مەحمود عەبدوڵا: کۆڕۆناو مرۆڤی باڵا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەدەی نۆزدە نیچە هاوارێکی کرد لەدواین مرۆڤ، کەدەبێت خەمی وەچەکانی داهاتوی بێت. ڕێک ئەو کاتە، کە زەوی هێشتا بەپیت بو، بۆ چاندنی تۆوی بەنرخترین ئومێدەکان و دیاریکردنی ئامانجێک، کە مرۆڤی باڵایه. نیچە هاواریکرد، وەلێ وەک دەڵێت: ئەو خەڵکە پێویستبوو لە پێشدا پەردەی گوێی بدڕێت تا بتوانێ بەچاو گوێ بگرێت. ئەو کاتەی، کە دواین مرۆڤ تەنها دەنگی دەهۆڵ و هاواری واعیزەکانی دەبیست، ڕێک لەو کاتەدا پێغەمبەران هاواریدەکرد و دەیگوت: واوەیلا! ڕۆژی مرۆڤی سوک دێت، مرۆڤێک، کەچیتر هەست بەسوکی خۆی ناکات. نیچە پڕ بەگەروی هاواری دەکرد ڕۆژێک دێت زەوی زڕو بەیار دەبێت، چیتر درەختی مرۆڤی باڵای تێدا گەشەناکات.
من دەزانم نیچە ترەمپی دیوە! ملیۆنان مرۆڤ چەپڵەی بۆلێدەدەن لە و مرۆڤە سوکە. ئەو ئادەمیزادە پییسەی پێشبینی کردووە، کە ئەردۆغان دەبێتە کاریزمایی، هەر بۆیە هاواری دەکرد ئەی دواین مرۆڤ، ئەی مرۆڤی ئێستا، ئادەمیزاد دەبێت دەریابێت تا بە تێکەڵ بون لەگەل مرۆڤی ئێستا پیس نەبێت، دەبێت دەریابیت تا سوکایەتی ئەو مرۆڤە لەبنی دەریاکەدا بنیشێت. بەڵام دواین مرۆڤ خۆی بەشتێک بادەدا، ئەو شتەی ناو دەنا ڕۆشنبیریی، بەوە خۆی لەشوانی بزنان جیادەکاتەوە. ئەو لەو کاتەدا، کە پێویست بو مرۆڤ فریای خۆی کەوێت، ببێتە وەستا و خان و بۆ مرۆڤی باڵا دروستبکات و، هاواری دەکرد: من ئەوانەم خۆشناوێت لەودیوی ئەستێرەکانەوە بۆ ئومێد دەگەڕێن، من ئەوانەم خۆش دەوێت، کە لە پێناو مرۆڤی باڵادا دەبێتە قوربانی، خۆی فیدای زەوی دەکات و دەیگوت: براکانم تکاتان لێدەکەم پەیوەستبن بەزەوییەوە بە ئەمەک بن بۆزەوی، چونکە ئێمە لێرەدا بۆ هەتاهەتایە دووبارە دەبینەوە لەودیو ئەستێرەکان هیچ شتێک نییە و خودا مرد، لەگەڵیدا گوناهبارەکانیش مردن بۆیە واز بێنن لەپێوار.
هاواری دەکرد براکانم ڕۆژێک دێت تیری شەوقی مرۆڤ لە دواین مرۆڤ واوەتر ناڕوات، بۆیە ئێستا تۆی ئومێدەکانتان بڕوێنن. ئای! لەو مرۆڤە لەو دواین مرۆڤە، کە لەسەر بۆمبی ئەتۆم دانیشتوە، وەک مناڵ یاری پێودەکات.
ئای! لەمرۆڤی نزم، خەریکە لە کۆڕۆنا خوا دروست دەکاتەوە. خەریکە لەوحە کۆنەکان لە ژێر خاک دەردێنێتەوە. تاقەتی خوڵقاندنی بەهای نوێی نەماوە دەستە و ئەژنۆ دانیشتووە بەدیار کۆڕۆناوە. براکانم، ئێستا هاوارەکەی نیچە دەبیستن، بەڵام لەبەر نزمیتان لەجیاتی ڕوخاندنی خانوەکۆنەکانی دواین مرۆف ڕەنگە سواقکارییەکیان بۆبکەن. چونکە ئێوە ناتوانن ببن بەمرۆڤی باڵا، لەبەر ئەوەی ئیتر هەندێک مرۆڤ لە ئاسمانەوە چاودێری زەوی دەکەن، هەرکەسێک خەریکی چاندنی تۆوی ئومێدەکانی بێت، خەریکی دروستکردنی خانوبێت بۆ مرۆڤی باڵا، ئەوا مرۆڤ هەیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چاودێری دەکات و دەیڕوخێنێت، کێ هەیە لێرەدا بتوانێت تۆوی ئەو تلیاکە بچێنێت، گۆشەیەک نەماوە کە مرۆڤی سەیر چاوی لێنەبێت. کۆڕۆنا پەردەی گوێیەکانی دڕی، ئێستا مرۆڤ بەچاو دەبیستێ، وەلێ ئومێدی نەماوە. بەڵێ من ئەترسم خودا لەکۆڕۆنا دروست بکەنەوە، ئەترسم لەوحە کۆنەکان بێننەوە دەر. ئەترسم پاشاکان زیندو بکەنەوە، ئەترسم سوڵتانەکان لەشوێنی مرۆڤی باڵا دابنێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت