قوته‌یبه‌ فازڵ: (17) ساڵه‌ عێراق له‌ گۆڕانكاریدایه.‌

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حه‌ڤده‌ ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری له‌ عێراقدا، ئه‌و ڕژێمه‌ی كه‌ ته‌نها خوێن و كاولكاری كردبووه‌ دیاری ده‌ستی بۆ گه‌لانی عێراق، ئه‌و ڕژێمه‌ی كه‌ جیاكاری و وێرانه‌یی كردبووه‌ ناسنامه‌ بۆ عێراقیه‌كان .
ڕووداوی (9) ی نیسانی 2003 مێژووی عێراقی به‌ ته‌واوی گۆڕی هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌و وڵاته‌ی سه‌ره‌و ژێر كرده‌وه‌ كه‌ ده‌یان ساڵ بوو خه‌ڵكی عێراق به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌یانناڵاند، دونیایه‌كی نوێ و ده‌رگایه‌كی تری به‌ڕووی عێراقیه‌كاندا كرده‌وه‌.
ڕووخان و تێكشكانی په‌یكه‌ری دیكتاتۆر له‌ ناوه‌ڕاستی پایته‌خت و به‌ ڕۆژی ڕووناك وێنه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ هزر و بیری هاوڵاتیانی عێراقدا ناسردرێته‌وه‌، ئه‌و دیكتاتۆره‌ی كه‌ به سرته‌ش كه‌م كه‌س هه‌بوو بتوانێت باسی خراپه‌كانی بكات و ناڕه‌زایی ده‌رببڕێ به‌رامبه‌ری، په‌یكه‌ره‌كانی وه‌ك بت پیرۆز كرابوون له‌ ڕۆژی (9) ی نیسانی 2003 دا لاپه‌ڕه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی داخران و بۆ یه‌كجاری سڕدرانه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڕووداوه‌ بووه‌ هۆی گۆڕینی سسته‌می حوكمڕانی عێراق و كایه‌ و سسته‌مێكی نوێی بۆ گه‌لانی عێراق هێنا كه‌ پێی ئاشنا نه‌بوون، له‌ ئازادی و فره‌ حزبی و هه‌ڵبژاردن و كرانه‌وه‌ به‌ ڕووی دونیای ده‌ره‌وه‌و ته‌كنۆلۆژیای نوێ.
پاشانیش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق كه‌ به‌ ده‌ستورێكی سه‌رده‌میانه‌ و پێشكه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌ سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ عێراق به‌ ده‌رگای ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب دائه‌نرا.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ واینه‌كرد كه‌ گه‌لانی عێراق به‌ ته‌واوی پشوو بده‌ن، زۆرێك له‌ وڵاتانی دراوسێ ئه‌م باره‌ نوێیه‌یان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كانیان ده‌زانی، بۆیه‌ هه‌ر زوو پلان و دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌یان كرده‌ پلانێكی دیار و به‌ گه‌لانی عێراقیان ناساند.
ته‌قینه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانی وه‌ك” قاعیده‌ و داعش و میلیشیا چه‌كداره‌ مه‌زهه‌بیه‌كان “ بوونه‌ میوانێكی مشه‌خۆر و ناحه‌زی گه‌لانی عێراق، هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش نه‌بوونه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م خه‌ونی ئازادی و دیموكراسی گه‌لانی عێراق.

(9) نیسان بۆ گه‌لی كورد چی پێ بوو ؟
ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانه‌وه‌ی هیوا بۆ گه‌لانی عێراق به‌ گشتی بۆ گه‌لی كوردیش چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی و گرنگی به‌دیهێنا كه‌ له‌ دیارترینیان:
– داننان به‌ فیدراڵی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی واقعی له‌ عێراقدا.
– بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی عێراقدا زمانی كوردی له‌ پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ فه‌ڕمی كراو له‌ داموو ده‌زگاكانی وڵاتدا كاری پێ كرا.
– زۆربه‌ی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ چوارچێوه‌ ده‌ستووردا دانی پیادانرا و ناسێندرا.
– هاوتا كردن و شه‌ریكی كورد له‌ وڵاتی عێراقدا وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ستكه‌وتێكی تر بوو كه‌ تا ئه‌و كات كورد وه‌ك كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ سه‌یر ده‌كرا.
– بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی عێراقدا پۆستی سه‌رۆكی كۆمار به‌ كورد سپێردرا و سه‌رۆكایه‌تی خولێكی كۆمكاری عه‌ره‌بیش سه‌رۆكێكی كورد به‌ڕێوه‌ی برد .
– داننان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان وه‌ك هێزێكی نیشتمانی و ده‌ستوری كه‌ تا ئه‌و كات به‌ گێره‌شیوێن و خراپه‌كار دژایه‌تی ده‌كرا.
– سه‌ره‌ڕای چه‌ندین پۆستی سیادی و خزمه‌تگوزاری له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراقدا، كه‌ كورد یان به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌مه‌ یاخود خاوه‌نی به‌رپرسیارێتی گرنگی تیایدا.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ده‌ستوری عێراقدا مادده‌ی (140) چه‌سپێنرا كه‌ ده‌ستكه‌وت و داننانێكی تر و گرنگی عێراق بوو به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مانه‌ و چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی تر له‌ ئه‌نجامی ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عسه‌وه‌ بۆ گه‌لی كورد و گه‌لانی عێراق به‌دیهاتن.
ده‌كرێت بڵێین (17) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دووباره‌ داڕشتنه‌وه ‌و دروستكردنه‌وه‌ی وڵاتی عێراق بوو به‌ فۆڕمێكی سه‌رده‌میانه ‌و دیموكراسیانه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م ئه‌و دۆخه‌ تازه‌یه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامیان هه‌یه، (17) ساڵه‌ عێراق له‌ گۆڕانكاریدایه‌.