نوری کەریم: کێ کۆماری کوردستانی روخاند؟ بەشی یەکەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هاوڕێی دێرین و هاوشارم مامۆستای ناسراو کاک فەوزی رەمزی، وتارێکی لە ماڵپەڕی وتاری کورد دا بڵاوکردەوە لەمەڕ هەرەسی کۆمارە تاقانەکەی کورد، کۆماری کوردستان لەمەهاباد. گوایە هۆی راستەوخۆی هەرەسی کۆمارەکە هەرەشەیەکی راستەوخۆی ئەمەریکا بووە بۆ ستالین ئەگەر هێزەکانی لە ئێران نەکێشێتەوە، روبەڕوی هێرشێکی ئەتۆمی دەبێتەوە! بەڵام هاودەنگی مامۆستا نیم، کە ئەوە هۆکاری روخاندنی کۆمارەکە بوبێت. بۆیە بەپێویستی دەبینم هۆکاری راستینەی هەرەسەکە بەبەڵگەوە رونبکەمەوە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و باشوری کوردستان:
ساڵى 1929 کیلبێرت و 1930 و 1931 هەمفرس نوێنەرى باڵاى بەریتانیا بوون لە عێراق، شا فەیسەل بۆ ئەوەى ئینگلیز کورد نەکەن بە مقاش بەناوى دابینکردنى مافەوە، وەک نیازپاکى بۆ سەلماندنى مافەکانى کورد چەند هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەى ئەو بەڕەیە لە ژێر پێی ئینگلیز دەربهێنێت. هەردوو لایەنى عێراق و ئینگلیز هەریەکەیان لاى خۆیەوە هەوڵیدەدا خۆى بکاتە دەمڕاستى کورد و لەململانێى بەرامبەرەکەیدا وەک کارتێکى گوشار، کەڵکى لێوەربگرێت. بۆ تاقیکردنەوەى یەکتر و ئایا کامیان راستدەکەن! بڕیاریى دامەزراندنى حکومەتى کوردستان (باشوری کوردستان)دەدەن و، داوا لە کورد دەکەن نوێنەر بنێرنە بەغدا بۆ دیاریکردنى سنوور و رێکخستنى پەیوەندى ئابوورى لەگەڵ بەغدا. من لای خۆمەوە باوەڕناکەم بەریتانیا لەو بڕیارەدا هیچ نیازپاکییەکى بەرامبەر کورد لە بەرنامەدا بووبێت، بەڵام بۆ شا فەیسەڵ جێگەى تێڕامانە! بەرنامەى پیادەکراوى بەریتانیا ئەوە بوو “بیرى کوردستانێکى سەربەخۆ گەوجێتییە و لە جێبەجێکردن نایەت. بەڵام بۆ گوشار خستنە سەر عێراق پێویستى بە جۆرێک سەربزێوى کورد هەبوو، بۆیە لە گفتوگۆکانى نێوان نورى سەعیدى سەرۆک وەزیرانى عێراق و عیسمەت ئین ئینۆى سەرۆک وەزیرانى تورکیادا، کە تورک نیگەرانیى و دڵەڕاوکەى خۆیان دەردەبڕى، کە نابێت چیتر رێگە بە چالاکى هەندێک لایەنى شەڕخواز لە نێوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئەحمەدى بارزاندا بدرێت و ئامادەکاریش پیشان دەدەن هێز لەسەر سنوور دابمەزرێنن و حکومەتى عێراقیش چەند هەڵمەتێکى سزادان دژى شێخى بارزان ئەنجام بدات کە پشتگیرى یاخییەکانى نێو تورکیا دەکات و هەر کوردێک لەو سەرسنوورانە بگرن رادەستى عێراقی بکەنەوە. هەژارى موکریانى ئۆباڵى سەرکەوتنى میریى دەخاتە ملى دوو سەرۆک هۆز (.. ناپاکى موحەممەد ئاغاى رەواندزى و مەحموود خەلیفە سەمەدى برادۆست براى کەریم خانى برادۆست، کە لەناو شۆڕشدا بوون)(50) تەرازووى هێزەکانى گۆڕى و ئەنجامى کۆتایی لە بەرژەوەندى دوژمن کەوتەوە و، باڵادەستى هێزى ئاسمانیش بوارى مانەوەى بۆ شۆڕشگێڕان زۆر تەسک کردبۆوە و بڕیاریاندا پەیوەندى بە کۆمارى کوردستان ـ مەهابادەوە بکەن و 11 /10/1945 چوونە ئەودیو.

بارودۆخی سیاسیی ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان
کۆمەڵەى ژیانەوەى کورد “ژ. ک” بەپێشدەستى دەستەیەک نیشتمانپەروەر و رووناکبیر و پیاوە ناسراوەکانى شارى سابڵاخ “مەهاباد” و ئەوانەى خاوەن رابوردوویەکى خاوێن بوون لە 16/9/1943 دامەزرا. ژێکاف رێکخراوێکى رامیارى توندوتۆڵ بوو، ئامانجى سەرەکى سەربەخۆیی کورد بوو، لقێکى چالاکیشی لە سلێمانى هەبوو، پارێزەر ئیبراهیم ئەحمەد 06/03/1914سلێمانى ــ 08/04/2000 لەندەن، سەرپەرشتى دەکرد. یەکێتى سۆڤێت سەردەمى جەنگ دەستیان بەسەر باکوورى ئێران و کوردستانى خۆرهەڵاتدا گرتبوو، بەریتانیاش لە باشوورى ئێران باڵادەست بوو، هەردووکیان بە ئارەزووى خۆیان دەستیان خستبووە کاروبارى ناوخۆى ئێرانەوە، کۆمارى ئازەربایجان بە پشتیوانى راستەوخۆى سۆڤێت لە تەورێز دامەزرابوو بە سەرۆکایەتى جەعفەر پیشەوەرى، هەر لەسەر پێشنیارى ئەوانیش لە 15/8/1945 ناوى کۆمەڵەى ژ. ک گۆڕدرا بە حیزبی دیموکراتى کوردستان لەسەر کێشى و سەروای فیرقەى دیموکراتى ئازەربایجان، ئەوان هەر بۆ بەرژەوەندى خۆشیان (دەیانویست دەسەڵاتێکى بەڕێوەبەرایەتى ناوخۆ بۆ کورد دابمەزرێنن لە ژێر فەرمان و چاودێرى کۆمارى ئازەربایجاندا و سەیید عەبدوڵڵاى گەیلانى بکەنە سەرۆکى بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەڵام بەو هۆیە سەیید عەبدوڵڵا لەگەڵ تاراندا نەدەگونجا بۆیە قازى موحەممەد دیارى دەکەن بۆ ئەو پۆستە)(54) قازى و سەرانى مەهاباد نەچوونە ژێر فەرمانى تەورێز و بە تووندى دایانەدوواوە: ئەگەر لە چوارچێوەى خودموختاریدا سەربەخۆ نەبین ئەوە هەر لەگەڵ تاران بمێنینەوە چاکترە.
پێشخانی بنەماڵەی قازیان لەمەهاباد: نەجەف قولی پسیان نوسەری کتێبی لەمەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی چۆمی ئاراس، دەڵێت: عەلى قازى، باوکى قازى موحەممەد لە پیاوانى رێزدار و شایەن رێزى کوردستان بوو، لەگەڵ قازى موتعیمى ئامۆزایدا خزمەتێکى گەورەیان پێشکەش دانیشتوانى مەهاباد کردووە و بەرەنگارى رووسە تزارییەکان و زوڵمى ئەوانیان کردووە، مامى باوکى قازى موحەممەد، قازى فەتاح دەسەڵاتێکى فراوانى لە کوردستان هەبوو، لە رووداوى مەشروتە ـ ئیستیبداد سوێندى خواردبوو هەتا زیندووبێت نەهێڵێ سەربازى تزار پێ بنێتە مەهاباد، کفنى لەبەرکرد و بانگى جیهادى داو شەهید بوو. رەزا شا، کەیفی بە میرزا عەلى دەهات، 1367 مردووە، (1939 زایین .ن.ک) فەرمانى دادوەرى بەناوى قازى موحەممەدى کوڕى دەرچوو وەک موفتى مەهاباد، دادوەر و خاوەن ئەنگوستیلەى ئەڵماس. پلە و رێزى مەزەبی (ئاینیى نەک مەزەبیی. ن.ک) قازى موحەممەد دواى بایەخى دەوڵەت بایەخى (حەمە رەزا شا ) شی هاتە سەر، دەسەڵاتێکى بەرهەڵداى بۆ ئەو لە کوردستاندا هێنایە گۆڕێ.(56)
نووسەرى کتێبی لە مەهابادى خوێناوییەوە تا کەنارەکانى چۆمى ئاراس ئەمجا دێتە سەر کەسایەتى پێشەوا:
قازى پیاوێکى لە بنەوە فێڵباز بوو، سیاسەتکار “خشکەیی. ن.ک” بۆ ئەوەى بیانوو نەداتە دەست ناحەزان لە چاوەڕوانى هەلێکدا کاتى خۆى بە موتاڵاو وردبوونەوە بەسەر دەبردو لە ئاین پەروەرێکى کوردەوە بوو بە زانا، لە بوارى زانستى نوێدا پێشکەوت، عەرەبی، ئینگلیزى، فەرەنسی لە سەروو پێویستەوە فێر بوو، بە جۆرێک لە مێژووى کۆنى کوردستان کۆڵییەوە بۆچوونەکانى بوونە بەڵگە… فەریق جیهانیانى بۆ پشکنین هاتە مەهاباد، شەوێک بە هاندانى قازى هەندێ لە خراپەکاران هەتا بەیانى بارەگاى ئەویان گوللە بارانکرد و بنکەى پۆلیس دەگرن و دەسەڵاتى میریى نەما. سەیفى قازى براى وەک نوێنەر ناردە ئەنجوومەنى شوورا، .قازى فەرمانڕەوا بوو، بەڵام دەنگۆى خودموختارى نەبوو، جارێک یا دووش لە تاران بە خزمەت شا گەیشت و ئەنگوستیلەى ئەڵماس و بڕیک پارەى پێدا.(57)

باروودۆخى رامیاریى ئێران
وڵاتى ئێران داگیرکرابوو، بەشى باکوور لە بندەستى هێزەکانى سۆڤێت و بەشى باشووریش لە ژێر چنگى هێزەکانى بەریتانیادا بوو، شاى ئێران دەستى لە دەستى کەروێشک کورتتر بوو. کوردستانى خۆرهەڵاتیش لەبەشەکەى بندەستى سۆڤێتدا بوو، ئازەریەکان بە پشتگیرى و هاوکارى تەواوى باقرۆف سەرۆک کۆمارى باکۆ، کۆمارى ئازەربایجان بە سەرۆکایەتى جەعفەر پیشەوەرى رابەرى حیزبى توودەی ئێران دامەزراندبوو. پێشەوا قازى موحەممەدیش هەلێکى گونجاوو زەمینەیەکى تەختى لەبەردەمدا بوو، رۆژى 22/1/1946 لە گۆڕەپانى چوارچراى شارى سابڵاخ – مەهاباد، کۆمارى کوردستان رابگەیەنێت، ئاڵاى کوردستان بەرزبکاتەوە لە جێگەى ئاڵاکەى ئێران و کابینەى وەزیران و هێزى چەکدار و دەزگاکانى بەڕێوەبەرایەتى دابمەزرێنێت. زۆربەى زۆرى بێگانە، کە لەسەر راپەڕین و شۆڕشەکانى کوردیان نووسیوە هەمیشە کورد بە بەکرێگیراوو مقاشى دەستى ئەم یا ئەو دەوڵەت دەزانن. ، ئەوەتا دەڵێت: (قازى گەمەى خۆى لەگەڵ دەوڵەت دەکرد، دەوڵەتیش چاوى لە کردەوەکانى خۆى (کردەوەکانى قازى موحەممەد . ن.ک) لە مەهاباد و سەدر (سەدى قازى ن.ک) لە تاران دەنوقاند و کڕو بێدەنگ بوو.. 1945 گەمەى قازى بوو بەراست وەک ئازەربایجان کۆمار دامەزرێنى. (پەیوەندیکردنى هێزى بارزانیانیش بە پێشەواوە پشتیوانێکى بەهێزو هاندەرێکى کاریگەربوو. ن.ک) رۆژى 11/12/1945 موحەممەد حوسین (سەیفى قازى) بەسەرۆکایەتى شاندێک (دەچنە تەورێز ن.ک) لەگەڵ پێشەوەرى و سەرانى ئازەربایجان کۆدەبنەوە و پەیمانى هاوکارى دەبەستن)(60). راستیەکەى ئەوەبوو پێشەوا قازى موحەممەد ئەو هەلە مێژووییەى هاتبووە پێش دەقۆزێتەوە، رووداوەکان تیژ تێدەپەڕێن، دەبوو پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا بکات، بێئەوەى خۆى بە رێنماییەکانى باکۆ ـ تەورێز ببەستیتەوە لە ماوەیەکى کورتدا قەوارەیەکى سەربەخۆى دامەزراند.
لە تاوانبارکردنى کورد و لەکەدارکردنى بزوتنەوەى کوردایەتیدا ئێران کەچى لە عەرەب و تورک کەمتر نییە، لێرەدا ئەوەندەى پەیوەندى بە سێهەمین شۆڕشى بارزان و کۆمارى کوردستانەوە هەیە نووسەرى فارس نەجەف قولى پسیان دەڵێت: (بەهۆى سەرکۆنەى بەردەوام و پاڵەپەستۆى نەپساوەى ئینگلیز و عێراق (لەسەر سۆڤێت، ن.ک) سۆڤێت داوا لە بارزانى دەکات هەتا ماوەیەک زۆر لەبەر چاوان دیار نەبێ. ماوەیەک چوونە سەردەشت، گوندى میراوا بەڵام شێخ ئەحمەد هەر لە مەهاباد بوو)(59) ئەو نووسەرە و هەموو ئەوانەش وەک ئەو بیردەکەنەوە خەبات و قوربانیدان و کوێرەوەرى و ماڵوێرانى کورد بەگەمەى چەند دەوڵەتێک دەزانن لەسەر تەختەى گەمەى شەترەنج، داشى کورد بە پێى بەرژەوەندییەکانیان دەجوڵێنن، ئەو دەمەى پێشمەرگەکانى بارزانیش بۆ چاودێریکردن و پاراستنى خێزانەکان گەڕانەوە عێراق و دوواى چەند مانگێک شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانى میریى عێراق و بەریتانیادا دەکشێنەوە و دەگەڕێنەوە ئێران، ئێران ئەوەش بە پیلانى بەریتانیا دەزانێت، ئەوەش تەنها بەوهۆیەوە کە شاى ئێران لەوکاتەدا بەڕێکەوت بەسەردان هاتۆتە دەڤەرى مەهاباد، بەڵام ئەوان دەڵێن ئەوە هەروا رێکەوت نەبوو، بەڵکو کاتەکەى بۆ دیاریکرابوو! کێ بۆى دیاریکردبوو، دژى کێ، دژى سۆڤێت کە تەنهاچەند مانگێک پێشتر هەردوو کۆمارى ئازەرباریجان ـ تەورێز و کۆمارى کوردستان ـ مەهابادى فرۆشتبوو بە شاى ئێران ـ ستالین بۆنى نەوت گێژى کردبوو، پڕەنسیبەکانى لینینى مەزنى هەر لە یادیش نەمابوو، هەموو هەوڵێکى دەدا نەک هەر ئێران، ناوچەکە هەمووى هێمن و ئارام بێت و هەتا بینەقاقایان لە نەوتەکە هەڵکێشن، ئەى ئینگلیزو عێراق ناردبوویان کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئێراندا نەبوو، سێ دەوڵەتى شانشین بوون جگە لەوەى بەریتانیا دڵنیا بوو نەوتەکەى ئێرانیش هەر بۆ ئەو دەبێت و ستالین پەنجەى پێ تەڕ ناکات! بۆ پاراستنى هێمنى سنوورەکانیش بە پێى پەیمانى 1930 کێشەکانى سنوورى ئێران – عێراق چارەسەر کرابوو(61). بەریتانیا بۆ پاراستنى ئامانجە ستراتیژییەکانى لە ناوچەکەدا رێگەى نەدەدا ئاژاوە (ڕووبدات بەتایبەتیش لاى بارزانییەوە، کە وەک هەڵۆى بەرزەفڕ سنوورە دەستکردەکانى کوردستانى دەبەزاند و بەهەموو هێزەکەیەوە هەرکاتێک بیەوێت لە عێراق، ئێران، تورکیا دادەمەزرێت و سەنگەریان لێدەگرێت و ئەگەر شۆڕشیشى بۆ هەڵنەگیرسێتەوە خۆدەتوانێت دوژمنانى کورد ماندوو بکات و کێشە و سەر ئێشەیان بۆ دروست بکات، کەواتە سۆڤێت، بەریتانیا، عێراق هیچ بەرژەوەندییەکیان لە هاندانى بارزانیدا نەبووە دژى ئێران.