شوان داودی: دۆخی ئێستای یەکێتی و، وانەیەک لە حزبی شیوعی عیراقەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گۆشەی لە ژێر چاویلکەوە ژ/38
ئەگەر کەمێ بگەڕێینەوە مێژوویەکی کورت کە هێشتا زۆرێک لە شایەد حالەکان لە ژیاندان، دەبینین لە حەفتاکانی سەدەی رابردودا چۆن حزبی بەعس توانی حزبی شیوعی عێراقی (حشع) لە خشتە بەرێ و لە حزبێکی عەقایدی جەماوەری گەورەوە کەهەژموونی بە سەر دەوڵەوت و دەسەڵاتی سیاسی و کۆی کایەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا هەبوو بکاتە تەیرێکی مەعقوڵ بەشێوەیەک ئەم حزبە دوای ڕوخانی بەعسیش نەتوانی بەشێک لەو پێگەیەی خۆی بگەڕێنێتەوە لە باشترین حاڵەتیدا لە گەڵ سەردرییەکاندا براوتە هاوپەیمانێتیەوە ئەوجاش ژمارەی کورسیەکانی لە پەنجاکانی یەک دەست کەمتر بێت.
بەعس لە سەرەتای دەستبەسەداگرتنی دەسەڵاتدا کە لاواز بوو، پێویستی بە هاوبەشێک هەبوو لە پێناو پتەو کردنی دەسەڵاتەکەیدا، وەک هەنگاوی یەکەم لە گەڵ شیوعیەکاندا ( جبهة الوطنية التقدمية) يان دروست كردو به شێوەیەکی ناڕاستەو خۆ وایان لە پارتی کرد چونی بۆ ناو ئەو جەبهەیە قبوڵ نەکات و دور بکەوێتەوە.
دوای رێککەوتی جەزایەر لە 6ی ئازاری 1975و کۆتایی هێنان بە شۆڕشی ئەیلوول کە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا بە ئاشیەتاڵ ناسراوە، بەعسیەکان کاریان بە هاوپەیمانەکەیان نەماو حزبی شیوعیان کردە ئامانج، هەر لە نیوەی دووەمی ساڵی 1975 وە سیاسەتێکی جیاوازیان گرتەبەر لە پێ دانی بەرتیل و پۆست و پایە و ئیمتیازات بە بەشێک لە سەرکردە و کادرەکانی( حشع) لە هەمان کاتدا گوشار خستنەسەر و تۆقاندنی رێکخستەنەکان و هەوادارانی (حشع) کە لە ئەدەبیاتی خۆیاندا پێی دەڵێن ( مضايقة وترغيب وترهيب). لەدرێژەی پەیرەو کردنی ئەم سیاسەتەدا کادیر و سەرکردەکانی رێکخراوە جەماوەری و دیموکراتیەکانیان کردە ئامانجی سەرەکی و گروپەکەی کەمال شاکر سکرتێری پێشوی حزبی شیوعی کوردستان دەستگیر کران و حوکم دران ، هاوکات لە فەرمانگە حکوومیەکانی سەر بە دەوڵەت هەمان سیاسەت بەسەر شیوعیەکاندا جێبەجێکران.
لەو سەردەمە (حشع) بەدوو وەزیر، هەریەک لە (عامر عبداللە العاني و مكرم الطالباني) بەشدار بوون لە حکومەت، وەزیرەکان و عەزیز مەحەمەدیش کە سکرتێری(حشع) بوو لەو کاتانەدا ئەرکی سەرەکییان بوو بە موراجەعە کردن بۆ لای سەدام و حزبی بەعس بۆ بەردانی کادرە دەستگیرکراوەکانیان، لە سەر داوای ئەوان بەر دەدران، ئەمە لای ئەو سەرکردانە دەکرا بە دەستکەوت، ئەندامانی سەر بەو سەرکردانە وەک خاڵی بەهێزی خۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد، بە پێچەوانەوە لە لایەن بەشێکی زۆری کادرو قاعیدەی حزبەوە نیگەرانی زۆری لێ دەکەوتەوە و سەرکردەکانی حزبیان بە موونەرم بەرامبەر بەعس لە قەڵەم دەدا و بە تەسلیم بوون تومەتباریان دەکردن، لە گەڵ بەردەوامی ئەو دۆخەو و دوبارە بونەوەی ئەو دیاردەیە ڕۆژ بە ڕۆژ متمانە لە نێوان سەرکردایەتی حزب و ئەندامانی وبنکە جەماوەرییەکەی لاواز دەبوو کار گەیشتە ئەوەی داوای کشانەوە لە جەبهە وهەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی لە گەڵ بەعس بکەن، بەڵام لە ژێر فشاری یەکێتی (سۆڤیەت و قیادە تەقلیدییەکەی عەزیز مەحەمەد) درێژەیان بە هاوپەیمانێتی بەعس داو لەجەبهە مانەوە، تا ساڵی 1978کە هەڵمەتی شیوعی قران لە لایەن بەعسەوە دەستی پێکرد و نزیکەی (69)هەزاز کەس لە کادر و ئەندام و هەوادارانی (حشع)خرانە زیندانەوە ئەوەی پاکانەی ئیمزا نەکردبایە روناکی نابینی.
بیرمان نەچێ لە ساڵانی 1976-1977 ژمارەیە ئەفسەری شیوعی لە سوپا دەستگیر کران و بە تومەتی رێکخستن لە ناو سوپادا لە سێدارە دران چونکە بە پێی یاسا حزبی قائد نەبێ هیچ حزبێک بۆی نیە ڕێکخستن لە ناو سوپادا ئەنجام بدا.
لە دوای ڕوخانی بەعس یەکێ لە براکانی علی حسن مەجید کەناوی هاشم بوو کە ماوەیەک پارێزگاری کەرکوک بوو دەستگیر کرا ، نەتوانرا هیچ بەڵگەیەكی لە سەر بگیرێت کە تاوانی کردوە لە کاتێکدا تاوانی زۆری لە تەعریب و دەرکردنی ماڵی کوردا هەبوو، چونکە هەمووی بە پێی یاسا بەرکارەکان ئەنجامدابوو، بەعس ئەنفالیشی بەپێی یاسا ئەنجام دا ، کەسێکی لە سێدارە نەدەدا تەمەنی خوار 18ساڵی بوایە لیژنەی بۆی دروست دەکرد بە قانون تەمەنی گەورە دەکردەوە ئەوجا لە سێدارەی دەدا وەک سەدام حوسێن دەیگوت یاسا وەک لاستیک وایە بە دەستی خۆمانە درێژی بکەین یان کورت.
ئەگەر بەراوردێکی واقعیانەی دۆخی ئێستای خۆمان وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ پارتی و دۆخی ئەوکاتی (حشع)و هاوپەیمانەکەی بکەین لەهەمان دۆخداین. چونکە ئێستا پارتی وەکو جاران لاواز نیە و پێویستی بە رێککەوتنی ستراتیژی لە گەڵ یەکێتی نەماوە، شەری داعش کۆتایی هاتووە و مەترسی شەڕ لە ئارادا نیە، زۆرینەی پەرلەمانی دەستبەر کردوە و کەمینەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردوە، لە زۆنی سەوز هاوپەیمانی لە گەڵ گۆاڕن کردوە و بە پارەو بەرتیل و پلە و پۆست لایەنەکانی تری کریوە یان بێ دەنگ کردوە، سەرباری زۆرینەی پەرلەمانی کۆی جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئابوری و دارایی، ئاسایش و سەربازی، داواکاری گشتی و دادوەری ، پەیوەندی ودیبلۆماسی و پایتەختشی مۆنۆپۆل کردوە. بۆیە یەکێتیەکی تازە بە سەرکردایەتیەکی لاسارەوە بۆ پارتی لە سەر ئێشە زیاتر نیە.
هەڤاڵ ئەرسەلان بایز کاتی خۆی لیپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بوو لە دانشتنیکدا قسەیەکی زۆر بەنرخی کرد, ئەگەر لە بیری مابێت، وتی: هەڤاڵینە ئەگەر یەکێتی لاواز بێت پارتی بە یاسا هەموومان قۆڵبەست دەکات. ماوەیەکە لەدوای ریفراندۆم و لێکەوتەکانی و بە تایبەت دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی و کەنارگیر کردنی قیادە تەقلیدیە موونەرمەکەی یەکێتی ، پارتی بە عەمەلی دەستی بە پووچ کردنەوەی یەکێتی کردوە.
روداوەکانی زینی ورەتێ و دەستگیر کردنی کادرەکانی دوای بەردانیان رونکردنەوەکەی ئاسایشی سۆران و هەموو ئەو گوشار و فشارانەی لە زۆنی زەرد و لە فەرمانگە حکومیەکان دەخرێنە سەر ئەندام و هەوادارانی یەکێتی، هەموویان ئەوەمان پێ دەڵێن کە دەبێت وانەیەک لە حزبی شیوعی عێراقەوە فێر بین، بۆیە لە سەر سەرکردایەتی تازەی یەکێتی بەگشتی و هاوسەرۆکەکان بە تایبەتی پێویستە ئاگاداری دۆخەکە بن ئەگینا ڕۆژێک دێت کاک قوبادیش وەک موراجع مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت و هەوڵەکانی بۆ ئازاد کردنمان پووچ دەبن کەس فریامان ناکەوێ ئازادمان بکات مەگەر پاکانە بنوسین.