قوته‌یبه‌ فازڵ: ئه‌گه‌ره‌كان و ترسی هه‌میشه‌یی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ترس هه‌ستێكی سروشتیه‌ له‌ ته‌واوی مرۆڤه‌كاندا بوونی هه‌یه‌ و هیچ كات دیارده‌ی ترس كۆتایی نایه‌ و ناتواندرێت له‌ ناو ببرێت.
ئه‌گه‌ریش بریتیه‌: له‌ بیردۆزێكی بیركاریانه‌ كه‌ گریمانه‌ی ڕوداوه‌كان به‌ ده‌رده‌خات له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ ژماره‌ یه‌ك واته‌ ڕودانی ئه‌و ڕوداوه‌ زۆر دووره‌ یاخود كه‌مه‌.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌و ترس و ئه‌گه‌رانه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌ی ژیانی مرۆڤی ئه‌م هه‌رێمه‌، یاخود فراوانتر بڵێین هه‌موو عێراقیه‌ك ئه‌گه‌ر وه‌كوو عێراقیش قسه‌ بكه‌ین، نازانم بێ متمانه‌یی تاكی ئه‌م وڵاته‌یه‌ به‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن، یاخود خراپی په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ ترس و ئه‌گه‌ره‌كان له‌ هه‌موو پێشهاتێك ده‌كه‌ین.
نموونه‌كان زۆرن هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ر و ترس گه‌وره‌ ده‌بین و ویردی سه‌ر زاری دایك و باوك و منداڵانمانه‌.
ئه‌گه‌ر سنوره‌كانمان لێدابخرێ له‌ برسا ده‌مرین.
ئه‌گه‌ر مووچه‌مان له‌ به‌غداوه‌ بۆ نه‌یات بێ پاره‌یی ژیانمان له‌ناو ده‌بات.
ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان پشتمان لێ بكه‌ن داعش و حه‌شدی شه‌عبی ده‌مانخوات.
ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه‌ نه‌ڕوات به‌ چی ده‌ژین؟
ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت دابه‌زێت خۆ داهاتمان نامێنێت.
ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی میلله‌ت به‌ گشتی هه‌موو ئه‌م ئه‌گه‌ر و ترسانه‌ و ده‌یان و سه‌دانی تریش بوونیان هه‌یه‌.
زیاتر بابه‌ته‌كه‌مان دابه‌زێنینه‌ سه‌ر ئاستی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، خوێندكاره‌ ده‌یان و سه‌دان ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌می خۆیدا داده‌نێت ” ده‌رناچم، نمره‌ی كه‌م دێنم ، هاوڕێكانم پێشم ده‌كه‌ون“ به‌م هه‌موو ئه‌گه‌رو ترسانه‌وه‌ هه‌م خوێندنه‌كه‌ی له‌ناوده‌بات و هه‌م كاته‌كه‌یی و هه‌م ته‌مه‌نیش.
كاسبكاری ناو بازاڕ، گه‌نجی هه‌رزه‌كاری تازه‌ پێگه‌یشتوو، پیری به‌ته‌مه‌ن، خانمی نێو ماڵ، كچی تازه‌ پێگه‌یشتوو، هه‌ریه‌كه ده‌یان و سه‌دان ئه‌گه‌ر و ترس له‌ ناخیدایه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات بۆیه‌ هه‌ر به‌ گه‌نجی زۆربه‌ی لاوه‌كانمان پیر بوونه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین هه‌ق به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و ئه‌گه‌ر و ترسانه‌ش پێویسته‌ چونكه‌ بۆ هه‌ریه‌كێكیان ده‌یان ئه‌زموونی تاڵمان تێپه‌ڕاندووه‌، هه‌ر له‌ ئابڵۆقه‌ی ئابووری و كۆڕه‌وو گرانی نرخی بازاڕ و نه‌بوونی كار و كه‌می مووچه‌ و شه‌ڕی داعش و ده‌یانی تریش.
ئێستاش له‌م زه‌مه‌نی كۆرۆنایه‌دا كه‌ به‌رۆكی سه‌رجه‌م جیهانی گرتووه‌ و بۆته‌ به‌ڵایه‌كی وا كه‌ هه‌موو سه‌رزه‌وی سه‌رقاڵ كردووه‌ هه‌زاره‌ها ئه‌گه‌ر و ترسیش به‌رۆكی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆشمانی به‌ تایبه‌ت گرتووه‌ بوه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌واڵی به‌په‌له‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان و وته‌ی به‌رپرسان دڵه‌ڕاوكێی بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی دروستكردووه.
له‌سه‌روو به‌ندی هه‌موو ئه‌مانه‌شدا جارێكی تر بڕینی مووچه‌ و كه‌م كردنه‌وه‌ی هه‌ر جاره‌ی له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكه‌وه‌ بۆته‌ هه‌واڵی ڕۆژ و ئه‌گه‌ر و ترسێكی تر، به‌ داخه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ ته‌واوی كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی ده‌روونی هاوڵاتیان كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ته‌ له‌ كاتی قه‌یران و مه‌ترسی و كاره‌ساته‌كاندا كار له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بكات هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ر ئاستی جیهان و حكومه‌ته‌كانی دونیادا ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت هه‌ر به‌رپرسێكی وڵاتان ده‌بینین ده‌یان موژده‌ی دڵخۆشكه‌ر به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن و موژده‌ی كۆتایی هاتنی ئه‌م په‌تا و قه‌یرانه‌ به‌ هاونیشتیمانیان ده‌ده‌ن، به‌رپرسه‌كانیان مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ تایبه‌ته‌كانیا بۆ خزمه‌تی هاونیشتمانیان خه‌رج ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی ده‌رده‌خات، به‌ڵام جێی داخه‌ لێره‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م كردارانه‌ به‌دی ده‌كرێت.
لێره‌ به‌ دواوه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاوڕێكی جددی له‌ لایه‌نی ده‌روونی تاك به‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بده‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ بیر له‌ كاتی قه‌یران و كاره‌سات بكه‌نه‌وه‌ و پلانی پێشوه‌خته‌یان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان هه‌بێت تا هاوسه‌نگیی ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ پارێزراو بێت.