرد، بەڵام ئێستا کۆرۆنا ڤایرۆس لەسەرگۆى زەمین نەک بەربین و بەر دەرگاى بەهەمووان گرتووە، بەڵکو هەمووکون و قوژبنێکى سەرزەمینى داگیر کردووەو هەڕەشە لە مرۆڤ و شارستانیتیەکەى دەکات.
لە بەرامبەریشدا کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دەستەوسانە تا ئێستا، بەڵگەش لێدوان و وتەکانى زۆرێک لە سەرکردەکانى جیهانە هەر لەترەمپەوە تاوەکو رۆبن جۆنسۆن و ئنگیلا مێرکل و سەرۆکى ئیتالیاو ئەوانى تریش.
ئەوەى مایەى تێڕامان و لەسەروەستانە بۆ گەلانى سەرزەوى و بەتایبەتى وڵاتانى زلهێز کە لە کاربەدەستەکانیان بپرسن ئەوەى بۆ شەڕى ساردوو شەڕى ئەستێرەکان خەرجتان کرد بۆ ژێرخانى تەندروستى و بەگژاچوونەوەى دەردوپەتاکان بکرایە ئێستا ژیانى گەلان جۆرێکى دى بوو.
لەهەمان کاتدا ڕوداوەکانى سەردەمى کۆرۆنا شەرعیەت وڕەوایەتى زۆر دام و دەزگاو ڕێکخراو وجومگەى زەبەلاح و چەورخۆردەخەنە ژێرپرسیارەوە کە ئیتر مانەوەیان هیچ بەهاوکاریگەرییەکى بۆ کۆمەڵگاکان نیە و لەبەرامبەریشدا زۆر دەزگاو فەرمانگەش ڕۆڵى کاراو لێهاتووانەیان بینى کە دەکرێت گەشەیان پێ بدرێت.
لەکۆتاییدا کۆرۆنا ئەو بەڵا نەگریسە کە بەدواى مرۆڤەکانەوەیە لەزەمین و ئاسمان و دەریاشەوە هەمووى لەمرۆڤ یاساغ کردووە، تاوەکو ژوورى نووستن و مزگەوت و کەنیسەکان و هەموو خانەوشوێنەکانى عیبادەتى ئاینەکانى تریش بۆ نەومەراسیمەکانى پرسە، جەژنى دایک و هەموو جەژنەکانى تریش، تاکە چارەسەرێک تاوەکو نها کاربەدەستانى وڵاتان بەگەلەکانیانى دەبێژن لەماڵەوە دابنیشن، بزانین تاکوێ دەتوانین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت