رەزا شـوان: شەڕی دەستەویەخەی مرۆڤ و کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڤایرۆسی کۆرۆنا (گۆڤید نۆزدە) کە بۆ یەکەمین جار لە رۆژی ( 12/ دێسەمبەر/ 2019 ) لە شاری (وۆهـان) لە چین دەرکەوت. لە ماوەیەکی کەم و خێرادا، خێراتر لە رۆکێتی بالیسی، بڵاوبۆوە و سنووری کێشوەرەکان و دەریالۆشەکانی بڕی.. تا ئێستا لە ( 180 ) وڵاتی جیهاندا بڵاوبۆتەوە. ئیشوکاری راگرتووە و بازار و دوکان و مۆڵەکانی داخستووە و شەقامەکانی چۆڵکردووە. ژیان و جوڵەی ئاسایی راگرتووە و مرۆڤی خستۆتە ترس و دڵەڕاوکێوە.. زیانێکی زۆری بە پشک و بە سەرمایەی زەبەلاحترین کۆمپانییەکان و بە ژیرخانی ئابووری و بەرهەمهـێنان و بە ناردن و هاوردەکردنی دەوڵەتان گەیانـدووە.
حکومەتەکانیش جیهانیش، بۆ رووبەڕووبوونەوە بەرگرتن لە تەشەنەکردنی پەتای کوشندەی کۆرۆنا و بۆ پارستنی گەلەکانیان، چوونەتە سەنگەری بەرگری کـردنەوە.
ئەمڕۆ مرۆڤ و کۆرۆنا لە شەڕێکی گەردوونی دەستەویەخەی گەورە و کوشندەدان.. تائستا چەندین هەزار کەس بەم پەتایە مردوون و بە هەزارانی تووشبووش پێـوەی دەناڵێنن.. شەڕەكەش بەردەوامە و نازانین کەی کۆتایی دێت.. شایەنی باسیشە و جێی ئەوپەڕی سوپاس و رێز و پێزانینن، کە سوپایەکی پزیشکی و کارمەندانی تەندروستی بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و بە رۆحێکی لەخۆبردن و گیانبەخشانەوە، لەم شەڕە سەختە بەرەنگاری کۆرۆنا بوونەتەوە و سەرسەختانە بەرگری لە مرۆڤ دەکەن.. جەختیان کردەوە و سەلماندیان کە خاوەنی پیشە و پەیامێکی پیرۆز و مرۆڤـایەتین.
لە پێشا حکومەتەکان بە هەندیان نەزانی، خەمساردبوون بۆ پارستن گەلەکانیان لەم پەتا جیهانییە، ئامادەیی و رێ و شوێنی پێویستیان نەگـرتەبەر.. تا کۆرۆنا گەیشتە سەریان.
دەستی یارمەتی و هاوکاریشیان بۆ چین درێژ نەکرد، بۆ ئەوەی بە یارمەتی و هاوکاری هەموو لایەکەکیان، لە زێدی لەدایکبوونی گەمارۆی کۆرۆنا بدەن و نەهێڵن تەشنە بکات و بەو خێراییە بگات بە زۆربەی وڵاتانی جیهان.. بەڵام چین بە تەنیا خۆی رووبەڕووی کۆرۆنا بۆوە و توانی کۆنترۆڵی بکات و رایبگرێت.. خەریکە بەجارێ لە وڵاتی چین دا کۆتایی پێبهـێنن.
وڵاتان تا ئێستاش باجـێکی زۆری ئەم خەمساردی و گوێپینەدانەیان دەدەن، لەوانەش ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێران و ئەمریکا، کە پشکی شێریان لە مردن و تووشبووندا هەیە.
لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، بۆ خۆپاراستن و رێگـرتن لە تەشنەکردنی زیاتری کۆرۆنا، هاتوچۆیان قەدەغەکردووە و باری نائاساییان راگەیاندووە، هەروەکو ئەوی کە لە شەڕێکی سەخت و قورسدابن.. بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان لێبکەوێت.
کۆرۆنا، پەردەی لەسەر گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ و دزینی سامانی گەلان هەڵـماڵی. ڕاستی لاوازی و فشۆڵی گڵۆبالیزمیشی خستەڕوو، کە تەنیا بانگەشە و دروشمی رووت و زل بوو.. کۆرۆنا هەست و ویژدانی مرۆڤایەتی و چاچوچنۆکی و خۆبەرژەوەنـدی و قورخکردن و هاوڕێی تەنگانەشی ئاشکرا کرد.. بۆ نموونە: کۆمپانییەکانی چین، نیوەی دەمامک و بەدلەی پارستن و دەستکێشیان بۆ وڵاتانی جیهان بەرهەم دەهـێنا، لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناشدا، دوو هـێندەی تریان بەرهەم دەهـێنا، بەڵام حکومەتی چین، هەر هەموو دەمامک و بەدلەکانی لە کۆمپانییەکانی کڕی و نەیهێشت یەک دەمامک و یەک بەدلە بە وڵاتانی جیهان بفرۆشن. لەسەر ئەوەشەوە دەمامکی لە وڵاتانی تر کڕی.
ڤایرۆسی کۆرۆنا، رووی راستی دەوڵەتانی یەکێتی ئەورۆپا و بازاڕی هاوبەشی ئازادی ئەوروپاشی ئاشکرا کرد.. دەرکەوت کە هەر بە نووسین یەکێتییان هەبووە.. ئیتاڵیا کە ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپایە.. دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە وڵاتەکەیدا، داوای یارمەتی لە دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کرد، داوای لێکردن دەمامک و دەرمانی پـزیشکی بدەنێ.. بەڵام کەسیان دەستی یارمەتییان بۆ درێژ نەکرد و بە پارەش هيچیان پێ نەفـرۆشت.. ئەڵمانیا کە دەوڵەتێکی دەستڕۆی یەکێتی ئەوروپایە ئەویش یارمـەتی ئیتاڵیا و فەرەنسای نەدا.. هەریەکەش لە روسیا و تورکیاش، ناردنی دەمامک و دەرمانی پزیشکیان بۆ ئەو وڵاتانە قەدەغـەکرد، کە پەیوەنـدی بازرگـانیان پێکەوە هەبوو.
تەنیا چین تا رادەیەک، بە دەمامک و بە ناردنی تیمی پزیشکی، یارمەتی ئیتاڵیای دا.
ئەمریکاش، کە وەکو وڵاتێکی زلهێز ناسراوە، لووت بەرزی خۆی نیشاندا و لە پێشەوە بە فشە و گاڵتە باسی کۆرۆنەیان دەکرد.. بەڵام کۆرۆنا لووتی پێ نەواندن و دەریخست، کە ئەمریکا زلهێز نییە.. لە ئەمڕۆدا ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەمی دەوڵەتانی جیهانە لە ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا.. گەرچی ئەمریکا خاوەنی گەنجـینەیەکی گەورەی دەمامک و دەرمان و کەرستەی پزیشکییە.. کە خۆی دروستی کردوون، بەڵام لە ساڵی ( 2009 ) وە هیچ دەمامکێکی تری بەرهەم نەهـێناوە.. پێشبینی ئەوەشیان نەکردووە کە دۆخ و کارەساتێکی وایان بەسەردێت.. بۆیە لە ئەمڕۆدا پێویستییەکی زۆر زیاتـریان بە دەمامک و بە دەرمان و بە پزیشک و بە کارمەنـدی تەندوستی هـەیە.. پێشیان شەرمە داوای شارەزایی لە چین بکەن، کە چۆن توانیان بەو خیراییە گەمارۆی کۆرۆنا بدەن و زاڵبن بە سەریـدا.
بێگومان سبەینێ وەکو ئەمڕۆ نابێت، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە لە جیهاندا لە زۆربەی بوارداکاندا روودەدات. زۆریش لە حکومەتەکان لاواز دەبن. زۆر لە وڵاتان بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە. دووریش نییە کە بەڵانسی هێزی و پێشڕەویی جیهان بگۆڕێت.. گەلێ هەڵویست و گۆڕانی چاوەڕوان نەکراو بێتە ئـاراوە.. دووریش نییە کە دەوڵەتان کۆتایی بە بەشێک لە ناکۆکییەکانیان بهێنن و لەیەک نزیک ببنەوە.
ئەو هەموو پارە خەیاڵییەی کە وڵاتانی جیهان تا ئێستا، لە بەرهەمهـێنان و لە کڕینی چەکی کوشندە و سووتێنەر و کاولکەر خەرجیان کردوون.. گەر دەیەکی ئەو پارەیە لە بەرهەمهێنان دەرمان و کەرەستە و دەزگای پزیشکی و لە توێژینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنانی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەکان و پەتاکان و لە پێگەیانـدنی ژمارەیەکی زۆری پزیشک و کارمەنـدانی تەندروستی و لە دروستکـردنی تاقـیگە و نەخۆشخانەدا خەرج بکرایە.. بە دڵنیاییەوە، زۆر لەو نەخۆشیانەی کە تا ئەمڕۆش هیچ چارەسەریان بۆ نەدۆزراونەتەوە، بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەشەوە، دەرمانیان بۆ دەدۆزینەوە و چارەسەریان دەکردن.. دەشبووین بە خاوەنی ژینگەیەکی پاک و بە ئاسانیش دەرەقەتی کۆرۆنا و لە کۆرۆناش کوشندەتـر دەهـاتن.. بەم دۆخە مەترسیدارەش نەدەگەیشتین.
بە هەموو رۆکێتە کێشوەربڕەکان و بە فـڕۆکەی جەنگی و بە تانک و بە بۆمـب و بە مۆدێـرترین چەکیان، تا دەگاتە چەکی ئەتۆمیشیان.. کۆرۆنایەکیان بۆ لە ناونابـرێت.
بەڵام مـرۆڤ گەشبینە و بێ هـیوا و بێ ئومید نییە.. دانەماوە و چۆکی بۆ ڤایـرۆسی کۆرۆنا دانەداوە.. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ڤـاکسینێکی کاریگەر بۆ لەناوبـردنی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پزیشکان و زانایان و شارەزایانی دەرمانسازی لە تاقیکردنەوە و لە هەوڵێکی بێوچانـدان و زۆر نزیکبوونەتەوە لە دۆزینەوە و دروستکردنی ڤاکسینێکی لەناوبەری کۆرۆنا. ئەم هەوڵ و تاقیکردنەوانەش پێویستی بە بودجەیەکی زۆر گەورە هەیە.. کۆمپانییە زەبەلاحەکانی ئەم بـوارە، لەوە دەترسن کە لە پـڕێکـدا کۆرۆنا کۆتایی بێت.. ئەمانیش زیانێکی زۆر بکـەن.
پسپۆران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەم ڤایرۆسە (گۆڤید ـ نۆزدە) بەو ژمارە مردوو و تووشبووانەش کە تا ئەمڕۆ تۆمارکراون، بەڵام کۆرۆنا گەورەترین کوشندە نییە. لە پێش کۆرۆنادا، چەند پەتایەکی تری کوشندەتر بڵاوبوونەوە، گەورەترینیان:
تاعوونی رەش(نەخۆشی رەش): (لە ئەوروپادا لە ساڵانی : 1348 ـ 1349) ز، کە نزیکەی بیست ملیۆن کەسی کوشت. بۆ نموونە: نزیکەی لە (سەدا شەستی) هەموو دانیشتوانی وڵاتی نەرویجی کوشـت.
تاعوونی گەورەی لەندەن: لە دوو ساڵی ( 1665 ـ 1666 ) ز، زیاتر لە ( 100 ) هەزار کەسی کوشت، کە لەو کاتەدا دەیکرد بە چارەگێکی دانیشتوانی لەندەن. ئەم تاعوونەشی لە هـۆڵندەوە بـۆ هـات.
تای زەرد: لە ساڵی ( 1793 ) دا، تای زەرد لە دەڤەری ڤـیلادلڤـیای ئەمریکا بڵاوبـۆوە، نزیکەی ( 45 ) هەزار کەسی کوشت.
تاعوونی گەورەی مارسیلیا: لە ساڵی ( 1720 ) دا، شاری مارسیلیای فەرەنسی تووشی تاعوون هات و لە ماوەی چەنـد رۆژێکـدا زیاتر لە ( 100 ) هەزار کەسی لێکوشتن.
پەتای کولێرە: کە لە ساڵی ( 1820 ) لە شاری کەلکوتای هـیندی بڵاوبۆوە، تەشنەی کرد و باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوين و رۆخەکانی دەریای سپیشی گرتەوە، تا گەیشتە چـین. ئەم پەتایە زیاتر لە ( 100 ) هـەزار کەسی کوشت.. کولێرە کوردیشی گرتـەوە.
نەخۆشی ئایـدز: لە ساڵی ( 1976 ) لە کۆنگۆ دەرکەوت و بە هەموو جیهانـدا بڵاوبۆوە، لە ئەمڕۆدا ژمارەی تووشبووان بە ئایـدز لە جیهاندا، زیاتر لە ( 36 ) ملیۆن تووشبووە.
بێجگە لەو پەتایانە، دواتریش ئەنفلـۆنزای بەراز، ئەنفلـۆنزای ئیبۆلا، ئەنفـلۆزای باڵندە. تا دەگاتە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئەمـڕۆ.
دکتۆر (هەوارد مارکـێل) لە زانکۆی میشیگان دەڵێت:”بە بۆچوونی من، بە زۆری بە هاتنی مانگی (مایۆ یا یۆنیۆ یا یۆلیۆ) ی ئەمساڵ ئەم ڤایرۆسە کۆتایی بە خۆی دێنێت.
(سایتی فـۆکس) یش قسەی شارەزایان دەگێڕێتەوە، کە دەڵـێن” بۆ کۆتـایی هـاتنی ئەم ڤایرۆسە، سێ سیناریۆ هەیە.
یەکەمیان/ ئەوەیە کە هەوڵە تەندروستییە گشتییەکان بە ئەنجام دەگات و کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی دەکرێت.
دووەمیان/ ئەم ڤایرۆسە لە کاتێکی دیاریدا خۆی دەسووتێنێت.
سیناریۆی سێیەم/ ئەوەیە کە دەشێ (گۆڤید ـ نۆزدە) بگۆڕێت بە ڤایرۆسێکی تر. هەروەکو چۆن پێشتر رووی دا، لە ساڵی ( 2009 ) دا، جۆرێکی تازەی (ڤایرۆسی ئەنفلۆنـزا)ی (ئێـچ یەک، ئێـن یەک) هـاتنە ئاراوە و وەکو پەتایەکی جیهانی گەمارۆی زەوی دا” هـیوادام هەموومـان دووربین لە تووشبوون بە کۆرۆنا و ئەم دۆخەش بەسەربچـێت.