پشکۆ ئەمین: فەشەل هێنان لەچارەسەرکردنی کۆڤید 19 دا واتە سوتانی جیهان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هینری کیسنجەر، کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێیوایە پاش کۆرۆنا جیهان ئەو جیهانە نابیت، کە پیش ئەم ڤایرۆسە هەبوو. دەڵێت: چارەسەرنەکردنی ئەم پەتایە ( رەنگە ببێیتە هۆی سوتاندنی جیهان.
هینری کیسنجەری تەمەن 96 ساڵ کە لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو سەرۆک ریتشارد نیکسۆن و جیراڵد فوردا کاری دەکرد، رۆژی هەینی 04/04/ 2020 لە رۆژنامەی واڵ ستریت جورنالدا، بیرورای خۆی دەربارەی جیهانی پاش کۆرۆنا دەربڕی و دەنوسێت: ڤایرۆسی ئیکلیل، بە توانایەکی بێشومارو بە شێوەیەکی درندانە دەستی وەشان، کە تا ئەمرۆ نمونەی نەبووە. کیسینجەر دەڵێت: سیستەمی جیهانی بەهۆی کۆرۆناوە بۆ هەتا هەتایە دەگۆرێت. دەنوسێت، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا. لەگەل ئەوەشدا، تووشبوانی کۆرۆنا هەر پینج رۆژ دوو هێندە زیاد دەبێت، هەتا ئێستا هیچ دەرمانێک و پێکوتەیەک نەدۆزراوەتەوەو نیە. ئەو پشکنینانەی دەکرێن، رێگا لەبڵاوبوونەوەی پەتاکە ناگرێت. ژمارەی تووشبوان رۆژ بە رۆژ لەزیاد بووندایە، بەبێ چارەسەرکردن. تەنها بە زانینی ژمارەی تووشبوان هیچ لە پەتاکە کەم ناکات، نەخۆشخانەکان پر بوون و جێگە نەماوە.
کیسنجەر دەڵێت: ئیدارەی ترەمپ کارێکی زۆر باش و بەهێزی کرد، بۆ رێگرتن و دوورکەوتنەوە لە روودانی کارەسات بە هۆی کۆرۆناوە. ئیدارەی ترەمپ دەبێت بزانێت، کە دوا تاقیکردنەوە هەر بەرەو رووی ئەوان دەبێتەوە. بۆیە دەبێت، کە بە زووترین کات رێگری بکەن لە تەشەنە سەندن و زیاتر بڵاوبونەوە ئەم ئافاتە، بەمە متمانەی خەڵکی ئەمریکاو جیهانیشیان بۆ دەگەرێتەوە.
کیسنجەری قاڵبوو لە دبلۆماسیەتدا دەڵێت: سەرکردەی وڵاتانی جیهان کار لەسەر کۆرۆنا دەکەن، زوربەیان لە سەر بنەمای نیشتیمانی دەیکەن. بۆیە پێویستە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە زوویی رێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردن و دارشتنەوەی سیستەمی ئابووری جیهانی و پارێزگاریکردن لە سیستەمی لیبراڵی جیهانی.
کیسنجەری تەمەن 96 ساڵ دەڵێت: ئەو کێشەو گرفتە سیاسی و ئابوریانەی کۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا هێنای بەردەوام دەبێت. دەمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوش،
کیسنجەر دەنوسێت، تەنانەت ئەمریکاش ناتوانێت تەنها بەهێزی خۆی و بێهاوکاری وڵاتان بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا سەرکەوێت، بۆیە پێویستە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا پێکەوە کاربکەن. ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویسترە، کە هاوکاری و هەما هەنگی لەنێوان وڵاتاندا هەبێت، بۆ زاڵبوون بەسەر کۆرۆنادا دەبێت بیرو بۆچونەکان و پرۆژەکان یەکبخرێت.
کیسنجەر پێشنیاری سێ هەنگاو دەکات و بەباش دەزانێت، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پاش نەمانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، هەستێت بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە:
یەکەم هەنگاو/ دۆزینەوەی دەرمانێک یان پێکوتەیەک دژی ڤایرۆسەکەو پەرەپێدان بە رێگە چارەی باشتر بۆ خۆپاراستن لە پەتا.
دووهەم هەنگاو / چارەسەری ئەو برینەی کە ئابوری جیهان بەهۆی کۆرۆناوە تووشی بوەو بە دەستیەوە دەناڵێنێت، کە دارمانی ئابوری جیهانە.
کیسنجەر دەڵێت” ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرای ئازارێکی زۆری بە ئابوری جیهان گەیاند، کە لە میژووی جیهاندا تا ئەمرۆ وێنەی نەبوە.
کیسنجەر دەنوسیت: وڵاتە یەکگرتوەکان دەبێت رێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ پاریزگاری و سرینەوەی ئاساری ئەو ئاژاوەیەی، کە لە وڵاتانی جیهاندا لە ناو دانیشتوانە زۆر هەژارەکاندا پەیدا دەبێت.
سێهەم هەنگاو / کە کیسینجەر دەستنیشانی دەکات، پارێزگاری کردنە لە بیروباوەری سیستەمی جیهانی ئازادیخواز (لیبراڵ). ئافاتەکە بوە هۆی دروستکردنی جیاوازیەکی گەورەی میژوویی. پێویستە هەوڵبدرێت بۆ ژیانەوە و زیندوکردنەوەی شاری جوان و خۆشی بێدیوار، کە بەندە بە پێشکەوتنی بازرگانی جیهانی و هات و چۆکردنی خەڵکەکەیەوە.
کیسنجەر دەنوسێت، دیموکراتەکانی جیهان دەبێت، کە پارێزگاری لە بەها ڕوونەکانی خۆیان بکەن و پابەندبن پێوەی. بەردەوامبن لەکارکردن بۆ بنیاتنانی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری ودابینکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری، کە ئەمانە پێویستیە سەرکی و بەها دیموکراسیەکانی مرۆڤایەتین. پاشەکشەی جیهانی لە هاوکێشەی دەسەڵات و شەرعیەتدا ئەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێکەوتنە کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکان و جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت