بەهرۆز جەعفەر: کارتە نوێیەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تورکیا ئەیەوێ هێزێکی پارتی یان یەکێتی یان لیوایەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە « زینی وەرتێ » جێگیر بکرێت. کە ئەو ناوچەیە پەکەکە ی لێیە. بۆچی تورکیا ئەیەوێ ئەمە بکات؟. خەڵکی بە ئاگای ئەو ناوچەیە ئەڵێن ئەگەر ئەوێ لە پەکەکە وەربگیرێت ئەوا قەندیل دادەبڕێت لە کارۆخ و رواندز و وەرتێ و دۆڵی شاورێ. بەتایبەتی کاروخ شوێنێکی گرنگە لە ڕووی سەربازییەوەو ئەتواندرێت جڵەوی هاتوچۆو چاودێریی تەواوەتی قەندیلی لێوە بکرێت. بۆیە پەکەکە قبوڵ ناکات هیچ هێزێکی دیکە لەوێ بێت جگە لە خۆیان. یەکێتی و پارتیش هێزی زیاتریان بەرەو ئەو ناوچەیە جوڵاندوەو گرژی دروست بوە. پەکەکە یەکێتی و پارتی ئاگادار کردۆتەوە ئەگەر لە زینی وەرتێ هێزی پێشمەرگە یا لیوای هاوبەش جێگیربکرێت هێرشدەکەنە سەریان
تورکیاش پێداگرە کە دەبێت هێزێکی پارتی یان یەکێتی بچێتە ئەو شوێنە. بەڵام لە بەرانبەر چی دا هەرێمی کوردستان ئەمە ئەکات!؟. چ ستراتیژیەتێک هەیە کە هەرێمی کوردستان یان ئەو دوو حیزبە سەرەکیە وە یاخود هەر یەکێک لەو حیزبانە ئەمە بۆ تورکیا ئەکەن؟.
لە 30 ی جوڵای 2019 لە ڕۆژنامەی ڕووداو و میدیا فەرمیەکانی دیکە بابەتێکی ئێمە هەیە بەناونیشانی « عێراق و تورکیا: ووزە بەیەک ئەدەن یان ووزەی یەکتر ئەبڕن؟»… لینکی بابەتەکە لە خوارەوە دائەنێم. پێش ئەوەش ئێمە لە هەولێر چاومان بە چەند ڕاوێژکارو لێکۆڵەرێکی نزیک لە ئاکپارتی کرد کە لە ناوەندی ئۆرسام لە چانکایەوە هاتبون. ئەوان ئەگەرچی لە بنچینەدا هاتبون دەمو گفتی ئەم کابینە تازەیە تاقی بکەنەوە کە بە سەرۆکایەتی « مەسرور بارزانی » پێکدێ، چونکە پێشوتر و ئێستاش « نێچیرڤان بارزانی» دڵخوازیان بوە. ئەیانویست تێبگەن ئایا ستراتیجی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر مەلەفی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوت وەک خۆی ئەمێنێتەوە؟.
سەرەتای دانیشتنەکە کە لەناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو بەڕێوە چو، یەکەم پرسیاری من لە پڕۆفیسۆر « ئەحمەدی ویساڵ» و بەرپرسی مەلەفی عێراق و ووزە ئەوەبو، ئێوە ئەتانەوێ سنورێکی تر لەگەڵ عێراق بکەنەوە و دەروازەی نێودەوڵەتی برایم خەلیل کە تاکە دەروازەی ووشکانی عێراق و تورکیایە پەک بخەن یان کزی بکەن؟. ئەوان ئەوکاتە ئینکاریان کرد، دیبلۆماسیانە ئەیانگوت هەموو سەرکەوتنێکی عێراق بەسەرکەوتنی هەرێمی کوردستان ئەزانین و هەموو پێشکەوتنێک لە هەرێمی کوردستانیش بە پێشکەوتنی عێراق ئەزانین (ئەمە 2019 ) بو…ئێستا (2020) ە، تورکیا لەهەموو کاتێک باشتر ئەزانێت یەکێتیەک لە نێوان حیزبەکانی باشور و پەکەکە مایەی هەڵسانەوەو مانەوەی کوردە لانی کەمی لە سێ پارچەی کوردستان ( باشور و ڕۆژئاواو باکور) بۆیە بە بێ فشاری تورکیا نییە کە پارتی و یەکێتی هێز لەو ناوچانەی پەکەکەنشینن جێگیر ئەکرێت.
تورکیا، لە ( 2020 ) دا سەرەڕای گرفتە ناوخۆییەکانی کارتەکانی دەستی بەرانبەر هەرێمی کوردستان زۆرن. ڕاوێژکارو ڕێنیشاندەری مستەر ئەردۆگان بۆ ئەوەی ئەو میکانیزمانە بەرانبەر حیزبەکانی باشوری کوردستان بگرێتە بەر کوردێکە بەناوی « بەرهەم ئەحمەد ساڵەح» کە سوود لە پۆستەکەی ئەبینێت وەک سەرۆک کۆماری عێراق!. یەکێک لەو کارتانە مەرزی سمێڵکا تا ئەگاتە برایم خەلیل دابخات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق بکاتەوە. تا ئەوەی لە ئایندەدا بەناو خاکی عێراق دا غازی سروشتی لە قەتەرەوە بگاتە تورکیا. بەمەش بەیەکجاریی بازاڕی دیکە جێگەی بازاڕی هەرێم بۆ تورکیا ئەگرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت