رەزا شوان: گفتۆگۆیەکی گەرم لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیار: تۆ کێی؟
کۆرۆنا: نە بە چاو و نە بە زەڕەبینی تیشکیش من نابینی.
پرسیار: رەچەڵک و خێزانت کێن؟
کۆرۆنا بە پێی زانیارییەکان من لە بنەماڵەی ڤایرۆسەکانم، بە (ڤایرۆسی تاج) ناسراوم.
پرسیار: تۆ تازەیت یا کۆنیت؟
کۆرۆنا: تازەم.
پرسیار: ئایا تۆ گیانلەبەریت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: ئایا لە دەرەوەی جەستەدا زیاد دەکەیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: بە چ خێراییەک زیاد دەکەیت؟
کۆرۆنا: من وەک تەنیا خانەیەک دەچمە گیانەوە.. لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا، ژمارەم زیادەکات و دەگاتە دە ملیار.
پرسیار: بۆچی ناویان ناوی (گۆڤـید ـ نـۆزدە)؟
کۆرۆنا: بۆ کورتکردنەوەی وشەکانی ناوەکەم.. ناوم لەم سێ وشەیە پێکهاتووە: (کۆرۆنا، ڤایرۆس، دیسیاس) نۆزدەکەش، ئەوەیە کەمن لە ساڵی ( 2019 ) سەرم هەڵدا. ( 19 ) دوو ژمارەی کۆتایی ساڵی سەرهەڵـدانمە.
پرسیار: بۆ یەکەمین جار لە کەی و لە کوێدا دەرکەوتیت؟
کۆرۆنا: لە مانگی دێسەمبەری ساڵی رابردوو، لە زێدی سەرهەڵدانم لە شاری (وۆهان) لە چین دەرکەوتـم.
پرسیار: چۆن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێیتەوە؟
کۆرۆنا: بە هۆی ئەو پریشکانەوە، کە لە کاتی کۆکین و پژمیندا، لە دەمی کەسێکی تووشبووەوە دەردەپڕن و بەر کەسێک یا کەسانی نزیکیان دەکەون.
پرسیار: ئایا بە هۆی هەواوە دەگوازرێیتەوە؟
کۆرۆنا: حەز بەم هۆیە ناکەم.
پرسیار: لە کوێوە دەچیتە گیانی مرۆڤەوە؟
کۆرۆنا: لە دەمیەوە، یا لە لووتیەوە، یا لە چاویەوە.
پرسیار: بۆ ماوەی چەند، لەسەر کەلوپەل و شتومەک و کەرەستەکاندا دەمێنیتەوە؟
کۆرۆنا: لە چەند کاتژمێرێکەوە بۆ چەند رۆژێک.
پرسیار: کەسی تووشبوو، لە ماوەی چەند رۆژدا، دەردەکەوێت کە تووش بووە؟
کۆرۆنا: لە دوو رۆژەوە بۆ چوار رۆژ.. ئەوپەڕی: لە پێنج رۆژ یا لە شەش رۆژدا.
پرسیار: بۆ چی مەبەستێک دەچیتە گیانی مرۆڤەوە؟
کۆرۆنا: بۆ ئەوەی هێڕش بکەمە سەر سییەکانی و دایبڕزێنم.
پرسیار: باشترین ژینگە بۆ تۆ چییە؟
کۆرۆنا: ژینگەیەکی تەڕی تاریک و سارد.
پرسیار: ئایا حەز لە ژینگەی وشک و گەرم دەکەیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: سیانەی نیشانەکانی تووشکردنت چین؟
کۆرۆنا: 1- تالـێهاتن.. 2- وشکە کۆکە.. 3- شەکەتی و ماندووبوون.
پرسیار: ئایا ڤاگسین (دەرمانی دژ) هەیە بۆ لەناوبردنت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: ئایا چارەسەرت هەیە؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: چۆن لە رێگای پشکنینەوە دەدۆزرێیتەوە؟
کۆرۆنا: بە وەرگرتنی تەڕی لە لووت یا لە دەم یا لە قوڕگ، لە تاقیگەدا پزیشی پسپۆر پشکنینی ورد بۆ ئەو وەرگرتووە دەکات. دەردەکەوێت ئەو کەسە تووش بووە یا نا.
پرسیار: جیاوازی تۆ چییە لەگەڵ ڤایرۆسەکانی تردا؟
کۆرۆنا: خێرایی بڵاوبوونەوەمە.
پرسیار: باوباپیرانت کێن؟
کۆرۆنا: 1- (سارس)ی چینی.. 2- (مێرس)ی سعوودی.
پرسیا: لە هەواڵەکاندا راگەیاندرا، کە دەرمان هەن کارت تێدەکەن.. ئایا ئەمە راستە؟
کۆرۆنا: بەڵێ.. هەوڵی بەربەرەکانیم دەدەن.. دەیانەوێت بەو دەرمانە کۆنانە بمکوژن، کە بۆ پەتاکانی تر دروستکراون.. بەڵام شکستیان هێنا بۆ لەناوبدنم.
پرسیار: دەتوانی ناوی هەندێ لەو دەرمانانە بهـێنيت؟
کۆرۆنا: کۆمپانیایەکی فەرەنسی، ئەوەی وت: بە دەرمانی گرانەتا یا دەرمانی دژە ئیبۆلا یا دەرمانی دژە ئایدز یا ئامیفلوە، یا بە جۆری تری دەرمانە دژە ڤایرۆسەکان، کۆرۆناش لەناودەچێت.. بەڵام بە هەموویانەوە نەیان توانی بمکوژن.. تائێستا ئازادم و سەربەستم و بێدەربەستم.. بە خێرایی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەڕۆم.
پرسیار: شتی تازە هەیە بۆ لە ناوبردنت؟
کۆرۆنا: هەندێ لە پزیشکان هەوڵی ئەوە دەدەن، کە بە ڤاگسینی دژە سیل بمکوژن.. بەڵام شکستیان هـێنا.
پرسیار: ئەی گیاوگۆڵ و دەرمانی میللی، وەکو: رەشکە و رازیانە و نەعـنا و…؟
کۆرۆنا: هاهاها.. هاهاها.. هاهاهاهاهاها.
پرسیار: رقت لە چییە؟
کۆرۆنا: رقم لە، مانەوە لە ماڵەوە.. پاک و خاوێنی کەسی.. هەوا گۆڕین.. ژینگەی وشک و گەرم.. چەند جارێک ئاو لە دەم وەردان (غەڵغەڵەکردن).
پرسیار: ئایا تۆ بچیتە گیانی هەرکەسێکەوە دەیکوژیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.. هەندێ کەس و لایەن و میدیا و راگەیاندنەکان، ترس و تۆقین لەناو خەڵکیدا بڵاودەکەنەوە.. لە راستیدا لە (سەدا هەشتای) نەخۆشەکانم بەبێ چارەسەر چاک دەبنەوە.. نزیکەی (لە سەدا حەڤدە)ی نەخۆشەکانیشم پێویستیان بە جیاکردنەوە هەیە و لە نەخۆشخانەکاندا بە چارەسەری ئاسایی چاک دەبنەوە.. بەڵام لە (سەدا دوو ـ بۆ ـ چوار)ی نەخۆشەکانم دەکوژم.
پرسیار: خەسڵەتی ئەو کەسانەی دەیانکوژیت چییە؟
کۆرۆنا: ئەو بەتەمەنانە دەکوژم، کە تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو: شەکرە و پاڵەپەستۆ و نەخۆشی هەناسە تەنگی بوونە.
پرسیار: منداڵانیش تووش دەکەیت؟
کۆرۆنا: بەزەییم بە منداڵان دێت.. بە زۆری وازیا لێدەهـێنم.
پرسیار: هێڕش دەکەیتە سەر نێرینە یان مێینە؟
کۆرۆنا: بەزۆری بۆ سەر نێرینە.
پرسیار: فێرم ناکەیت چۆن خۆمت لێ بپارێزم؟
کۆرۆنا:
1- لە ماڵەوە بمێنەوە.. لە قەڵەباڵغی و لە گردبوونەوە و لە تێکەڵبوون خۆت دووربگرە.. مەچۆ بە پرسە و مزگەوت و بۆ میوانی.
2- بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی باش دەستەکانت بشۆ و پاکژکردنەوە بەکاربهـێنە.
3- گەر پژمین و کۆکەت هات.. کلێنکسێکی پاک بە دەمتەوە بگرە.
4- ماوەی زیاتر لە مەترێک.. لە نێوان تۆ و کەسێکی گومانلێکراوی تووشبوو هەبێت.
5- زۆر پێویستە هەوای ماڵەکەتان بگۆڕی.. بە کردنەوەی پەنجەرەکان و دەرگاکانی ژوورەکانتان بۆ ماوەیەک.. رۆژی سێ و چوار جار دووبارەی بکەرەوە.
6- رۆژانە چەند جارێک، بە شلەی پاکژکەرەوە، شتەکان و دەسکی دەرگاکان و سەرمێز و دەزگای کۆمپیوتەر و مۆبایل و شتەکانی تر پاک بسڕەوە.. پێڵاوکانت لە دەرەوە دانێ.
7- رۆژی چەند جارێک بە ئاوی شلەتێن، ئاو لە دەمت وەردە ( غەڵغەڵەکردن بە ئاو).
پرسیار: دەربارەی دەمامک و دەستکێش قسەم بۆ بکە، ئایە پێویستە بەکاریان بهـێنین؟
کۆرۆنا: بە کارهێنانی دەمامک و دەستکێش، بۆ کەسانی تووشبووان و گومانلێکراوان پێویستە.. بۆ سەرجەم تیمە پزیشکییەکان و پەرستیاران و کارمەندانی تەندروستی ناو نەخۆشخانەکان بۆ ئەو کەسوکارانەش کە چاودێری دۆخی نەخۆشە تووشبووەکانیان و گۆمانلێکراوەکانیان دەکەن.. دەمامک و دەستکێش و بەدلەی خۆپارێزیان پێویستە. بەڵام بۆ ئەودوای خەڵکی پێویست نین.
پرسیار: ئایا نیشانەکانی تووشبوون لە هەر نەخۆشێکی تووشبوودا دەردەکەون؟
کۆرۆنا: نەخێر.. بەشێکی زۆر لە نەخۆشەکان، کە تووشدەبن و چاکیش دەبنەوە، سەغڵەتنین و پێی نازانن، هیچ نیشانەیەکیشیان لێ دەرناکەوێت.
پرسیار: لە کێ دەترسیت؟
کۆرۆنا: لەم کەسانە دەترسم:
1- لە توێژینەوەی زانیاری و لە زاناکان.
2- لە هۆشیاری و لە رۆشنبیری خەڵکی..
3- لە پلان و لە بەرنامە خۆپارێـزییەکان.
پرسیار: میستەر کۆرۆنا.. ئایا راستە کە تۆ دروستکراوی هەواڵگریت (موخابەراتیت)؟
کۆرۆنا: هەندێ کەس و لایەن وا دەڵـێن.. ئەوەی وا دەڵێت با نەترسێ و بیسەلمێنێت.
پرسیار: رووی رەشی تۆمان زانی.. ئایا رووی سپێشت هەیە؟
کۆرۆنا: بەڵێ.
پرسیار: چیین.. باسیان بکە؟
کۆرۆنا:
1- متمانەم بۆ خێزانەکان گەڕانەوە و کەسەکانیانم کۆکردنەوە.
2- ژینگەم پاک کردەوە.. لە ماوەی تەمەنی کورتم دا، ئەوەی من لە بارەی ژینگەوە هێناومەتەدی.. ئەو کۆنگرە نیۆدەوڵەتییانەی کە دەربارەی ژینگە بەستران، بۆیان نەهاتەدی، لەو کۆنگرە نێودەوڵەتیانەش: کۆنگرەی(ستۆکهۆڵم: 1972 ) و کۆنگرەی (نیـرۆبی: 1982 ) و کۆنگرەی (رویـۆدۆجـانیرۆ: 1992 ).
3- فشۆڵی و لاوازی سیستمی تەندروستی جیهانیـم ئاشکراکرد.
4- مرۆڤ خۆی بە خوا دەزانی.. سەلماندم کە چەند لاواز و بێدەسەڵاتە.
5- پەردەم لە رووی گەندەڵی و دەسەڵاتدارە گەندەڵ و دزەکان هەڵمـاڵی.
6- هەندێ وا خۆیان پێشان دەدەن کە بە خۆیاندا چوونەتە و روویان لە باشی کردووە.. بەڵکو راست بکەن.
پرسیار: بۆچی عەرەبەکان تووش ناکەیت؟
کۆرۆنا: جیاوازی لە نێوان هیچ نەتەوەیەک ناکەم.. بەڵام رژێمە عەرەبییەکان راشکاوی و راستگۆییان نییە.. بۆیە راستییەکان بە گەلەکانیان ناڵـێن و لێان دەشارنەوە.
پرسیار: تێڕوانین بۆ ئایندە چـییە؟
کۆرۆنا: دەشێ مرۆڤ ڤاگسینێک یا دەرمانێکی کارگەر بدۆزێتەوە و لەناوبەرن.
پرسیار: بەڕێـز کۆرۆنا.. ئایا ویـژدان ئاسوودەی؟
کۆرۆنا: بەڵێ.. هۆش و ویژدانی مرۆڤم راچەنی و تووشی شووکم کردن.. جیهانی دوای کۆرۆناش جیاواز دەبێت لەگەڵ جیهانی پێش کۆرۆنا.
پرسیار: چی ئامۆژگـارییەکم دەکەیت؟
کۆرۆنا: لە ماڵەکەتـدا بمێنەوە.. تا چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە.. یا ڤاگسینێکی گونجاو دروست دەکرێێت.

تێبینی: ئەم نووسینە، لە سایتی “اراء حرة” دا، لە 26 – 3- 2020 دا بڵاوکراوتەوە، ناوی نووسەری لەسەر نییە، بە دەستکارییەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت