بەهرۆز جەعفەر: حکومەتی نوێی عێراق و مەترسیە گەورەکانی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

قسەکردن دوو جۆری هەیە، یەکێکیان لەسەر بنەمای کەسەکان، ئەویتریش لەسەر بنەمای شتەکان. هەرگیز قسەکردن لەسەر بنەمای کەسەکان لە ڕووی زانستیەوە نای پێکێت. چونکە بە پێی هەوەس و ئاوەز و ویستە. نەک بە پێی بنچینەو تێست و دەرئەنجام.
بەڵێ، وەکو کەس، مستەفا کازمی تێگەیشتنی باشی بۆ پێکەوەژیان هەیەو، کەسێکی بەڕێزەو، ئەو چوار جارەی بەریەککەوتن و ناسینمان هەبوە، هەمیشە لەسەر بوارە سۆفتەکان ( تەرمەکان) قسەو کاری کردووە، لەسەر بە دۆکیۆمێنت کردنی کەیسی ئەنفال و گازباران و تاوانەکانی بەعس… لەسەر پێکەوە ژیان. لەسەر کەلتوری دیموکرسی و پرسی عێراق و… تادوایی، هەڵوێست و نوسین و قسەی چاکی بووە. بەندەش کاری ئەوەم پێکەوتووە کە لەساڵی (2011) پرۆژەیەکمان دا بە پەرلەمانی کوردستان بەناونیشانی ( چۆن ئەنفال ببەینە نەتەوە یەکگرتووەکان؟) وا ئەزانم چەندین جار ئەو لینکەو لێکۆڵینەوەیەم بڵاوکردۆتەوە. بۆ مێژووش بڵێم زۆر کاری لەسەر ئەوە ئەکرد کە ساڵی ( 2008 ) پەرلەمانی عێراق هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند. بیرمە جارێکیان گوتی بۆچی نەتەوە یەکگرتوەکان قەرەبوی کوەیت ئەکاتەوە، کە عێراقی سەردەمی سەدام پەلاماری داوە، بەڵام قەرەبوی کورد ناکاتەوە!.
بابەتەکە ئەو قسانەی سەرەوە نیە. وێڕای خۆشحاڵیم کە دۆستێکە و ئەچێتە لوتکەی دەستەڵات. ئەوەندەش شەرەفمەند نیم چیتر سیاسیەکی عێراقی بناسم لەو عێراقەدا کاربکات، کە دواجار لەسەردەستی ئەمانەی ئێستا حوکم ئەکەن وای لێ بەسەرهاتوە، لە زەمەنێکی وەهاشدا کاروبارەکان کەوتونەتە لای خوار نەک ژوور.
ئیمڕۆکە عێراق دەیان تەحەددای گەورەی لە پێشە، تەحەددای وەها کە لێکۆڵینەوەکان وامان پێ ئەڵێن ئەبێت نرخی یەک بەرمیل نەوت ببێت بە ( 191 ) دۆلار ئینجا عێراق توانای خۆ- بژێوی و دانەوەی قەرزەکانی ئەکەوێت!. ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برینت نزیکەی ( 34 ) دۆلارە. واز لەو ( 122 ) ملیار دۆلار قەرزەی سەر عێراق بهێنین. تەنانەت واز لە دەستوەردانی ئێرانیش لە عێراق بهێنین. سێ تەحەددای ئانەکی هەڕەشە لە عێراق ئەکەن، کە ئەبێت ئێستا چارەسەر بکرێن نەک سبەی؛
یەکەم/ بەمزوانە کرۆنا باشوری عێراق ئەتەنێتەوە، هەزاران پرسەو تازیە دروست ئەبێت، حکومەتی عێراقیش ڕێگە نادات کۆبونەوەو پرسەو…. تادوایی بکرێت. دەرئەنجام توڕەیی خەڵک ئەگاتە لوتکە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم حکومەت و پەرلەمانەی لە عێراق هەیە بە پێی هەموو ڕاستیەکان نوێنەری تەنها ( 15 ٪) ی عێراقیەکانە، واتە 85 ٪ هەر دەنگی نەداوە، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەموو تەزویر کۆمسیۆن و سندوق سوتانەی کە ڕوویدا.
دووەم/ حکومەتی عێراق لە کاردا بو، ژیان ئاسایی بو، کەچی ڕێژەی بێکاریی 40٪ ی تێپەراندبو، واتە لە سەت کەس چلی بێکار بو. ئێستا بە ملیۆنەها مرۆڤ بێکار بون بەهۆی ڤایرۆسەکەوەو کارو بژێویان پەکی کەوتوە، ئەمانە چۆن قەرەبوو ئەکاتەوە لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک؟.
سێهەم/ ئیدارەی ئەمریکا تا ئێستا نەیویستوە پەلاماری حەشدی شەعبی بدات، بە بیانوی ئەوەی ئەگەر حەشدی شەعبی لاواز بێت، ئەوا بۆشایی ئەمنی دروست ئەبێت، ئێستا سێ سەرۆکایەتی لە عێراق هەیە هەرسێکیان لانی کەم بە ئۆکەی ئێران دانراون. بەمزوانە ئەمریکا لە کەرکوک و دەوروبەری، لە دیالەو دەوروبەری، لە تکریت و دەوروبەری، دەست ئەکات بە گورز وەشاندن. ئەگەر ئەمریکاش ئەوە نەکات مەترسی پەلامارەکانی داعش چڕتر ئەبێتەوە. هاوکات لە میانەی پێکهێنانی کابینەکەی کازمیشدا شیعەکان لەسەر وەزارەتەکان تێک بەرئەبن و، کورسی سەرۆکایەتی کۆمار ئەخەنە مەترسیەوە.
جارێکی تر، بابەتەکە لە سیاسەتدا بە «چاکی و خراپی» ناپێورێ، بە « بەهێزی و لاوازی» و دۆخەکە هەڵ ئەسەنگێندرێ. خۆشحاڵم کازمی سەرکەوتو بێت. بەڵام دڵنیام چینە کۆربۆکرات و تۆڕە سیاسی و ملیاردێرەکانی عێراق و پشت کازمی مەبەستیان لە بەرگری و پاڵپشتی لە کازمی بۆ میللەت نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەندێ کارو پرۆژەی خۆیانی لە حکومەتدا پێ جێ بەجێ بکەن. سەیرم دێ زۆر! سەردەمی پێش ئەنفال سەددام ئەیگوت نیوەی کەرکوکتان ئەدەمێ کورد پاڵپشتی نە ئەکرد، ئیمرۆکە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە کورد پیرۆزبایی هەیەو پشتگیریی مستەفا کازمی ئەکات!؟.
* تێبینی: لە کۆمێنت لینکی دیداری ئێمە لەگەڵ ئاژانسی (کردبرس) بەفارسی لەسەر دۆخی عێراق هەیە. سبەینێ وتوێژێکی چل خولەکی لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا VoA بڵاو ئەبێتەوە سەبارەت بەکاریگەرییەکانی کرۆنا لەسەر ئابوریی جیهانی دۆخی نوێی عێراق لەو ڕوانگەیەوە بڵاو ئەبێتەوە.