شێرزاد شێخانى: له‌باره‌ى كه‌يسه‌كه‌ى ( هيمن مامه‌ند ) ـه‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆسته‌دا نه‌بووم كه‌ هاوڕێم ( هێمن مامه‌ند ) له‌ ئه‌كاونتى خۆى نوسيبووى و هه‌ڕه‌شه‌ى خۆپێشاندانى جه‌ماوه‌رى كردبوو ‌دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم. چونكه‌ پێشترو ئێستاش باوه‌ڕم به‌وه‌ نييه‌ مرۆڤى ئازاد و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م خۆى وه‌كو سياسه‌تمه‌‌‌دار نمايش بكات. هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نوسه‌رو رۆشنبير وه‌زيفه‌كه‌ى جودايه،‌ كه‌ ئه‌ويش ته‌نها و ته‌نها هوشيار كردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگايه‌. هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سياسه‌ت به‌گشتى و، له‌هه‌رێمى كوردستان و عيراقيش به‌تايبه‌تى ئه‌وه‌نده‌ نێوه‌ندێكى ناشرين و قێزه‌ونه‌‌، كه‌ شه‌ڕه‌فمه‌ندى نيه‌ رۆشنبير خۆى بكاته‌ به‌شێك له‌م نێوه‌نده‌.
پێشتريش له‌پۆستێكدا دام به‌گوێى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمه‌وه‌ كه‌وا سه‌يرم پێدێ ده‌سه‌ڵات وا ته‌سه‌وڕ بكا، كه‌ رۆژنامه‌نووسێك بتوانێ رێبه‌رايه‌تى بزووتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى بكات و ببێته‌ پێشڕه‌وى خۆپێشاندانه‌كانى سه‌رشه‌قام. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا كه‌سايه‌تيه‌كى گه‌وره‌و خاوه‌ن كارێزمايه‌كى وه‌كو نه‌وشيروان مسته‌فا نه‌توانێ عه‌رشى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بجووڵێنێ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى، كه‌ زياتر له‌ چه‌ند مانگێك هانده‌رى خۆپيشاندانه‌‌كه‌ى 17 شوبات بوو، جگه‌ له‌وه‌ش له‌سه‌ر ساحه‌ى سياسيشدا خاوه‌ن گه‌وره‌ترين كوتله‌ى ئۆپۆسزيۆن بوو. جا رۆژنامه‌نوسێك له‌زۆنێكى ته‌نيو به‌ سه‌دان هه‌زار جه‌يش و كۆيله‌ و شه‌قوه‌شێن و، ده‌يان هه‌زار ئاسايش وليواو فه‌وجى‌ تايبه‌تيدا ئه‌توانێ چى بكات بۆ دژايه‌تى ده‌سه‌ڵات؟.
تۆ بڵێى له‌م سه‌رده‌مى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆيه‌شدا كه‌سێكى وه‌كو هێمن مامه‌ند بتوانێ شه‌قام بجولێنێ له‌دژى ده‌سه‌ڵاتێك، كه‌ ده‌يان ساڵه‌ به‌ ئاگر و ئاسن حوكمڕانى ئه‌م زۆنه‌ ئه‌كات؟!.
به‌ڕاستى زۆر سه‌يرم پێدێ، كه‌ ده‌سه‌ڵاتێك خاوه‌ن ئه‌و سه‌دان هه‌زار چه‌كدارو ده‌يان فه‌وج و ليواى عه‌سكه‌رى بێت، سامانى هه‌موو وڵاتيشى به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، تا ئه‌م ئاسته‌ تۆقى له‌ پۆستى رۆژنامه‌ونووسێك بچێت و، به‌بێ گوێدانه‌ ده‌يان راپۆڕتى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، بكه‌وێته‌ گيانى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ و به‌به‌رچاوى دونياوه‌ له‌ماوه‌ى‌ دوو هه‌فته‌دا دووجار بيخاته‌ كونجى زيندانه‌وه‌، ئه‌مه‌ خۆ ‌بچووككردنه‌وه‌يه‌كى زۆر بێ ماناى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌يه‌!.
دڵنيام ته‌نا‌نه‌ت دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كانيش شه‌رمه‌زارن له‌مجۆره‌ كه‌يسانه‌ى دژى رۆژنامه‌نووس و رۆشنبيران ده‌جوڵێنرێن. ته‌نانه‌ت پێموايه‌ به‌ڕێز داواكارى گشتيش بێزار بووه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانى ئه‌ملاو ئه‌و لا له‌م كه‌يسانه‌دا.
ئه‌وه‌ى سه‌يرم پێدێ حزبێكى خاوه‌ن حه‌فتا ساڵه‌ى ئه‌زمونى سياسى و، حبزبێك كه‌ سه‌ركرده‌كانى له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترين سه‌رۆك و پادشاكانى دونيا كۆ ده‌بنه‌وه‌. حزبێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌غداشه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ترسنۆك بێ له‌ئاست يه‌ك ده‌نگى ناڕازى رۆژنامه‌نوسێك ئه‌م هه‌موو پێشێلكارييه‌ به‌رۆژى رووناك و به‌به‌ر چاوى دونياوه‌ش ئه‌نجامبدات. سه‌يره‌ كه‌سێكى حه‌كێم له‌ناو ئه‌م حزبه‌دا نه‌بێ سنوورێك بۆ ئه‌م گاڵته‌جاڕێ و حه‌ياچوونه‌يان له‌ناو جه‌ماوه‌ردا دابنێ و ئه‌وه‌نده‌ خۆيان شه‌رمه‌زارى راپۆڕته‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان نه‌كه‌ن.
له‌وه‌ته‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ دروستكراوه‌ تاكو ئه‌مڕۆش هه‌زاران وتارو سه‌دان هه‌زار كۆمينت و لێدوانى دژ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ميدياكانه‌وه‌ ده‌بيسترێ، به‌ڵام كام له‌م به‌رپرسانه‌ى هه‌رێم رۆژێك له‌رۆژان گوێيان له‌گله‌يى خه‌ڵك و ناڕه‌زايه‌تى رۆشنبيرانه‌وه‌ گرتووه‌؟. ئه‌سڵه‌ن كامه‌يان رۆژێك له‌رۆژان مه‌قاله‌يه‌كى نووسه‌رانيان خوێندۆته‌وه‌، يان چاويان به‌كتيبێك كه‌وتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر نه‌بێ شتێك له‌ئه‌زموونى گه‌لانى دونياوه‌ فێر ببن؟.
هێمن مامه‌ند، مرۆڤێكى جوانه‌، ويژدانى خه‌ڵكێكى بريندارو برسى و زوڵملێكراو و په‌راوێزخراوه‌، ده‌با ئه‌م ده‌نگه‌ كززه‌ى ئه‌و هه‌ر بمێنێ، بۆ هيچ نا، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى تۆزێك له‌ چاره‌ ناشرينه‌كه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم جوانتر پێشانى دونيا بدرێ و، مانايه‌كيش ببه‌خشێت به‌و ئازادييه‌ى كه‌ ده‌يان هه‌زار قوربانيمان له‌پێناوى داوه‌.