عوسمان عومەر: جەنگى بایۆلۆژى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جەنگى بایۆلۆژى بە ئینگلیزى پێى دەگوترێ Biological Warfare بە جەنگى مایکرۆبیش ناودەبرێ. جەنگى بایۆلۆژى جەنگێکى بێدەنگە, نابینرێ, تۆقێنەرە, بکوژە, وێرانکەرى ئابورى ولآتانة, ئەوانە هەندێ لە تایبتمەندیەکانى جەنگى بایۆلۆژین. هەندێ لە زاناو پسپۆرەکانى ئەم بوارە بەمەترسىدارترى دەزانن لە جەنگى کیمیاوى و جەنگى ئەتۆمیش کە لەگەڵ بیریۆچونى پسپۆرە سەربازى و هەواڵگریەکان یەک دەگرنەوە. ئەم جەنگە بەکارهێنانى جۆرە میکرۆبیک یا ڤایرۆسێک یا کەڕویەک لەخۆدەگرێ، کە تواناى هەیە ڕوبەرێکى فراوان بگرێتەوە. لەکۆن دا بۆتە هۆی بلاوبونەوەى زۆر نەخۆشى وەک ( ڕەشەبرین جمرە خبیثة)،گەر هەڵەنەبم لەکاتى شەرەکانى ئەنفالى سالى 1988 رژێمى عیراق بەهۆى شکستە یەک لەدوا یەکەکانى لەهێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر مەڵبەندەکانی 3 و 4 هەندێ تۆپى ئەو جمرە خەبیسەیەى بەکار هێنابوو. وەک لەیادم بێ لە بروسکەیەدا دکتۆر حسین تالەبانى داواى دەرزى ئەو جۆرە نەخۆشیەى دەکرد. زۆر نەخۆشى ترى وەک گرانەتا, خوێن بەربونى ڤایرۆسى و هەندێ لەنەخۆشیەکانى سنگ و تەنانەت ئاوڵەش.
ئەم سەدەیەى ئیستا تێیدا دەژین جەنگى بایۆلۆژى لە ئارادایە، بەهۆى پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیاوە جەنگى بایۆلۆژى گەیشتۆتە ئەوپەرى لە کاتى شەرو ململانێکان دا وولاتان هەولى بەدەستهێنانى کوشندەترین چەک و جبەخانە دەدەن.

کورتە مێژویەکى جەنگى بابۆلۆژى

لەدێرزەمانەوە مرۆڤ هەستى بەو نەخۆشى درمانە کردوە کە ڕووبەروى مرۆڤ دەبنەوەو لەناوى دەبات زیاتر لە شمشێرو رم و تۆپ. دۆزینەوەى ڤایرۆس و میکروب هەر ڕێخۆشکەر نەبوە بۆ ئەو جەنگە، بەلکو گیاندارە ترسناکەکانیش خراوەتە خزمەتى ئەو بوارە، وەک مار و ڕشک و ئەسپێ کە نەخۆشى دەگوازنەوە. یەکێ لەوبەڵگە دیکۆمێنتکراوانە دەگەرێتەوە بۆ سالى 400 – 500 پ.ز کاتێ شاعیر و پیاوى ئەسینا بەناوى سۆلۆن هەستاوە بە ژەهرکردنە ناو ئەو ئاوەى دەگەیشتە شارى کیراى کۆن بە گیایەکى ژەهراوى بەناوى (زین یا خربق). سالى 400 پ.ز تیر هاوێژە ئێرانیەکانى سیثیا سکیثیا هەستاون بە خستنەناو سەرى ڕمەکانیان بۆناو جەستەى کوژراوەکان و خوێنەکەیان, دواتر پەیناوى کردنى.
لە سەدەى شەشەمى پ.ز ئاشوریەکان هەستاون بەژەهراوى کردنى ئەو بیرە ئاوانەى دوژمنەکانیان ئاویان لێخواردۆتەوە بەجۆرە قارچکێکى ژەهراوە بەناوى ( مهمان الجودر)، ئەم جۆرە قارچکە دەبێتە هۆى وڕێنە یا بزرکاندن. لە ئیستادا دەرمانى بێهۆشکەر (بەنج)ى LSD لێ دروست دەکرێ، سالى 184ى پ.ز حەنابە على سەرکردە هەستاوە بە هاویشتنى مارى ژەهرى بەسەر دوژمنەکانیان لەجەنگێکى دەریایی ئەوە وای لێکردون شپرزە ببن و بەسەریان دا سەرکەوتون.

لەکۆتاییەکانى سەدەى پانزەم دۆزەرە ئیسپانیەکان کە ئەمریکاى باشوریان دۆزیەوە سەرکردەکەیان بەناوى (بزارۆ بثاور) جلى پیس کراوبە فایرۆسى ئاوڵەى پێشکەش هیندیە سورەکان کرد، سالى 1346ز هێزەکانى تاتار لاشەى بەرکەوتوانى تاعونیان بەبەرد هاوێژ لەسەر دیوارەکانى شارى کافاى کریمە دەهاویشتە سەر دوژمنان، ئیسپانیەکان ساڵى 1495ز شەرابیان لەگەل توشبوانى نەخۆشى گولى تێکەل دەکرد و لە ناپۆلی ئیتالیا بە فرەنسیەکانیان دەفرۆشت. سالى 1710ز سۆپاى رۆسیا کاتێ ئابلوقەى شارى ڕاڤالى سویدى دا، هەمان شێوازى تێدا بەکارهێناوە. ساڵى 1767ز ئینگلیزەکان سزاى هەندێ لەهۆزى هیندیە سورەکانیان دا لە ئۆهایۆ و پنسسلڤانیاى ئەمریکا بەرێگاى بەخشینى جلوبەرگى ئالودەکراو بەنەخۆشى ئاولە. ساڵى 1763ز بەریتانیەکان بەتانى توشبوانى نەخۆشى ئاوڵەیان لەناو خەلکى رەسەنى ئەمریکا بلاوکردەوە. ساڵى 1797 ناپلیۆن بەمەبەستى بلاوکردنەوەى مەلاریا لە ناو مانتۆئاى ئیتالیا لافاوى لە دەشتەکانى دەوروبەر دروستکرد و ساڵى1863 لە شەرى ناوخۆى ئەمریکا ئیتحادیەکان لەشەرى ناوخۆى ئەمریکادا جل و بەرگى توشبوانى تاى زەرد و ئاوڵەیان لە ناو هێزەکانى ئەمریکا بلاوکردەوە.
لەیەکەم جەنگى جیهانىدا، ئەلمانيا بەوە تۆمەتبارکرا، کە میگەلە ئاژەلى نەخۆشیەک لە ئاژەل دایە توشى زمان و قاچى دەبێ بە عەرەبى (الحمى القلاعیە). هەروەها بەوەش تۆمتەباریان کردن، کە هەولى بلاوکردنەوەى کۆلێرا لە ئیتالیاو تاعون لە روسیا بلاوبکەنەوە.
ساڵى 1936 ژپۆنیەکان گەورەترین پرۆژەیان بۆ چەکى بایۆلۆجى دامەزران و زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر بەندیەکانى مەنشوریا ئەنجام دا بەلێدانى دەرزى نەخۆشى کۆلێرا و تاعون وڕەشە برین لەدووەم جەنگى جیهان ئەم بەکتریایانەى لە شارەکانى چین بەهۆى بۆمبى (نیوەتەقیو انشطار)ى بڵاوکردەوە .سالى 1941 بەریتانیەکان تاقیکردنەوەیەکان لە سەر نەخۆشى ئەنثراکس لە دوورگەى گرونارد لە کەناراوەکانى سکۆتلەندا ئەنجام دا تا ئێستا ڕیگەنادرێ خەلک بچنە ئەوێ، چونکە خاکەکەى پیس بووە. ساڵى 1960 هەندێ گومان هەبوو، کە سوپاى ئەمریکا لە ڤیەتنام چەکى بابۆلۆجى بەکار هێنا بێ. ساڵى 1979 تەقینەوەیەکى گەورە لە سەربازگەی سفیردلفسکى یەکیتى سۆڤیەتى جاران ڕووى دا سەدان کەس گیانیان لەدەست دا بەهۆى جەمرە خەبیسەوە ئەنثراکس دواتر بۆریس یەلتسن سالى 1992 دانى بەوەدا نا، کە ئەوە سەنتەرێکى لیکۆلینەوەى چەکى بایۆلۆجى بووە. سالى 2001 هەندێ گومان هەبوو، کە لە ڕیگاى نامەوە کە ئەنثراکسى تێکراوە بۆ هەندێ کەس لە ویلایەتە یەکگرتوەکان نێردراوەو، هەندێکیانى کوشتوە. نمونەیەکى تر لەکاتى داگیرکارى بەریتانیا بۆ هیندستان سەرکردەى سوپاى بەریتانیا دوو کڵاوو دوو دەسەسرى بۆ سەرۆک هۆزە هندیەکان بە دیارى نارد ئەویش ڤایرۆس رێژکراوبو بە بە ڤایرۆسى ئاوڵە, بەمەش هێزى هیندیەکان بلاوەى لێکرد بۆ چەند شوێنى دوور لەیەکەوە دواى کزبونى مردن بە ئاوڵەکە جارێکى تر سالى 1817 و 1840 سەرى هەلدایەوە ئەمجارەیان نیوەى دانیشتوانە رەسەنەکانى کوشت بۆیە مەترسى جەکى بایۆلوجىلەوەدایە دەتوانرێ بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى دیکە. ئەمە تا سەدەى بیستەم وا بەردەوام بوو کاتێ بەریتانیەکان لە باشورى خۆرهەلاتى ئاسیا دەرمانیان بەکارهێنا بۆ لەناوبردنى دارستان و گژوگیا تا شەرکەرە ئاسیایەکان نەتوانن لێ وەر بگرن.
تەقاندنەوەى مادەى ژەهراوى ووردە زیندەوەر و بلاوکردنەوەى، کە هۆکارن بۆ نەخۆشکەوتن و مردنى مرۆڤ یا بێهێزو تواناکردنى و لەناو بردنى کشتوکال و زیندەوەر و پیسکردنى ژینگەو ئاڵودەکردنى. ئەم چەکە مەترسیدارە زۆرجار ئاسەوارى درێژخایەنى لەگەل دەبێ. بۆ نمونە هەرچەند کیمیا بارانى هەلبجە بەچەکى کیمیاوى بوو نەک بایۆلۆجى، تا ئیستاش زۆرکەس پێوەى دەنالێنن و گیانى زۆرێکى لەناوبردوە. یەکێ لەوانە هاورێى عدد بیتەل کاروان توفیق بە هۆى کاریگەرى ئەو چەکەوە گیانى سپارد، دواى 27 ساڵ لە خۆڕاگرى بەرامبەر ئازارو مەینەتیەکان.
جەنگى بایۆلۆژى لەوکاتەى زیانى گیانى و ماددى دەگەیەنێ لەهەمانکاتیش وورە دادەبەزێنێ و دلەڕاوکێ دروست دەکات هەرلەکۆنەوە لەجەنگەکان بە مەبەست هۆکارى بایۆلۆجى بەکار هێنراوە. بۆنمونە لەجەنگى دووەمى جیهان کاتێ هیتلەر ئاگادارکرا، کە هەندێ لە فەرماندەکانى سەرپێچى فەرمانەکانیان کردوە, بەرێگایەک سزاى داون ئەویش بەندکردنیان هەریەکەیان بەجیاو دەستبەستراوى لەزیندانەکە بەلوعەیەکى ئاوهەبووە تکە تکە ئاوى لێهاتوە، بەلام پێیان گوتراوە ئەوە گازێکى کوشندەى لیوە دێت لە ماوەى 6 کاتژمێر دەتانگوژێ, دواى 4 سەعات دوانیان مردن و سێیەمیش لە گیانەڵادا بوو. کەواتە بابەتى گازىکە فێلێک و جەنگێکى دەرونى بووە بۆیە لە ئیستادا وەک ڕاى خۆم پێم باش نییە بەتایبەت ڤایرۆسى کۆڕۆنا لەئارادایە بگوترێ ڤایرۆسەکە کەوتۆتە کوچەو کۆلانەکان، چونکە کاریگەرى دەرونى بەسەر خەلکەوە دەبێت.. https://pulpit.alwatanvoice.com/

چۆنیەتى بلاوبونەوەى
سێ ڕیگاى بنەرەتى هەیە بۆ بڵاوکردنەوەى کاریگەرە بایۆلۆژیەکان:

یەکەم/ بەهۆى پێستەوە

دووەم/ لەرێگاى خواردن خواردنەوەى پیسەوە

سێیەم/ بەهۆى هەوا, ئەوەیان لەهەمویان زیاتر کاریگەرى هەیە بۆ گواستنەوەى فأیرۆسەکان و سوپاى وولاتە زلهێزەکان لە توانایان دایە بە هۆى فرۆکەو و کەشتیە بۆمب هاوێژەکان و تۆپباران کردن و رێگەى موشەک بارانەوە ڤایرۆسەکان بلاو بکەنەوە.

چۆنیەتى خۆپاراستن
خۆپارستن لەچەکى بایۆلۆژى یەکێکە لەگرفتەکانى لەگەل خۆکوتان خۆپارێزیەکە لەو جۆرە چەکە, لەگەل ئەوەش دابین کردنى جل و بەرگى تایبەت ماسکى تایبەت. لەکارە خۆپارێزیەکانى تر داپۆشینى سەرى ئاو و خواردەمەنیەکان بەرزکردنى ئاستى خۆپارێزى تا دەگاتە ئاستى کەرەنتینە کردن و ڕشاندنى ئەو ناوچانەى، کە زانراوە ئەو چەکەى پێدا دراوە. لەزۆر بارودۆخیش جێهێشتنى ناوچەکەیە.

ژەهرە بایۆلۆجى لەچى دەردەهێنرێ
ژەهرەبابۆلۆژیەکان و ڤایرۆسەکان لە زۆربەیکات لە زیندەوەران وەردەگیرێ وەک مار, جالجلۆکە ژەهراویەکان, کەروەکان, لەگەل زەهرى زیندەوەرێکى دیکە تێکەل دەکرێ. بۆیە سەرەتا ئەستەمە بتوانرێ چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە ئەوەش پەیوەندى بە زانستى زیندەوەر ناسىیەوە هەیە لەبابەتێک بەناوى جینیتک ئەویش دەستوەردانە لە جینى ئەو زیندەوەرانە و هێنانە کایەى زیندەوەرێکى نوێ، کە زۆر لەوانى پێشوتر کوشندەتر بێ و زۆرجار فلیمى سینەمایی لەو جۆرە پێشاندراوە دواتر لەکۆنترۆلیان دەرچوە بۆتە دڕندەیەکى تر.

ئەو پەیماننامەو پرۆتۆکۆلە نێودەولەتیانەى سەبارەت جەنگى بایۆلۆژى:
جەنگى بایۆلۆژى نەک هەربەرگرى کردنى تێیدا ئەستەمە، بەلکو لە رووى هێرشیشەوە هەر قورسە. کەواتە ناتوانرێ دەستى بەسەردا بگێرێ و ئەو ناوچانە دیاری بکرێ، کە کاریگەیان لەسەرە. بۆیە لەچەکى کیمیاوى مەترسى دارترە. بۆیە لە چوارچیوەى چەکى کۆمەل کوژ ناودەبرێ. هەر ئەمەش بووە هۆى ئەوەى بەدرێژایی سەدەى بیستەم رێگرى کراوە لە بڵاوبونەوەو بەکارهێنانى و قەدەغە کردنى ئەو جۆرە چەکە.
دەولەتە زلهێزەکان لەسالى 1925ز پەیماننامەى جنێفیان واژوو کردووە، کە بەهەمو شێوەیەک بەکارهێنانى چەکى بەکتریۆلۆژى لە جەنگەکان بەکاربهێنرێو 29 دەولەت ئەو پەیماننامەیەیان واژوو کرد، تەنها ویلایەتەیەکگرتوەکان یەکێک لە دیارترین ئەو وولاتانە بوو، کە نەچوەژێربارى ئەو پەیماننامەیە.
کۆمەلەى گشتى نەتەوەکان لەکانونى یەکەمى سالى 1966 بریارێکى دەکرد، کە پێویستە هەموو دەولەتان پێوەى پابەندى ئەو پرۆتۆکۆلە بن. بەریتانیەکان لە شەستەکانى سەدەى ڕابووردوو هەولێکى بێوچانى دەدا بەئاراستەى چەک دامالینى چەکى بایۆلۆجى و لەلایەن یەکیتى سۆڤیەتى جارانەوە پشتیوانى لێ دەکرا. لەلایەکى ترەوە سالى 1969 سەرۆکى ئەمریکا ریچارد نیکسۆن نارەزایی دەربڕى سەبارەت بەکارهێنانى چەکى بایۆلۆجى و بڕیارى هەرچى چەکى بایۆلوجى وولاتەکەى هەیە لەناوببات. بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز، دەولەتى ئیسرائیل لەدەولەتانە نییە، کە واژووى پەیماننامەى جنیفى کردبێ.
کۆتا پەیماننامەى واژوو کراو دەگەرێتەوە بۆ سالى 2013 بەناوى پەیماننامەى چەکى بایۆلۆجى (BWC) کە 180 دەولەت واژوویان کردووە، کە چەکى بایۆلۆجى قەدەغە بکرێ و لە جەنگ بەکار نەهێنرێ, پێشنەخرێ, دروستنەکرێ تەنانەت کۆگاکردنیشى، بەلام زۆر لەدەولەتان پابەندنین پێوەى.
لەکۆتایی دا لەگەل کۆک بونى زۆربەى دەولەتان لەبەکارنەهێنانى چەکى بایۆلوجى وپێشنەخستنى و بلاوبونەوەین. کەچى لەسەرەتاى هەشتاکانى سەدەى ڕابوردو هەندێ لەدەولەتە زلهێزەکان یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بەئەنجامدانى تاقیکردنەوەى بایۆلۆجى بەنهێنى.
بیگومان ئەستەمە بتوانرێ بلاوبونەوەى چەکى بایۆلۆجى کۆنترۆل بکرێ هۆکارەکە زۆرسانایە بەئاسانى دەتوانرێ گەشەى پێبدرێ و پیشبخرێ.

سەرچاوەکان:
• ویکپیدیا
/www.marefa.org
/annabaa.org
• بۆ هەندێ لە مێژوەکان سودم لە الوطن ڤۆیس وەرگرتوە
• بۆهەندێکى تر لەمیژوەکان سودم لە://ida2at.org
• سودیشم لەگرتە ڤیدیۆیەکى مۆر کردوە بۆ چەندبرگەیەک.