نوری کەریم: کێ کۆماری کوردستانی روخاند؟ بەشی دووەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ستالین لە رێگەى باقرۆف سەرکۆمارى باکۆ و پیشەوەرى سەرکۆمارى تەورێز هەوڵیدەدا کۆمارى کوردستان دانەمەزرێت، کە هەڵوێستى پێداگرتنى پێشەواش دەبینن دوواى ئەوەى هێزى جەنگاوەرى بارزانیان چوونە ئەودیو ئینجا رێگە دەدەن پێشەوا بەڕێوەبەرایەتییەک رێکبخات لە ژێر چاودێرى و فەرمانى تەورێزدا، بەڵام پێشەوا بە پێچەوانەى خواستى ئەوانەوە بە بڕیارێکى سەربەخۆ بە کورد و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى 22/1/1946 دامەزراندنى کۆمارى کوردستانى راگەیاند و ئاڵاى کوردستانى هەڵکرد.. لەگەڵ ئەوانەشدا رژێمەکەى شاى ئێران دامەزراندنى کۆمارى کوردستان هەربە پلان و دەستپێشخەرى سۆڤێت دادەنێن و یەکێک لەو تاوانە گەورانەى دایان بەرووى پێشەوادا پەیوەندیکردن بە سۆڤێت و هاتووچۆکردنى باکۆ بوو، سەیر لەوەدایە لە کاتێکدا سەربازێک، بەرپرسێکى بێگانە لە کۆمارى کوردستاندا نەبوو، سەرەتا خوارى وڵاتى ئێران لە ژێر پۆستاڵى سەربازو ئەفسەرانى سۆڤێت و بەریتانیادا بوو، حەمە رەزا هەر بەناو شاى ئێران بوو، لەشکرە پاڵەوانەکەشى تەنها سێ کاژێر بەرگرییەکى شەرمنانەیان کرد، بەڵام کە بێ رەوشتى ستالین، گەورە دیکتاتۆرەکەى مێژوو هەردوو گەلى ئازەر و کوردى بەبەرمیلێکى بەتاڵ نەوت فرۆشت، باروودۆخەکە لە بەرژەوەندى شاى ئێران وەرچەرخاو هێزەکانى سەرى کزیان بەرزکردەوە و ئەفسەرەکانى دادگایى پێشەواو سەیف و ێەدریان دەکرد لە بیر خۆیان برد بووەوە باپیرى پێشەوا سوێندى گەورەى خواردبوو هاتا زیندووە رێگە نەدات سەربازێکى رووس پێ بنێتە کوردستانەوە. تەورێز بە پێچەوانەى مەهابادەوە سەرومڕ پابەندى باکۆ بوو، بێ رەمەزامەندى ئەوان پەنجەى بەئاودا نەکرد، بەلام مەهاباد زۆرکەمتر دەچووە ژێر فەرمانى ئەوان، لەبارى ناچاریشدا دەبوو خواستەکانیان جێبەجێبکات. شاى ئێران دەیتوانى سەرپێچى فەرمانەکانى سۆڤێت و بەریتانیا بکات؟ ئەو لە ترسى دوژمن خۆى کەڕو کوێر و لاڵ کردبوو، هەتا پێشەوا بەهێزێکى کەمەوە بتوانێت بەرامبەر ستالین بوەستێت کە لە رێگەى باکۆوە پاڵەپەستۆى زۆرى خستبووە سەر؟ خۆ ئەوە بەڵگەنەویستە، ئەگەرکۆمارى کوردستان دەستنێژى ستالین بووایە هەڵبەت ئەویش وەک تەورێز لەچەند سەعاتێکدا جەعفەر پیشەوەرى بێ چەندوچوون دامودەسگاى دەپێچایەوە و رایدەکرد بۆ باکۆ، وەک پەندەکەش دەڵێت (ئەوەى دروستى دەکات دەشتوانێ بیروخێنێت) هەرچەندە بەتاقیکردنەوەش دەرکەوتووە هەموو کاتێک بەوجۆرە ناکەوێتەوە، هەر بۆنمونە بەریتانیا بەعسییەکانى عێراقى لە8شوبات1963 بەکۆدەتایەکى سەربازیی هێنایە سەرکار، سەرکردەى کۆدەتاچییەکان عەلى ێاڵح سەعدى بەراشکاوى وتى: (ئێمە بە شەمەندەفەرێکى ئینگلیز هاتووین)!! ئەمەریکا دژى حکومەتە کارتۆنییەکەى ئەفغانستان کە دوابەدواى داگیرکردنى وڵاتەکە لەلایەن لەشکرى سوورى سۆڤێت لە25/12/1979داو کوژرانى سەرۆک حەفیزوڵڵا ودانانى (بایراک کارمال) بەسەرۆک کۆمار، ئەمەریکا پارەو چەکى بەنێو موسوڵمانەکانى دەرەوە و ناوەوەى ئەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە و چەندین گروپى چەکدارى توندەروى دروستکرد کە بەهێزترینیان گروپەکەى ئوسامەى کوڕى لادن بوو … دوواى روخاندنى رژێمە کۆمۆنیستەکەى سەربە کرملین لە ئەفغانستان و کشانەوەى هێزەکانى سۆڤێت چیتر ئوسامەى سعوودى لەگەڵ ئەمەریکادا نەدەگونجا، رێکخراوى قاعیدە پێکەوە دەنێت و ئەمەریکاشى کردە دوژمنى ژمارەیەک، دەستى هەرە کاریگەر و پشتشکێنیشى لە 11/سێپتێمبەردا لێوەشاندن و لە هەموو لایەکیش بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکاى خستبووە مەترسى راستەقینە، ئەوانیش هەتا ئەمڕۆ بەدەستییەوە داماون و نەیانتوانیوە ئەوەى خۆیان دروستیانکرد بیروخێنن. ئایەتوڵڵا خومەینیش لە ناکاوێکدا بەفرۆکەیەکى جامبۆی تایبەتى فەرەنسا لە پاریسەوە گەڕایەوە تاران و کۆمارى ئیسلامى ئێرانى دامەزراند و بووە دوژمنێکى سەرسەختى ئەوروپا و بەتایبەتیش ئەمەریکا و هەربە (شەیتانى مەزن) و (ئستیکبارى عالەمى) ناویدەبات و تووشى ترس و دڵەراوکەى کردوون و دەستى بگاتە چەکى ئەتۆم بەسەرخۆشییەکى دەروێشانە میرنشینەکانى کەنداو دەکاتە پاروویەکى چەورو دەوڵەتى ئیسرائیلیش خاپوور دەکات و لەسەر نەخشە دەیسڕێتەوە… لەگەڵ ئەوەشدا جارێ هیچیان بۆ نەکراوە.
نەجەف قولى پسیان چەند لایەنێکى شاردراوەى سەردەمى مەهابادیش دەخاتە روو:
قازى هەر لە مهاباد باڵا دەست بوو، هۆزەکان ژێر فەرمانییان نەدەکرد، خۆشى خاوەن هۆز نەبوو، کەڵکى لە بارزانیان وەردەگرت، چەک و پارەى پێدەدان بۆ چاوترساندنى هۆزەکان. لەولاشەوە بەڕاپەڕاندنى ئەسەدۆف نوێنەرى بازرگانى سۆڤێت لە تاران، توتنى کوردانى دەگۆڕییەوە بەبێگانە، بەچەک و پارە (ئێ کاکى برا ماڵى سپى بۆ رۆژى رەش.ن.ک) مامۆستا سەعید ناکام لەبیرەوەرییەکانیدا لاپەڕە66 نووسیوێتی (ئێمە توتنی کوردستانمان ” کەهەرئەوەمان شک دەبرد(بەسوت و سەلەم دەدا بە ئەسەدۆف) تورکانێکی پشت مل چڵکن بوو، بە رواڵەت بەناوی نوێنەری بازرگانی سۆڤێتی ولەژێرەوە وەکو ئەندامی دەزگای پۆلیسی نهێنی سۆڤێت لە مەهاباد دادەنیشت، کوردى وتورکمانى باش دەزانى بەڵام بەکوردىنەدەدوا … ئێمە دارودیوارمان بە پۆستەرو وێنەو دروشمى دروشمى سۆڤێتی رازاندبۆوە، چاپەمەنیەکانمان پڕبوون لە پێدا هەڵخوێندن وکڕنووش بردن بۆ سوپاى سوور و رێبازى سۆڤێتى و منداڵەکانمان پڕ بەدەم هاواریان دەکرد:
بژى ستالین خۆش بێ چەکوش و داس *** لەژێر ئیستیبداد کوردى کرد خەلاس
سەردەمى پێشەوا قازیى، هێمنى و ئاسایش بوو، بەڕێوەبردنى کارووبارى ناوخۆى رێکخست، لەماوەى دووێاڵ فەرمانڕەوایى ئەودا ( کۆمارى کوردستان ێاڵێکى تەواوى پڕنەکردەوە تەنها 330 رۆژ فەرمانڕەوایى کرد. ن.ک) تەنها یەک مرۆڤ لە مهاباد کورژرا.(62) پێشەوا قازى موحەممەد پشت ئەستوور بە هێزو توواناى 500 ـ 600 جەنگاوەرى خاوەن ئەزموون و گیان لەسەردەستى بارزانیان بەهەنگاوێکى ئازاى شۆڕشگێڕانە و سەربەخۆ رۆژى16/12/1945 ئاڵاى سێ رەنگى سوور و سپى و کەسکى کوردستان بە دروشمى گوڵەگەنمێک و خۆر و پێنووسێک بەرزدەکاتەوە و رۆژى 22/1/1946 لە گۆڕەپانى چوارچراى مەهاباد دامەزراندنى کۆمارى سەربەخۆى کوردستان رادەگەیەنێت.سەرچاوەکان لەدیاریکردنى رۆژى بەرزکردنەوەى ئاڵاى پیرۆزى کۆمارى کوردستاندا جیاوازن، بەبۆچوونى شەوکەت شێخ یەزدین 16/1/1946، بەکرعەبدولکەریم حەوێزى 26/1/1946، نەجەف قولى پسیان 16/12/1945 (پێدەچێت ێاڵەکە هەڵەى چاپ بێت)، 12/9/1945 یش لە رووداوە گرنگەکانى 1945 – 1947 دا هەیە.(63) زۆربەى سەرچاوەکانیش لەگەڵ د. ئەورەحمانى قاسملو، شەوکەت شێخ یەزدین، بەکر حەوێزى و نەجەف پسیاندا لەسەر ئەوە کۆکن کۆمارى کوردستان رۆژى 22/1/1946 راگەیەندرا، بەوپێیە دەبێت دیاریکردنەکەى بەکر عەبدولکەریم حەوێزى 26/1/1946 بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان دروست بێت یا ئەوەیە هەڵکردنى ئاڵاکە پێش راگەیاندنى کۆمارەکە کەوتووە، ئەوەش ناشێت.
کۆمارى کوردستان گەلێک لەمەرجەکانى کۆمارێکى سەربەخۆى تێدا بوو وەک خاک هەرچەند سنووریشى بەرتەسک و دیاریی نەکراو بوو، سەرکۆمار، ئاڵا، کابینەى وەزیران، هێزى چەکدار، سەرکردایەتى لەشکر، دەزگاکانى بەڕێوەبردنى کارووبارى هاوڵاتیان، ئاسایش و پاراستنى سەروماڵى دانیشتوان، مووچەى مانگانەى تێروتەسەلى فەرمانبەران، ئەفسەران، سەربازو هێزى ئاسایش، کۆڵەکەى بەهێزى لەشکر هێزى بارزانیان و ئەفسەرانى لیژنەى ئازادى بوو، هێزى نەیاریش لە دەڤەرەکەدا و لەسەرکردایەتی لەشکریشدا کەم نەبوون، پەیوەندى ئاشکرا و نهێنیان بەدەوڵەتەوە هەبوو.