شەهاب کەریم: چەند ڕۆژێک لە سلێمانی بۆ کوشتنی ملازم محسین خۆمان حەشاردابوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جۆرێک لە دیاردە قێزەون و بێزلێکراوەکانی میللەتانی دونیا لە ڕووی مۆڕاڵی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. کردەی گرتنەبەرو ڕێکاریی بەرکەوتن و، کاردانەوەی چەوت و پەرچەکرداری خۆبەدەستەوەدانی ملکەچانەیە بە نەیارەکانی گەل و دوژمن، بەدڵنیای بەپاساویی بەرگریکردن لە مانەوەو، داکۆکیکردن لە مێژوویی ڕاستەقینە. بە خواستی سڕینەوەو شێواندن زەمەنی تێپەڕیوو لە هەڵەو، دروستکردنی دۆخێکی نوێ بە ڕووکەش جوانی و شاردنەوەی ئەو ملکەچبوون و خۆبندەستکردنە تێیدا هەڵئەسوڕێن.
بێگومان خۆ بردنە پێشەوەو مل شلکردن و موونەرمی ئەو فۆرمە لە دەسەڵاتی بچوک بە ویستی دوژمن و کارکردن بەئامڕازو شێوازی نوێ بە خواستی دوژمن، دەستبردنە بۆ سەروەرییەکانی گەل و پێپێنانی گشت قوربانییەکانی خاکی کوردستانە، کە جێگەی قبوڵکردنی لە مێژوودا زۆر قورسە، سیاسەتی شەڕی لە پای کۆنە قینی بۆماوەو، تۆڵەکردنەوەی سیاسی کەسەکان، گرێی دەروونی زۆرگەلێکن، دووبارە بەکارھێنان و دەستبردنە بۆ مێژووی پڕ خوێن و ئێسکی شکاندنی میللەتێک لە سەرلەنوێ قووتکردنەوە و ھێنانە کایەیی گەمەیەکی بریناویی و دروستکراوی بۆگەن لە کوشتن و بڕین، بۆ بەرژەوەندی کەسی و سەرکەوتن.
ئەم جۆرە لە خۆ پیاهەڵواسین و خۆبەدەستەوە دان و بندەستییە بۆ ژیان و مانەوە وەک ڕێچکەیەکی ڕێپێدراو لە بەردەوامی خۆجێکردنەوە و دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ناوچەیی کە درێژە بە بەردەوامی دەسەڵاتی هێزی چەک و خۆجێیی دەدات، بۆ دروستکردنی قاوغی هەمەچەشنەی گەواھیدەر و قەڵغانی کارتۆنی بۆ خواستە کارتۆنیەکانی بەنیازن بیکەنە فۆڕمی بردنەوە لە ململانێی سیاسی و دەسەڵاتدا، بە کەرەستەی ناجۆری دەستتێکەڵکردن و گرێدانی بەرژەوەندی و خۆبەدەستەوەدان، ڕاگیری و ڕازیکردنی دووژمن و دوژمنی نەیارەسیاسیەکانی خۆیان، لە پێناو هەڵکێشانی چەکی کوشندە بەرامبەر بەیەکدی. کە تێیدا گشت پرۆسەی تێکۆشان و سەروەری مێژووی گەل و نیشتیمانێک دەبێتە قوربانی، کە ھەزاران ڕۆڵەی خۆی پێبەخشیوە.
بێگومان پاشەڵ قوڕاوییەکان ھەمیشە لە ھەوڵی دروستکردنی قوڕو چڵپاوێکدان، کە تەنها خۆیان دەتوانن تێیدا بژین. ھەرچۆن بەدکارەکان ھەوڵی تۆمەت دروستکردن و بەخشینەوەی تۆمەتن لە پێناو بەدکاریکردنی نەیارەکانیان و، خۆ پیشاندانیان بە پاکی و پاکردنەوەشیان لە پیسی و بەدکاری.
لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ” دارای حاجی برایمی چەرمەگا” کە نامەوێ بچمە سەر مێژویی ژیان و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ بەعسدا، خۆی ووتەنی ھاوڕێی مولازم موحسینی خوێنڕێژ و بکوژی چەندین لە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمانە.
زۆر بە ڕوونی و بێ سڵەمینەوە لە ڕاگەیاندنێکی کوردییەوە شانازی بە بوونی ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی ئەم خوێن مژە دەکا و دەمانخاتە نێو گومانێکی قوڵ و سەرنج ڕاکێشەوە، کە تێیدا پێویستی بە بەدواچوون و وردبینی دروست و بڕیاری ھەڵوێستەیەکی توندە بۆ ھەموان.! لە بابەتێکی ئەوها گشتیدا کە مێژووی کوردو کوردستان تایبەتمەندێتی شارێکیشە وەک قوربانی و خەبات و تێکۆشان.
مولازم موحسین چەندین کەسی لەسەر شەقامەکانی شار کوشتووە، سوکایەتی بەچەندین ماڵە تێکۆشەری شاخ و شارکردووە. چەندین جۆر دەستدرێژی کردۆتە سەر ژن و کچانی شارەکە، ئازاری گەنجان و منداڵانی لە یادەکانی نەورۆزو ئاگرکردنەوەی یادی نەورۆزدا داوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ھەشتاکاندا بە ھیچ شێوەیەک دەستی لە ژن و مناڵ و پیرو پیاو نەپاراستووە. بەھەزارەھا شێوەی ناشایستەو نەگونجاو ئازاری زیندانیانی داوە. پرسیارەکە لێرەوە بۆ چەرمەگا دەستپێدەکا؟ باشە کەسێک بەو جۆرە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ھاوڵاتی و ھاوشارییەکانتدا کردبێ گریمان بە دۆخێکی نە خوازراو و زەمەنێکی تێپەڕییوو لە سەر شۆڕی، ئێستا چۆن دەتوانی پەیوەندیت لەگەڵیدا ھەبێ و بەردەوامبی لە پەیوەندیکردن لەگەڵی و سڵ لەو هەموو خوێن و قوربانییانە نەکەیتەوە و دڵت بەو دایکە جەرگ سوتاوانە نەسوتێ و شەرم نەتگرێ.!
بەڕاستی ئەم ووتنانە پەلکێشی ھەندێک شتی کۆنکرێتیمان دەکات.

گەر سەرنج بدەین نەکدەستی بگرە شتی تریشی کەوتۆتە نێوان و چنگیان لەیەک نابێتەوە.
دیارە نایەوێ باس لەو بابەتە بکا و دەیبەیتاوە بۆ ھێزی ناوچەگەری، بە جۆرێک خۆی دەردەخات کە لە بوێرییەوە بوبێت و، بێمنەت لووت لە بابەتەکە دەژەنێ. دەنا دڕندەیەک چۆن چۆنی دەبێتە ھاوڕێی گیانی بەگیانی و ئەوەندە ساڵە لێی بێدەنگ بووە، بۆ ئەم کاتە بە سپۆنسەری ھێزێکی دوورە دەست لە کوورد بای باڵی خۆت دەدەی ئاگر بەردەدەیتە دڵی هەزاران ماڵە شەهیدو قوربانی.! بە ئاشکراش پێمان دەڵێ دەتوانم دەنگێکی زۆر لە ناوچە بەعس نشینەکانی عێراقدا مسۆگەر بکەم.
لە کاتێکدا ئەوەی تۆی خستۆتە باوەشی ئەم ھەوڵە « سەر” بە” خۆییە ». وەک شەڕێکی سیاسی، بوونی خۆت و دۆخەکەی بۆ سەربەخۆ بوونی کورد ھان دەدا، کە لێرەدا دەبێتەوە بە پرسیارێکی گەورەتر لە بوونی بەدگومانی و بێ ئومێدی خەڵک و ئامانجەکەی لە گرتنە دەستی دەسەڵاتدا.
بۆیە باشترە ئەم ھاوکێشە دوو فاقی دووژمندۆستی و کوردبوونە لە مۆڕاڵی سیاسی حیزبێکی وەک بەعس پەروەدەدا بۆ کورد مە خوڵقێنەو، شەرمێک لەو قوربانیانە بکەرەوە کە بەدەستی بەعسی فاشی ئەنفالکران تەنها بەهۆکاری کوردبوون، ڕەش و سپیان بەتێکەڵی زیندەبەچاڵکرد، ئەو بەعسیە چەک بەدەستانەبوون کە دەبوایە سەر شۆڕکەی بۆیان و لە سایەو سێبەریاندا وەک سەرشۆڕێک بژی. نامەوێ خۆفرۆشیت پێ ئاشناکەم دەزانم خۆت زۆر بەلیتەیی تیا ژیاوی.
میللەتی کورد لە مێژووی سیاسی ناوچەکەدا خاوەنی قوربانییەکی زۆری بێ وێنەی نەگوتراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و بەردەوام لەسەنگەری بەخشیندا بەرامبەر جوانییەکانی مرۆڤبوونیش هەتا ئێستاش دەجەنگێ و قوربانی دەدا.
قوربانییەکانی خەبات و تێکۆشانی جەنگ و ململانێیەکانی کورد لەسەر” دین، کلتور، جوگرافیا، نەتەوە، گرێ و کێشەی پێکهاتەی سیاسی و دابەشکردنی ناوچەیی “. بەردەوامی ململانێکانی بوون مانەوەی خەڵک و خاکی کوردستانە بۆ بوون ژیانی بەردەوامی گەلەکەی کە ئێستا بۆتە بەهێزترین چەکی بەرەنگاری و بەردەوامی مانەوە وەک گەلێکی سەربەرزو پڕ شکۆ و سەربەرز بەرامبەر قوربانییەکان و سەفرازی خاکی کوردستان.
بۆ ئەو بێ ئابڕوویەش پێم باشە چیرۆکێکی مێژووی بخەمە بەر چاوی خوێنەران کە ئەمە یەکێکە لەو ھەزاران چیرۆکە بوونە بەرھەمی ئەوەی ئێستا جاشەکانمان بە بێ سڵەمینەوە، بەپیشتوانی و هێزی جاشە گەورەکان قسە بکەن و شەرم نەکەن کە چکارەبوون.!
ساڵی 1983 کاتێک لە قەسابخانە و زیندانی ئەبوغرێب بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرام و جارێکی تر پەیوەندیم کرد بە شۆڕشەوە، ئەو چیرۆکی هەڵواسین و بوتڵ پێهەڵگرتن و هەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجانەم بۆ هاوسەنگەرانم دەگێڕایەوە و باسی قارەمانێتی و خۆڕاگری ئەو تێکۆشەرانەم دەکرد، کە لەلایەن ملازم محسینەوە دەستگیر کرابوون و هەڵدەواسران و ئەشکەنجە دەدران.
باسی تاوانەکانی(ملازم محسین)مان دەکرد کە بەچی شێوەیەک ئاسۆی دەلاک و چەندەهای هاوشێوەی ئاسۆی دەلاکی شەهید کردبوو، ئەو سەردەمەش ملازم محسین بەرۆکی خەڵکی شاری دەگرت و هەر وەک هەتکردن، ریشی گەنجەکانی بە بەرچاوی خۆشەویست و خانەوادە و هاوڕێیانیانی دەسوتاند، بڕیارێک لە لایەن شۆرشەوە دەرکراو ئەو تاوانبارە بە سزای گەل شۆڕش بگەیەنین، بۆ ئەو مەبەستەش فەرماندەی کەرتەکەمان “عومەر حەسەن(عومەر عەرەب)جێگری فەرماندەی کەرتەکەمان سەڵاح حاجی عەلی(سەڵاح چاو زەق) ئەردەڵانی ئیسماعیل عارف، بەندە شەهاب کەریم” بە چوار جۆری چەکی کڵاشیکۆف، لە گەڕەکی مامۆستایان لە شاری سلێمانی لەماڵی بەرپرسی شانەکانی سەر بە ڕێکخستن، مامۆستا(ع…) خۆمان حەشاردا و بۆ ڕۆژی دواتر، مامۆستا (ع..) چووە ناوشار و شەقامەکان گەڕاو لەبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی ملازم محسین بۆسەی دانابوو، غەدری لە هاوڵاتیان دەکرد، دوای گەڕانەوەی بەرپرسی شانەکانی ڕێکخستنی نهێنییەکانی شار، ئاگاداریکردین ملازم محسین لە بەر مزگەوتی گەورەدا بۆسەی داناوە و بە ئۆتۆمبیلی ئامادەکراو هەر چوارمان بۆ ڕوحکێشانی ملازم محسین زۆرە بەپەلە خۆمان گەیاندە ئەوێ بەڵام بەگەیشتنمان لەوێ نەمابوو، ناچار بڕیارمان دا چالاکییەک بەئەنجام بگەیەنین و ڕێژم دڵنیا بکەینەوە لەوەی دەتوانین لە ناو جەرگەی شاردا دەست لە هێزەکانیان بوەشێنین و دڵنیایان بکەینەوە کە ناتوانن بە ویستی خۆیان ئازاری خەڵکی بدەن لە کاتی گەڕانەوەماندا لەسەر جادەی مزگەوتی گەورە کانێسکان ئەفسەر و سەربازێکی ڕژێمان بینی و بێ دوودڵی بە سزای گەل و شۆڕشمان گەیاندن، بە داخەوە چەند ڕۆژێک لە سلێمانی بۆ کوشتنی ملازم محسین خۆمان حەشار دا، بەڵام شانسێکی گەورەی هەبوو توشمان نەدەبوو بە توشییەوە، ئەو تاوانبارە بە سزای شۆڕش بگەیەنین و لە کۆڵ خەڵکی شاری بکەینەوە، ئێستەش دوای ئەو هەموو تاوانانەی لە لایەن ملازم محسینەوە دەرهەق بە لاوان وگەورەو بچووکی شارەکەمان دەکرا، بە شانازییەوە باس لە پیرۆزی وهاوڕێیەتی و پەیوەندی دۆستایەتی نێوان دارای حاجی برایمی چەرمەگاو ملازم محسین دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ حزبێک داوای لێبکات شوێنی ئەو تاوانبارە لە لایەن دارای حاجی برایمەوە دەستنیشان بکرێت و جاش دۆستیشمان لێ ببڕێت و کۆتایی بەم جۆرە پیاهەڵدان و بێمنەتییەش بدرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت